دووپشکی دەریا    

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-06-26-22:03:00 - کۆدی بابەت: 9185
 دووپشکی دەریا    

ناوه‌ڕۆك

ناساندن  

ماسی دووپشک یاخود دووپشکی دەریا (بە ئینگلیزی: scorpion fish)، جۆرێكی ماسییەکانە و زیاتر لە ٢٠٠ جۆری جیاوازی ناسراوە و دۆزراوەتەوە، نشینگەکەی دەکەوێتە زەریاکانەوە و شوێنی ژیانکردنیشی لە قوڵایی نزیکەی ٨٠٠ مەتردا دەبێت لە نزیک بەرد و قەوزەکان، شێوازی ژیانکردنی ئەم ماسییانە بەتەنهایە و تەنها لە وەرزی زۆربووندا لە یەکتری نزیکدەبنەوە، ژمارەی تاکەکانی دیاریکراو نییە بەڵام لەبەر زۆری ژمارەی جۆر و خێزانەکانی ماسییە دووپشکەکان ئەوا ئەم بونەوەرە ئاوییانە لە لیستی ئەو گیانەوەرانەدا نین کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، سەرەڕای ئەوەی ئەم ماسییە ژەهراوییە بەڵام خواردنی ئاساییە و نابێتە هۆی زیان، چونکە پاش ئامادەکردنی بە ڕێگەی دروست ژەهرەکەی نامێنێت، هەروەها لە چەندین ناوچەی جیاوازدا خەڵکی خواستی خواردنی دەکەن، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ماسی دووپشک ئەوەیە کە بەناوبانگە بە شێوازی خۆحەشاردانی، سوود وەردەگرێت لە ڕەنگەکەی و بەرد و ڕووەکی ناوچەکەی، بەهۆی ڕەنگە کراوەکەیەوە کاتێک لە نزیک کەڤەر و بەردەکاندا دەمێنێتەوە بە ئاسانی نابینرێت و دەتوانێت خۆی بشارێتەوە، هەروەها لەبەر ئەوەی بە سروشتی خۆی ئەم ماسییە لە ئاوی پلە مامناوەنددا دەژی، ئەوا دەتوانێت لە نێو شیلانە و ڕووەک و مەرجانەکانی ناوچەکەیدا خۆی حەشاربدات، دووپشکی دەریا جگە لە کاتە پێویستەکانی زۆرینەی جارەکانی تر بە بێ جووڵە دەمێنێتەوە ئەمەش وا دەکات هەست بە بوونی نەکرێت.  

شێوەی دەرەوەی

شێوەی جەستەی درێژکۆلە و باریکە، پێستی ئەم ماسییە وەک زۆرینەی ماسییەکانی تر بە پوولەکە ڕووپۆشکراوە، ڕەنگی جەستەی دەکرێت هەریەک لە قاوەیی، سوور، پرتەقاڵی یاخود زەرد بێت و تەواوی بەرگەکەشی بە دڕکی ژەهراوی داپۆشراوە، پلە و ڕادەی ژەهرەکەشی بەرزە و بە یەکێک لە ژەهراویترین بونەوەرە ئاوییەکان ناسراوە، بەڵام قەبارەی بچووکە و کێشێکی کەمی هەیە کە دەگاتە نزیکەی ١.٥ کیلۆگرام و درێژییەکەشی لە نێوان ٢٠-٥٠ سانتیمەتر دەبێت کە بە گوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت و جیاوازە.  

خۆراک

دووپشکی دەریا بوونەوەرێکی هەموو شت خۆرە، دەتوانێت ڕووەک و گۆشتیش بخوات، خۆراکی سەرەکی بریتییە لە شیلانە، مەرجان، هێلکە شەیتانۆکە و ماسییە بچووکەکان، لەهەمان کاتدا خۆشی دەبێت بە نێچیری ماسییە قەبارە گەورەکانی وەک ستینگرەی و قرشەکان، بەڵام لە کاتی پێویستدا ئەم ماسییە بەهۆی دڕکە ژەهراوییەکانی سەر جەستەیەوە هێرش دەکاتە سەر ڕاوچییەکانی، ژەهرەکەی دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار و هەڵئاوسان و توانای گواستنەوەشی هەیە بە ناو ئەندامەکانی جەستەدا، بۆیە ئەگەر مرۆڤێک ژەهراوی ببێت بە ژەهری ئەم ماسییە ئەوا پێویستە چارەسەری پێویست وەربگرێت، سەرەتا دەبێت برینەکە بە ئاوی گەرم خاوێن بکرێتەوە پاشان لە ماوەی ٣٠ خولەکدا چارەسەر وەربگرێت، چونکە پێستی مرۆڤ تەنها نیو کاتژمێر بەرگەی ژەهرەکەی دەگرێت.  

یەکگرتن و زۆربوون

ئەم جۆرە ماسییە بە هێلکە کردن زۆردەبێت، شێوازی زۆربوونەکەی زانیاری ورد و درشتی زۆری لەسەر نییە، بەڵام پاش یەکگرتنی تۆوی نێرینەکە لەگەڵ هێلکەی مێینەکە پیتاندن ڕوودەدات، مێینەکە هەزارەها هێلکەی ڕوونی ڕەنگ سەوز دادەنێت و لە نێو ئاودا لەگەڵ تۆوی نێرینەکان پیتاندن ڕوودەدات، ناوەندە ڕێژەی ژمارەی هێلکەکانیش دەگاتە نزیکەی ٦٠٠٠ دانە، هێلکەکان لەسەر ڕووی ئاوەکە بە هەڵواسراوی دەمێننەوە هەتا کاتی هەڵهاتنیان، ماوەی هەڵهاتنی بێچووەکانیش لە نێوان ٣-١٨ مانگ دەبێت، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی هەر تاکێک لە ماسی دووپشکی دەریا نزیکەی ١٥ ساڵ دەخایەنێت.


سەرچاوەکان



529 بینین