فشاری پاش زەبری دەروونی

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-16-13:43:00 - کۆدی بابەت: 7610
فشاری پاش زەبری دەروونی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

فشاری پاش زەبری دەروونی (بە ئینگلیزی: Post traumatic stress disorder) حاڵەتێکی مەترسیدارە و بەهۆی زەبری دەروونییەوە ڕوودەدات، دوای ئەوەی کەسێک تووشی کۆستێک یان ڕووداوێکی سامناک، جەرگبڕ و فشارهێن دەبێت کە بووەتە هۆی زیانی جەستەیی و جێی هەڕەشە و هەستی لاوازی، شۆکبوون و ترسی لەلا دروست کردوون. هەروەها دەکرێت کاریگەریی درێژخایەنی هەبێت، وەکوو: بینینەوە و گەڕانەوەی ڕووداوەکان، مۆتەکە، خەوزڕان و دڵەڕاوکێ

نموونەی ئەو ڕووداوانەی کە دەکرێت ببنە هۆی فشاری پاش زەبری دەروونی، وەکوو جەنگ، تاوان، ڕووداوی پێکدادان، مردنی کەسێکی ئازیز و خراپ بەکارهێنان. تەنانەت دوای ئەوەی مەترسیی ڕووداوەکە تێدەپەڕێت بیرکردنەوە و یادەوەرییەکانی ڕووداوەکە بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ دەمێننەوە. 

بەربڵاویی ئەم حاڵەتە بە ڕێژەی ٧٪ بۆ ٨٪ دەخەملێنرێت و ژنان بە بەراود بە پیاوان زیاتر تووشی حاڵەتەکە دەبن، ئەمەش ڕەنگە بەهۆی ئەوە بێت کە ژنان زیاتر دەبنە قوربانی هەندێک حاڵەتی وەکوو دەستدرێژی سێکسی، دەست بەسەرداگرتن و توندوتیژیی خێزانی.

زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی ڕووداوێکی زەبردار دەبن تووشی هەستی تووڕەیی، ترس، شۆک و تاوان دەبن و دوای ماوەیەکەی کەم حاڵەتەکە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام کەسی تووشبوو بە حاڵەتی فشاری پاش زەبری دەروونی بە تێپەڕبوونی کات لەجێی هەستی باش بوون، تووشی دڵەڕاوکێ و ترسی زیاتر دەبێت، بۆیە ئەم حاڵەتە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی تاک دەبێت و دەکرێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ ژیانی بشێوێنێت، بەڵام چارەسەرەکان یارمەتیدەر دەبن لە باشبوونی حاڵەتەکە.

نیشانەکان

نیشانەکانی فشاری پاش زەبری دەروونی بە گشتی لەماوەی سێ مانگ دوای ڕووداوەکە دەست بە دەرکەوتن دەکەن، لە هەندێک حاڵەتدا دەکرێت دوای ساڵێک دەربکەون، هەروەها ڕادەی توندی و ماوەی بەردەوامبوونی حاڵەتەکە هەمەجۆرە، هەندێک کەس دوای شەش مانگ نیشانەکانیان نامێنێت و هەندێکیشیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەگەڵی دەژین، بە گشتی نیشانەکان زیاتر لەو کاتانەدا تووندن کە کەسەکە هەست بە فشار دەکات یان ڕووداوەکەی بیردەکەوێتەوە. 

نیشانەکانی فشاری پاش زەبری دەروونی دابەش بوون بۆ چوار کۆمەڵەی سەرەکەی، کە بریتین لە:

دووبارە ژیانەوە

  • بینینەوە و گەڕانەوەی دیمەنەکان وەک ئەوەی لە ئێستادا ڕووبدات
  • مۆتەکە
  • بیری ترسێنەر
  • هەلوەسە
  • بێتاقەتبوونی زۆر بە بەرواری ساڵیادی ڕووداوەکە یان هەر شتێک کە ڕووداوەکەیان بیربهێنێتەوە

دوورکەوتنەوە

  • ڕەتکردنەوە لەوەی باسی ڕووداوەکە بکات
  • دوورکەوتنەوە لەو شتانەی ڕووداوەکەی بیردەهێننەوە
  • دابڕان لە دەوروبەر
  • نەمانی ئارەزوو بۆ چالاکییەکانی ڕۆژانە

زیادبوونی هەستی وریایی و چالاکبوون

  • بێخەوی
  • بێزاری و تووڕەیی
  • هەستیاربوون بۆ مەترسییەکان
  • زەحمەتی لە توانای سەرنجدان

بیرکردنەوەی نەرێنی و میزاج

  • هەستکردن بە تاوان و شەرمەزاری
  • سڕبوونی دەروونی و سۆزداری
  • هەستکردن بەوەی کەسانی تر وازیان لێی هێناوە
  • حەزی بۆ ژیان نامێنێت
  • هەبوونی ترس، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی

هەروها هەندێک نیشانەی جەستەییش دەردەکەن لە کەسەکەدا وەکوو، سەرئێشە، کێشەکانی کۆئەندامی هەرس، لێدانی دڵ بەخێرایی، هەناسەدان بەخێرایی و ئازاری ماسولکە. کەسانی تووشبوو بەم حاڵەتە کە زۆر بێهیوا دەبن لە پەیوەندییەکانیان دادەبڕێن و پەنا دەبەنە بەر تەنیایی و بەکارهێنانی خواردنەوە کحولی و ماددەی هۆشبەرەکان.

فشاری پاش زەبری دەروونی لە منداڵدا

بە گشتی منداڵ ئەم نیشانانەی دەبێت:

  • خۆتەڕکردن 
  • بێتوانایی لە قسەکردن
  • دووبارەکردنەوەی ڕووداوەکە لە کاتی یاریکردن
  • خوو بە کەسانی گەورەترەوە دەگرن واتا پشتیان پێ دەبەستن
  • یادکردنەوەی ڕووداوەکە لەڕێی چیرۆک و وێنەکێشانەوە

ئەو منداڵانەی ڕووبەڕووی خراپ بەکارهێنانی سێکسی بوونەتەوە، زیاتر ئەم نیشانانەیان لێ بەدیار دەکەوێت:

  • ترسان، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و دابڕان
  • کەمیی خودبەهایی
  • بەشێوەیەکی شەڕانگێزانە ڕەفتار دەکەن
  • خوی نائاساییی سێکسییان دەبێت
  • ئازاری خۆیان دەدەن
  • کحول و ماددە هۆشبەرەکان بەخراپی بەکاردەهێنن

دەستنیشانکردن

فشاری پاش زەبری دەروونی حاڵەتێکی زۆر توندە و جیاوازە لە فشاری ئاسایی کە بۆ ماوەیەکی کورتخایەنە. دەستنیشانکردنی فشاری پاش زەبری دەروونی لەڕێی پزیشکی پسپۆڕی دەروونی یان دەروونناسانەوە دەکرێت دوای ئەوەی حاڵەتە جەستەییەکان بۆ بوونی نیشانەکان جیاکرانەوە.

بە گشتی کەسەکە پاش مانگێک لەو ڕووداوەی بەسەری هاتووە تووشی نیشانەکان دەبێت و پێویستە بەلایەنی کەمەوە یەک یان دوو نیشانەی لە هەر یەکێک لە کۆمەڵە نیشانەکانی سەرەوەدا هەبێت کە باسکران و کەسەکە تووشی پەککەوتنی چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانە بووبێت.

هۆکار 

هۆکاری سەرەکیی تووشبوون بە فشاری پاش زەبری دەروونی، تووشبوونە بە زەبری دەروونی بەهۆی ڕووداوێکی جەرگبڕ و مەترسیدار یان فشارهێنەوە، بەڵام مەرج نییە هەرکەسێک تووشی زەبری دەروونی ببێت ئەوا تووشی فشاری پاش زەبری دەروونیش ببێت، بەرگەگرتنی تاکەکان و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەیان بۆ ترس و فشار ڕوڵی هەیە لە ڕێگریکردن لە حاڵەتەکە.

لە کۆندا ئەم حاڵەتە زیاتر لە ڕووداوەکانی جەنگدا بەدی دەکرا بۆیەش بە شۆک یان کۆنیشانەی شەکەتیی جەنگ ناسرابوو.

هۆکارە جێی مەترسییەکان

ئەو هۆکارانەی مەترسیی تووشبوون بە فشاری پاش زەبری دەروونی زیاد دەکەن بریتین لە:

  • لە دەستدانی کەسێکی ئازیز دوای تووشبوون بە ڕووداوەکە
  • کەمیی پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی بۆ کەسی تووشبوو بە زەبری دەروونی
  • هەبوونی مێژووی نەخۆشییە دەروونییەکان لە خۆی یان لە خانەوادەکەی
  • بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان 
  • خراپیی تەندرووستیی جەستەیی

زەبری دەروونی بەهۆی خراپ بەکارهێنانی جەستەیی یان سێکسی مەترسیی پەرەسەندنی بۆ فشاری پاش زەبری دەروونی زیاترە

چارەسەر 

چارەسەرکردنی فشاری پاش زەبری دەروونی لەڕێی چارەسەری دەروونی یان دەرمان یان هەردووکیان بەیەکەوە دەبێت.

چارەسەر بە دەرمان

بە گشتی دەرمانەکانی دژەخەمۆکی و دژەدڵەڕاوکێ و جێگیرکردنی میزاج بەکار دەهێنرێن، وەکوو:

  • ڕێگرەکانی تایبەت بە هەڵمژینەوەی سیرۆتۆنین (SSRIs): سیتالۆپرام، فلۆڤۆکسامین، فلۆکسێتین، پارۆکسێتین و سێترالین
  • دژەخەمۆکییە سێ ئەڵقەیییەکان (Tricyclic antideprsessants): ئەمیتریپتیلین، ئایزۆکاربۆکسازاید
  • جێگیرکەرەکانی میزاج: دیڤالپرۆکس، لامۆتریجین
  • دژەسایکۆتیکە نائاساییەکان: ئەریپیپرازۆڵ، کویتاپین
  • هەندێک دەرمانی دڵ و پەستانی خوێنیش بۆ کۆنترۆڵکردنی نیشانە جەستەییەکان بەکاردێن، وەکوو: 
  • پرازۆسین بۆ مۆتەکە
  • کلۆنیدین بۆ خەو
  • پرۆپانۆڵۆل بۆ کەمکردنەوەی یادەوەری زەبرە دەروونییەکە 

چارەسەری دەروونی

چارەسەری هزریی ڕەفتار (بە ئینگلیزی: CBT): بۆ یارمەتیدانی دیاریکردن و گۆڕینی ئەو بیرکردنەوانەی کە دەبنە هۆی کێشە سۆزداری، هەستی و ڕەفتارییەکان. 

چارەسەری بەرکەوتن (بە ئینگلیزی: Exposure therapy): بریتییە لە قسەکردنی دووبارە لەبارەی ڕووداوەکە و ڕووبەڕووکردنەوەی هۆکاری ترسەکە لە ژینگەیەکی کۆنترۆڵکراو و ئارامدا کە وا لە کەسەکە دەکات هەست بەوە بکات زیاتر بەسەر هەست و بیرکردنەوەکانیدا زاڵ دەبێت و ئاسوودەتر دەبێت. پێویستە ئەم چارەسەرە زۆر بە وریایییەوە ئەنجام بدرێت.

چارەسەری جووڵەی چاو بۆ لادان و دووبارە پڕۆسەکردنەوە (بە ئینگلیزی: EMDR): چارەسەرێکی تری دەروونیی باو و کاریگەرە بۆ زەبری دەروونی و فشاری پاش زەبری دەروونی کە تێیدا چارەسەرکارەکە داوا لە کەسەکە دەکات ئەو ڕووداوەی تووشی زەبری کردووە بیهێنێتەوە بەرچاو و  مێشکی خۆی و تێیدا بژیت، لە هەمان کاتیشدا چارەسەرکارەکە پەنجەی بە ئاراستەی لای چەپ و ڕاست دەجوڵێنێت و داوا لە کەسەکە دەکات جووڵەی چاوی لەگەڵ ئاراستەی جووڵەی پەنجەی ئەو بێت، ئەمەش کاردەکاتە سەر ڕێکخستنەوەی یادەوەرییە زەبردارەکان لە مێشکی کەسەکەدا لەڕێی چەند پڕۆسەیەک لەناو مێشکدا، لە ئەنجامدا یارمەتیی کەسەکە دەدات کە ئاسانتر بیر لە ڕووداوەکە بکاتەوە و کەمتر تووشی مۆتەکە و خەون بینین ببێت پێیانەوە، هەروەها شێوازی خەویش ڕێکدەخات. ئەم چارەسەرە بۆ فۆباکانیش کاریگەرە. 

چارەسەری دەروونشیکاری: یارمەتیدەرە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کەمیی خودبەهایی و ناکۆکییە سۆزدارییەکان.

چارەسەری خێزانی: کاتێک ڕەفتاری کەسە تووشبووەکە کاریگەریی دەبێت لەسەر ئەندامانی خێزان، ئەم جۆرە چارەسەرە یارمەتیدەر دەبێت. 

چارەسەر بە گرووپ: یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی کەسەکە بیرکردنەوە، ترس و هەستەکانی هاوبەشی پێ بکات لەگەڵ ئەو کەسانەی لە هەمان حاڵەتدان.

لێکەوتەکانی فشاری پاش زەبری دەروونی 

  • پەککەوتنی ژیانی ڕۆژانە 
  • خەمۆکی و دڵەڕاوکی
  • تێکچوونی کەسایەتی
  • خراپ بەکارهێنانی کحول و ماددە هۆشبەرەکان
  • نەخۆشییەکانی تێکچوونی خواردن
  • نەخۆشییەکانی دڵ 
  • بیر و کرداری خۆکوژی

ڕێگریکردن لە فشاری پاش زەبری دەروونی

بەپێی توێژینەوەکان زوو بەهانەوەچوونی ئەو کەسانەی تووشی زەبری دەروونی یان ڕووداوی زەبردار بوونە، یارمەتیدەر دەبێت لە ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی حاڵەتی فشاری پاش زەبری دەروونی، هەروەها زۆر گرنگە ئەو کەسانە پێش وەختە داوای یارمەتی و پاڵپشتی بکەن.


سەرچاوەکان



3837 بینین