سەرئێشە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-15-21:28:00 - کۆدی بابەت: 8656
سەرئێشە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەرئێشە (بە ئینگلیزی: Headache) حاڵەتێکی تەندروستی زۆر باوە کە زۆربەی خەڵکی لەماوەی ژیانیاندا چەندین جار ئەزموونی دەکەن، نیشانەی سەرەکی سەرئێشە ئازارێکە لە سەر یان ڕووخساردا، دەکرێت ئەم ئازارە بەردەوام بێت یان کورتخایەن یان وەک لێدانێک یان کەم کەم و بچڕ بچڕ بێت. سەرئێشە دەتوانرێت بە بەکارهێنانی دەرمان یان ڕێکخستنی پەستانی دەروونی چارەسەر بکرێت.

جۆرەکان

زیاتر لە ١٥٠ جۆری سەرئێشە بوونی هەیە، کە دەکرێن بە دوو پۆلەوە و پێیان دەوترێت سەرئێشەی سەرەتایی و دووەمی. 

سەرئێشەی سەرەتایی

سەرئێشەی سەرەتایی ئەو جۆرە سەرئێشەیە کە هۆکارەکەی حاڵەتێکی پزیشکی و بەکارهێنانی دەرمان نییە، ئەم جۆرە سەرئێشانەی خوارەوە نموونەی سەرئێشەی سەرەتایین:

  • لاسەرئێشە (شەقیقە) - Migraine
  • کۆسەرئێشە - Cluster headaches: بریتییە ئازاری لایەکی سەر و دەوری چاوی ئەو لایە.
  • NDPH جۆرێکی سەرئێشەیە کە ڕۆژانە لەناکاو تووشی کەسەکان دەبێت و بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت.
  • سەرئێشەی ئاڵۆز - Tension headaches

سەرئێشەی دووەمی

سەرئێشەی دووەمی بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکی ترەوە تووشی کەسەکان دەبێت، وەک:

بۆماوەیی

دەکرێت سەرئێشە لە باوانەوە بۆ وەچە بمێنێتەوە، بەتایبەت لاسەرئێشە (شەقیقە). زۆربەی ئەو کەسانەی تووشبووی لاسەرئێشەن ئاساییانە یەکێک لە باوانیان تووشبوو بوون. لە ڕاستیدا ئەو منداڵانەی کە باوانیان تووشبووی لاسەرئێشەن چوار هێندەی کەسانی تر ئەگەری توشبوونیان زیاترە. 
سەرئێشە دەکرێت بەهۆی ژینگەی ماڵەوەش تووشی کەسەکان ببێت، وەک:

هۆکاری جەستەیی سەرئێشە

ئازاری سەرئێشە لە ئەنجامی شەپۆلی پەرچەکردارەوە بە درێژایی مێشک و خوێنبەرەکان و دەوروبەری دەمارەکان دروست دەبێت. بە درێژایی سەرئێشە میکانیزمێکی نەناسراو ئەو دەمارە تایبەتانەی کە کار دەکەنە سەر ماسولکە و خوێنبەرەکان چالاک دەکات، ئەم دەمارانەش شەپۆلی ئازار دەنێرن بۆ مێشک.

هۆکاری جەستەیی لاسەرئێشە

تاکوو ئێستا هۆکار و چۆنییەتی ڕوودانی لاسەرئێشە نەزانراوە، بەڵام توێژەران پێیان وایە کە لاسەرئێشە لە ئەنجامی کارلێکی لەڕادەبەدەری دەمارە خانە ناجێگیرەکانەوە بۆ هاندەری جیاواز ڕوودەدات. دەمارە خانەکان شەپۆلی کارەبایی دەنێرن بۆ دەمارەکانی خوێن و دەبنەهۆی ڕوودانی گۆڕانکاری کیمیایی لە مێشکدا، لە ئەنجامدا ئازارەکە ڕەت دەکرێتەوە.

هۆکاری دەرەکیی سەرئێشە و لاسەرئێشە

هاندەرە باوەکانی سەرئێشە و لاسەرئێشە بریتیین لە:

سەرئێشە لە منداڵاندا

زۆربەی منداڵان کاتێک دەچنە قۆناغی خوێندنی دواناوەندی تووشی سەرئێشە دەبن. نزیکەی ٢٠٪ ئەو منداڵانە بەهۆی لاسەرئێشە و سەرئێشەی ئاڵۆزەوە ئازاری سەریان دەبێت، هەروەک پێگەیشتووان هاندەرەکانی سەرئێشە لە منداڵاندا بریتیین لە:

  • هەندێک جۆری خواردن دەبنە هۆی تووشبوونی هەندێک کەس بە سەرئێشە
  • گۆڕانی ڕیتمی خەو
  • هۆکاری ژینگەیی
  • پەستانی دەروونی

باوترین جۆرەکان و چارەسەر

سەرئێشەی ئاڵۆز

باوترین جۆری سەرئێشەیە لەناو کەسانی پێگەیشتوو و تازە پێگەیشتوودا، دەکرێت ئازارێکی کەم یان مامناوەند یان توند بێت، بەردەوام نییە و دێت و دەڕوات. هەروەها بەشێوەیەکی ئاسایی نیشانەی تری لەگەڵدا نییە.

چارەسەر

زۆربەی ئەو سەرئێشانەی بە سەرئێشەی ئاڵۆز دادەنرێن چارەسەریان ئاسانە و بە بەکارهێنانی دەرمانێک کە پێویستی بە ڕەچەتەی پزیشک نییە چارەسەر دەکرێن، نموونەی ئەم دەرمانانەش بریتتین لە: 

لاسەرئێشە

لاسەرئێشە (شەقیقە) زۆرجار وەک ئازارێکی توند و وەک پێداکێشان بەسەردا وەسفی دەکەن، دەکرێت بۆ ماوەی چوار کاتژمێر تاکوو سێ ڕۆژ بخایەنێت، ئاساییانە لە مانگێکدا جارێک بۆ چوار جار تووشی کەسانی تووشبوو دەبێت. لەگەڵ ئەم ئازارەدا نیشانەکانی تری وەک هەستیاری بە ڕووناکی و دەنگەدەنگ و بۆن، دڵتێکچوون و ڕشانەوە، نەمانی حەزی خواردن، هەروەها ئازاری گەدە یان سک. کاتێک منداڵێک تووشبووی لاسەرئێشەیە ڕەنگی زەرد دەبێت، هەست بە تەمبەڵی دەکات، توانای بینینی کەم دەبێتەوە، تووشی تا دەبێت و گەدەی ئازاری دەبێت. ژمارەیەکی کەمیش لەو منداڵانەی تووشی لەسەرئێشە بوون نیشانەی وەک ڕشانەوەیان هەیە و مانگی جارێک تووشی دەبن.

چارەسەر

چارەسەری لاسەرئێشە بە کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لە ئەو هاندەرانە دەبێت کە کەسی تووشبوو هەست بکات ئەم هاندەرانە ئازاراکەی زیاتر دەکەن. ئەگەر تۆ تووشبووی لاسەرئێشەیت و دەزانیت چی هاندەرێک ئازارەکەت زیاتر دەکات، دووربە لێی و فێربە کە چۆن خۆتی لێ بپارێزیت، چارەسەرەکانیش بریتیین لە:

  • لە ژوورێکی تاریکی بێدەنگدا پشوو بدە
  • پەستێنەری سارد یان گەرم بخەرە سەر سەر و ملت
  • شێلان بۆ سەرت بکە و خواردنەوەی کافایین کەم بکەرەوە
  • دەرمانی وەک ئیبوپرۆفین و پاراسیتامۆڵ و ئەسپرین تاقی بکەرەوە
  • ئەو دەرمانەی کە پێویستیان بە ڕەچەتەی پزیشکە وەک: (sumatriptan و Zomig) بە پێشنیاری پزیشک تاقی بکەرەوە

کۆسەرئێشە

ئەم جۆرەی سەرئێشە توندترە، دەکرێت هەست بە ئازارێکی قووڵی سووتان یان کونکرد بکەیت لە پشتی یان لە دەوری یەک چاوتەوە. دەکرێت ئازارەکە ماوەماوە بێت یان بەشێوەیەکی بەردەوام بێت، ئەم ئازارە دەکرێت ئەوەندە خراپ بێت کە زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی دەبن تەنانەت ناتوانن دابنیشن. لەو لایەی کە ئازارەکەی هەیە پێڵووی چاو دادەبەزێت، چاو سوور دەبێتەوە، بیلبیلە بچووکتر دەبێتەوە یان فرمێسک بە چاودا دێتە خوارەوە، هەروەها کونە لووتی ئەو لایەی ئازاری هەیە ئاو دەکات.

بۆیە پێی دەوترێت کۆسەرئێشە لەبەر ئەوەی بەشێوەی کۆمەڵ تووشی کەسەکە دەبێت، دەکرێت ئەم کۆمەڵە سەرئێشەیە ڕۆژانە جارێک تاکوو سێ جار لەماوەی کۆسەرئێشەدا تووشی کەسەکە ببێت، ماوەی کۆسەرئێسە دەکرێت ٢ هەفتە تاکوو ٣ مانگ بخایەنێت. هەر سەرئێشەیەکی کۆسەرئێشە ماوەی ١٥ خولەک تاکوو ٣ کاتژمێر دەخایەنێت. دەکرێت کۆسەرئێشە لە کاتی خەودا تووشت ببێت و خەبەرت بکاتەوە، دواتر دەکرێت بۆ ماوەی چەند مانگ یان چەند ساڵێک بەتەواوی دووربیت لە ئەم سەرئێشەیە، بەڵام دواتر تووشی دەبیتەوە.

چارەسەر

چارەسەرێکی تەواو دیاریکراو بوونی نییە بۆ کۆسەرئێشە، بەڵکوو دەتوانرێت ڕێگری لە هۆکارەکانی بکرێت و بە بەکارهێنانی ئازارشکێن ماوەی سەرئێشەکە کورت و توندییەکەی کەم بکرێتەوە، چونکە ئازاری کۆسەرئێشە لەناکاو و بەخێرایی دێت و دەکرێت ماوەکەشی کورت بێت.

سەرئێشەی سینۆس

کاتێک تووشی ئەم جۆرە سەرئێشەیە دەبیت، هەست بە ئازارێکی قووڵ لە سەرکوڵم و پێشەوەی سەر و پردی لووتت دەکەیت، هۆکاری تووشبوون بە ئەم جۆرە سەرئێشەیە هەوکردنی ئەو کەلێنەی پێشەوەی سەرە کە پێی دەوترێت سینۆس (بە ئینگلیزی: sinuses).

چارەسەر

بۆ چارەسەر کردنی سەرئێشەی سینۆس دەبێت سەرەتا ئەو نەخۆشییە چارەسەر بکەیت کە بووەتە هۆی تووشبوونت بەم ئازارە، بەڵام دەتوانێت بەم چەند ڕێگایەی خوارەوە ئازارەکەی کەم بکەتەوە:

  • پەستێنەرێکی فێنک بخەرە سەر شوێنی ئازارەکان
  • دەرمانی لووت بەردەر (بە ئینگلیزی: decongestant) بەکاربهێنە بۆ ڕێگریکردن لە گیرانی لووت و هەڵئاوسانی لووتت
  • دەتوانیت پرژێنەری لووت‌بەردەر بەکاربهێنیت بۆ کەم کردنەوە چڵم
  • هەوڵ بدە ئاو بکوڵێنیت و هەڵمەکەی هەڵبمژیت، چونکە ئەم هەڵمە یارمەتیدەرە بۆ کەم کردنەوەی گیرانی لووت و قوورسی هەناسەدانت

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت

ئەگەر خۆت یان منداڵەکەت هەریەک لەم نیشانانەی خوارەوەی هەبوو، ئەوا هەوڵبدە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت:

  • ئەو سەرئێشەیەی لەگەڵ نیشانەیەکی دەمارە کۆئەندامیی وەک ئەمانەی خوارەوەدا بێت:

- لاوازی

- تەمبەڵی

- لەدەستدانی لەناکاوی هاوسەنگی لەش یان کەوتن

- تاسان یان لەرزین

- لە هۆش خۆچوون

- قوورسی قسەکردن

- تێکچوونی باری دەروونی

- گۆڕانی کەسایەتی، ڕەوشتی نەگونجاو یان گۆڕانی توانای بینین

  • سەرئێشەیەکی نوێ و توند و لەناکاو.
  • سەرئێشە لەگەڵ تا، کورتی هەناسەدان، ئازاری مل یان سووربوونەوە و خوورانی پێست
  • ئازاری سەر وات لێبکات شەوانە خەبەرت ببێتەوە
  • بوونی دڵتێکچوون و ڕشانەوەی توند لەگەڵ سەرئێشە
  • ئەو سەرئێشەیەی کە لەدوای برینی سەر یان تووشبوون بە ڕووداوێک ڕوودەدات
  • تووشبوونی بە جۆرێکی نوێی سەرئێشە لەدوای تەمەنی ٥٥ ساڵی.


سەرچاوەکان



1523 بینین