شەوی گاسوورە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-02-06-21:22:00 - کۆدی بابەت: 7766
شەوی گاسوورە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەمشەو شەوی گاسوورە، یان شەوی گا سوورە، دەستەواژەیەکی کوردییە و ئاماژەیە بۆ سەختیی کەشوهەوا و نالەباری دۆخ بەهۆی سەرما و بارینێکی زۆرەوە.

چیرۆکی شەوی گا سوورە

دەگێڕنەوە چەند سەدەیەک پێش ئێستا لە نزیکی شاری پاوە لە هەورامان گوندێکی بچووکی هەشت نۆ ماڵی هەبووە. لە ئێوارەی ڕۆژێکی چلەی زستاندا پیاوێکی بەتەمەن و سەردەرچووی گوندەکە کاتێک لە بارودۆخی کەشوهەوا ورد دەبێتەوە بە دانیشتوانی گوند ڕادەگەیەنێت: "ئەمشەو شەوێکی دژوارمان لەپێشدایە".

لەگەڵ ئاوابوونی ڕۆژدا هەر شەش کوڕەکانی کۆدەکاتەوە و پێیان دەڵێت: "دەبێت ئەمشەو هەموو ورە و وزەی خۆمان بخەینە کار بۆ ئەوەی لە فەوتان ڕزگارمان بێت". دواتر پاش هەڵسەنگاندنێکی وردبینانە ڕوو لە کوڕگەلەکەی دەکات و دەڵێت: "هەر ئێستا "گا" سوور بهێنن و سەری ببڕن". منداڵەکان بەپێی داخوازی باوکیان دەجولێنەوە و جێبەجێی دەکەن.

لە ماوەیەکی کەمدا بەفربارینێکی زۆر دەست پێدەکات و زۆرینەی ماڵەکان بە بەفر دادەپۆشرێن و خەڵکی ئاوایی بەدەست بان ماڵینەوە پەکیان دەکەوێت. هێشتا شەوگار نازرنگێتەوە هەموو خەڵکی گوند ڕێگای هاتووچۆیان لێ دەگیرێت. پاش ماوەیەکی کورت خەڵکی گوند لە هات و هاوار دەکەون و تیادەچن. کاتێک کوڕەکانی مامە بەئەزموونەکە دڵنیا دەبنەوە کە هیچ کەسیان پێ ڕزگار ناکرێت دەگەڕێنەوە تاوەکوو لانیکەم بنەماڵەی خۆیان ڕزگار بکەن.
باوکیان پەیتا پەیتا گۆشتی گاسووریان بۆ دەبرژێنێت و جووت جووت دەیاننێرێتە سەر بان بۆ بەفر ماڵین. کاتێک ڕۆژ دەبێتەوە، لە هەموو ماڵانی گوند تەنیا بنەماڵەی مامی بەئەزموون لەو کارەساتە دەگمەنە سروشتییە دەردەچن.

لەو ڕۆژەوە هەرکات کەشوهەوا زۆر سەخت و نالەبار بێت دەوترێت ئەمشەو شەوی گاسوورە.


سەرچاوەکان



468 بینین