محەمەد ئەوراز

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-04-01-23:15:00 - کۆدی بابەت: 8107
محەمەد ئەوراز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

محەمەد ئەوراز (بە ئینگلیزی: Mohammad Oraz)، یەکێکە لە بەناوبانگترین شاخەوانانی کورد کە لە تەمەنی لاوییەوە دەستی بە وەرزشی شاخەوانی کردووە، لە ١٥ی ئەیلوولی ١٩٦٩ لەناو بنەماڵەیەکی کورد لە شاری نەغەدە لەدایکبووە، ئەوراز منداڵی حەوتەمی بنەماڵەکەیان بووە، پێنج خوشک و دوو برای ھەیە، لەکاتی لەدایکبوونی محەمەد حاجی ئەحمەدی باوکی لەناو بەندینخانەی فەلەک ئەفلاک بووە و پاشان بۆ شارستانیی کاشمەر دوور خراوەتەوە، ھەر بۆیە سەرەتای ژیانی محەمەد لەم شارە بووە و پاش سێ ساڵان گەڕاونەتەوە بۆ نەغەدە، ئەوراز ھەر لە منداڵییەوە حەزی بە شاخەوانی کردووە و لەناو کێو و چیاکانی نەغەدە دەستی بە ئەم وەرزشە کردووە، دوای بوون بە ئەندامی دەستەی شاخەوانی نەتەوەیی ئێران، سەردانی ژمارەیەکی زۆر لە چیا ھەرە بەرزەکانی جیھانی کردووە لەوانەش چیای ئێڤێرێست، محەمەد ئەوراز ژمارەیەک چیای بەرزی جیھانی بێ کەپسوولی ئۆکسجین بەزاندووە و یەکەم شاخەوان بووە لەناو وڵاتانی ئیسلامی کە چووبێتە لوتکەی چیای ئێڤێرێست.

ژیانی شاخەوانی

محەمەد ئەوزار لە ساڵی ١٩٨٨ لە شاری نەغەدە گرووپی شاخەوانی قەندیلی دامەزراندووە، پاشان لەناو گرووپی شاخەوانی سامرەندی نەغەدە درێژەی بە چالاکییە سەرەتایییەکانی خۆی داوە، ھەروەھا محەمەد بە ھاوکاری ژمارەیەک لە شاخەوانەکانی شارەکە وەک دەستپێکی پیشەیی فەرمی خۆی ناوەندی شاخەوانانی نەغەدەی دامەزراندووە.

خوێندن و بڕوانامەکان

  • خوێندنی ناوەندی لە قوتابخانەی سەید قوتب و شەھید محەمەد ڕەئوف و قازی محەمەد تەواوکردووە.
  • وەرگرتنی دیبلۆم لە ئابووری کۆمەڵایەتی (١٩٨٧)
  • بەدەستھێنانی پلەی یەکەمی شاخەوانی لە ئاستی جیھانیدا (١٩٩٩)
  • وەرگرتنی بڕوانامەی ڕاھێنانی پلە یەک (١٩٩٩)
  • وەرگرتنی دوو دیپلۆما لە وڵاتی فەڕەنسا (١٩٩٩)
  • وەرگرتنی ماستەر لە ڕاھێنانی لەش لە زانکۆی زانستە مرۆڤییەکانی زانستگای ورمێ ( ٢٠٠٠)
  • وەرگرتنی بڕوانامەی خولی ڕاھێنانی پلە دووی سەھۆڵ و بەفر (٢٠٠٠)

مردن

محەمەد لە کاتی بەزاندنی کێوی گاشێربروومی لە وڵاتی پاکستان کەوتە ژێر ڕەھێڵەی ڕنووی بەفر و دوای چەندین ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەکانی پاکستان، لە ڕێکەوتی ٦ی ئەیلوولی ٢٠٠٣ کۆچی دوایی کرد، تەرمەکەی گوازرایەوە بۆ نەغەدە و لە مەراسمێکی تایبەتدا سپاردەی خاکی نیشتمان کرا.

بڕوانامە و سەرکەوتنەکان

محەمەد ئەوراز بە سەرکەوتوویی توانیویەتی بچێتە سەر لووتکەی ئەم چیا بەرزانەی جیھان:

  • ١٩٩٨، چیای ڕاکاپووشی لە وڵاتی پاکستان
  • ١٩٩٨، چیای ئێڤرێست لە وڵاتی نیپاڵ
  • ٢٠٠٠، چیای چۆ ئۆیۆلە وڵاتی نیپاڵ
  • ٢٠٠٠، چیای شیشاپانگما لە وڵاتی چین بێ کەپسوولی ئۆکسجین
  • ٢٠٠١، چیای ماکالو لە وڵاتی نیپاڵ بێ کەپسوولی ئۆکسجین
  • ٢٠٠١، چیای ئارارات لە وڵاتی تورکیا
  • ٢٠٠٢، چیای لۆتسە لە وڵاتی نیپاڵ بێ کەپسوولی ئۆکسجین
  • ٢٠٠٣، چیای گاشەربرووم لە وڵاتی پاکستان


سەرچاوەکان



211 بینین