دوورگەکانی سلێمان

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-13-21:00:00 - کۆدی بابەت: 7592
دوورگەکانی سلێمان

ناوه‌ڕۆك

دەوڵەتی سەربەخۆی دوورگەکانی سلێمان

دوورگەکانی سلێمان بە ئینگلیزی (Solomon Islands)، دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و لە شەش دوورگەی سەرەکی و زیاتر لە 900 دوورگەی بچووکتر پێکهاتووە لە ئۆقیانووسیا و ڕۆژهەڵاتی پاپوا گینێی نوێ و باکووری ڕۆژئاوای ڤانواتو، ڕووبەری ڕووی ئەم دوورگانە 28,400 کیلۆمەتر دووجایە (11,000 میل دووجا) و ژمارەی دانیشتوانەکەی 652,858 کەسە، هەروەها پایتەختەکەشی گەورەترین شاری وڵاتەکەیە بە ناوی هۆنیار (Honiara) و دەکەوێتە دوورگەی گوادالکانال کە گەورەترین دوورگەیە لەنێو دوورگەکانی سلێمان، وڵاتەکە ناوی خۆی لە گەلەدوورگەی دوورگەکانی سلێمان وەردەگرێت کە کۆمەڵە دوورگەکانی مێلانێسیا کە دوورگەکانی سلێمانی باکوور دەگرێتەوە (بەشێک لە پاپوا گینێی نوێ)، بەڵام دوورگە دوورەکانی وەکو دوورگەکانی سانتا کروز، ڕینێل و بێلۆنا ناگرێتەوە، بەلایەنی کەمەوە لە ساڵانی نێوان 30,000 بۆ 28,800 پێش زایینی خەڵکی لەم دوورگانە جێگیر بوون و دواتریش چەندین شەپۆلی کۆچبەران ڕوویانکردۆتە ناوچەکانی ئەم دوورگانە، بەتایبەتی خەڵکی لاپیتا (Lapita)، کە لە دوورگەکانی سلێمان جێگیربوون و تێکەڵ بە خەڵکە ڕەسەنەکەی ناوچەکە بوون و بەمەش دانیشتوانی دوورگەنشینی ڕەسەنی نوێیان پێکهێنا، لە ساڵی 1975 ناوی فەڕمی کارگێڕی ئەوکاتی بەریتانیا لە پارێزگای دوورگەکانی سلێمانی بەریتانیاوە گۆڕدرا بۆ دوورگەکانی سلێمان و ساڵێک دواتر مافی خۆبەڕێوەبەری پێدرا، لە ساڵی 1978 سەربەخۆیی بەدەستهنا و کرا بە وڵاتێکی سەربەخۆ و ناوەکە گۆڕا بۆ "دوورگەکانی سلێمان"، کاتێک سەربەخۆیی ڕاگەیاند دوورگەکانی سلێمان بوون بە وڵاتێکی ڕژێمی پاشايەتی دەستووری، هەروەها ئێلیزابێثی دووەم (Elizabeth II) شاژنی دوورگەکانی سلێمانە و لەلایەن پارێزگاری گشتییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت.

چەند ڕاستییەکی سەرنجڕاکێش دەربارەی دوورگەکانی سلێمان

  • زمانی فەرمی دوورگەکانی سلێمان ئینگلیزییە، لەگەڵ ئەوەشدا تەنها لە 1-2٪ ی دانیشتوان دەتوانن بە زمانی پاراو قسەی پێ بکەن، چونکە دوورگەکانی سلێمان نیشتیمانی 74 زمانی ناوخۆیین و لەنێو ئەم زمانانەشدا چواریان بە زمانی لەناوچوو پۆلێنکراون و هیچ کەسێک قسەیان پێ ناکات، لەکاتێکدا 70 زمانەکەی دیکەش لە تێکەڵەیەکی فرە لایەنی وەکو ئینگلیزی و زمانەکانی وڵاتانی دراوسێ دروست بوون.
  • لە ساڵی 2017دا، ژمارەی دانیشتوانی دوورگەکانی سلێمان 611343 کەس بوو، بەمەش دوورگەکانی سلێمان بە 168 ئاوەدانترین وڵاتانی جیهان پۆلێن بەند دەکرێت.
  • لە ساڵی 1568دا دوورگەکانی سلێمان دۆزرایەوە و دەریاگەری ئیسپانی ئەلڤارۆ دێ مێندانا (Álvaro de Mendaña) یەکەم ئەوروپی بوو کە سەردانی دوورگەکانی کرد و ناوی دوورگەکانی سلێمانی نا "Islas Salomón" بە ناوی سلێمان پاشای ئینجیلی.
  • یەکێک لە کۆمەڵە دوورگەکانی سلێمان بە ناوی سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جۆن کێندی (John. F. Kennedy) ناونراوە.
  • لەڕووی تۆپۆگرافياوە (ڕەوشی زەويزانییەوە) زۆربەی خاکی دوورگەکانی سلێمان دارستان‌پۆش و ناوچەی شاخاویی پێچ و پڵووچە، بەرزترین لوتکە لە وڵاتەکەدا چیای (Popomanaseu) کە چیایەکی گڕکانییە و 2,335 مەتر (7,661 پێ) لەسەر ئاستی دەریاوەیە.
  • کەنارە هێڵی دوورگەکانی سلێمان 5,313 کیلۆمەتر درێژە، زۆربەی ناوچەکانی جوان و سەرنجڕاکێشن لەوانەش کەنارە لمینەکانی و درەختە کەمەرەییەکانی و سەرچاوە ئاوییە خاوێنەکانی کە پڕن لە پەل‌ و پۆی شيلانی دەستکاری نەکراو.
  • دیمەنی سروشتی ژێرئاوی دوورگەکانی سلێمان یەکێک لە چالاکترین گڕکانە ژێر دەریاییەکانی جیهانی تێدایە.


سەرچاوەکان



362 بینین