شۆردنی کەعبەی پیرۆز

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-07-06-16:16:00 - کۆدی بابەت: 9301
شۆردنی کەعبەی پیرۆز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شۆردنی کەعبە (بە عەرەبی: غسل الكعبة), پڕۆسەیەکە تێیدا بەشی ناوە و دەرەوەی کەعبە بە کەرەستەی تایبەتی دەشۆردرێت. ساڵانە بەشی ناوەوەی کەعبە دەشۆردرێت و دیوار و بەرگەکەشی بە پارچە قوماشێک کە بە ئاوی زەمزەم و پوختەی گوڵ و بۆنی گرانبەها هەڵکێشراوە و تەڕ دەکرێت و دەسڕدرێتەوە و پاک دەکرێتەوە.

پڕۆسەی شۆردنی کەعبەی پیرۆز

ڕۆژێک پێش شۆردنەکە پێداویستییە گرنگەکانی شۆردنی کەعبەی پیرۆز ئامادە دەکرێت، گرنگترین پێداویستییەکانی بریتین لە: ئاوی زەمزەم، ئاوی گوڵ، چەند جۆرێک بۆنی گرانبەهای سعوودی کە تێکەڵەیەکی نهێنی هەیە و تەنها بۆ شۆردنی کەعبە بەکاردەهێنرێت و تایبەت کراوە، بۆن و ڕۆحی گوڵ، پارچە پەڕۆی گرانبەها و سوراحی لە زیو دروستکراو. ئەو پێداویستییانە تەنها بۆ یەک جار لە پڕۆسەی شۆردنەکە بەکاردەهێنرێت.

لە ڕۆژی شۆردنی کەعبە کاتژمێرێک دوای نوێژی بەیانی، ئەو کەسانەی کە پڕۆسەی شۆردنەکە ئەنجام دەدەن دەچنە ناو کەعبە لەو شوێنەی کە پێغەمبەر ﷺ نوێژی کردووە، پێویستە ئەوانیش دوو ڕکات نوێژ بکەن.
پڕۆسەکە بە سڕینەوەی دیوارەکانی کەعبە دەست پێدەکات، دواتر بڕی 45 لیتر ئاوی زەمزەم و 50 تولا (600 گرام) گوڵی تائیفی و بۆنی کەمبوودی گرانبەها بەکاردەهێنرێت، بە بەکارهێنانی پارچە قوماشی تەڕ بە ئاوی زەمزەمی تێکەڵکراو بە ڕۆحی گوڵ بەشەکانی ناوەوەی کەعبە بە تەواوی خاوێن دەکرێنەوە. ماوەی پاککردنەوەکەی نزیکەی کاتژمێرێک بۆ کاتژمێر و نیوێک دەخایەنێت.

مێژووی شۆردنی کەعبە

ئەم نەریتە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەر ﷺ، بە دیاریکراوی بۆ کاتی "فەتحی مەککە"، کاتێک لە "فەتحی مەککە" کەعبەی خاوێنکردەوە و هەرچی بت و خواوەند هەبوو کە قوڕەیشییەکان دەیانپەرست، لەنێو کەعبە دەرکران و پاککرانەوە.
لە سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشیدەین ئەو پڕۆسەیە بەردەوام بوو، بەڵام بۆ شۆردنی کەعبە کاتێکی دیاریکراویان نەبوو.

لە دوای دروستبوونی سعوودییەوە ساڵانە دوو جار پڕۆسەی شۆردنی کەعبە بەڕێوەدەچوو و ئەنجام دەدرا، یەکەم شۆردن لە یەکی مانگی موحەڕەم ئەنجام دەدرا، دووەم شۆردنیش وەکوو ئامادەکارییەک بۆ پێشوازیکردن لە عەمرەکاران لە مانگی شەعبان جێبەجێ دەکرا.
لە ساڵی 2016ـەوە پڕۆسەی شۆردنی کەعبە کرا بە یەکجار، تەنها لە یەکی موحەڕەم شۆردنی کەعبە ئەنجام دەدرێت.
هاوکات شۆردنی کەعبە لەلایەن ئەمیری مەککە و بەرپرسە باڵاکانی مزگەوتی حەڕەمەوە ئەنجام دەدرێت.


سەرچاوەکان



699 بینین