دڵخۆشیی هەمیشەیی کەسێکی بێگەرد و بێتاوان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-03-12-21:13:00 - کۆدی بابەت: 7969
دڵخۆشیی هەمیشەیی کەسێکی بێگەرد و بێتاوان

ناوه‌ڕۆك

دەربارەی فیلم

فیلمی (دڵخۆشی هەمیشەیی کەسێکی بێگەرد و بێتاوان) (بە ئینگلیزی: Eternal Sunshine of the Spotless Mind) فیلمێکی ئەمریکیی درامی و ڕۆمانسی و خەیاڵییە، چیرۆکێکی ناڕاستەهێلی هەیە واتە چیرۆکەکەی بە پێچەوانە و تێکەڵی بۆ دەرخەری سروشتی یادگە و خۆشەویستی ڕۆمانسی گێڕانەوەی بۆ دەکرێت، لە ساڵی ٢٠٠٤ بڵاوبووەتەوە، لە دەرهێنانی (میچێڵ گۆندری) و ڕۆڵگێڕانی نواندنکاران (جیم کاری) و (کەیت وینسڵێت) و (تۆم ویڵکنسۆن)، یەکێکە لە باشترین فیلمەکانی مێژوو و لە ماڵپەڕی IMdb کە یەکێکە لەبەناوبانگترین ماڵپەڕەکانی تایبەت بە دەنگدان بە فیلم و زنجیرە نوێیەکان لە ڕیزبەندی ٩٠مین باشترین فیلمەکانی مێژوودایە و نمرەی 8.3/10ی وەرگرتووە، داهاتێکی باشی بۆکس ئۆفیسی کۆکردەوە و داهاتی نزیکەی ٧٤ ملیۆن دۆلاربوو، براوەی خەڵاتێکی ئۆسکارە بۆ باشترین سیناریۆی ڕەسەن، هەروەها براوەی ٧٢ خەڵاتی ترە و پاڵێوراوە بۆ ١١١ خەڵاتی تر.
(میچێڵ گۆندری)ی دەرهێنەر بیرۆکەی ئەم فیلمەی لە هاوڕێ هونەرمەندەکەی بە ناوی (پێریێ بیزمۆس)ەوە بۆ هاتووە، کە جارێک پێشنیازی ئەوە کرد: (چی دەبێت ئەگەر نامەیەکت بۆ بێت و تیایدا نووسرابێت: ئەو کەسەی تۆ دەناسێت تۆ لە یادگەی خۆیدا بسڕێتەوە).

چیرۆکی فیلم

(جۆوڵ بارش) کە نواندکار (جیم کاری) ڕۆڵی دەگێڕێت دەکەوێتە داوی خۆشەویستی کچێکەوە بە ناوی (کڵێمنتاین) کە نواندکار (کەیت وینسڵێت) ڕۆڵی دەگێڕێت، دوای ئەوەی (کڵێمنتاین)ی خۆشەویستی پرۆسەیەک ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی (جۆوڵ) لە یادگەی خۆی بسڕێتەوە، (جۆوڵ) کە بەمە دەزانێت دڵی دەشکێت و شۆک دەبێت، بۆیە بڕیار دەدات هەمان شت بکات بەرانبەر خۆشەویستەکەی، ئیتر وەک توڕەیی و ئازار یادەوەرییە ناخۆشەکانی (جۆوڵ) و (کڵێمنتاین) بەرەو نەمان دەچێت، لەگەڵ بەرەو پێشچوونی پرۆسەکە و بینینی ئەوەی کە سەرجەم یادەوەرییەکانی لەگەڵ (کڵێمنتاین) بەرەو نەمان دەچێت، بۆی دەردەکەوێت کە هێشتا خۆشی دەوێت و دەیەوێت پڕۆسەکە ڕابگرێت.

نواندکار و کەسایەتییەکان

جۆوڵ بارش

نواندکار (جیم کاری) لە ڕۆڵی کەسایەتی (جۆوڵ بارش): هۆگرێکی کتێبی دەروون‌گەر بۆ ماوەی دوو ساڵ لە پەیوەندیدا دەبێت لەگەڵ کچێک بە ناوی (کڵێمنتاین)، دوای ئەوە کە پەیوەندییەکەیان کۆتایی پێدێت، (کڵێمنتاین) (جۆوڵ) لە یادگەی خۆیدا دەسڕێتەوە، لە بەرانبەر ئەمەشدا کاتێک (جۆوڵ) بەمە دەزانێت بڕیار دەدات لە وەڵامدا ئەمیش (کڵێمنتاین) لە یادگەی خۆیدا بسڕێتەوە، (جیم کاری) ڕۆڵێکی گێڕا پێچەوانەی ئەو ڕۆڵانەی کە پێشتر بینیبووی، چونکە زیاتر بە ڕۆڵە کۆمیدییەکانی بەناوبانگ بوو.
دەرهێنەر (گۆندری) ئاماژەی بەوە داوە: "قورسە کە ببیت بە کەسێکی کۆمیدی، هەروەها کەمێک قورسە کە کەسێکی کۆمیدی ڕاستی بهێنیت و پێی بڵێت کە بە تەواوی پێچەوانەی سروشتی ڕۆڵگێڕانی خۆی ڕۆڵ ببینێت"

کڵێمنتاین

نواندنکار (کەیت وینسڵێت) لە ڕۆڵی کەسایەتی (کڵێمنتاین): کەسێکی هەمیشە ڕووخۆش و دەم بەخەندەیە، لەدوای جیابوونەوەی لە (جۆوڵ) بڕیار دەدات لە یادگەی خۆیدا بیسڕێتەوە.
(کەیت) ڕۆڵەکەی بەدەستهێنا لەدوای ئەوەی کە تاکە نواندنکاربوو ڕەخنە لە سیناریۆی فیلمەکە بگرێت لەجیاتی ماستاوکردن بۆ نووسەرەکان، لەدوای ئەوەی کە لەو ساڵەدا نواندکارێکی تر خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە، بەرهەمهێنەران پێشنیازیان بۆ دەرهێنەری فیلمەکە کرد کە ئەو بخاتە شوێنی (کەیت)، بەڵام دەرهێنەر هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر ئەو کارە بکەن ئەوا ئەو واز لە کارکردن لەسەر فیلمەکە دەهێنێت.

بەدرێژایی بەرهەمهێنانی فیلمەکە، (گۆندری) دەرهێنەر (کەیت)ـی دەبرد بۆ ژوورێکی جیا بۆ ئەوەی ڕاهێنانی پێ بکات.

چەند ڕاستییەک دەربارەی فیلمەکە

  • کاتێک لە دیمەنێکدا (جۆوڵ) لە یادگەی خۆیدایە و سەردانی کۆبوونەوەی پڕۆسەی سڕینەوەی یادگەکەی دەکات، هیچ کاریگەری (ئیفێکت)ـێکی تایبەی بەکارنەهاتووە بۆ نیشاندانی دوو (جۆوڵ) لە هەمان کات و یەک دیمەندا، (جیم کاری) لەو ماوە کەمەی کە وێنەی ناگیرێت دەبوو کڵاو و چاکەتەکەی لاببات و بەخێرایی لەسەر کورسییەکە دابنیشێت و هەروەها بە پێچەوانەوە دەبوو بەخێرایی هەستێتەوە.
  • قژی (کەیت وینسڵێت) بە بەردەوامی دەگۆڕێت کە پێناسەی گۆڕانی سروشتی کارەکتەرەکە دەکات، ئەم گۆڕانی ڕەنگە ئامانجێکیشی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە بینەر باشتر لە ڕیزبەندی ڕووداوەکانی فیلمەکە تێبگات، هەر ڕەنگێک لە قژی (کڵێمنتاین) سەردەمێکی جیاواز و دۆخی پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ (جۆوڵ) دەنوێنێت، کە بەم شێوەیە:
    قژە شینەکەی ئاماژەیە بۆ (ڕاستیگەری)
    قژە پرتەقاڵییەکەی ئاماژەیە بۆ (تەنگژە)
    قژە سەوزەکەی ئاماژەیە بۆ (یەکەم ناسین)
    قژە سوورەکەی ئاماژەیە بۆ (خەیاڵ)
  • ڕەنگە جیاوازەکانی قژی (کەیت وینسڵێت) کڵاوی قژی دەستکردن و ڕەنگ (بۆیاخ) نین، لەبەر ئەوەی فیلمەکە بە ڕیزبەندی کاری وێنەگرتنی بۆ نەکراوە، کەیت هەندێک جار ناچاربوو لە هەمان ڕۆژدا دوو ڕەنگی جیاوازی قژی هەبێت، لەبەر ئەم هۆیەش ڕەنگکردنی قژی کرداری نەبوو.
  • کاتێک بۆ یەکەمجار (جیم کاری) لەگەڵ (میچێڵ گۆندری) دەرهێنەردا دەربارەی ڕۆڵگێران لە فیلمەکەدا یەکتریان بینی، (جیم) بەدەست ڕووداوێکی خەمهێنەرەوە ئازاری دەچەشت، (میچێڵ) بە (جیم)ـی وت: "تۆ ئێستا زۆر جوانیت، زۆر دڵشکاویت..تکایە چاک مەبەرەوە"، لەدوای چەند دەیەیەک (کاری) وتی: "ئەوە بوو بەهۆی سەرکەوتنی ڕۆڵگێڕانەکەم".


سەرچاوەکان



370 بینین