گەشت

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-06-13-22:25:00 - کۆدی بابەت: 9006
گەشت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گەشت (بە ئینگلیزی: Travel، بە عەرەبی: سفر) بریتییە لە جووڵەی مرۆڤەکان لە نێوان شوێنە جوگرافییە دوورەکاندا. دەتوانرێت گەشت بە پێ، پاسکیل، ئۆتۆمبێل، شەمەندەفەر، بەلەم، پاس، فڕۆکە، کەشتی یان ئامرازی تر بکرێت، دەتوانرێت بە جانتاوە یان بەبێ جانتا گەشت بکرێت، هەروەها دەتوانرێت یەک‌سەرە یان دووسەرە بێت.

لەڕووی وشەزانییەوە

بە ئەگەرێکی زۆرەوە سەرچاوەی وشەی ئینگلیزی (travel) لە مێژوودا ونە. ڕەنگە زاراوەی (travel) کە بە واتای (گەشت) دێت لە بنەڕەتدا لە وشەی فەرەنسی کۆن (travail)ـەوە سەرچاوەی گرتبێت، کە بە واتای (work) دێت واتە (کار). بەپێی فەرهەنگی مەریام وێبستەر، یەکەم بەکارهێنانی ناسراوی وشەی (travel) لە سەدەی ١٤ بووە. هەروەها باس لەوە دەکات کە وشەکە لە ئینگلیزی ناوەڕاستەوە (travailen travelen)ـەوه هاتووە کە واتای ئازاردان، کار، هەوڵدان، و گەشتکردن دەگەیەنێت. هەروەها پێشتر لە فەڕەنسی کۆندا وشەی travailler بە واتای کارکردن بە زەحمەت و کارێکی گران هاتووە. لە زمانی ئینگلیزیدا هێشتا ناوبەناو خەڵک وشەی travail بەکاردەهێنن کە بە واتای تێکۆشان دێت.

مەبەست و پاڵنەرەکانی گەشت

هۆکارەکانی گەشتکردن بریتین لە کات بەسەربردن، پشوو، گەشتیاری، گەشتی توێژینەوە، کۆکردنەوەی زانیاری، سەردانکردنی خەڵک، گەشتی خۆبەخشی بۆ کاری خێرخوازی، کۆچکردن بۆ دەستپێکردنی ژیان لە شوێنێکی تر، گەشت (زیارەت)ـی ئایینی، گەشتی نێردراوی، گەشتی بازرگانی، ئاڵوگۆڕی، و هۆکاری تر، وەکوو پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی یان شەڕکردن یان هەڵاتن یان بۆ وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی یان بۆ چێژوەرگرتن لە گەشتکردن. گەشتیاران دەتوانن بەپێ گەشت بکەن یان بەو هۆکارانەی گواستنەوە گەشت بکە کە مرۆڤەکان دروستیان کردووە، لەوانە دەتوانن پاسکیل، ئۆتۆمبێل، شەمەندەفەر، کەشتی، بەلەم، کەشتی گەشتیاری و فڕۆکە بەکاربهێنن.

پاڵنەرەکانی گەشتکردن بریتین لە:

  • چێژوەرگرتن
  • پشوودان
  • دۆزینەوە و گەڕان
  • سەرکەشی
  • پەیوەندی نێوان کولتوورییەکان
  • دوورکەوتنەوە لە فشار
  • دروستکردنی یادەوەری

جۆرە جوگرافییەکان

گەشتکردن لەوانەیە ناوخۆیی، ناوچەیی، نیشتمانی (ناوخۆیی) یان نێودەوڵەتی بێت. ڕەنگە لە هەندێک وڵاتدا، گەشتە ناوخۆییە ناخۆجێییەکان پێویستیان بە پاسپۆرتی ناوخۆیی بێت، لە کاتێکدا گەشتە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی گشتی پێویستیان بە پاسپۆرت و ڤیزە هەیە.

سوودەکانی گەشتکردن

گەشتکردن دەتوانێت بە چەند شێوازێک ژیانت باشتر بکات، نموونەی سوودەکانی گەشتکردن:

  1. ئاشنای شتانێکی جیهانت دەکات، سانت ئۆگستین وتویەتی: (دونیا پەرتووکێکە، ئەوانەی گەشت ناکەن تەنیا لاپەڕەیەک لەو پەرتووکە دەخوێننەوە). گەشتکردن دەتوانێت زیاتر لە هەر خولێکی زانکۆ شتت ئاشنا بکات. کۆمەڵە شتێک دەربارەی کولتووری ئەو وڵاتەی کە سەردانی دەکەیت ئاشنا دەبیت. ئەگەر لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە قسە بکەیت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئاشنای بیرکردنەوە، خوو، نەریت و مێژووی ئەوانیش دەبیت.
  2. ئاشنای شتانێکی نیشتمانەکەی خۆتت دەکات، ئەگەر گەشت بکەیت تەنها ئاشنای کولتوورە بیانییەکان نابیت، بەڵکوو ئاشنای کولتوورەکانی خۆشت دەبیت. سەرنجی جیاوازییە کولتوورییەکان دەدەیت، و دەزانیت چی شتێک کولتوورەکەت ناوازە دەکات. بەمەش دوای گەڕانەوە لە گەشتێکی دوورودرێژ، بە چاوێکی نوێوە لە وڵاتەکەت دەڕوانیت.
  3. شتانێکت دەربارەی خۆت فێر دەکات، دەتوانیت لە ڕێگەی گەشتکردنەوە زۆر شت دەربارەی خۆت ئاشنا بیت. دەتوانیت تێبینی ئەوە بکەیت کە چۆن هەست بە دووری وڵاتەکەت دەکەیت. دەزانیت هەستت چۆنە بەرانبەر بە نیشتمانەکەت. تێدەگەیت کە بەڕاستی هەستت چۆنە بەرامبەر بە مرۆڤە بیانییەکان. بۆت دەردەکەوێت کە چەند لەبارەی جیهانەوە دەزانیت یان چەنێک شت نازانیت. دەتوانیت تێبینی ئەوە بکەیت کە له بارودۆخی تەواو نوێدا کاردانەوەت چۆنە. تواناکانی زمان، خۆگونجاندن و کۆمەڵایەتیت تاقی دەکەیتەوە. دوای گەڕانەوەت بۆ نیشتیمان هەمان کەسی پێشوو نابیت.
  4. گەشتکردن وات لێ دەکات زیاتر سنگ فراوان بیت، لە کاتی گەشتکردندا کەسانێک دەناسیت کە زۆر جیاوازن لە تۆ. ئەگەر بەپێی پێویست گەشت بکەیت، ئەوا ئاشنای قبوڵکردنی ئەم جیاوازیانە دەبیت و پەسەندیان دەکەیت. گەشتکردن وات لێ دەکات زیاتر کراوە و سنگ فراوان بیت.
  5. سات و ئەزموونی لەبیرنەکراوت پێ دەدات، هەندێک لە یادەوەرییە خۆشەویستەکان هی ئەو کاتانەن کە گەشت دەکەیت. ئەگەر گەشت بکەیت، دەتوانیت ئەزموونی ئەو شتانە بکەیت کە هەرگیز نەتتوانیوە لە نیشتیمان ئەزموونیان بکەیت. لەوانەیە شوێن و دیمەنی جوان ببینیت کە لەو شوێنەی لێی دەژیت بوونیان نییە. لەوانەیە کەسانێک بناسیت کە ژیانت و بیرکردنەوەکانت دەگۆڕن. لەوانەیە ئەو چالاکییانە تاقی بکەیتەوە کە هەرگیز پێشتر تاقیت نەکردووەتەوە.
  6. گەشتکردن وات لێ دەکات زیاتر متمانەت بەخۆت هەبێت و سەربەخۆ بیت. تێدەگەیت کە دەتوانیت چارەسەری زۆرێک لە بارودۆخە چاوەڕواننەکراوەکان بکەیت. درک بەوە دەکەیت کە دەتوانیت بەبێ ئەو هەموو یارمەتییە بژیت کە هەمیشە لە نیشتیمان بۆت بەردەستە. بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆت دەردەکەوێت کە زۆر بەهێزتر و ئازاتریت لەوەی چاوەڕێت کردووە.
  7. ڕێگەت پێدەدات زانیاری بەسوود بەدەستبهێنیت، ئەگەر گەشت بکەیت. لەوانەیە زۆر شتی بەسوود ئاشنا بیت. ئەم شتانە دەتوانن هەر شتێک بن لە شێوەی ئەنجامدانی شتێکی نوێوە، تا چارەسەرێکی نوێ و کاریگەرتر بۆ کێشەیەکی ئاسایی یان شێوازێکی نوێی دروستکردنی شتێک.
  8. گەشتکردن توانای زمانت باشتر دەکات، تەنانەت ئەگەر بچیت بۆ وڵاتێک کە بە هەمان زمانی تۆ قسە دەکەن، ڕەنگە هێشتا هەندێک وشە و دەربڕینی نوێ ئاشنا بیت کە تەنها لەوێ بەکاردەهێنرێت. ئەگەر بچیت بۆ وڵاتێک کە بە زمانێکی جیاواز قسە دەکەن، زیاتر ئاشنا دەبیت.
  9. گەشتکردن هانت دەدات، دوای ئەوەی لە گەشتێکی دوور و درێژەوە دەگەیتەوە نیشتیمان، زۆرێک لە گەشتیاران ئەزموونی ئەوە دەکەن کە شتانێک هەن زۆر زیاتر لە پێش ڕۆشتنیان هانی ئەوەیان دەدات کە گەشت بکەن. لە کاتی گەشتەکەتدا لەوانەیە ئاشنای شتانێک بیت کە حەز بکەیت لە نیشتیمانیش تاقیان بکەیتەوە. لەوانەیە بتەوێت کارامەیی و زانیارییە نوێیەکانت تاقی بکەیتەوە. ئەزموونەکانت وزەیەکی زۆرت پێدەبەخشن.
  10. لە گەشتکردندا ڕووداوگەلێکت بەسەر دێت کە دەتوانیت وەکوو چیرۆک بۆ منداڵ و نەوەکانت بگێڕیتەوە، لە کاتی گەشتکردندا ڕەنگە شێتترین و هەست بزوێنترین شتەکان ئەزموون بکەیت، کە لە کۆتاییدا دەبنە چیرۆکی گەورە و دەتوانیت بۆ کەسانی تریان بگێڕیتەوە. کاتێک دەچیتە تەمەنەوە و ئاوڕێک لە ژیانت و تەواوی ئەزموونەکانی گەشتەکەت دەدەیتەوە، درک بەوە دەکەیت کە لە ژیانتدا چەنێک کارت کردووە و ژیانت بێهودە نەبووە. ئەمەش دەتوانێت تا کۆتایی ژیانت خۆشبەختی و ڕەزامەندیت پێ ببەخشێت.

 


سەرچاوەکان



2794 بینین