مۆزەخانەی داهاتوو

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-03-16-22:14:00 - کۆدی بابەت: 7988
مۆزەخانەی داهاتوو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مۆزەخانەی موستەقبەل یان مۆزەخانەی ئایندە یاخود مۆزەخانەی نوێی دووبەی (بە عەرەبی: متحف المستقبل، بە ئینگلیزی: Museum of the Future) دەکەوێتە شاری دووبەی ئیماڕاتەوە و لە 22ـی شوباتی ساڵی 2022 بە فەرمی کرایەوە، لەلایەن ناشناڵ جیۆگرافیکەوە بە 14ـەیەمین جوانترین تەلاری جیهان هەڵبژێردرا.
جیاواز لە مۆزەخانەکانی جیهان کە گێڕانەوە بۆ  مێژوو و خەباتی ڕابردوو دەکەن و وردەکارییەکانی شارستانییەتە کۆنەکان دەخەنەڕوو، بە پێچەوانەوە ئەم مۆزەخانەیە بە بەکارهێنانی چەندان بواری پێشکەوتووی تەکنەلۆجیا داهاتووی جیهان نیشان دەدات، بە دیاریکراوی ساڵی 2071ـی دووبەی دەخاتەڕوو.
هەموو شەش مانگ جارێک پێکهاتە و ناوەڕۆکی ئەو بابەتانەی کە دەخرێنەڕوو و نیشاندەدرێن دەگۆڕدرێن، بەو واتایەی کە بەپێی گۆڕانکارییەکانی پێشکەوتووی تەکنەلۆجیای سەردەم هەر شەش مانگ جارێک گۆڕانکاری لە پێکهاتەی نێو مۆزەخانەکە دەکرێت.
بۆیە بە یەکێک لە پێشکەوتوترین باڵەخانەکانی جیهان هەژمار دەکرێت، چونکە دیزاین و بیرۆکەکەی جیاواز و نوێیە پێشتر بیرۆکەی لەوشێوەیە جێبەجێ نەکراوە.

دیزاینی تەلارسازیی مۆزەخانەکە

مۆزەخانەکە لە شوێنێکی ستراتیجی دووبەی لەسەر شەقامی سەرەکی "شێخ زایید" بنیاتنراوە، لەلایەن کۆمپانیای (Killa Design Architects) دیزاینی بۆ کراوە و ئەندازیاری تەلارساز "شۆن کێلا" ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە دیزاینکردنی پڕۆژەکە، کۆمپانیای تایبەتی (Buro Happold) سەرپەرشتیاری ئەندازیاری جێبەجێکاری پڕۆژەکە بووە.
بەرزی مۆزەخانەکە 77 مەترە و ڕووبەرەکەی 30,548 مەتر چوارگۆشەیە، لەسەر ئەو بنەمایەی کە "چاوێک لە داهاتوو دەڕوانێت" دیزاینی مۆزەخانەکە لەسەر شێوازی چاو دیزاین کراوە، شێوازی سترەکچەرەکەی هیچ گۆشەیەکی تێدا نییە و هیچ ستوونێک لە دروستکردنیدا بەکارنەهێنراوە چونکە شێوەکەی هاوشێوەی گۆیی و بازنەییەکی ناڕێکە.
تاکە باڵەخانەیە لە جیهاندا کە نووسینی عەرەبی لەسەر ڕووی دەرەوەی نەخشێندراوە، کاتی بنیاتنانی شەش ساڵی خایاندووە و ملیۆنان دۆلار تێچووی دیزاین و بنیاتنانەکەی بووە، بەشی ناوەوەی بە شوشە و پۆڵای جۆری (Stainless steel) داپۆشراوە، هەروەها 2,400 پارچە ماددەی ڕەق و هەزاران پارچەی سێگۆشەیی ڕووی دەرەوەی مۆزەخانەکەی داپۆشیوە.
بەرزکەرەوەکانی نێو مۆزەخانەکە هاوشێوەی وێستگەی بۆشایی ئاسمان دروستکراوە، دیزاینی پارامەتریان بەکارهێناوە، لەڕێگەی بەستنەوەی بوارەکانی تەلارسازی و بیرکاری و هونەری پەیکەرسازیی و هەڵکۆڵین دیزاینی باڵەخانەکەیان جێبەجێ کردووە، مۆزەخانەکە بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە هیچ کات قەرەباڵغی و ژاوەژاوی تێدا دروست نابێت. 

لەسەر ڕووی دەرەوەی مۆزەخانەکە چی نووسراوە؟

ئەگەر تێبینی بکرێت، ڕووی دەرەوەی تەلاری مۆزەخانەکە بە چەند نووسینێکی عەرەبی داپۆشراوە و نەخشێندراوە، ئەو نووسینانە سێ وتەی ناوداری "شێخ محەمەدی کوڕی ڕاشدی ئال مەکتووم"ـە کە جێگری سەرۆکۆماری ئیماڕات و سەروەزیرانی ئیمارەتی دووبەیە، وتەکان سێ چەمکی سەرەکییان لەخۆگرتووە ئەوانیش "لێهاتوویی"، "داهاتوو"، "داهێنان".

وتەی یەکەم

"لن نعيش مئات السنين، ولكن يمكن أن نبدع شيئاً يستمر لمئات السنين" واتا: "ئێمە بۆ سەدان ساڵ ناژیین، بەڵام دەتوانین داهێنانێک بکەین کە بۆ سەدان ساڵ بەردەوام بێت"

وتەی دووەم

"المستقبل سيكون لمن يستطيع تخيله و تصميمه و تنفيذه، المستقبل لا يُنتظر، المستقبل يُمكن تصميمه وبناؤه اليوم"، واتا: "داهاتوو بۆ ئەو کەسەیە کە بتوانێت وێنا و بنیاتنان و جێبەجێی بکات، ناکرێت چاوەڕێی داهاتوو بین، دەکرێت هەر لە ئەمڕۆوە داهاتوو  بنیات بنرێت و بەدیبهێنرێت"

وتەی سێیەم

"سر تجدد الحياة وتطور الحضارة وتقدم البشرية هو في كلمة واحدة: الابتكار"، واتا: "نهێنی نوێبوونەوەی ژیان و پەرەسەندنی شارستانییەتەکان و بەرەوپێشچوونی مرۆڤایەتی تەنها یەک وشەیە ئەویش: داهێنانە" ئەم وتانە لەلایەن خۆشنووسی ناوداری ئیماڕاتی "مەتەڕی کوڕی لاحەجە"ـوە نووسراوەتەوە. 

بەش و نهۆمەکانی مۆزەخانەکە

مۆزەخانەکە لە حەوت نهۆمی سەرەکی پێکهاتووە، بە مۆزەخانەیەکی زیندوو هەژمار دەکرێت چونکە هەموو شتەکانی ناوی باسی ئێستا و داهاتوو دەکات و باسی ڕابردوو ناکات، نهۆمی یەکەم تایبەتە بە داهاتووی جیهانی منداڵان، هەزاران یاری هزری تێدایە و یارمەتی فێربوون و فراوانبوونی ئاستی زیرەکی منداڵان دەدات لە بوارەکانی فیزیا، بیرکاری، گەردوونناسی و تەکنەلۆجیا.
نهۆمی دووەم نوێترین داهێنانەکانی ئەو بوارانەی لەخۆگرتووە کە لە داهاتوودا گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆڤ دروست دەکەن، چەندان داهێنان و نوێکاری دەبینن نموونەی ڕۆبۆت و زیرەکییە دەستکردەکان و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان.

نهۆمی سێیەم هاوشێوەی مێرگ و ناوچەیەکی سەوزی نێو بیابانە، وێنای پەناگەیەکی ئاسوودەبەخشە بۆ هەر پێنج هەستەوەرەکەی مرۆڤ، تێیدا ئارام و چالاک دەبیتەوە، چونکە شەپۆل و لەرەلەری تایبەتی تێدایە ئاسوودەیی بە مرۆڤ دەبەخشێت و یارمەتی دووبارە سەقامگیری و جێگیربوونی شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکانی دەوروبەری مرۆڤ دەدات.
نهۆمی چوارەم تایبەتە به سروشت، لە ڕێگەی تەکنەلۆجییاوە گەشتێک بەناو دارستانەکانی ئەمازۆن دەکەیت و ئاژەڵەکانی داهاتوو دەبینت، هەروەها لە بەشێکی ئەم نهۆمە DNA 24,000 زیندەوەری تێدا هەڵگیراوە و دەتوانیت بیانبینیت.
نهۆمی پێنجەم تایبەتە بە فەلەکناسی و گەردوونناسی دیزاینەکەی پشتی بە دیزاینەکانی ناسا بەستووە، بە شێوەی پڕاکتیکی بۆشایی گەردوون و هەسارەکان و مانگ و هەزاران ئەستێرە دەبینرێت، زانیاری زۆری ئەو بوارەی تێدایە.
دوو بەشەکەی کۆتایی سندووقی وەبەرهێنان و تاقیگە و شوێنی توێژینەوە لەخۆدەگرێت کە تێیدا پاڵپشتی گەنجان و داهێنەر و نوێخواز دەکرێت و پشتگیری لاوانی تازە داهێنەر دەکرێت و پەرە بە بەرهەمەکانیان دەدرێت. 

گرنگی و بایەخی مۆزەخانەکە

ـ ئەم مۆزەخانەیە پێگەیەکی گەشتیاری و ڕۆشنبیری گرنگ دەبەخشێتە دووبەی و ئیماڕات.
ـ مۆزەخانەکە چەندان کۆنفڕانس و وۆرکشۆپ و خولی زانستی و تەکنەلۆجی جیهانی تێدا ئەنجام دەدرێت.
ـ بەشێکی سەرەکی مۆزەخانەکە بە وردی تیشکی خستووەتە سەر بەشی ڕۆبۆت و زیرەکی دەستکرد و کاریگەرییەکانیان لەسەر ژیانی داهاتووی مرۆڤ، گەشتیاران و سەردانیکەران دەتوانن بە شێوەی پڕاکتیکی و لە نزیکەوە ئەو ڕۆبۆتانە ببینن و تاقیان بکەنەوە کە لە داهاتوودا کاریگەری دەکەنە سەر ژیانیان و بڵاودەبنەوە.
ـ پاڵپشتی لاوان و ئەو گەنجانە دەکات کە داهێنەر و نوێخوازن لە بوارەکانی فیزیا، بیرکاری و تەکنەلۆجیا.


سەرچاوەکان



620 بینین