پیۆنگیانگ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-27-23:30:00 - کۆدی بابەت: 8061
پیۆنگیانگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پیۆنگیانگ (بە ئینگلیزی: Pyongyang، بە کۆری: pʲʰʌ̹ŋ.ja̠ŋ)، پایتەخت و گەورەترین شاری کۆریای باکوورە، کە بە "پایتەختی شۆڕش" ناسراوە، شاری پیۆنگیانگ دەکەوێتە سەر ڕووباری تایدۆنگ، ڕووبەری شارەکە 2,000 کیلۆمەتر دووجایە.

دانیشتوانی شارەکە

شاری پیۆنگیانگ لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە گەورەترین شاری وڵاتەکەیەتی و لە سەرژمێرییەکەی ساڵی 2008دا ژمارەی دانیشتوانی شارەکه بە 3,255,388 کەس خەمڵێندرا، ئەم شارە بەهۆی هەبوونی سەرچاوە سروشتییەکانەوە بە ناوەندی پیشەسازی کۆریای باکوور دادەنرێت.

دیمۆگرافی پیۆنگیانگ

تەواوی دانیشتوانی شاری پیۆنگیانگ زیاتر لە 3 ملیۆن کەسە و تەمەنی زۆربەی دانیشتوانەکەی لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵیدایە، لەم شارەدا ژمارەی مێ لە نێر زیاترە، نزیکەی 99٪ی ئەو کەسانەی لە پیۆنگیانگدا دەژین کۆرین، هەروەها ژمارەیەکی کەم هاوڵاتی ڕووسی، چینی و ژاپۆنی لەم شارەدا نیشتەجێن، زمانی فەرمی شارەکە زمانی کۆرییە.

مێژوو و گرنگی شارەکه

بەگوێرەی ئەفسانەزانی شاری پیۆنگیانگ لە ساڵی 1122 پێش زایینیدا دامەزراوە، ئەم شارە یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی کۆریا و پایتەختی دوو شانشینی کۆنی کۆریی بووە بە ناوەکانی گۆجۆسۆن و گۆگۆریۆ، هەروەها وەکوو پایتەختی دووەمی گۆریۆ خزمەتی کردووە، بەشی زۆری شارەکە لەماوەی جەنگی سینۆ-ژاپۆنی یەکەمدا وێرانکرا، بەڵام لەژێر دەسەڵاتی ژاپۆندا بووژایەوە و بوو بە ناوەندێکی پیشەسازی، لە دوای دامەزراندنی کۆریای باکوور لە ساڵی 1948دا، شاری پیۆنگیانگ بوو بە پایتەختی دیفاکتۆ، شارەکە لە کاتی جەنگی کۆریادا دووبارە وێران کرایەوە، بەڵام پاش جەنگەکە بەخێرایی و بە یارمەتی سۆڤیەت دووبارە دروست کرایەوە، هەروەها پیۆنگیانگ سەنتەری سیاسی، پیشەسازی و گواستنەوەی کۆریای باکوورە، لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراوە سەرەکییەکانی حکوومەتی کۆریای باکوور و حزبی کرێکارانی دەسەڵاتداری کۆریای لێیە.

کەشوهەوای شارەکە

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، هاوینی پیۆنگیانگ گەرمە و کەشوهەوایەکی کیشوەری شێداری هەیە، مانگەکانی هاوین گەرم و شێدارن و مانگەکانی وەرزی زستانیش سارد و وشکن، لە زستاندا ڕەشەبای سارد و وشک لە سیبریاوە هەڵ دەکات و کەشی شارەکە زۆر سارد دەکات، له نێوان مانگەکانی تشرینی دووەم و سەرەتای مانگی ئازار پلەکانی گەرما بۆ خوار پلەی بەستن دادەبەزن، بەگشتی وەرزی زستان بە بەراورد بە هاوین زۆر وشکترە و تێکڕای بارینی بەفر 37 ڕۆژە لە ساڵێکدا، هەروەها کەشوهەوای شارەکە لە وەرزەکانی بەهار و پاییزدا خۆشترە و تێکڕای پلەکانی گەرما لە مانگی ئایاردا 20 بۆ 26 پلەی سەدییە، لە مانگی ئەیلوولدا 22 بۆ 27 پلەی سەدییە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە

  1. میترۆی پیۆنگیانگ
  2. تاوەری جوچی
  3. مۆنۆمێنتی گەورەی مانسودای
  4. گۆڕەپانی کیم ئیل سونگ
  5. یاریگای کیم ئیل سونگ
  6. ڕووباری دایدۆنگ یان تایدۆنگ
  7. پەیکەری کۆلیما
  8. مۆنۆمێنتی پارتی کرێکارانی کۆری
  9. باخچەی ئاژەڵانی پیۆنگیانگ
  10. مۆزەخانەی تانجون


سەرچاوەکان



364 بینین