ئارگۆن

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-25-21:20:00 - کۆدی بابەت: 8387
ئارگۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئارگۆن (بە ئینگلیزی: Argon) توخمێکی کیمیاییە کە هێماکەی بریتییە لە Ar، گەردیلە ژمارەکەی بریتییە لە ١٨. دەکەوێتە کۆمەڵەی ١٨ خشتەی خولییەوە کە توخمەکانی ئەم کۆمەڵەیە پێیان دەوترێت گازە خانەدانەکان، ئارگۆن سێیەم باوترین گازە لە بەرگەهەوای زەویدا.

مێژوو

دەستەواژەی ئارگۆن لە دەستەواژەیەکی یۆنانییەوە هاتووە، بە واتای (تەبمەڵ) یان (ناچالاک) دێت کە بەهۆی ئەوەی ئارگۆن کیمیاییانە ناچالاکە ئەو ناوەی لێنراوە. گازێکی ناچالاک لە ساڵی ١٧٨٥ لەلایەن (هێنری کانڤێدیش) دۆزرایەوە و پێشبینی کرا کە پێکهاتەیەکی هەوا بێت.
ئارگۆن بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٩٤ لەلایەن (لۆرد ڕایلی) و (ویلیام ڕامزی) لە زانکۆی لەندەن لە هەوا جیاکرایەوە، ئەم جیاکردنەوەیەش لە ئەنجامی لابردنی ئۆکسجین و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئاو و نایترۆجین لە نموونەیەکی هەوای خاوێن بەدەست هات.

تایبەتمەندی

خشتەی خولی

گەردیلە ژمارە ١٨
کۆمەڵە کۆمەڵەی ١٨ (گازە خانەدانەکان)
خول خولی سێیەم
ڕیزبوونی ئەلیکترۆنی [Ne] 3s2 3p6
خشتۆک p-block

فیزیایی

دۆخ (لە پلەی گەرمی و پەستانی ئاساییدا) گاز
پلەی شلبوونەوە −189.34 پلەی سیلیزی
پلەی کوڵان −185.848 پلەی سیلیزی
چڕی 1.784 g/L
پلەی سیانی 83.8058 K

ئارگۆن بە نزیکەیی توانای توانەوەی لە ئاودا وەک ئۆکسجینە، بەڵام توانای توانەوەی لە ئاودا ٢٫٥ جار لە نایترۆجین زیاترە. لە هەر سێ دۆخی ڕەقی و شلی و گازییەکەیدا بێ‌ڕەنگ و بێ‌بۆنە و گڕگرتوو و ژەهراوی نییە.

کیمیایی

ئارگۆن کیمیاییانا لە زۆربەی دۆخەکاندا ناچالاکە و هیچ ئاوێتەیەکی جێگیر دروست ناکات لە پلەی گەرمی ژووردا، لەگەڵ ئەوەشدا کە گازێکی خانەدانە دەتوانێت هەندێک ئاوێتەی جێگیر لە دۆخی جیاوازدا دروست بکات. بۆ نموونە فلۆلۆهایدرایدی ئارگۆن (HArF) ئاوێتەیەکی ئارگۆنە لەگەڵ فلۆر و هایدرۆجین پێکهاتووە، ئەم ئاوێتەیە لە خوار -٢٥٦٫١ پلەی سیلیزییەوە جێگیرە. هەروەها ئارگۆن دەتوانێت چەند ئاوێتەی تری وەک HArF ،ArH+ و ArF دروست بکات، خەمڵاندنە بیردۆزییەکان چەندین ئاوێتەی تری ئارگۆنیان دیاری کردووە کە دەکرێت جێگیر بن، بەڵام تاکوو ئێستا بە شێوەیەکی کرداری نەدۆزراونەتەوە.

بەرهەمهێنان

ئارگۆن بەشێوەیەکی پیشەسازی بە ڕێگای دڵۆپاندنی بەش‌بەشی هەوای شلکراوە لە بەشی جیاکردنەوەی هەوای سەرماسازدا جیادەکرێتەوە، هەموو ساڵێک نزیکەی ٧٠٠٠٠٠ تەن لە ئارگۆن بەرهەم دەهێنرێت لە هەموو جیهاندا.

بەکارهێنان

  1. کاتێک کە بەرهەمهێنانێک پێویستی بە بەرگەهەوای ناچالاک بێت، ئارگۆن بەکاردێت. بۆ ئەم مەبەستە لە بەرهەمهێنانی تیتانیۆم و توخمە چالاکەکانی تردا بەکاردێت. هەروەها لە جۆشکارەکاندا بۆ پاراستنی ناوچەی لکاندن بەکاردێت.
  2. لە تاڵی ڕووناککەرەوەی گڵۆپدا بۆ ڕێگریکردن لە دروستکردنی ژەنگ لەلایەن ئۆکسجینەوە بەکاردێت.
  3. ئارگۆن لە لوولەی ڕووناکی فلۆرۆسێنت و گڵۆپی کەم وزەدا (گڵۆپی شیری) بەکاردێت، گڵۆپی کەم وزە زۆرجار گازی ئارگۆن و جیوەی تێدایە.
  4. لە شووشەی دوو چینی پەنجەرەدا گازی ئارگۆن بەکاردێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان چینەکان، تایەی ئۆتۆمبیلە گرانبەهاکان گازی ئارگۆنی تێدایە بۆ پاراستنی لاستیکەکەی و کەمکردنەوەی دەنگەکەی.


سەرچاوەکان



894 بینین