دکتۆر مستەفا پێنجوێنی

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-07-13-18:41:00 - کۆدی بابەت: 9389
دکتۆر مستەفا پێنجوێنی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دکتۆر مستەفا پێنجوێنی (بە عەرەبی: د. مصطفى بنجويني، بە ئینگلیزی: Dr. Mustafa Penjweni)، ناوی تەواوی مستەفای کوڕی مەحموودی کوڕی مستەفای کوڕی ئەحمەدە، لە ساڵی ١٩٣٠ لە پێنجوێن لەدایکبووە. زانایەکی ناوداری کوردستان و عێراق و جیهانی ئیسلامییە، لە ١٣\٧\٢٠٢٢ شاری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.

خوێندن و ژیانی تایبەتی

لە منداڵییەوە دەچێتە بەر خوێندنی قوتابخانە و تا پۆلی سێیەمی سەرەتایی دەخوێنێت و پاشان دەچێتە حوجرەکانەوە بۆ تەواوکردنی خوێندن، هەر لەبەر ئەمەش سەردانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەکات بە مەبەستی خوێندن وەک پێنجوێن، مەریوان، سلێمانی و گوندی دارۆخان، گوندی پریس لە هەڵەبجە و چەندان شوێنی تر.

پاشان چووەتە شاری مووسڵ و لە مزگەوتی نەجیب جادر بووەتە پێشنوێژ و وتارخوێن. لە ساڵی ١٩٥٩ بۆ تەواوکردنی خوێندن چووەتە وڵاتی میسڕ لە کۆلێژی یاسا و شەریعە لە زانکۆی ئەزهەر و لە ساڵی ١٩٦١ دەستی پێکردووە و لە ساڵی ١٩٦٥ تەواوی کردووە، پاشان گەڕاوەتەوە مووسڵ ماوەیەک لەوێ ماوەتەوە و دواتر چووەتەوە بۆ زانکۆی ئەزهەر بۆ خوێندنی ماستەر و تا ساڵی ١٩٧٨ هەر لەوێ دکتۆراکەشی تەواو کردووە و ناونیشانی نامەی دکتۆراکەشی لێکۆڵینەوە بوو لە کتێبی (مختصر من قواعد العلائي) کە لەبارەی بنەماکانی فیقهیەوەیە و لە دوو بەرگدا چاپکراوە. هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی تریشی لەسەر (مبحث الاجتهاد) لە بنەماکانی فیقهی شافیعی کردووە کە لێکۆڵینەوەیە لە کتێبی (كفاية الأخيار في حل غاية الاختصار).

لە وڵاتی قەتەڕ درێژەی بەژیان داوە و ناوە ناوە سەردانی کوردستانی کردووەتەوە. یەک هاوسەری هەیە بەناوی (عەتیەخان) و خاوەنی یەک کوڕ و چوار کچە.

نووسین و لێکۆڵینەوەکانی

خاوەنی چەندین نوسین و ڕوونکردنەوە و پەراوێزی سەر کتێبەکانە نموونە وەک:

  • جمع الجوامع
  • گلنبوی آداب
  • مختصر قواعد العلائي
  • كفاية الأخيار في حل غاية الاختصار
  • مبحث الاجتهاد

کۆچی دوایی

بەهۆی نەخۆشییەوە لە ڕێکەوتی ١٣\٧\٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوەکان



394 بینین