فرەکیسیی هێلکەدان

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2022-05-24-15:33:00 - کۆدی بابەت: 8771
فرەکیسیی هێلکەدان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخۆشیی فرەکیسیی هێلکەدان (بە ئینگلیزی: Polycystic Ovarian Syndrome، بە عەرەبی: مُتَلاَزِمَة المَبيضِ المُتَعَدِّدِ الكيسات) تێکچوونێکی هۆرمۆنیی باوە لە نێو خانمانی پێگەیشتوودا، کە دەبێتە هۆی درێژبوونەوە و ناڕێکیی سوڕی مانگانە، یاخود بەرزبوونەوەی هۆرمۆنی نێرینەی ئەندرۆجین لە ئافرەتەکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا دەشێت مووی زیادە لەسەر ڕووخسار و جەستەیان دەربکەوێت، لە حاڵەتە تووندەکانیشدا ببێتە هۆی نەزۆکی، بەهەمان شێوە هێلکەدان دەرپەڕیوی پڕ لە شلەی شێوە چیکڵدانەی لەسەر دروست دەبێت و توانای دەرپەڕاندنی هێلکە لە دەست دەدات.
تاوەکوو ئێستا بەتەواوی هۆکاری نەخۆشییەکە نەزانراوە، بەڵام دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکە و وەرگرتنی دەرمان، هاوکات لەگەڵ دابەزاندنی کێش یارمەتیدەر دەبن لە کەمکردنەوەی لێکەوتە درێژخایەنەکانی پەیوەست بە نەخۆشییەکە وەکوو، نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەی جۆری دوو.

نیشانەکان

نیشانەکانی فرەکیسیی هێلکەدان لە کاتی یەکەم کەوتنە سەر خوێن دەردەکەوێت، هەندێک جار نیشانەکان دەرکەوتنیان دوا دەکەوێت ئەمەش وەکوو وەڵامدانەوەیەکە بۆ زیادبوونی کێشی لەش کە وا لەم نیشانانە دەکات توندتر دەربکەون، بۆ دەستنیشانکردن یاخود دیاریکرنی نەخۆشییەکە بە لایەنی کەمەوە پێویستە دوو لەم نیشانانە دەربکەون:
- ناڕێکیی سوڕی مانگانە: ناڕێکی و درێژبوونەوەی سوڕەکە باوترین نیشانەی نەخۆشییەکەیە، بۆ نموونە خاتوونێک کەمتر لە 9 جار دەکەوێتە سوڕەکەوە و هەر جارێکیش 35 ڕۆژ زیاتر دەخایەنێت و بڕە خوێنێکی زۆری بە نائاسایی لێ دەڕوات.
- دەردانی بڕێکی زۆر لە ئەندرۆجین (هۆرمۆنی نێرینە): ئەو کاتەی هۆرمۆنی نێرینە زۆر دەبێت هەندێک نیشانەی وەکوو مووی زیادە لەسەر ڕوخسار و جەستە دەردەکەون، هەندێک جاریش زیپکە، لەگەڵ ئەمانەشدا قژ تەنک دەکاتەوەو هەڵدەوەرێت.
- فرەکیسیی هێلکەدان: هێلکەدان گەورە دەبێت و کیس (چیکڵدانە) ی لەسەر دەردەکەوێت کە دەوری هێلکەکە دەدەن، لە ئەنجامدا هێلکەدانەکان ناتوانن بە ڕێکی کاربکەن. 
- دەرکەوتنی گۆشتی زیادەی بچووک لە مل و بن هەگڵ.

چی کاتێک پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت؟

هەرکاتێک ناڕێکیی سوڕی مانگانە، نیشانەی بەرزیی ڕێژەی ئەندرۆجین، زیپکە، تەنکبوونەوەی قژ لە خانمەکەدا دەرکەوت پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.

هۆکارەکان

تاوەکوو ئێستا هۆکاری تەواوەتی نەخۆشییەکە نەزانراوە، بەڵام چەند هۆکارێک ئەگەری تووشبوون زیاتر دەکەن:

- بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەنسۆلین: ئەنسۆلین هۆرمۆنێکە فەرمان بە خانەکانی لەش دەکات کە گلوکۆز وەک سەرچاوەی یەکەمی وزە بەکاربهێنن، ئەگەر خانەکان دژ بەم فەرمانە کاریان کرد، ڕێژەی گلوکۆز لە خوێندا بەرزدەبێتەوە و لەش وەکوو قەرەبوویەک بۆ ئەو ڕێژە بەرزەی شەکر بڕێکی زۆر لە ئەنسۆلین بەرهەمدێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەرزیی ڕێژەی ئەنسۆلین دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەندرۆجین کە لە لەشدا وەک هۆرمۆنی نێرینە کاردەکات و کرداری هێلکەدانان قورس دەکات.
- هەوکردنی مامناوەند یاخود کەم: هەوکردن حاڵەتێکی سروشتیی لەشە کە تێیدا خڕۆکە سپییەکانی لەش زیاد دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووشبوونێکی میکرۆبی، چەند توێژینەوەیەک ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەو خانمانەی نەخۆشی فرەکیسیی هێلکەدانیان هەیە جۆرێکی تایبەت لە هەوکردن لە لەشیاندایە کە چیکڵدانەکانی دەوروبەری هێلکە هاندەدات تاکوو ئەندرۆجین دەربدەن، ئەمەش گرفت بۆ دڵ و لوولەکانی خوێن دروست دەکات.
- بۆماوە: هەندێک توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن جین و بۆماوەبابەتەکان دەشێت پەیوەست بن بە نەخۆشیی فرەکیسیی هێلکەدان.
- بەرزی ڕێژەی ئەندرۆجین: هێلکەدانەکان بڕێکی زۆر لە ئەندرۆجین بەرهەمدێنن، ئەوانیش هۆکاری مووی زیادە و زیپکەن.

نەخۆشییەکە چۆن دیاریدەکرێت؟

پزیشکی پسپۆڕ  مێژووی نیشانەکان دەپرسێت، هەروەها پشکنینی جەستەیی ئەنجامدەدات بەتایبەتی ناوچەی حەوز، کە ئەندامەکانی ناوەوە و دەرەوەی زاوزێ دەگرێتەوە. هەندێک لە نیشانەکانی نەخۆشی فرەکیسیی هێلکەدان وەک ئەو نیشانانەن کە بەهۆی کێشە تەندروستییەکانی ترەوە دروست دەبن، بۆیە وا پێویست دەکات ئەم پشکنینانەی خوارەوە ئەنجام بدرێت:
- سۆنەر: ئەم پشکنینە شەپۆلەکانی دەنگ و کۆمپیوتەر بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی وێنەی خوێنبەر، شانەکان و  ئەندامەکانی جەستە، هەروەها  بۆ پشکنینی قەبارەی هێلکەدانەکان  بەکاردێت، لە هەمان کاتدا سەرنج دەدرێت لە بوونی هەر کیسێک لە هێلکەداندا، هەروەها پشکنەر لە ئەستووری ناوپۆشی منداڵدان دەڕوانێت و دەیپشکنێت.
- پشکنینی خوێن: لەم پشکنینەدا سەرنج لە ئاستی ئەندرۆجین و هۆرمۆنەکانی تر، ئاستی گلوکۆزی خوێن، کۆلیسترۆڵ دەدرێت. 
- پشکنینی خەمۆکی.

چارەسەرەکان

چارەسەری نەخۆشییەکە گرنگی بەکەمکردنەوەی نیگەرانییە تاکەکەسیەکان دەدات، وەکوو نەزۆکی، مووی زیادە، زیپکە، قەڵەوی، پاشان چارەسەری تایبەت دەگونجێت گۆڕینی شێوازی ژیان یان دەرمان لەخۆبگرێت.

- گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا: پزیشکی پسپۆڕ پێشنیاری دابەزاندنی کێش دەکات لە ڕێگەی خواردنی بڕێکی کەم لە کالۆری لەگەڵ ئەنجامدانی چالاکیی وەرزشیی مامناوەند، دابەزاندنی ٪5ی کێشی جەستە  دەگونجێت بارودۆخەکە باشتر بکات، هاوکات کاریگەری ئەو دەرمانانە زیاد دەکات کە پزیشکەکە پێشنیاری دەکات بۆ نەخۆشییەکە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەزۆکی.
- دەرمانەکان: بۆ ڕێکخستنی سوڕی مانگانە پزیشک پێشنیاری ئەم دەرمانانە دەکات:
١- چارەسەر بە پرۆجستین، خواردنی پرۆجستین (جۆرێکی پرۆجیسترۆنە) بۆ ماوەی 10-14 ڕۆژ لە یەک بۆ دوو مانگدا دەتوانێت سوڕی مانگانە ڕێکبخات و خانمەکە لە شێرپەنجەی ناوپۆشی منداڵدان بپارێزێت. چارەسەری پرۆجستین ئاستی ئەندرۆجین ڕێک ناخات و ڕێگری لە دووگیانی ناکات. (Minipill) و ئامێری تایبەتی ناو منداڵدان کە تەنها پرۆجستینیان تێدایە هەڵبژاردەیەکی باشترن بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی.
٢- کەپسولی کۆنتڕۆڵی لەدایکبوونی یەکخراو، ئەو کەپسولانەی کە ئیسترۆجین و پڕۆجستینیان تێدایە بەرهەمهێنانی ئەندرۆجین کەم دەکەنەوە و ئیسترۆجین ڕێکدەخەن. ڕێکخستنی هۆرمۆنەکان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی ناوپۆشی منداڵدان، ڕێکخستنەوەی خوێنبەربوونی نائاسایی، گەشەی مووی زیادە و زیپکە. لەبری کەپسول، دەشێت لەزگەیەکی تایبەتی پێست یان ئەڵقەی زێ بەکاربهێنرێت کە تێکەڵەیەک لە ئیسترۆجین و پرۆجستینیان تێدایە.
بۆ ڕێکخستنی هێلکەدانان پزیشکەکە پێشنیاری ئەم دەرمانانە دەکات:
١ - Clomiphene: ئەم دەرمانە دژە ئیسترۆجینە لە ڕێی دەمەوە بەکاردێت لە سەرەتای سوڕی مانگانە.
٢ - Letrozole ,(Femara): بۆچارەسەری شێرپەنجەی مەمک بەکاردێت بەڵام دەتوانێت کار بکات بۆ هاندانی هێلکەدانان.
٣- Metformin: ئەم دەرمانە لە ڕێی دەمەوە بەکاردێت بۆ جۆری دووەمی شەکرە کە بەکارهێنانی ئەنسۆلین باشتر دەکات و ئاستی گلوکۆز دادەبەزێنێت. ئەگەر بە بەکارهێنانی clomiphene دووگیانی ڕووی نەدا پزیشکەکە پێشنیاری زیادکردنی (Metformin) دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر نیشانەکانی پێش تووشبوونی شەکرە هەبوو، ئەم دەرمانە تووشبوون بە  جۆری دووەمی شەکرە خاو دەکاتەوە و  یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات.
٤- Gonadotropins: ئەم دەرمانە هۆرمۆنییانە بە دەرزی دەدرێت.
بۆ کەمکردنەوەی گەشەی مووی زیادە پزیشکەکە پێشنیاری ئەم دەرمانانە دەکات:
١- کەپسولی کۆنتڕۆڵی لەدایکبوونی یەکخراو: ئەو کەپسولانەی کە ئیسترۆجین و پرۆجستینیان تێدایە بەرهەمهێنانی ئەندرۆجین کەم دەکەنەوە، بەمەش مووی زیادە کەمدەبێتەوە.
٢- Spironolactone (Aldactone): ئەم دەرمانە کاریگەرییەکانی ئەندرۆجین لەسەر پێست ڕادەگرێت، بەڵام دەبێتە هۆی گرفتی لەدایکبوون، بۆیە پێویستە لە کاتی خواردنی ئەم دەرمانەدا دەرمانێکی کاریگەر دژی دووگیانی بەکاربهێنرێت، بۆ خانمانی دووگیان و ئەوانەی پلانی دوو گیانیان هەیە پێشنبیار ناکرێت.
٣- Eflornithine (Vaniqa): کرێمێکە دەتوانێت گەشەی مووی زیادەی ڕوخسار لە خانمان خاو بکاتەوە.
٤- Electrolysis: دەرزییەکی بچووک دەخرێتە ناو هەر تاڵە موویەکەوە، دەرزییەکە هانی دروستبوونی تەزووی کارەبا دەدات بۆ تێکدان و لەناوبردنی چیکڵدانەکان، ئەمەش پێویستی بە چەند جارێک سەردانکردنەوەی پزیشک هەیە.

لێکەوتە خراپەکانی نەخۆشییەکە

  • نەزۆکی.
  • شەکرەی دووگیانی.
  • بەرزی پەستانی خوێن بە هۆی دووگیانییەوە.
  • لەبارچوون و لەدایکبوونی پێشوەختەی کۆرپە.
  • چەورییە هەوکردنی جگەر، هەوکردنێکی توندی جگەرە بەهۆی کەڵەکەبوونی چەورییەوە لە جگەردا.
  • لینک، کۆمەڵە نیشانەیەکی گرفتی زیندەچالاکین کە بەرزیی پەستانی خوێن، ڕێژەی شەکری لەش، ناڕێکی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ لە لەش دەگرێتەوە و پێکەوە دەبنە هۆی نەخۆشییەکانی دڵەلوولە کۆئەندام.
  • جۆری دووەمی شەکرە.
  • پرخەپرخ (پرخەی کاتی خەو).
  • کەمخۆری، خەمۆکی و گرفتی دەروونی.
  • خوێنبەربوونی نائاسایی.
  • شێرپەنجەی ناوپۆشی منداڵدان.


سەرچاوەکان



1484 بینین