خۆپێشاندانی کازاخستان - ٢٠٢٢

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-12-17:58:00 - کۆدی بابەت: 7574
خۆپێشاندانی کازاخستان - ٢٠٢٢

ناوه‌ڕۆك

خۆپێشاندانی کازاخ

خۆپیشاندانەکانی کازاخستان لە ٢٠٢٢ (بە ئینگلیزی: 2022 Kazakh protests، بە عەرەبی: الاحتجاجات الكازاخستانية 2022)، کۆمەڵێک خۆپێشاندانی گەلی کۆماری کازاخستانە لە ساڵی ٢٠٢٢ دوای بەرزبوونەوەیەکی لەناکاوی نرخی گازی سروشتی و سووتەمەنی لە وڵاتەکە، کە حکوومەت ڕایگەیاند بەهۆی زۆری خواست و جێگیریی نرخەوەیە. خۆپێشاندان لە شارۆچکەی جاناوزەن دەستی پێکرد و بەخێرایی زۆرینەی شارەکانی گرتەوە بە شاری (ئالماتی)ـشەوە. دوای هەڵگیرسانی خۆپێشاندان سەرکۆماری کازاخستان قاسم جۆمارت کێمێلۆڤیچ تۆکایێڤ دۆخی مەترسیداری لە شارەکانی ئالماتی و مانجیستاو لە ٥ـی کانوونی دووەم بۆ ١٩ـی مانگ ڕاگەیاند.

لە ماوەیەکی کەمدا خۆپێشاندەران جیا لە داوای ئابووری و نرخەکان، دەستیان کرد بە داواکردنی سیاسی و ویستی دەست لەکارکێشانەوەی حکوومەتە کازاخییەکەیان هەبوو، بە سەرکۆماریشەوە. لەگەڵ لابردنی بەخشین و دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی پێشووتری کازاخستان (سوڵتان نزاربایێڤ) کە لە کاتی خۆپێشاندانەکان سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەندامی ئەنجوومەنی دەستووری کازاخستان بوو، چونکە لە ساڵی ١٩٩١ـەوە تاوەکوو ٢٠١٩ سەرۆکی وڵات بووە و تۆمەتی گەندەڵی و قۆرخکاری سامانی وڵات و دەسەڵاتەکانی لەسەربووە، بەم هۆیەشەوە پەیکەرەکەی لە فڕۆکەخانەی ئالماتی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە تێکشکێنرا.

سەرکۆمار لە لێدوانەکانیدا خۆپێشاندەرانی بە تیرۆرست و کەسانی مەشقپێکراو ناوبرد، بڕیاردرا بە تەقەکردنی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لە هەر کەسێکی خۆپێشاندەر بە مەبەستی کوشتن و بەڵێنی بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان کرد. بەڵام لەگەڵ سوورتربوونی خۆپێشاندەران لەسەر داواکانیان و زیاتر تووڕەبوونیان بەخێرایی نرخی گاز گەڕایەوە شوێنی خۆی و حکوومەت دەستی لەکارکێشایەوە، هەروەها سەرۆکی پێشوو لە کارەکەی دوورخرایەوە، بەڵام خۆپێشاندان نەوەستا و کوژراوی لی کەوتەوە. بەهۆی ئەوەشەوە کازاخستان داوای لە وڵاتی ڕووسیا کرد لەژێر ئاڵای کۆمەڵەی "ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ" یان "CSTO" خۆپێشاندەران بوەستێنێت و ڕێگری لە ڕووخانی وڵات بکات کە گومانی دەستتێوەردانی ڕۆژئاوای تێدایە.

لە ڕۆژی ١١ـی مانگ سەرکۆمار ڕایگەیاند کە وڵات کەوتووەتەوە ژێر دەستی یاسا و جێگیرە و خۆپێشاندان وەستاوە. دواتریش هێزەکانی ڕووسیا و وڵاتانی هاوپەیمانیی ڕایان گەیاند کە لە ١٣ـی مانگ لە وڵاتەکە دەکشێنەوە و لە ماوەی ١٠ ڕۆژ بە تەواوی لە وڵات دەڕۆنە دەرەوە. سەرکۆمار لە پەرلەمانی وڵاتەکەی وتارێکی خوێندەوە و تێیدا ناڕەزایی خەڵکیی قبووڵ کرد و ڕەخنەی لە نازاربایێڤ و هاوکارانی گرت بە هەدەردانی سامانی وڵات و گەندەڵی. دواتر عەلیهان سمایلۆڤـی وەک سەروەزیرانی نوێی کازاخستان دامەزراند. گەشتەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتیش لەو ڕۆژەدا گەڕانەوە.

ئامانج

ئامانجی خەڵکی لە خۆپێشاندان ڕاگرتنی گەندەڵی و یاریکردن بوو بە دەسەڵات و دەستووری وڵات، لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خاوێن و ڕوون بۆ دەسەڵاتداران، نەک لەلایەن سەرکۆمارەوە هەڵبژێردرێن.

خۆپێشاندان

ڕۆژی دووەمی مانگ

لە ڕۆژی یەکەمی خۆپێشاندانەکان و ڕۆژێک دوای گرانبوونی نرخی گازی سروشتی، کۆمەڵێک کەس لە شاری جاناوزەن هەستان بە گرتنی ڕێگای شار و داوایان لە دەسەڵاتدارانی خۆجێییی شار کرد کە نرخی گاز بگەڕێننەوە و جێگیری بکەن. بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی شارەوە گوێیان بۆ ڕاناگیرێت.

ڕۆژی سێیەمی مانگ

لە شەودا خەڵکێکی زۆری شاری جاناوزەن لە مەیدانی شار مانەوە و چادریان هەڵدا. تاوەکوو نیوەڕۆ بەردەوام خەڵکی دەهاتە ناو خۆپێشاندان و ژمارەیان نزیک بوویەوە لە ١٠٠٠ کەس، کە داوای هەڵبژاردنی خێرا و خاوێنیان دەکرد بۆ دەسەڵاتدارانی خۆجێیی. لەم ڕۆژەدا هێزەکانی پۆلیس خۆیان لە گردبوونەوەکەدا هەڵ نەقورتاند. هەریەک لە نورلان نۆگایڤ، وەزیری وزە و بەڕێوبەرانی خۆجێیی شار ویستیان خۆپێشاندەران هێوربکەنەوە و بەڵێنیان دا کە نرخی گاز لە ١٢٠ـەوە بکەن بە ٨٥-٩٠ تینگ. بەڵام خەڵکی ڕازی نەبوون و تووڕەبوون و بەهۆیەوە وەزیر و کاربەدەستەکانی هاوڕێی بەخێرایی مەیدانەکەیان چۆڵ کرد و ڕایانکرد.

لەم ڕۆژەدا سەرکۆمار لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە خەڵکی دەبێت لەڕێی دەستوورەوە داوای مافی خۆی بکات و گفتوگۆ دەربارەی ئابووری بکات، هەروەها داوای لە خۆپێشاندەران کرد کە دژی حکوومەت نەبن و دەبێت هەمووان بەپێی دەستوور داوای ماف بکەن نەوەک زیاتر. لەو ڕۆژەشدا ئەنجوومەنێک بە سەرۆکایەتی جێگری سەروەزیران ئێرالی تۆگجانۆڤ بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە.

لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوکرایەوە کە لە شارەکانی نوور سوڵتان و ئەکتۆبی و ئالماتی کۆمەڵێک کەس گیراون و مەیدانەکان داخراون، ڕێژەیەکی زۆریش هێزی ئاسایش و پۆلیس بڵاوەیان پێ کراوە.

لە شاری ئاکتاو کۆمەڵێک خۆپێشاندەر کە ژمارەیان ٦,٠٠٠ کەس بوو لە مەیدانی شار و بەرانبەر بینای پارێزگا کۆبوونەوە و چادریان هەڵدا و داوای دەست لەکارکێشانەوەی حکوومەت و گەڕاندنەوەی نرخی گازیان کرد. وەزیری وزە لەگەڵ خۆپێشاندەران کۆبوویەوە و داوای کرد کە لەجێی تووڕەبوون لەگەڵ یەکەی کارگێڕی شار دابنیشن و دانووستان بکەن و ئەوان لە هەوڵی چارەسەری کێشەکاندان.

ڕۆژی چوارەمی مانگ

لە ڕۆژی چواری مانگ نزیکەی ١٠٠٠ کەس لە شاری ئالماتی کۆبوونەوە. بەخێرایی پۆلیس بە گازی فرمێسک ڕێژ و چەکی دەنگی بڵاوەی بە خۆپێشاندەران کرد، لەو ڕۆژەشدا سەرکۆمار دۆخی لەناکاوی لە شارەکە ڕاگەیاند لە ڕێکەوتی ٥ـی مانگ بۆ ١٩ـی مانگ. تۆکایێڤی سەرۆک بەڵێنی بە پێداچوونەوە بە داواکارییەکانی هاوڵاتیان دا و لیژنەیەکی تایبەت دوای کۆبوونەوە لەگەڵ خۆپێشاندەران نرخی گازیان کرد بە ٥٠ تینگی کازاخی بۆ لیترێک. لەم ڕۆژەدا لە شاری ئالماتی هێڵی تەلەفۆن و ئینتەرنێت پچڕانی تێکەوت و وەستێنرا.

ڕۆژی پێنجەمی مانگ

تۆکایێڤ دەست لەکارکێشانەوەی حکوومەتی پێشکەش کرد. لە شاری ئالماتیش هەزاران خۆپێشاندەر توانییان یەکەکانی پۆلیس ببڕن و بەرەو ناوەڕاستی شار بڕۆن و کۆببنەوە دوای تێپەڕاندنی گازی فرمێسک ڕێژ و لێدانی پۆلیس. لە هەمان ڕۆژ تۆکایێڤ ڕایگەیاند کە سەرۆکی پێشوو نوور سوڵتان دەستی لە کارەکەی کێشاوەتەوە وەک چۆن خۆپێشاندەران داوایان کردبوو و ئێستا خۆی بەڕێوەی دەبات.

لە ئالماتی هێرش کرایە سەر بینای پارێزگا و سووتێنرا. چەکەکانی شوێنەکەش لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە دزرا و بەکارهێنرا دژی هێزەکانی پۆلیس. دوای گەیشتنی خۆپێشاندان بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی، گەشتەکانی ئالماتی وەستا و گرژی لە فڕۆکەخانەکە کەوتەوە. لەو کاتەشدا دوو چەکداری سوپا بەهۆی گرژییەکانەوە لەکاتی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانەوەی فڕۆکەخانەکە کوژران.

هەمان ڕۆژ خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر نووسینگەی حیزبی نوور ئۆکتانی سەرۆک. چەند ڕاپۆرتێکیش دەربارەی هێرشکردنە سەر کۆمەڵێک بانک و فرۆشگە و خواردنگە بڵاوبوویەوە.

لە شاری تالدقۆرغان خۆپێشاندەران هەستان بە ڕووخاندنی پەیکەری سەرۆکی پێشوو نزاربایێڤ و دروشمی "پیاوی پیر، بڕۆ!"ـیان دەوتەوە. دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە سەرکۆماری وڵات حاڵەتی لەناکاوی لە تەواوی وڵات ڕاگەیاند تاوەکوو ڕۆژی ١٩ـی کانوونی دووەم، ئەمەش ڕێگری لە هاتووچۆ دەگرێتەوە لە کاتژمێر ٢٣:٠٠ بۆ ٧:٠٠. هەروەها ڕێگری لە خۆپێشاندان دەکرێت و هەڕەشەی لە خۆپێشاندەران کرد بە سەرکوتکردنیان.

ڕۆژی شەشەمی مانگ

لە شەقامەکانی ماسانچی و باتیر پۆلیس دەستی کرد بە گرتنی ئەو کەسانەی دەستیان لە خۆپێشاندانەکاندا هەبووە و لەو ڕۆژە ٢,٠٠٠ کەس دەستگیرکران. لە هەمان ڕۆژ دەیان خۆپێشاندەر کوژران و ١٢ پۆلیسیش گیانیان لەدەستدا، جەستەی پۆلیسێکیش دۆزرایەوە کە سەری پەڕێنرابوو. لە ئالماتیش هێرش کرایە سەر بینا حکوومییەکان و کۆمەڵێکیان تاڵان کران و سووتێنران.

وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند ٢,٢٩٨ کەسیان دەستگیرکردووە.

لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەشەم ٣,٠٠٠ سەربازی ڕووسی لەسەر داوای سەرۆکی وڵات گەیشتنە کازاخستان بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و پاراستنی دەوڵەت. جیا لە ڕووسیا، هەریەک لە ئەرمینیا و بیلاڕووس و قیرغزستان و تاجیکستان هێزیان ناردە وڵاتەکە.

ڕۆژی حەوتەمی مانگ

توکایێڤی سەرکۆمار ڕایگەیاند کە بۆ ماوەی شەش مانگ نرخی سووتەمەنی ئۆتۆمبێل کراوەتەوە بە ٥٠ تینگ بۆ لیترێک. لە لێدوانێکدا وتی کە یاسا گەڕاوەتەوە بۆ زۆرینەی وڵات و بەردەوام دەبن لە سەرکوتکردنی تیرۆرستان. لە شوێنێکی تردا وتی: "هەندێک قسەی بێ واتا دەبیستین دەربارەی پەیداکردنی چارەسەری ئاشتییانە، ئەمە قسەی بێ واتایە. چۆن دانووستان لەگەڵ بکوژ و تاوانباران دەکرێت؟ دەبێت لەناوببرێن و ئەوەش دەکرێت".

ڕووسیا لەم ڕۆژەدا ڕایگەیاند، ٧٠ فڕۆکە بە بەردەوام سەرقاڵی گواستنەوەی هێزەکانن بۆ کازاخستان و یارمەتیدەر دەبن بۆ بەدەستهێنانەوەی فڕۆکەخانەی ئالماتی. لەم ڕۆژەدا سەرۆکی پێشووتر نزاربایێڤ لەگەڵ سێ کچەکەی و خێزانەکەیان وڵاتیان جێهێشت. لەم ڕۆژەدا حکوومەتی کازاخستان کوژرانی حەوت پۆلیسی بڵاوکردەوە، لەگەڵ کوژرانی کەسێکی ٢٢ ساڵی ئیسرائیلی کە ماوەی چەند ساڵێک لە ئالماتی کاری کردووە. خێزانی کەسەکە ڕایان گەیاند کە ئەو لە خۆپێشاندانەکاندا بەشداری نەکردووە.

ڕۆژی هەشتەمی مانگ

لە جاناوزەن خۆپێشاندان بەردەوام بوو.

لیژنەی ئاسایش ڕایگەیاند کە سەرۆکی پێشووتری لیژنەکە و سەروەزیرانی پێشوو کەریم ماسیمۆڤ بەهۆی گومانی خیانەتەوە دەستبەسەرکراوە. وەزارەتی ناوخۆی وڵاتیش ڕایگەیاند کە ٤,٤٠٤ کەس دەستگیرکراون و لانیکەم ٤٠ کەس بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە هەموو وڵاتیش دەسەڵاتدارانی کازاخستان لێکۆڵینەوەیان دەست پێکرد بۆ ڕێگری لە هاودەستی ١٨٠ فرۆشیاری گازی سروشتی بەهۆی گومانەوە.

ڕۆژی نۆیەمی مانگ

وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند کە زیانی ماددی تاوەکوو هەشتی مانگ نزیکەی ١٧٥ ملیۆن یۆرۆیە، هەروەها ١٠٠ کۆمپانیا و بانکیش هێرشیان کراوەتە سەر و ٤٠٠ ئۆتۆمبێل وێران کراون. لەگەڵ کوژرانی ١٦٤ کەس و دەستگیرکردنی ٥,٠٠٠ کەس لەڕێی ١٢٥ لێکۆڵینەوەی جیاوازەوە.

هەروەها ٢,٢٠٠ کەس بەهۆی لێدان لە خۆپێشاندانەکان چارەسەر کراوە و نزیکەی ١,٣٠٠ ئەفسەر برینداربوون. لەنێو کوژراوەکان دوو منداڵ هەبوون و ١٠٣ کەسیان لە شاری ئالماتی بوون.

وەزیری ناوخۆی وڵات لەم ڕۆژەدا ڕایگەیاند : "ئەمڕۆ دۆخی وڵات هێورە و بەردەوام دەبین لە نەهێشتنی تیرۆر و گەڕاندنەوەی دۆخی سەلامەتی وڵات".

ڕۆژی ١٠ـی مانگ

لەم ڕۆژەدا دووبارە خۆپێشاندان بەردەوام بوو، وەزارەتی ناوخۆش دەستگیرکردنی ٧,٩٣٩ کەسی لە سەرتاسەری وڵات ڕاگەیاند. دواتریش ئەنجوومەنی ئاسایش و بەڕێوبەرایەتی دژەسیخوڕی و دژەتیرۆری کازاخستان ڕایانگەیاند کە دۆخەکە لەژێر جڵەوی حکوومەت و یاسادایە. تۆکایێڤیش خۆپێشاندانەکانی بە هەوڵێک بۆ کودەتا ناوبرد.

دوای پێنج ڕۆژ لە نەمانی هێڵەکانی ئینتەرنێت دووبارە هێڵەکە کارابوویەوە.

جەنەڕاڵ و کەسایەتی سیاسیی سەربازی ژانات سلێمانۆڤی ٥٩ ساڵ دوای کرانەوەی دۆسیەیەکی تاوان لە دژی، خۆی کوشت.

ڕۆژی ١١ـی مانگ

لە ڕۆژی یازدەی کانوونی دووەم سەرکۆمار ڕایگەیاند کە دۆخەکە ئارامە و ڕۆژ بە ڕۆژ هێزە دەرەکییەکانی پاراستنی ئاشتی لە وڵات دەکشێنەوە. ڤلادیمێر پۆتینیش لە پەیامێکدا وتی: "سەرکەوتووبووین لە پاراستنی کازاخستان لە کودەتایەکی تیرۆرستی هاندراوی دەرەکی". هەروەها بەڵێنی پاراستنی سەرکردەی وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشووی دووپات کردەوە لەژێر ئاڵای ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ.

لە وتارێکیدا لە پەرلەمان سەرکۆماری وڵات وتی کە نزاربایێڤ و هاوکارانی سامانێکی زۆریان بەهۆی وڵاتەوە پێکەوەناوە و بوونەتە دەوڵەمەندترینەکانی کازاخستان و جیهانیش، پێویستە سامانەکانیان لەگەڵ خەڵکیدا دابەش بکەن.

وەزارەتی ناوخۆش دەستگیرکردنی ٩,٩٠٠ کەسی تاوەکوو ڕۆژی ١١ـی مانگ ڕاگەیاند. سەروەزیرانی عەلیهان سمایلۆڤ دەست بەکاربوو و گەشتەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتیش لەو ڕۆژەدا گەڕانەوە.

زیانەکان

لە ڕۆژی پێنجی مانگ ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ڕایان گەیاند کە زیاتر لە ٤٠٠ کۆمپانیا زیانیان بەرکەوتووە و ٢٠٠ کەس دەستگیرکراوە، بەهۆی تەقەکردنی پۆلیسیشەوە لە ئاتیراو، کەسێک کوژرا. پێنج پۆلیسیش کوژران و ٣١٧ش برینداربوون.

کۆی گشتی تاوەکوو ڕۆژی ١٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، کوژراوانی خۆپێشاندان ١٦٤ کەس و دەستگیرکراوانیش ٩,٩٠٠ کەس بوون.


سەرچاوەکان



482 بینین