جەنگی ئەتۆمی چۆن دەبێت؟

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-03-07-23:27:00 - کۆدی بابەت: 7943
جەنگی ئەتۆمی چۆن دەبێت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و ئەگەرەکانی جەنگی ئەتۆمی

زۆرێک لە شارەزایانی بواری جەنگ و سەربازی پێیان وایە کە ڕوودانی جەنگی ئەتۆمی بێگومان دەبێتە جەنگی جیهانیی سێیەم و قوربانی و زیانێکی زۆری لێدەکەوێتەوە. ناکۆکی نێوان هەندێک لە وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی بووەتە جێی نیگەرانیی شارەزایانی ئەم بوارە و خەڵکی.

وڵاتەکان بەگشتی لەبەر دوو هۆکار دەیانەوێت ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، یەکەمیان بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆیان بکەن، دوومیشیان بۆ ویستی دەستبەسەرداگرتنی تەواوی جیهان. هەموو وڵاتێک ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە تێچووی دروستکردن و بەکارهێنانیان چەندەها ملیار دۆلارە و لەلایەکی تریشەوە وڵاتان ڕێگەپێدراو نین کە بەئاسانی بتوانن دەست بە دروستکردنی ئەم چەکە بکەن و لەبەرامبەردا لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە ڕووبەڕووی هێرش و سزا دەبنەوە.

لە ئێستادا تەنیا نۆ وڵات خاوەنی چەکی ئەتۆمین کە نزیکەی ١٤,٥٠٠ کڵاوەی ئەتۆمییە لەسەر زەوی، کە بەبەراورد بە ساڵی ١٩٨٦ ژمارەکە کەمی کردووە، لەوکاتەدا ژمارەی چەکە ئەتۆمییەکان لە لووتکەدا بوو کە نزیکەی ٧٠,٣٠٠ کڵاوەی ئەتۆمی بوون. دوو وڵات بەرپرسن لە کەمبوون و زیادبوونی ژمارەی چەکە ئەتۆمییەکانی جیهان ئەوانیش ئەمریکا و ڕووسیان (یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو) کە لە ئێستادا ئەم دوو وڵاتە خاوەنی ٩٣%ـی تەواوی چەکی ئەتۆمین لە جیهاندا. لەماوەی جەنگی سارددا هەریەکە لەم دوو وڵاتە جبەخانەی تایبەتیان دروستکرد بۆئەوەی هەریەکەیان دژ بە لایەنەکەی تر بەرگری لەخۆیان بکەن بەوبڕوایەی کە کەسیان نەیانەوێت شەڕێکی لەو جۆرە بکەن. دوو شت هۆکار بوون بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی چەکە ئەتۆمییەکانی ئەم وڵاتانە، یەکەمیان، لە ساڵانی ١٩٧٠کان و دواترەوە ئەم دوو وڵاتە کۆمەڵێک پەیماننامەیان واژوو کرد بۆ ئەوەی ژمارەی چەکە ئەتۆمییەکانیان کەمبکەنەوە، دووەمیشیان ئەوەبوو کە هەردوو وڵات فێربوون کە چۆن بەوردییەکی زۆرەوە ئامانجەکانیان بپێکن ئەمەش وایکرد بۆمبی زۆر پێویست نەبێت بۆ پێکانی ئامانجێکی دیاریکراو.

وڵاتانی ئەمریکا و ڕووسیا خاوەنی هەزاران کڵاوەی ئەتۆمین لە کاتێکدا حەوت وڵاتەکەی تری خاوەن چەکی ئەتۆمی کە بەریتانیا، فەڕەنسا، چین، ئیسڕائیل، هیندستان، پاکستان و کۆریای باکوورن تەنیا چەند سەد کڵاوەیەکیان هەیە، هێشتاش هەر یەک لەم وڵاتانە زیاتر لەو بڕەیان هەیە کە دەتوانێت ببێتە هۆی زیانی زۆر گەورە کە مرۆڤایەتی هەرگیز بەخۆیەوە نەیبینووە.

بە گشتی سێ هۆکاری جێی مەترسی هەن بۆ دەستپێکردنی جەنگێکی ئەتۆمی، ئەوانیش:

١. جەنگی نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور

ناکۆکییە سەرەتایییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە لەسەر چەکی ئەتۆمی زۆربەی کەسانی شارەزا و تەنانەت زۆربەی خەڵکی سەر زەویشی نیگەران کردووە. ئەمریکا بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدابووە کە ڕژێمەکەی کیم جۆنگ ئوونی کۆریای باکوور ببەزێنێت، ئەمەش پاڵنەرێکی گەورە دەبێت بۆ کۆریای باکوور کە پەنا بباتە بەر بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە دژی ئەمریکا و بێگومان ئەمریکاش وەڵامی دەبێت و جەنگ ڕوودەدات، ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠١٧ ئەم دوو وڵاتە بەردەوام هەڕەشەی بۆمببارانکردنیان بە چەکی ئەتۆمی لە یەکتر کردووە. 

٢. جەنگی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا

ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و یەکیەتی سۆڤیەت، دواتریش جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا لەدوای ڕووخانی یەکیەتی سۆڤیەت هەمیشە جێی مەترسی بووە بۆ دەستپێکردنی هێرشی ئەتۆمی، هەروەها ئەم دوو وڵاتە هەوڵی ئەم کارەشیان داوە، بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٨٣ ئەمریکا بەوە تاوانبار کرا کە هەوڵی هەڵدانی مووشەکی ئەتۆمیی بۆ یەکیەتی سۆڤیەت داوە، بەڵام دواتر وترا کە ئەمە زەنگێکی هەڵە بووە و هیچ ئامانجێک لێی نەبووە. لە ئێستادا دوو هۆکاری سەرەکی هەن کە جێی نیگەرانی جەنگێکی ئەتۆمین لەنێوان ئەم دوو وڵاتە، یەکەمیان ئەوەیە کە ڕووسیا خاوەن کڵاوەی ئەتۆمیی زۆرە و تاکە وڵاتە کە ژمارەی چەکە ئەتۆمییەکانی هاوشانی ئەمریکا بێت لە هەر ناکۆکییەکدا، هەرچەندە ژمارەی چەکە ئەتۆمییەکانی ئەم دوو وڵاتە زیاتر بێت هەلی بەکارهێنانیان زیاتر دەبێت، هۆکاری دووەمیش کە زیاتر جێی مەترسییە ئەوەیە کە ڕووسیا زیاتر بەرەوە وڵاتانی ئەورووپا پەل دەهاوێت و هەوڵی داگیرکردنی وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ دەدات، هەروەها ترسی ئەوە هەیە کە پووتین هەوڵی داگیرکردنی وڵاتێکی بەڵتیک بدات کە پێشتر ئەندامی یەکیەتی سۆڤیەت بوون و ئێستا لەناو ناتۆدان، کە ئەگەر ئەمە ڕووبدات و ڕووسیا هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ بێگومان ئەمریکا و وڵاتانی ناتۆ وەڵامدانەوەی توندیان دەبێت. هەروەها لە دەیەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ ناکۆکییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا گەیشتە ئەوەی ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا و هەوڵی داگیرکردنی بدات چونکە ئۆکراینا لە هەوڵدابوو بۆ ئەوەی ببێت بە ئەندامێکی ناتۆ، لە ئەگەری پەلهاوێشتن بۆ وڵاتانی دراوسێی ئۆکراینا یاخوود خۆتێوەگلاندنی ئەمریکا و وڵاتانی تری ناتۆ لە شەڕەکە دیسانەوە پێشبینی جەنگی ئەتۆمی دەکرێت لەنێوان ئەم دوو وڵاتە.  

٣. جەنگی نێوان هیندستان و پاکستان

لە ساڵی ١٩٤٧ـەوە چوار جار شەڕ لەنێوان وڵاتی هیندستان و پاکستاندا ڕوویداوە، لە دوو لە شەڕەکانیان کە لە ساڵی ١٩٩٩ و ٢٠٠١ـدا بوون، هەردوو وڵات خاوەن چەکی ئەتۆمی بوون بەڵام هیچ کامیان بەکاریان نەهێنا، بەڵام لە ساڵانی دوایی ناکۆکی و گرژییەکانی ئەم دوو وڵاتە لەسەر هەرێمی کشمیر ئەگەری ئەوەی هەیە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت و ببێتە هۆی ڕوودانی شەڕی پێنجەم لە نێوانیان و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی.

بابەتی هاوشێوە: تەقینەوەی چێڕنۆبڵ، وێستگەی چێڕنۆبڵ چۆن تەقییەوە؟

مەترسی و زیانەکانی هەبوونی چەکی ئەتۆمی 

چەکی ئەتۆمی یان چەکی ناوکی وێرانکەرترین و نامرۆڤانەترین چەکن کە دروستکرابن، ئەم چەکانە لەڕووی ئەو وێرانکارییەی کە دروستی دەکەن لەگەڵ ئەو تیشکدەرانەی کە لەدوای خۆیانەوە بەردەوام دەمێننەوە و بڵاودەبنەوە لە هیچ چەکێکی تر ناچن. تاکە بۆمبێکی ئەتۆمی کە بە شارێکدا بتەقێندرێتەوە دەتوانێت ملیۆنان کەس بکوژێت. بەکارهێنانی دەیان و سەدان لەو بۆمبانە ئاووهەوای جیهان بەتەواوی دەشێوێنێت و دەبێتە هۆی قاتوقڕییەکی سەرتاسەری، بە گشتی زیانەکانی هەبوونی چەکی ئەتۆمی و مانەوەیان بریتین لە:  

کوشتن: تاکە چەکێکی ئەتۆمی دەتوانێت شارێک بەتەواوی لەناوببات و زۆربەی خەڵکەکەشی بکوژێت، چەند تەقینەوەیەکی ئەتۆمی بەیەکەوە دەتوانن دەیان ملیۆن کەس بکوژن. قوربانییەکانی جەنگێکی گەورەی ئەتۆمی، بۆ نموونە لەنێوان وڵاتی ئەمریکا و ڕووسیا دەتوانێت بگاتە سەدان ملیۆن کەس.

تەقینەوە: زۆرجار زیانی چەکی ئەتۆمی بەهۆی شەڕ و جەنگەوە نابێت، بەڵکوو تەنانەت بەهۆی بەڕێکەوت تەقینەوەیانەوە خەڵکێکی زۆر دەمرێت و دەکرێت ژیانی چەندان کەس لەناوبچێت و بکەوێتە مەترسییەوە لەبەر ئەو تیشکانە کە دوای خۆیان جێی دەهێڵن.

بەرهەمهێنانی تیشکدانی ئایۆنی: چەکی ئەتۆمی دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی تیشکدانی ئایۆنی کە دەتوانێت ئەو کەسانە بکوژێت یان نەخۆشیان بخات کە بەرکەوتنیان لەگەڵ تیشکەکە هەبووە، ژینگه و کەشوهەوا پیس بکات، کاریگەریی درێژخایەنی تەندروستی جێبهێڵێت، وەکوو نەخۆشیی شێرپەنجە و شێواندنی بۆهێڵەکانی مرۆڤ.

شێواندنی کەشوهەوا و قاتوقڕی: کەمتر لە سەدا یەکی ئەو چەکە ئەتۆمییەی کە لە جیهاندا هەیە دەتوانێت ئاوهەوای جیهان بشێوێنێت و هەڕەشە بخاتە سەر ژیانی زیاتر لە دوو ملیار کەس بەهۆی قاتوقڕی و برسیبوونەوە. ئەو هەزاران چەکە ئەتۆمییەی کە وڵاتانی ڕووسیا و ئەمریکا هەیانە دەتوانێت ببێتە هۆی دروستکردنی زستانی ئەتۆمی و سیستمی ژینگەی زەوی لەناوببات کە ژیانی هەموو بوونەوەرانی لەسەر بەندە. 

نەبوونی هاوکاری و وەڵامدانەوەی مرۆیی: پزیشکەکان و هاوکارە مرۆیییەکان ناتوانن لە شوێنە وێرانبووەکان و ناوچە پیسبووەکان بە تیشکە ڕادیۆیییەکان کاربکەن و هاوکاری پێشکەش بکەن، ئەمە لە تاکە تەقینەوەیەکی ئەتۆمی کە دەتوانێت پەکی فریاکەوتن و یارمەتی بخات، لە جەنگێکی ئەتۆمیدا هەموو ئەو سیستمە فریاکەوتنانەی کە زۆر پێشکەوتوون لەناودەچن و دەبەزێنرێن. هەروەها خەڵکێکی زۆریش ئاوارە دەبن کە هەرگیز نەبینراوە و پێشبینی نەکراوە. 

مەترسیی پاشماوەکان: جیا لەوەی کە ئەو چەکانە بتەقنەوە یان نا، یاخوود بەکاربهێنرێن یان نا، چەکە ئەتۆمییەکان زیانی زۆر و بەربڵاو بە ژینگە و تەندروستی دەگەیەنن لەڕێگەی پاشماوەی وێستگەکانی دروستکردن و تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکان.

لە هێرشێکی ئەتۆمیدا چی ڕوودەدات؟

تەقینەوەی بۆمبێکی ئەتۆمی بڕێکی بێشوومار لە وزە لەسەر شێوەی گەرمی (ئاگر)، ڕووناکی و ڕەشەبا دەردەدات، شەپۆڵی شۆکی تەقینەوەکە دەتوانێت سەدان کیلۆمەتر ببڕێت لە کاتژمێرێکدا و ئەو کەسانەی دەیبینن بۆ ماوەیەکی کاتی نابینا دەبن، تەقینەوەکە لە چەند قۆناغێکدا خەڵکێکی زۆر لەناودەبات، قۆناغی یەکەم کە چرکەکانی سەرەتای تەقینەوەکە و بڵاوبوونەوەی گەرمی و تیشکی تەقینەوەکەیە بۆ شوێنە دوورترەکان، قۆناغی دووەم دوای چەند خولەکێکی کەمی تەقینەوەکەیە کە دروستبوونی هەورێکی زەبەلاحی ئاگرینە لە پاشماوەی گڕ و دووکەڵ و خۆڵەمێش لە شێوەی قارچکێک کە چەندان کیلۆمەتر بەرەو ئاسمان بەرزدەبێتەوە و تەواوی شارەکە دادەپۆشێت و سێبەری تاریک و ترسناک دروست دەکات کە هەوای پاکی دەوروبەری شارەکە ناهێڵێت و قوناغی سێیەمیش دوای چەند ڕۆژێک لە کارەساتەکەیە کە بەهۆی بەرکەوتنیان بە تیشکدانەوە زۆربەی خەڵک گیان لەدەست دەدەن. لە جەنگێکی ئەتۆمیدا لەوانەیە چەندان هێرشی ئەتۆمی بکرێن، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکان لە تاکە هێرشێکی ئەتۆمیدا بۆ نموونە لە واشنتنی پایتەخت ٢٢٠,٠٠٠ کەس گیان لەدەست دەدەن و ٤٥٠,٠٠٠ کەسی تریش بریندار دەبن، لە کاتێکدا کە لە هێرشە ئەتۆمییەکەی ئەمریکا بۆ سەر ژاپۆن لە ساڵی ١٩٤٥ لە هێرۆشیما و ناکازاکی بە نزیکەیی ٢٠٠,٠٠٠ کەس کوژران و بریندار بوون. 

بە سەرنج خستنە سەر تەنیا یەک هێرشی ئەتۆمی کاریگەری و لێکەوتەکانی ئەمانە دەبن:

ناوچەی تۆپی ئاگرین: چرکەساتی تەقینەوەی بۆمبە ئەتۆمییەکەیە دوای گەیشتن بە ئامانجەکەی، تەنیا لەماوەی چرکەیەک یان کەمتردا تۆپی زۆر گەورەی ئاگرین لە شێوەی خۆر لە شوێنی هاوێشتنەوە دروست دەبێت و دەگاتە شوێنی ئامانج، ئەم تۆپە ئاگرینە دەتوانێت ٠.٦٤٧ کیلۆمەتر دووجا داگیر بکات و دەبێتە هۆی کوشتنی هەموو ئەو مرۆڤ و گیانلەبەرانەی لەم سنوورەدان و هەموو شتێکی تر وێراندەکات و هەموو شتێک لەم ناوچەیە دەبێت بە هەڵم تەنیا لەماوەی چاوتروکانێکدا. 

ناوچەی تیشکدان: هەموو ئەو کەسانەی کە لە سنووری ٣.١ کیلۆمەتر دووجای تەقینەوەکەن ڕووبەڕووی زۆرترین بڕی تیشکدانی بۆمبە ئەتۆمییەکە دەبنەوە و تەنیا بەهۆی کاریگەرییە خێراکانی تیشکدانەکەوە نزیکەی ٥٠% بۆ ٩٠%ـی کەسانی ئەم سنوورەش لەماوەی چەند کاتژمێرێک بۆ چەند هەفتەیەک گیان لەدەست دەدەن، ژەهراویبوون بەهۆی تیشکدانەوە ڕێگەیەکی زۆر مەترسیدارە بۆ مردن، ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی تیشکدانەکە دەبنەوە ڕاستەوخۆ تووشی هەندێک نیشانە دەبن، وەکوو: دڵتێکچوون و ڕشانەوە، خوێنبەربوونی بەردەوام، سکچوونی خوێناوی و لێبوونەوەی پێستی سووتاو. 

ناوچەی ڕەشەبای پەستانی زۆر: لە سنووری ٤٤ کیلۆمەتر دووجا پەستانی بۆمبەکە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون وێران دەکات و هەر کەسێک کە لەناوی بێت یان نزیکی بێت دەمرێت، ئاگر و پاشماوەکان هەموو شوێنێک داگیردەکەن، تاوەکوو ئەم سنوورەش تەقینەوەکە هەموو شتێک دەسووتێنێت. 

ناوچەی تیشکدانی گەرمی و ڕەشەبا: لە سنووری ٨٦.٧٦ کیلۆمەتر دووجا خەڵکەکە تووشی سووتانی پلە سێ دەبن بەهۆی ڕووناکیی بۆمبەکە کە چەندان کیلۆمەتری بڕیووە و هەر کەسێک ڕووەو ڕووناکییەکە بێت ئەوا پێستی دەسووتێت، هەروەها ڕووناکییەکە توانای سووتاندنی کەلوپەلەکانی تریشی هەیە. لەم سنوورەدا خەڵکەکە تووشی ترسێکی زۆر دەبنەوە و شۆک دەبن هەروەها ناتوانن پەلەکانیان بجووڵێنن و زۆربەیان تووشی بڕینەوەی پەلەکانیان دەبن. 

ناوچەی ڕەشەبای پەستانی کەم: لە سنووری ٣٤٧ کیلۆمەتر دووجاش هێشتا خەڵک دەمرێت یان بەسەختی بریندار دەبێت بەهۆی ڕەشەبا و گێژەلووکەی بۆمبەکەوە کە گەیشتووەتە ئەم سنوورە کە دەتوانێت پەنجەرەی هەموو باڵەخانە و شوێنەکان بشکێنێت و کەسانی نزیک لە پەنجەرەکانەوە بکوژێت یان بریندار بکات.

ئەوانەی کە ڕزگاریان دەبێت لە تەقینەوەکە و کاریگەرییەکانی (ئەو خەڵکەی کە لە سنوورە دوورەکانن) پێویستە زۆر بە سەختی بەسەر پاشماوە سووتاوەکان و لاشە مردووەکاندا بڕۆن تا بتوانن بگەنە سەلامەتی، کە هەندێکیان دەکرێت لە ژیان بمێننەوە بەڵام بەشێکی تریان ناتوانن بەرگەی برینەکانیان و تیشکدانەکان بگرن. لەهەمانکاتدا با پاشماوەکان کە بەر تیشک کەوتوون لە سنووری ڕەشەباکەوە لەگەڵ خۆی بۆ شوێنە زۆر دوورەکان دەبات و ژمارەیەکی بیشومار لە خەڵک نەخۆش دەخات. دوای کۆتاییهاتنی تەقینەوەکە نزیکەی دەیەها ساڵ و ملیارەها دۆلار پێویستە بۆ پاککردنەوەی پاشماوەی تیشکدان و بنیاتنانەوەی شارە وێرانبووەکان. ئەم کاریگەرییانە هەموویان تەنیا لە ئەنجامی یەک تەقینەوە یان یەک هێرشی ئەتۆمیدا دەبن، کەواتە بە بیرکردنەوە لەوەی ئەگەر چەندان هێرشی ئەتۆمی یان جەنگێکی گەورەی ئەتۆمی ڕووبدات ئەوا زۆربەی خەڵکی سەر  زەوی لەناودەچن و ژیان لە زۆربەی شوێنەکانی هەسارەکە دەسڕێتەوە و هەموو مێژووی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت، ئەمەش بەهۆی کاریگەرییە درێژخایەنەکانەوە دەبێت.

کاریگەرییە درێژخایەنەکانی جەنگی ئەتۆمی

کاریگەرییە درێژخایەنەکانی جەنگێکی ئەتۆمی خۆی لە دووکەڵە ڕەشە دروستبووەکان و پیسی و تۆزی پاشماوەی تەقینەوەکە لە هەوادا دەبینێتەوە، لە جەنگێکی ئەتۆمیدا شارەکان و ناوچە پیشەسازییەکان دەکرێن بە ئامانج بۆیە لەکاتی سووتانیاندا چەندان تەن لەو دووکەڵە دروست دەکەن و بەشێکی زۆری ئەم دووکەڵەش دەچێتە چینی ستراتۆسفێر و ماوەی چەندان ساڵ لەوێدا دەمێنێتەوە چونکە هیچ باران بارینێک نییە کە بیشواتەوە، بەمجۆرەش ئەم دووکەڵە بە جیهاندا بڵاودەبێتەوە و تیشکی خۆر لە زۆربەی شوێنەکانی سەر زەوی بڵۆک دەکات. 

لە ئەنجامدا جیهان کەشوهەوایەکی زۆر ساردتر و بارانی کەمتر بەخۆیەوە دەبینێت، زۆربەی کشتوکاڵی سەر زەوی کەمدەکاتەوە و ئیتر زەوی بە کەڵکی کشتوکاڵ نامێنێت، ئەمەش لەماوەی چەند ساڵێکدا قاتوقڕییەکی زۆر دروست دەکات و چەندەها کەس لە برسیەتی گیان لەدەست دەدەن.

ئەم کاریگەرییە درێژخایەنانە لەسەر جیهان بەند دەبن لەسەر بڕی دووکەڵەکە، بەپێی خەمڵاندنی زاناکان نزیکەی ٥ بۆ ٥٠ ملیۆن تەن لە دووکەڵە ڕەشەکە دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی پایزی ئەتۆمی، هەروەها ٥٠ بۆ ١٥٠ ملیۆن تەن لە دووکەڵە ڕەشەکە دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی زستانی ئەتۆمی لە جیهاندا، کە ئەگەر زستانی ئەتۆمی دروست ببێت لە جیهاندا ئەوا بە نزیکەیی تەواوی مرۆڤایەتی لەسەر هەسارەکە لەناودەچێت.

پاییزی ئەتۆمی: شەڕێکی ئەتۆمی لە نێوان ئیسلامئاباد و نیودەلهی دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی پاییزی ئەتۆمی، بۆ نموونە ئەگەر لە شەڕێکی بچووکی نێوانیاندا هەر لایەنێکیان ٥٠ بۆمبی ئەتۆمی بە هەمان قەبارەی بۆمبی هێرۆشیما بتەقێننەوە، ئەوا پلەکانی گەرما بەڕادەیەک کەمدەبنەوە کە لەژێر پلەکانی چاخی بەستەڵەکەوە دەبن لە سنووری نزیکەی نۆزدە وڵاتدا، ئەمەش بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی دەیەیەک بەردەوام دەبێت، لە ئەنجامدا هەڕەشە دەخاتە سەر ژیانی دوو ملیار کەس بەڵام مردنی دوو ملیار کەس نابێته هۆی کۆتایی هاتنی مرۆڤایەتی بەڵکوو دەبێته هۆی کۆتایی هاتنی شارستانییەتی هاوچەرخ.

زستانی ئەتۆمی: زستانی ئەتۆمی دروست دەبێت بۆ نموونە ئەگەر هەر یەک لە ئەمریکا و ڕووسیا ٢٠٠٠ بۆمبی ئەتۆمی بەکاربهێنن و زۆربەی شارەکان لەناو ببەن، لێرەدا کارەساتی گەورە ڕوودەدات، نیوەگۆی باکووری زەوی ساردترین پلەکانی گەرما بەخۆیەوە دەبینێت و بەنزیکەیی کاریگەریی لەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهان دەبێت ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕینی کەشوهەوا بە شێوەیەک کە هەرگیز پێشبینی نەکراوە، باران بارین بەڕێژەی ٤٥% کەمدەکات، بەهۆی ئەم باران نەبارین و سەرمایەوە بەهیچ شێوەیەک هیچ شتێک لەسەر زەوی ناڕوێت، بۆیە ئەوانەی کە لە شەڕەکان و کاریگەرییەکانیان نەمردوون بێگومان بەهۆی برسیەتییەوە دەمرن، تەنانەت ئەگەر بەم هۆیەشەوە نەبێت بەهۆی کەمبوونەوەی چینی ئۆزۆن و هاتنەژوورەوەی بڕێکی زۆر لە تیشکی سەروو وەنەوشەیییەوە دەبێت، ئەمەش هەڕەشە و مەترسی دەخاتە سەر تەواوی مرۆڤایەتی و دەکرێت ببێتە هۆی سڕینەوەی ژیان لەسەر زەوی.

پێویستە چی بکرێت لەبارەی چەکی ئەتۆمییەوە

لەبەر ئەم هەموو کاریگەرییانەی چەکە ئەتۆمییەکان زۆربەی شارەزایان نایانەوێت نەک باسی جەنگ تەنانەت باسی ناکۆکیی ئەتۆمیش بکرێت و دەیانەوێت شتێک لەم بارەیەوە بکرێت، تاکە ڕێگەی کاریگەریش بۆ وەستاندنی داهاتووی چەکە ئەتۆمییەکان تەنیا لەناوبردنیانە. 

زۆرێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە مرۆیی و تەندروستییەکان نیگەرانن لەبارەی کاریگەرییەکانی چەکە ئەتۆمییەکان لەسەر جیهان، بیاتریس فین خانمێکە کە بۆ کەمپینەکەی لە ساڵی ٢٠١٧ بەناوی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت، ئەو لەگەڵ تیمەکەی واژووی ٦٩ وڵاتی کۆکردەوە بۆ بەشداربوون لە ڕێککەوتنی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام هیچ یەکێک لە وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی واژوویان نەکردووە. هەرچەندە وڵاتانی ڕووسیا و ئەمریکا ژمارەی جبەخانەکانیان کەمی کردووە، بەڵام ئامادە نین چەکەکانیان لەناو ببەن، زۆربەی وڵاتان بۆ مەبەستی پارێزگاریکردن لەخۆیان دەیانەوێت چەکە ئەتۆمییەکانیان بهێڵنەوە، بۆ نموونە سەرۆکی کۆریای باکوور کیم پێی وایە کە هەبوونی چەکە ئەتۆمییەکانی زۆر گرنگە بۆ زیندوو مانەوەی ڕژێمەکەی و بەربەستێک دادەنێت بۆ داگیرکردنی لەلایەن وڵاتێکی وەک ئەمریکاوە. ئەمانەش واتای ئەوە دەگەیەنن کە هەلی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە داهاتوودا (یاخوود تەنانەت لەماوەی ژیانی ئێمەدا) زیاتر لە سفرە، ئەمەش جێگای مەترسییەکی زۆرە، چونکە هەتا چەکی ئەتۆمی هەبێت ئەگەری بەکارهێنانی زیاترە.

ڕزگاربوون لە تەقینەوەیەکی ئەتۆمی 

ڕزگاربوون لە تەقینەوەیەکی ئەتۆمی ئەستەم دەردەکەوێت، ئەو کەسانەی لە سنوورە نزیکەکانن یاخوود لەناوچەکانی قۆناغی یەکەم و دووەمدان ئەستەمە ڕزگاریان ببێت، ئەگەر ڕاستەوخۆش گیان لەدەست نەدەن، بەسەختی بریندار دەبن و بەرگەی تیشکدانەکە ناگرن، بەڵام ئەگەر دوور بیت لە شوێنی تەقینەوەکە لەوانەیە کەمێک کاتت هەبێت بۆ ئەوەی کاردانەوەت هەبێت، هێشتاش هەلی ڕزگاربوون زۆر کەم دەبێت.

دوای قۆناغی یەکەم و دووەمی تەقینەوەکە کە قارچکێکی ئاگرین بەرەو ئاسمان بەرزبووەتەوە و خەڵکی لە دوورەوە دەیبینن ماوەی چەند خولەکێک دەخایەنێت تاوەکوو دەگەڕێتەوە بۆ سەر زەوی، لەم ماوە کەمەدا ئەوەی دەتوانرێت بکرێت ئەوەیە کە بچیتە ژێرزەمینی نزیکترین باڵەخانە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی تیشکدانەکە نەبیتەوە، لەم حاڵەتەدا باڵەخانە کۆنکرێت و خشتەکان باشترینن و پێویستە دوور بیت لە دیوارەکان و لەناوەڕاستی ژێرزەمینەکە بمێنیتەوە.

نابێت دەست بدەیت لە چاو و ناودەم و پێستت، جلەکانی سەرەوەت لاببە و ئەگەر ئاوت لەلا بێت دەستبەجێ خۆت بشۆ. پێویستە بۆ ماوەی ٢٤ یان ٤٨ کاتژمێر لەو شوێنە بمێنیتەوە تەنانەت ئەگەر خواردنیشت لەلا نەبێت بیخۆیت، دوای هاتنە دەرەوە پێویستە بە توندی خۆت دابپۆشیت بە ماسکێک بۆ ئەوەی تیشکدانەکە بەر سییەکانت نەکەوێت، لەوکاتەدا دەتوانیت تەنیا ئەو خواردنانە بخۆیت کە پێچراون و لەقوتوونراون و لەناو باڵەخانەکاندا بوونە، دواتر ئەگەر چاوەڕێت کرد و هیچ فریاکەوتنێکت پێ نەگەیشت، ئەوا لەڕێی ڕێنمایییەکان یان هەواڵەکان ئەگەر بەردەست بن دەتوانیت بزانیت چ شوێنێک سەلامەتە بۆی بڕۆیت یاخوود ئەگەر هیچت دەست نەکەوت دەتوانیت بەرەو شوێنە گەرمەکان بڕۆیت چونکە دووکەڵی تەقینەوەکە لە ئاسماندا ساردییەکی زۆر لەدوای خۆی دروست دەکات، ئەمە ئەگەرێکی کەمی ڕزگاربوونە تەنیا لە کاریگەرییە خێراکانی تەقینەوەکە.



1453 بینین