نەخۆشی گرەیڤز

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-04-09-03:19:00 - کۆدی بابەت: 8182
نەخۆشی گرەیڤز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نەخۆشی گرەیڤز (بە ئینگلیزی: Grave's disease) نەخۆشییەکی خۆییە بەرگرییە کە دەبێتە هۆی زیاد لە پێویست چالاککردنی ڕژێنی سایرۆید، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی هەن دەبنە هۆی ئەم حاڵەتە، نەخۆشی گرەیڤز باوترینیانە. سایرۆید ڕژێنێکی بچووکی شێوە پەپوولەییە لە بەشی پێشەوەی ملدایە. هۆڕمۆنەکانی سایرۆید جڵەوی بەکارهێنانی وزە دەکەن لەلایەن لەشەوە، بۆیە بە نزیکەیی کار دەکەنە سەر هەموو ئەندامەکانی لەش و تەنانەت لێدانی دڵیش.

لە نەخۆشی گرەیڤز سیستمی بەرگری هێرش دەکاتە سەر ڕژێنەکانی سایرۆید دەبێتە هۆی ئەوەی ڕژێنەکان هۆڕمۆنی سایرۆید زیاتر لەوەی لەش پێویستی پێیەتی، بەرهەم بهێنن. لە ئەنجامدا زۆرێک لە فرمانەکانی لەش خێراتر دەبن.

هۆکاری ڕوودانی نەخۆشی گرەیڤز

نەخۆشی گره‌یڤز بەهۆی خراپ کارکردنی سیستمی بەرگری دژی نەخۆشی لەشەوە پەیدا دەبێت، هۆکارەکەی نەزانراوە.

سیستمی بەرگری لە کاتی ئاساییدا دژەته‌ن دروست دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆس، بەکتریا یان هەر تەنێکی نامۆ کە دێتە لەشەوە، لە حاڵەتی نەخۆشی گره‌یڤزدا بەهۆی چەند هۆکارێکەوە کە تا ئێستا نەزانراوە، سیستمی بەرگری، دژەته‌ن بۆ بەشێکی ئەو خانانە دروست دەکات کە ڕژێنی دروستکەری هۆڕمۆنن لە ملدا واتە لە ڕژێنی سایرۆیددان.

لە کاتی ئاساییدا فرمانەکانی سایرۆید لەلایەن هۆڕمۆنی هاندەری سایرۆید (TSH) جڵەو دەکرێت کە ژێرمێشکەڕژێن دروستی دەکات، ئەم هۆڕمۆنە ئەو بڕەی هۆڕمۆنی سایرۆید دیاری دەکات کە بۆ لاشە پێویستە. لە کاتی ئەم نەخۆشییەدا سیستمی بەرگری دژەته‌ن دروست دەکات بە ناوی ئیمینیۆگڵۆبیوڵینی هاندەری سایرۆید (TSI) (ئیمینیۆگڵۆبیوڵین: جۆرێکە لە دژەته‌ن) کە دەنووسێت بە خانەکانی سایرۆدەوە و وەکو هۆڕمۆنی هاندەری سایرۆید (TSH) ڕەفتار دەکات، ئەم دژەته‌نه‌ دەبێتە هۆی ئەوەی ڕژێنی سایرۆید لە کاتی ئاسایی زیاتر چالاکتر بێت.

نیشانەکان

نیشانە باوەکان ئەمانە دەگرنەوە:

- دڵەڕاوکێ و بێزاری

- لەرزینی دەست و پەنجەکان

 -هەستیاربوون بە گەرما، ئارەقکردنەوەیەکی زۆر و شێداری پێست

- کەمبوونەوەی کێش سەرەڕای ئەوەی خواردنیشی ئاساییە

 -گەورەبوونی ڕژێنی سایرۆید

- گۆڕان لە سوڕی مانگانە لە خانماندا

- کەمبوونەوەی حەزی سێکسی

- تێکچوونی خەو

- هەستکردن بە ماندوویەتی

- سووربوونەوە و ئەستووربوونی پێست بە تایبەت لە ئێسکی لاق و نووکی پێیەکان

- خێرابوون و ناڕێکی لێدانی دڵ

- دەرپەڕین و زەقبوونەوەی چاوەکان، نزیکەی ٣٠٪ـی ئەو کەسانەی تووشبووی ئەم نەخۆشییەن ئەم نیشانەیەیان تێدایە، لەم حاڵەتەدا هەوکردن و ئەو ڕووداوانەی تری سیستمی بەرگری کاردەکەنە سەر ماسولکەکانی دەوری چاو و دەبنە هۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەک، لەوانە:

  • دەرپەڕین و ده‌رپۆقینی چاوەکان
  • کەسەکە هەمیشە وا هەست دەکات چاوی زبرە یان شتێکی تێدایە
  • پەستان و ئازار لە چاوەکاندا هەستی پێ دەکرێت لەلایەن نەخۆشەکەوە
  • هەڵئاوسانی پێڵووی چاو
  • سووربوونەوەی چاوەکان
  • هەستیاری بە تیشکی خۆر
  • لەدەستدانی بینایی
  • خێلبوونی چاو

لە چی کاتێکدا بینینی پزیشک پێویستە؟

ژمارەیەک حاڵەتی تەندروستی هەیە دەبنە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە، سەردانی پزیشک بکە ئەگەر هەر نیشانەیەکت لێ دەرکەوت کە هاوشێوەی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بوو بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ورد نەخۆشییەکە دەستنیشان بکرێت.

ئەو کەسانەی کە ئەگەری ڕوودانی ئەم نەخۆشییەیان زۆرە

سەرەڕای ئەوەی هەموو کەسێک لەبەر مەترسی تووشبووندایە بەم نەخۆشییە بەڵام هەندێک هۆکار هەن مەترسی تووشبوون زیاتر دەکەن، لەوانە:

- مێژووی خێزانیی: جینێک یان چەند جینێک دەتوانن کەسێک بخەنە بەردەم مەترسی تووشبوون بەم نەخۆشییە، هەر بۆیە مێژووی تەندروستی خێزانیی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە تووشبوون بەم نەخۆشییە.

- ڕەگەز: ڕەگەزی مێ ئەگەری تووشبوونی بەم نەخۆشییە بە بەراورد بە ڕەگەزی نێر زیاترە.

- تەمەن: ئەم نەخۆشییە زیاتر لە پێش تەمەنی ٤٠ ساڵییەوە دەردەکەوێت.

- نەخۆشییە دژە خۆییەکانی تر: ئەو کەسانەی کە کێشە لە سیستمی بەرگریاندا هەیە وەکو تووشبووانی شەکرەی جۆری یه‌ك و هەڵئاوسانی جومگەی ڕۆماتیزمی لەبەردەم مەترسی تووشبوون بەم نەخۆشییەدان.

- فشاری جه‌سته‌یی و دەروونی: فشار، ڕاڕایی و نەخۆشی هۆکارێکی ترن بۆ تووشبوون بە تایبەت لەو کەسانەی لە ڕووی بۆماوەییەوە مەترسی تووشبوونیان لەسەرە.

- دووگیانی: ئەو کەسانەی دووگیانن یان تازە منداڵیان بووە ئەگەری تووشبوونیان بەم نەخۆشییە زۆرە بەتایبەت ئەگەر لە ڕووی بۆماوەییەوە هەڵگری جینەکە بن.

- جگەرەکێشان: جگەرەکێشان کاردەکاتە سەر سیستمی بەرگری، مەترسی تووشبوون بەم نەخۆشییە زیاد دەکات. هەروەها ئەو کەسانەی ئەم نەخۆشییەیان هەیە و جگەرەکێشن مەترسی تووشبوونیان هەیە بەم نەخۆشییه.

کێشە تەندروستیەکان

- کێشە لە کاتی دووگیانیدا: تووشبوون بەم نەخۆشییە لە کاتی دووگیانیدا دەکرێت ببێتە هۆی لەبارچوونی کۆرپەلە، لەدایکبوونی پێشوەختە، تێکچوونی کاری هۆڕمۆنی سایرۆید لە کۆرپەلە، گەشەی ناتەواو، کێشەی دڵ و بەرزی پەستانی خوێن لە کۆرپەلەدا.

- نەخۆشییەکانی دڵ: ئەگەر ئەم نەخۆشییە لە کاتی خۆیدا چارەسەر نەکرا، دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە لێدانی دڵ، پاڵپێوەنانی خوێن و سەرئەنجام دەبێتە هۆی وەستانی دڵ.

- حاڵەتێکی تری دەگمەن هەیە کە تێیدا زیاد لە پێویست کارکردنی ڕژێنی سایرۆید بە خێرایی زیاد دەکات، ئەم زیاد بوونە لە ناکاوە دەبێتە هۆی پەیدابوونی تا، ڕشانەوە، سکچوون، وڕێنە کردن، فێ، زەردوویی، نزمبوونەوەی پەستانی خوێن تا کەسەکە دەچێتە حاڵەتی کۆماوە.

- فشەڵ بوونی ئێسک: ئه‌گەر زیاد لە پێویست کارکردنی ڕژێنی سایرۆید چارەسەر نەکرا و پشت گوێ خرا، ئه‌وا دەکرێت ببێتە هۆی فشەڵ بوونی ئێسکەکان. توانای ئێسکەکان پشت دەبەستن بەو کالسیۆم و کانزایانەی تر کە لە نێویدان، کە هۆڕمۆنی سایرۆید لە لەشدا زۆر بوو کار دەکاتە سەر ڕێژەی کالسیۆم لە ئێسکدا.


سەرچاوەکان



1796 بینین