سمۆرەی ڕاوکەری کەروێشک 

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-01-00:07:00 - کۆدی بابەت: 9236
سمۆرەی ڕاوکەری کەروێشک 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سمۆرەی ڕاوکەری کەروێشک (بە ئینگلیزی: Sable ferret)، گیانەوەرێکی بچووکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە، نشینگەکەی زۆرینەی کیشوەرەکان دەگرێتەوە و شوێنی ژیانکردنیشی لەناو دارستان و دەوەنی نزیک سەرچاوە ئاوییەکانە، ئەم گیانەوەرە تایبەتە بە ڕاوکردنی کەروێشک و جرج لەگەڵ مشکەکان، بەجۆرێک کە لە ماوەی جەنگی شۆڕشگێڕانە بەکارهێنراوە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی جرجەکان، تاکەکانی بە تەنها ناژین بەڵکو پێکەوە کۆمەڵە و ڕەوە دروستدەکەن، مەترسی گەورەی لەسەر نییە بۆ لەناوچوون و ژمارەشیان چەندەها ملیۆن دەبێت، هەروەها دەکرێت ماڵیبکرێت و پەروەردەبکرێت، سەرەڕای ئەوەی گرنگی پێدانی زیاتری دەوێت بە بەراورد بە سەگ و پشیلەکان، بەڵام ئەم جۆرە سمۆرەیە خاوێن و زیرەکە هەروەها دەکرێت ڕاهێنانی پێبکرێت و فێربکرێت کە بچێتە ناو جێگەی تایبەت بە خۆیەوە.

شێوەی دەرەوەی

دیارترین تایبەتمەندی فەرووەکەیەتی کە ڕەنگی قاوەییی تۆخە و شێوەیەکی جوانی پێبەخشیووە، جگە لە قاوەییش دەکرێت سپی و کرێمی یاخود ئاڵتوونی هەبێت، هەروەها گیانەوەرێکی قەبارە بچووکە و کێشی لە نێوان ٠.٢-٢ کیلۆگرام دەبێت، درێژییەکەشی لە سەرییەوە هەتا کۆتایی کلکی دەگاتە نزیکەی ٥٠ سانتیمەتر، بەڵام قەبارەی نێرینەکان گەورەترە بە بەراورد بە مێینەکان، پێیەکانی سپییە و ناوچەکانی نزیک چاوی ڕەشە و وەک ماسکێک دەردەکەوێت، هاوشێوەی پشیلەی جەمسەرەکان ڕژێنی تایبەتی لە نزیک کلکیدا هەیە، کە دەبێتە هۆی دیاریکردن و ناسینەوە، بۆیە تاکەکان دەتوانن لە ڕێگەی بۆنی میزەوە یەکتری بدۆزنەوە.  

خۆراک

ئەم جۆرە سمۆرەیە گۆشتخۆرە و هیچکات ناکرێت خۆراکەکەی ڕووەکبێت، ڕۆژانە نزیکەی ١٨-٢٠ کاتژمێر دەخەوێت و چالاکیەکانی لە کاتی خۆرهەڵهاتندا ئەنجام دەدات، ژەمی سەرەکی بریتییە لە کەروێشکەکان یاخود قرتێنەرە زیانبەخشەکان، توانای هەرسکردنی بەهێزە و کارلێکی زیندەچالاکییەکانی خێرایە، بۆیە پێویستە ڕۆژانە بڕێکی زۆر خۆراک بخوات، هەروەها لەبەر ئەوەی خێرایە و دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا ٢٤ کیلۆمەتر ببڕێت، بۆیە هەرچەن نێچیرەکەی خێراش بێت ئەوا توانای ڕاوکردنی هەیە، لەبەر ئەوەی زۆرینەی سمۆرە ڕاوکەرەکانی کەروێشک ماڵین ئەوا ڕاوچی سەرەکی و دیاریکراوی نییە، بەڵام ئەو ژمارە کەمەیان کە لە سروشتدا هەن گیانەوەر گۆشتخۆرە قەبارە گەورەکانی وەک شێرەکان و باڵندە ڕاوکەرەکان ڕاویاندەکەن، جگە لە ڕاوکردنیش ئەم جۆرە سمۆرەیە ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆری نەخۆشی دەبێتەوە و دەشتوانێت بیگوازێتەوە بۆ مرۆڤەکان، کاتێک ماڵێ دەکرێت بە چەندین جۆری جیاوازی ڤایرۆسەکان دەرزی کوتانی بۆ دەکرێت.

یەکگرتن و زۆربوون

هەر تاکێک لە تەمەنی شەش مانگیدا دەتوانێت یەکگرتن بۆ زۆربوون ئەنجام بدات، هەرچەندە خۆی لە تەمەنی یەک ساڵیدا دەگاتە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو، نێرینەکان بە ئەوە دەناسرێنەوە کە ڕەنگی بەشی خوارەوەی فەرووەکەیان دەبێت بە زەرد و تاڕادەیەک چەورە، پاش یەکگرتن ماوەی سکپڕی مێینەکە نزیکەی ٤٢ ڕۆژ دەخایەنێت، دواتر لە زۆرینەی جارەکاندا ژمارەیەکی زۆر بێچوو لەدایکدەبن کە لە نێوان ٥-١٥ دانە دەبن، لەسەرەتادا لاواز و نابینان، دایکەکە گرنگییان پێدەدات پاشان لە تەمەنی شەش هەفتەییدا لە شیر دەبڕدرێنەوە، مێینەکان لە ماوەی ساڵێکدا دەتوانن سێ جار بێچوویان ببێت و سکپڕ ببن، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ئەم جۆرە سمۆرەیە لە نێوان ٦-١٠ ساڵ دەبێت.


سەرچاوەکان



463 بینین