میکائیل

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-03-31-23:35:00 - کۆدی بابەت: 8098
میکائیل

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

هونەرمەندی گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر میکائیل جەهان (بە ئینگلیزی: Mikael) لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٦٥ لە کۆماری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، کاتێک لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووە خێزانەکەی شاریان بەجێهێشتووە و ڕوویان لە شاخ کردووە تاکوو ساڵی ١٩٨٥، لە ساڵانی ١٩٧٨ تاکوو ١٩٨٥ ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە، لە پێشمەرگایەتیدا بریندارکراوە و بەهۆیەوە قاچێکی لەدەستداوە، لە ساڵی ١٩٨٦ ڕووی لە وڵاتی سوید کردووە و لە شاری ستۆکهۆڵم نیشتەجێ بووە، لە ساڵی ٢٠١٤ گەڕاوەتەوە بۆ باشووری کوردستان.

ژیانی تایبەتی

میکائیل هەمیشە ئاماژەی بەوە داوە کە ژیانێکی پڕ لە سەختی و ناخۆشێ هەبووە و لە چاوپێکەوتنێکدا وتوویەتی: "من بە بۆنی بارووت گەورە بووم"، هەروەها هەرگیز خواردن و خواردنەوەیەک ناخوات و ناخواتەوە کە نەزانێت کێ ئامادەی کردووە چونکە چەند جارێک هەوڵی ژەهرخوارد کردنی دراوە، هەمیشە هەڵگری چەکە چونکە لە کاتی پێشمەرگایەتییدا لەگەڵ چەند کەسێکدا بووە و ئەو چەند کەسە کوژراون، میکایل بە بکوژی ئەو چەند کەسە تۆمەتبار کراوە، لەبەر ئەم هۆیەش دەکرێت دوژمنی هەبێت و بۆ بەرگریکردن لەخۆی چەک هەڵدەگرێت.
زۆربەی گۆرانییەکانی لە ناخۆشی و ناڕەحەتییەکانی ژیانی کەسێتییەوە سەرچاوەی گرتووە، چونکە بەتایبەت بۆ کاری ئاوازدانەری و گۆرانیبێژی نەیخوێندووە، بۆ نموونە گۆرانی (دڵم مەشکێنە)ی بۆ ئەو خۆشەویستەی وتووە کە پێی نەگەیشتووە. لە ساڵی ١٩٨٣ کاتێک قاچی بریندار بووە، تووشی برینێکی سەخت بووە و بۆ ماوەی ٦ ساڵ نەیتوانیوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت، لەبەر ئازاری قاچی و ناڕەحەتییەکانی ئەو سەردەمە ماددەی هۆشبەری وەک دەرمان بەکارهێناوە.
لە ساڵی ١٩٨٣ بە ناچاری لە کاتی پێشمەرگایەتیدا هاوسەرگیری کردووە و هاوسەرگیرییەکەی تەنها چەند مانگێکی خایاندووە، دواتر کە ڕووی لە دەرەوەی وڵات کردووە لەگەڵ خانمێکی هۆڵەندی ئاشنابووە بە ناوی (ئینا)، کە وەک میکائیل خۆی ئاماژەی پێداوە خانمێکی باش و گونجاو بووە و هۆکاری جیابوونەوەکەیان میکائیل بووە، لە ساڵی ٢٠٠٠ دووبارە لەگەڵ خانمێکی خەڵکی وڵاتی لوبنان هاوسەرگیری ئەنجامداوە و بووە بە باوکی کوڕێک بە ناوی (کەوین)، دایکی (کەوین) لەدوای لەدایکبوونی کوڕەکەی، میکائیل و کوڕەکەشی بەجێدەهێڵێت، میکائیل خۆی کوڕەکەی بەخێو دەکات، لەدوای ئەوە هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێکی تردا ئەنجامداوە بە ناوی (چرۆ) و بەهەمان شێوە بووە بە باوکی کوڕێکی تر بە ناوی (کەوان)، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو خانمە لەگەڵ (کەوین)دا نەگونجاوە، میکائیل لەگەڵ ئەم خانمەشدا جیابووەتەوە، دواتر لە ساڵی ٢٠١٤ دووبارە هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێکدا بە ناوی (نەدا) ئەنجامداوە.

ژیانی هونەری 

دەنگ و گۆرانییەکانی هونەرمەند تایەر تۆفیق کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر میکائیل جیهێشتووە، یەکێک لە هۆکارەکانی چوونی میکائیل بۆ دنیای هونەر و گۆرانی وتن، هونەرمەند تایەر تۆفیق بووە.

کارە هونەرییەکانی

  • چاوەکەم
  • پوش و پەڵاش
  • دڵم  مەشکێنە
  • لەبەرچی شێتت کردم؟
  • کیژەکەی کافرۆش
  • سڵاو، سڵاو
  • من وەکوو بولبوول
  • نەجیبە
  • مناڵ نەبووم
  • لە هێلانەی دڵی من
  • دڵم ماتی
  • ئەمن باش دەزانم
  • ئاشوفتە حاڵم
  • بەڵێنم پێبدە
  • کەوملکە
  • ناز مەکە
  • سەرگەردان
  • تاسکە و تەنک
  • ڕاستەی خیابان
  • وای لە من
  • دەردت لە من ئایشێ
  • یەزن یەزن
  • مەنێ مەنێ
  • من دەڵێم
  • نارین
  • بگەڕێوە
  • ئەمن دەمگوت

 


سەرچاوەکان



1384 بینین