ناوهڕۆك
ناساندن
جەلالی میرزا کەریم (بە ئینگلیزی: Jalali Mirza Karim) شاعیری نوێگەری لێهاتووی کورد و سەردەستەی نوێخوازانی کۆمەڵی ڕوانگە بوو. ئەم شاعیره بەهرەداره لە ساڵی 1935 زایینی لەشاری سلێمانی له خێزانێکی دیاری ئەو شاره لەدایکبووە.
ژیاننامە
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شارەکەی خۆی تەواوکردووە، لاوێکی هۆشیار و ڕۆشنبیر بووە، سەرەتای خەباتی ڕامیاری ئەو لاوه دڵسۆزە بۆ گەل و نیشتمانەکەی دەگەڕێتەوه بۆ ساڵی 1955، که بووەتە ئەندامی یەکێتی گشتی قوتابیان و هەر لەو قۆناغەدا دەستی داوەته هۆنراوه هۆنینەوە، لەسەرەتادا کەوتبووه ژێر کاریگەری هۆنراوه ناسکە ئاوازدارەکانی گۆران، بەڵام لەدواییدا که بازووی شاعیریی بەهێز بووه، بووەته خاوەن دەنگ و ڕێبازی خۆی و لە کاروانی خەباتی ڕامیاریشدا زیاتر تێهەڵچووە، لە ساڵی 1965 لەسەر چالاکی ڕامیاری گیراوه و لەدوای بەرپابوونی شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958، ئەم تێکۆشەره لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا گۆڤارێکی بەناوی (هیوای کوردستان) وەک بەرهەمی یەکێتی گشتی قوتابیانی عێراق- لقی سلێمانی بڵاوکردووەتەوە، له کۆتایی مانگی نیسانی 1970 یەکێک بووه له دەستەی (ڕوانگە) و یەکەم بەنیانیان لەگەڵ حسێن عارف و شێرکۆ بێکەس و کاکه مەم بۆتانی و جەمال شارباژێری ئیمزا کردووه، دواتریش 3 ژمارەی لە بڵاوکراوەی ڕوانگەی لە شێوەی پەڕتووکدا چاپکردووە، بەشی هەره زۆری پێشکەوتنخوازەکان بەرهەمیان تێدا بڵاوکردەوه و وێژەی کوردییان بە هۆنراوه و چیرۆکەوه بەرەو نوێکاری برد.
بەرهەمەکان
1. کۆمەڵه هۆنراوەیەکی بە زمانی عەرەبی بەناوی (الولاده) لەساڵی 1982 له ئەمریکا بەچاپ گەیاندووه
2. شانۆنامەی (سەنگەر) لەهەمان ساڵدا هەر له ئەمریکا چاپی کردووه.
3. نامیلکەی (چرپەی ژانێکی نقووم بوو) هەر له ئەمریکا لە ساڵی 1991 چاپکردووە، که ئەوکات لەدوای شۆڕشی ئەیلوولەوه له ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەژیا.
4. دیوانی (ڕێگا دوورەکانی چاومان) دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان لەساڵی 1992 چاپی کردووە.
چەند نموونەیەک لە هۆنراوەکانی
جەلالی نوێکار له هۆنراوەیەکیدا بەناوی (ڕوانینەکانی چاوی شەقام)، که لە ساڵی 1970 دایناوه و لەژمارەی 4ی ئەو ساڵەی گۆڤاری بەیاندا بڵاوی کردووەتەوه دەڵێت:
هۆن هۆن نیگای ئاگری
باڵی کاروانمان
بەسەر باخی مەرگی بەهاری
ئاسۆدا ئەبارێنێ
هۆنراوەی زام
تەڵ.. تەڵ چڵی خوێنی وشەی
سەر بڕاومانه
لەرێژنەو ئاوی هەناسەی
ژاڵەوبییدا دا ئەچێنێ!
لێوی گەڵا
تریفەی بزەی هەورامان
بەناو ناخی ڕێگای قوڕ پێوان و
شیندا ئەوەرێنێ!
شاعیر لە هۆنراوەیەکی تریدا بەناوی (یاد و یاقووت و نەهەنگ)، که لە کاتی خۆیدا لە ساڵی 1970 دایناوه، لەدوای ڕێککەوتننامەکەی 11ی ئازاری 1970 دەربارەی دۆخی کورد و ڕژێمی بەغداد دەدوێت، پێشبینی ئەوە دەکات که ڕژێمی بەعس لەو ئاستەدا نییه مافی نەتەوەیی کورد دەستەبەر بکات و لەدوا بڕگەی هۆنراوەکەیدا ئەمەی ڕوون کردووەتەوە:
ئەی کوردستانی پێشمەرگه
ڕاسته دڵی چیاکانت
چاوی گەشی منداڵانت
ئەمساڵ پڕ شایی و ئاهەنگه
بەڵام قسە
هێشتا ڕەنگه
خواست و مەرام یاقووتێکی شەوچراغی
ناو گەرووی تاری نەهەنگه
کۆچی دوایی
لە بەرواری 14\11\1993 بە نەخۆشیی دڵ لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.