گورگەسوورە

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-06-25-19:12:00 - کۆدی بابەت: 9160
گورگەسوورە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گورگەسوورە (بە ئینگلیزی: Systemic lupus erythematosus، بە عەرەبی: ذئبة الحمراء)، نەخۆشییەکی دژەخۆییە، تیایدا بەرگری جەستە بەهەڵە هێرش دەکاتە سەر زۆربەی بەشەکانی لەش وەک: پێست، گورچیلە، خانەکانی خوێن، مێشک، دڵ یان سییەکان.

مێژووی نەخۆشی گورگەسوورە

بۆ یەکەمین جار لە سەدەی ١٢ پزیشکی ئیتاڵی (فروگاردی) وشەی گورگەسوورەی بەکارهێنا بۆ وەسفکردنی ئەو برینە ئازاربەخشانەی سەر قاچی نەخۆشەکان، لە ساڵی ١٨٥١ زاناکان نەخۆشی گورگەسوورەیان خستە پۆلێنی نەخۆشییە دژەخۆییەکانەوە.

نیشانەکان

نیشانەکان بەپێی ئەو بەشەی جەستە کە دووچاری گورگەسوورە بووە جیاوازە، لەوانەیە کاتی یان هەمیشەیی بێت، باوترین نیشانەکان:
• شەکەتی
• تا
• ئازار و ڕەقبوون و هەڵئاوسانی جومگەکان
• پەڵەی سەر ڕوومەت و ئێسکی لووت لە شێوەی پەپوولەدایە
• برینی سەر پێست کە لەگەڵ بەرکەوتنی تیشکی خۆر خراپتر دەبن
• پەنجەکانی دەست و قاچ سپی یان شین هەڵدەگەڕێن لە کاتی پەستانی دەروونیدا
• هەناسەکورتی
• ئازاری سنگ
• وشکبوونەوەی چاوەکان 
سەرئێشە، شڵەژان و لەدەستدانی یادەوەری

هۆکارەکان

نەخۆشی گورگەسوورە بەهۆی هۆکاری بۆماوەیی و ژینگەی سەرهەڵدەدات و وادەکات بەرگری دژی خانەکانی لەشمان دروست ببێت، هۆکارە ژینگەییەکان:
تیشکی خۆر، بەرکەوتن بە تیشکی خۆر وا دەکات کەسە هەستیارەکان وەڵامدانەوەیان هەبێت و برینی پێست دروست ببێت.
هەوکردن، هەبوونی هەوکردنێک لە جەستەدا ئەگەری هەیە گورگەسوورە دروست بکات.
• دەرمان، هەندێک دەرمانی وەک: دەرمانی پەستانی خوێن، دەرمانی دژە گەشکە و دژە زیندەییەکان وادەکەن نەخۆشی گورگەسوورە دروست ببێت لە کەسانی هەستیار یان ئەو کەسانەی نەخۆشییەکەیان بە شێوەی بۆماوەیی هەڵگرتووە.

مەترسییەکانی نەخۆشیی گورگەسوورە

هەوکردنەکانی بەهۆی گورگەسوورەوە دروست دەبێت دەتوانێت چەندین شوێنی جەستەت بگرێتەوە:
• گورچیلەکان، نەخۆشی گورگەسوورە دەتوانێت زیانی گەورە بە گورچیلەکانت بگەیەنێت، شکستی گورچیلە هۆکاری سەرەکی مردنە لە تووشبوواندا.
• مێشک و ناوەندە کۆئەندامی دەمار، ئەگەر گورگەسوورە مێشک بگرێتەوە دەبێتە هۆی سەرئێشە و خەواڵوویی و گۆڕانی ڕەفتار و کێشەی بینین، هەندێک جاریش دەبێتە هۆی گەشکە و جەڵتەی مێشک، هەبوونی قورسی لە دەربڕین و ڕوونکردنەوەی بیروڕا.
• سییەکان، هەوکردنی ناوپۆشی دەوردەری سییەکان کە وادەکات هەناسەدان قورس بێت.
• دڵ، گورگەسوورە دەتوانێت تووشی هەوکردنی ماسولکە و خوێنبەر و پەردەکانی دڵت بکات، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ بەرز دەبێتەوە.
• تووشبوون بە گوورگەسوورە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە بەرز دەکاتەوە.
• تووشبووانی ئەم نەخۆشییە هەستیارییان بۆ هەوکردن زیاتر دەبێت، لەبەرئەوەی نەخۆشییەکە و چارەسەرەکانیش بەرگری نزم دەکەنەوە.
• لە ئافرەتان مەترسی تووشبوون بە گوورگەسوورە بەراورد بە پیاوان زیاترە.
• مردنی ئێسکە شانەکان، ڕوودەدات کاتێک خوێن ناچێت بۆ ئێسک و دەبێتە هۆی درز لە ئێسک.
• خانمە دووگیانەکان دووچاری لەبارچوون، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنی دایک یان لەدایکبوونی زووتری کۆرپە دەبنەوە. 

پشکنین و دیاریکردنی نەخۆشییەکە 

• وەرگرتنی شانەکانی لەش و سەیرکردنی لە ژێر وردبین.
• پشکنینی دژەتەنی دژەناوک (ANA Test) لە ڕێگەی وەرگرتنی خوێن و پشکنین بۆ دژەتەنەکە لە سیڕەمی کەسەکەدا.
•  پشکنینی ڕێژەی پڕۆتینە تەواوکارییەکان
• پشکنینی فرمانی گورچیلە و ئایۆنەکان ئەگەر نەخۆشییەکە گورچیلەی گرتبوویەوە.
• پشکنینی ئەنزیمەکانی جگەر
• پشکنینی گشتی پێکهاتەکانی خوێن 

چارەسەرەکان

چارەسەرکردن لە ڕێگەی ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە لە جەستە و کەمکردنەوەی تووندی و ماوەی تووشبوونەوە دەکرێت، زۆربەی کات ئەگەر گورگەسوورە بەسووکی تووشت بوو پێویستت بە دەرمان نابێت، بەڵام ئەگەر وانەبوو نیشانەکان قورستر بوو ئەم دەرمانانە بەکاردێت:
• دەرمانە کۆرتیکۆستیرۆیدەکان
• دەرمانی دژە مەلاریا
• دەرمانی دژە هەوکردن

دەرمانە ستیرۆیدەکان بەرگری کپ دەکەن و دەشێت نەخۆشی تر لە تووشبووان دروست ببێت وەک: کۆنیشانەی کوشین (Cushing syndromeشەکرە، قەڵەوی، زیادبوونی ئارەزووی خواردن، خەولێنەکەوتن، پووکانەوەی ئێسک. 


سەرچاوەکان



1869 بینین