کورتەباڵایی

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-03-23-14:30:00 - کۆدی بابەت: 8033
کورتەباڵایی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کورتەباڵایی (بە ئینگلیزی: Dwarfism) بریتییە لەو حاڵەتەی تێیدا مرۆڤەکە باڵای کورتە، هۆکارەکەی بۆماوەییە یان حاڵەتێکی تەندرووستییە، کورتەباڵایی بە گشتی بەوە پێناسە دەکرێت کە باڵای کەسەکە ١٤٧ سانتیمەتر یان کەمتر بێت. تێکڕای باڵای کەسێکی پێگەیشتووی کورتە باڵا ١٢٢ سانتیمەترە.

جۆرەکانی کورتەباڵایی

- کورتەباڵایی ناهاوتا: ئەگەر قەبارەی لاشەی کەسەکە نایەکسان و ناهاوتا بێت، هەندێک لە بەشەکانی لاشە بچووکن، ئەوانەی تر قەبارەکەیان ئاساییە یان لە ئاساییش گەورەترن. ئەو نەخۆشییانەی دەبنە هۆکاری کورتەباڵایی لەم شێوەیە ڕێگری لە گەشەی ئێسکەکان دەکەن.

- کورتەباڵایی هاوتا: ئەگەر هەموو بەشەکانی جەستە بە هەمان پلە بچووک بن، ئەوا لاشە بە تەواوی و یەکسانی بچووکە. حاڵەتە تەندروستییەکان لە کاتی لە دایکبوون یان لە سەرەتای منداڵیدا دەردەکەون و ڕێگری دەکەن لە گەشە و پەرەسەندنی تەواوەتی.

مێژووی کورتەباڵایی

پێش داهێنانی نووسین و نووسینەوەی مێژوو، کورتەباڵاکان بوونیان هەبووە و لە کارە هونەرییە جۆراوجۆرەکانی کلتورە جیاوازەکاندا دەرکەوتوون. لە پەیکەر و پاشماوە کولتوورییەکان وڵاتانی وەکو میسڕ، هیندستان، چین و گەلانی مایانیدا دەرکەوتوون و دۆزراونەتەوە، هەروەها لە ئەفسانە و چیرۆکە خەیاڵییەکانی هەموو نەتەوەکاندا باسیان لێوە کراوە.

لە سەردەمی میسڕی کۆندا، باوەڕیان وابووە کورتەباڵاکان پەیوەندییان بە خواوەندەکانیانەوە هەیە، بێس و پتا، کە خواوەندی بەرەکەت و داهێنانن. ئەمە وای کردووە کورتەباڵاکان پێگەیەکی بەرزیان هەبێت لەو وڵاتە. بارودۆخی کورتەباڵاکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر و لە فەرمانڕەوایەتییەکەوە بۆ فەرمانڕەوایەتییەکی تر گۆڕاوە.

لە کاتی ئاهەنگ، بۆنە و کۆبوونەوە گشتییەکاندا لە پشتی پادشا و شاژنەوە دادەنران چونکە قەبارە بچووکەکەیان وای دەکرد فەرمانڕەواکە بەهێزتر و بە دەسەڵاتتر دەربکەوێت، ژیانی کورتەباڵاکان لە چین زۆر قورس بووە، بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە و ڕووبەڕووی دەستدرێژی جەستەیی بوونەتەوە.

بە گشتی بارودۆخی کورتەباڵاکان بە درێژایی مێژوو بە شێوەیەک بووە یان ڕێزێکی زۆریان لێ گیراوە یان وەکو کاڵا مامەڵەیان پێوە کراوە و فرۆشراون بە فەرمانڕەواکان بۆ ڕابواردن، گاڵتە پێکردن و کات بەسەربردن، لە ئێستادا کۆمەڵە و ڕێکخراوی تایبەت هەیە لە سەرجەم وڵاتان بۆ پارێزگاریکردن لە مافی کورتەباڵاکان و داکۆکی کردن لە مافەکانیان.

هۆکارەکانی کورتەباڵایی

زۆربەی حاڵەتەکانی پەیوەندییان بە کورتەباڵاییەوە هەیە نەخۆشی بۆماوەیین، بەڵام هۆکاری هەندێک لە نەخۆشییەکان نەزانراون. زۆربەی حاڵەتەکانی کورتەباڵایی لە ئەنجامی بازدانی هەڕەمەکییەوە دەبێت لە تۆوی باوکەکە یان هێلکەی دایکەکەدا.

بە گشتی هۆکارەکانی کورتەباڵایی لە چەند حاڵەتێک پێکدێت:

ئەیکۆندرۆپلەیژا - achondroplasia

ئەیکۆندرۆپلەیژا (بە ئینگلیزی: achondroplasia) نزیکەی ٨٠ لە سەدی تووشبوو بەم حاڵەتە لە دایک و باوکێکی باڵا ئاساییەوە لە دایک دەبن. کەسێکی تووشبوو بەم حاڵەتە کە لە دایک و باوکێکی باڵا ئاساییەوە بووبێت یەک لەبەرگیراوەی جینی هەڵگرتووە کە پەیوەندی بەو نەخۆشییەوە هەیە و لەبەر گیراوەی جینەکەی تری ساغە. کەسێک کە ئەم نەخۆشییەی هەبێت ئەگەری هەیە جینێکی تووشبوو یان لەوانەیە جینێکی ساغ بگوازێتەوە بۆ منداڵەکانی خۆی.

کۆنیشانەی تێرنەر

کۆنیشانەی تێرنەر (بە ئینگلیزی: Turner syndrome) ئەمە حاڵەتێکە کە تەنها ژنان و کچان تووشی دەبن، لە ئەنجامی ئەوەی بەشێکی کرۆمۆسۆمێکی X یان کرۆمۆسۆمێکی Xـان بە تەواوی ونە. توخمی مێ دوو کرۆمۆسۆمی X لەهەر دایبابێکەوە وەردەگرێت، مێیەکی تووشبوو بەم نەخۆشییە تەنها یەک کرۆمۆسۆمی Xـی هەیە کە بە تەواوی کاربکات.

کەمی هۆڕمۆنی گەشە

هۆکاری کەمی هۆڕمۆنی گەشە یان بەهۆی زیان بەرکەوتنێکە بە ڕژێنەکان یان بۆماوەییە، بەڵام بۆ زۆر کەسی کورتەباڵا کە بە هۆی کەمی هۆڕمۆنی گەشەوە وایان لێ هاتووە، هۆکارەکەی نەزانراوە.

هۆکاری تر

هۆکارەکانی تری کورتەباڵایی یان نەخۆشی تری بۆماوەییە، کەمی لە هۆڕمۆنی تردا یان کەمی خۆراک و هەندێک جاریش هۆکارەکە نەزانراوە.

نیشانەکان

نیشانەکانی کورتەباڵایی ناهاوتا

- قەبارەی قەدی لاشەیان ئاساییە

- دەست و قاچیان کورتە

- پەنجەیان کورتە و نێوانی پەنجەی ناوەڕاست و پەنجەی ئەڵقەیان زۆرە

- جووڵەی ئانیشکیان سنووردارە

- سەریان بە شێوەیەکی ناهاوتا گەورەیە و ناوچەوانیان زەق و دیارە

- تێکڕای باڵای کەسێکی پێگەیشتوویان ١٢٢ سانتیمەترە

نیشانەکانی کورتەباڵایی هاوتا

- باڵایان بە بڕی سێ یەک کەمترە لە باڵای ستاندارد

- لەچاو تەمەنیدا گەشەی خاوە

- گەشەی ئەندامە توخمییەکانی دوا دەکەوێت یان هەر گەشە ناکەن

- کەمی هۆڕمۆنی گەشە هۆکارێکی باوە بۆ ئەم حاڵەتە.

چۆن کورتەباڵایی دەست نیشان دەکرێت؟

زۆربەی خاتوونە دووگیانەکان پێش لە دایکبوونی منداڵەکانیان لە هەفتەی ٢٠ـدا پشکنینی گەشە دەکەن بە شەپۆلی سەروو دەنگ، نیشانەکانی ئەیکۆندرۆپلەیژا لەو کاتەدا دەرنەکەوتوون. هەندێک جار پزیشکەکان دەتوانن ئەو حاڵەتە لە پشکنینێکی درەنگ وەختەی دووگیانیدا دەست نیشان بکەن ئەگەر شەپۆلە سەروو دەنگییەکە دەست و قاچەکانی منداڵەکەی کورتتر لە ئاسایی و سەری گەورەتر لە ئاسایی پیشان دا. بەڵام زۆربەی منداڵانی تووشبوو بە ئەیکۆندرۆپلەیژا تا دوای لە دایکبوون نەخۆشییەکەیان دەست نیشان ناکرێت.

پزیشکەکان دەتوانن سوود لە پشکنینی بۆماوەیی وەربگرن بۆ دەست نیشانکردنی حاڵەتەکە لە پێش یان پاش لە دایکبوونیش، دایک و باوکێکی باڵا ئاسایی دەتوانن ببنە خاوەنی منداڵێکی کورتەباڵا و ئەگەری هەیە دوو کورتەباڵاش منداڵێکیان ببێت باڵای ئاسایی بێت.

ڕاستکردنەوەی چەند بیرۆکەیەکی هەڵە

- کورتەباڵایی نەخۆشییەک نییە پەیوەندی بە مێشکەوە هەبێت، بەشێوەیەک کەسەکە گێل بێت، بە پێچەوانەوە زۆربەی کورتەباڵاکان هەروەکو کەسانی ئاسایی خاوەنی زیرەکییەکی نموونەیین.

- کورتەباڵایی نەخۆشییەک نییە پێویستی بە "چارەسەر" بێت، زۆربەی کەسانی کورتەباڵا ژیانێکی تەندروست و بەختەوەر دەژین.

- کورتەباڵایی هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ئەو کەسە پەککەوتە بێت، بەڵکو وەکو هەر کەسێکی ئاسایی توانای هەیە بخوێنێت و دەستکەوتەکانی ژیان بەدەست بهێنێت.

زۆربەی کەسانی کورتەباڵا لە زاری خۆیانەوە پێیان خۆش نییە کورتەباڵایی وەکو حاڵەت و نەخۆشی گوزارشتی لێوە بکرێت، منداڵان و کەسانی کورتەباڵا بە هیچ شێوەیەک پێیان خۆش نییە بە (گرگن، قەزەم و چەندانی تر) بانگ بکرێن، بۆیە دەبێت بە ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت وەکو هەر تاکێکی تری کۆمەڵگە بە چاوی مرۆڤەوە سەیر بکرێن.

کێشە تەندرووستییەکان و چارەسەریان

هەر حاڵەتێک کە دەبێتە هۆی کورتەباڵایی کێشەی تەندرووستی لەگەڵدایە کە بە پێی کات دەگۆڕێت، بەڵام پزیشکەکان دەتوانن زۆربەیان چارەسەر بکەن.

ئەو پزیشکانەی کە شارەزاییان هەیە لە بواری ئێسک، نەشتەرگەری دەمار، قورگ، لووت، گوێ و سییەکان دەتوانن چاودێری دۆسیەی کورتەباڵاکان بکەن. هەندێک لە کێشەکان بە نەشتەرگەری چارەسەر دەکرێن بە بێهۆشکردن، کە ئەمە تا ڕادەیەک مەترسی دەخاتە سەر ژیانی کەسە بچووکەکان بەهۆی بچووکی قەبارەی لاشە و بۆرییەکانی هەوایان.

کەسە کورتەباڵاکان دەبێت هەوڵ بدەن کێشیان ئاسایی و تەندروست بێت، چونکە بە زیادبوونی کێشیان کێشە بۆ پشت و جومگەکانیان دروست دەبێت. گرنگە بۆیان کە چالاکی لاشەیی سەلامەت تاقی بکەنەوە.

ڕێژەی تووشبوون

ئەیکۆندرۆپلەیژا کە یەکێکە لە هۆکارە باوەکانی کورتەباڵایی، بە یەکسانی توخمی نێر و مێ تووش دەکات، لە تەمەنی کۆرپەییەوە تووشی کەسەکە دەبێت و دوای لە دایکبوون نیشانەکان دەردەکەون، ڕێژەی تووشبوون بەم حاڵەتە یەک لە ١٥٠٠٠ یان یەک لە ٣٥٠٠٠ منداڵی لە دایکبووە.


سەرچاوەکان



1493 بینین