هۆکارەکانی زۆر قسەکردنی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-05-14-01:16:00 - کۆدی بابەت: 8640
هۆکارەکانی زۆر قسەکردنی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆر قسەکردنی منداڵ لە تەمەنێکی بچووکدا ئاساییە، زۆرێک لە دایکان و باوکان تاقەتی قسەکردنیان لەگەڵ منداڵدا نییە بەهۆی سەرقاڵی کارەکانیانەوە، کاتێک منداڵ زۆر قسە دەکات، بە بێزارییەوە سەرزەنشتی دەکەین، زۆر هۆکاری ئەرێنی و نەرێنی دەبنە هۆی زۆر قسەکردنی منداڵ، کە ئاشنابوون پێیان گرنگە.

هۆکارەکانی زۆر قسەکردنی منداڵ

ئارەزووی زانینی هەموو شتێک

منداڵان لە بنەڕەتدا حەزی زانینیان زۆرە و ئەمەش ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە چۆنییەتی گەشەکردن و دروست بوونی کەسایەتییان، یەکێک لە هۆکارەکانی زۆر قسەکردنی منداڵ ئارەزووی زانینە بۆ هەموو شتێک، ئەە منداڵانەی زۆر قسە دەکەن بەدوای شتی نوێدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی فێری ببن، زۆر قسە دەکەن و پرسیار دەکەن، بۆیە وەڵامێکی باشیان پێ بدەنەوە، چونکە ئەگەر ئارەزووی زانین بە دروستی ڕێنمایی بکرێت، ژیانی منداڵەکە بەگشتی دەگۆڕێت.

زیرەکی و بەهرە

ئەو منداڵانەی کە زۆر قسە دەکەن، دەکرێت زیرەکییەکی زۆریان هەبێت، چونکە یەکێک لە نیشانەکانی هەڵسەنگاندنی منداڵە زیرەکەکان توانای قسەکردن و خێراتربوونی قسەکردنە.

ئارەزووی کارلێککردن

یەکێک لە هۆکارەکان ئارەزووی دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ کەسانی تر، گرنگترین پەیوەندی کۆمەڵایەتی منداڵ پەیوەندییەکەیەتی لەگەڵ هاوڕێکانی، ئەو منداڵانەی زۆر قسە دەکەن خێراتر هاوڕێ پەیدا دەکەن و زووتر پەیوەندی هاوڕێیەتی دروست دەکەن.

ڕاکێشانی سەرنجی دایک و باوک

یەکێک لە هۆکارەکان ڕاکێشانی سەرنجی دایک و باوکە منداڵان بە هۆکاری جۆراوجۆر سەرنج ڕادەکێشن، کەمی متمانە بەخۆبوون و پێویستی گرنگیپێدان، پشتگوێخستن لە گرنگترین هۆکارەکانن، کاتێک دایکێک بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ کەسێک دەکات یان لە ناو کۆمەڵێکدا قسە دەکەن لەم کاتەدا منداڵەکە قسەی لەگەڵ دەکات و چەندین جار پرسیار دەکات، ئەوا دەیەوێت گرنگی پێ بدرێت.

ئیرەیی بە منداڵی دووەم

دوای لەدایکبوونی منداڵی دووەم لە دەسەڵات و هێزی منداڵی گەورەکەی خێزانەکە کەم دەبێتەوە، ئەو ناچار دەبێت کێبڕکێ لەگەڵ ئەندامە نوێیەکەی خێزانەکە بکات بۆ ئەوەی سەرنجی دایک و باوکی ڕابکێشێت، بەزۆری منداڵانی سەروو تەمەنی سێ ساڵ زۆر قسە دەکەن بۆ ئەوەی سەرنجی دایک و باوکیان ڕابکێشن دوای لەدایکبوونی منداڵی دووەم.

ترس لە تاریکی و تەنیایی

هەندێک لە منداڵان لە تاریکی و تەنیایی دەترسن بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی تایبەتیان هەبێت، هەندێک جار ترسی منداڵ دەبێتە هۆی قسەکردنێکی زۆر، ئەمە لە تەمەنێکی بچووکدا ڕوودەدات بۆ ئەو منداڵانەی کە دەترسن شەوانە لە ژوورێکدا بە تەنها بخەون، ئەم جۆرە منداڵانە داوا لە دایک و باوکیان دەکەن لەگەڵیان بمێننەوە بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵ بکەن.

لاساییکردنەوەی دایک و باوک

منداڵان لە دایک و باوکەوە فێر دەبن و چی ڕەفتاری ئەرێنی و نەرێنی بێت هەڵیدەگرنەوە، هەندێک جار زۆر قسەکردنی منداڵ بەهۆی کاریگەریی دایک و باوکەوەیە، ئەو دایک و باوکانەی کە زۆر قسە دەکەن بەزۆری منداڵی زۆر بڵێیان هەیە، لەم جۆرە حاڵەتانەدا، دایک و باوک دەبێت ڕەفتارەکانیان ڕاست بکەنەوە بۆ ئەوەی جیاوازی لە ڕەفتاری منداڵەکەدا دروست بکەن.

بیرکردنەوە بە دەنگی بەرز

هەندێک لە منداڵان لە تەمەنێکی بچووکدا لەگەڵ خۆیان قسە دەکەن و بە دەنگی بەرز بیردەکەنەوە، هەر شتێک دێت بە مێشکیاندا دەیڵێن، ئەم ڕەفتارە بەشێکە لە پرۆسەی گەشەکردنیان و یارمەتییان دەدات لە چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆنتڕۆلکردن.

کەمی خۆشەویستی

منداڵان پێویستیان بە خۆشەویستی و سۆز هەیە بۆ گەشەکردنی باشتر، کەمی خۆشەویستی لە منداڵاندا بەزۆری لە هەندێک هۆکارەوە دێت وەکوو جێهێشتنی منداڵ، ئازاردانی و کێشەی ئاڵۆزی خێزان، زۆر قسەکردن یەکێک لە نیشانەکانی کەمی خۆشەویستییە، کە ئەم منداڵانە هەوڵدەدەن بە قسەکردنێکی زۆر سەرنجی دایک و باوک ڕابکێشن.

نەخۆشییە دەروونییەکان

هەندێک جۆری زۆر قسەکردن ئاماژەیە بۆ نەخۆشی دەروونی، هەندێک جار زۆر قسەکردنی منداڵان لەبەر دڵەڕاوکێ و شڵەژانەوەیە، قسە بەکاردەهێنن بۆ خاڵیکردنەوەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکانیان.

بۆچی منداڵێک کە زۆر قسە دەکات لە پێشترە لە منداڵەکانی تر؟

دایک و باوکی بەڕێز، هەمیشە نابێت نیگەران بیت لە زۆر قسەکردنی منداڵەکەت، ئەم منداڵانە ئەم سیفەتە ئەرێنییانەیان هەیە:

- بەشداری زیاتر لە لێهاتووییە کۆمەڵایەتییان دەکەن
- متمانەی باشیان دەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییان بە کەسانی ترەوە هەبێت.
- ژیانێکی سەرنجڕاکێشیان هەیە و لە داهاتوودا سەرکەوتنی زیاتر بەدەست دەهێنن.
- لە کاتی خوێندنیاندا لە کەسانی دیکە باشتر کاردەکەن.
- توانای زارەکی باشتریان هەیە.
- باشتر و خێراتر لە چەمکەکان تێدەگەن.
- ئارەزووی زانینیان هەیە و بەدوای وەڵامی پرسیارەکانیاندا دەگەڕێن.
- وزەیەکی زۆریان هەیە و شتی زیاتریان هەیە بۆ وتن.
- لە داهاتوودا دایک و باوکێکی باشتر دەبن.
- هەستەکانیان باشتر دەردەبڕن و بۆچوونەکانیان لەسەر بابەتی جۆراوجۆر دەردەبڕن.

چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە منداڵانەدا

- بەرگەگرتنی زیاترت هەبێت و توڕە نەبیت لە ڕەفتارەکانیان.
- گوێ لە قسەکانی منداڵەکە بگرە و زیاتر گرنگی پێ بدە.
- پلانێکی دیاریکراو دابنێ بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکەیت و لەم کاتانەدا تەنها گوێ لە منداڵەکەت بگرە و سەرقاڵی هیچی تر نەبیت.
- دوور بە لە سزادانی منداڵەکە.
- بەهێزکردنی ڕەفتارە ئەرێنییەکان لە منداڵەکەدا وەکوو لە کاتی خۆیدا قسەکردن، بە سەرە قسەکردن و هەڵسەنگاندنی قسەکان.
- باسی زیانەکانی زۆر قسەکردن بۆ منداڵەکە بکە و داوای لێ بکە ئاگاداری قسەکانی بێت.


سەرچاوەکان



1376 بینین