مێز

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-26-14:02:00 - کۆدی بابەت: 8797
مێز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مێز (بە عەرەبی: منضدة، طاولة، بە ئینگلیزی: Table) کەرەستەیەکی تایبەتی و سەرەکی کەلوپەلی ناوماڵە، دەکرێت بۆ مەبەستی کارکردن، نانخواردن، بۆ جوانی و دیزاینکردنی شوێنەکان سوودی لێ ببینرێت. چەندان جۆر و شێوازی هەیە، بە شێوەی بازنەیی یان چوارگۆشەیی یاخود هێلکەیی بەردەستن، لە کەرەستەی جۆراوجۆر دروست دەکرێت نموونەی داری پتەوی هەمەجۆر، شوشە، پلاستیک و کانزا.
ڕەچەڵەکی وشەی ئینگلیزی Table لە وشەی Tabula لە زمانی لاتینییەوە وەرگیراوە کە بە واتای تەختە یان ڕووتەخت دێت.

مێژووی مێز

میسڕییە کۆنەکان و فیرعەونییەکان پێش 2500 ساڵ پێش زایین، تاشە بەردیان لە شێوەی بازنە داتاشیوە و بۆ نانخواردن بەکاریان هێناوە، هەروەها بە بەکارهێنانی دار و بەردی مەڕمەڕ مێزیان دروستکردووە و شتومەکیان لەسەر داناوە.
پاشان ژاپۆنییەکان مێزی چوارگۆشەیی قەبارە بچووکیان لە داری پتەوی هاوشێوەی دار بەڕوو دروستکردووە بۆ مەبەستی نووسین و خوێندنەوە بەکاریانهێناوە لە شوێنی وانە وتنەوە و خوێندنگەکان بەکاریانهێناوە.
لە شارستانییەتی دۆڵی دوو ڕووبار مێزیان لە کانزای هەمەجۆر دروستکردووە.
ڕۆمانی و یۆنانییەکان مێزیان زیاتر بۆ مەبەستی نانخواردن بەکارهێناوە و مێزی درێژی لاکێشەیی لای ئەوان زۆر پەسەند بووە و گرنگی زۆریان پێیداوە، تەنانەت لە زیو و کانزای گرانبەها مێزیان دروستکردووە.
لە دوای سەدەکانی ناوەڕاستەوە مێزی نانحواردن بووە پێویستییەکی فەرمی و لە کولتووری ئەورووپا و ڕۆژئاوا بوو بە نەریت، هەموو خێزانە دەوڵەمەند و خانەدانەکان خاوەنی مێزی نانخواردن بوون، ئەو جۆرە مێزە بە شێوەیەکی سەرەکی لە داری گوێز و داری بەڕوو بە شێوەی لاکێشەیی دروست دەکران، تەنانەت لە هۆڵی نانخواردنی ڕەبەنەکانی کڵێساش لەو سەردەمەدا مێزی نانخواردنی تایبەت دادەنران.

جۆرەکانی مێز

لە سەردەمی ئێستادا جۆرەکانی مێز هەمەجۆر و زۆرن، بە شێوەی چوارگۆشەیی، بازنەیی، لاکێشەیی، هێلکەیی و تەنانەت هەندێک جۆر شێوەی ناڕێکی هەیە بوونیان هەیە.
زۆریان لە دار بە تایبەتی دار گوێز و دار بەڕوو، لە شووشە و کانزای بە نرخ و هەندێک جۆرە بەرد دروست دەکرێن. بۆ چەندان مەبەست مێز بەکاردەهێنرێت گرنگترینیان:

  • مێزی تایبەت بە نانخواردن
  • مێزی ئۆفیس تایبەتە بە کارکردن و نووسین و خوێندنەوە
  • مێزی بچووکی تایبەت کە وەکوو جوانکاری لە دیزاینەکانی ناوەوەی تەلارەکان بەکاردەهێنرێت
  • مێزی تایبەت بە ژووری نووستن کە چرا و گڵۆپی ڕووناکی لەسەر دادەنرێت و قەبارەی مامناوەند و بچووکی هەیە


سەرچاوەکان



651 بینین