لیڤەرپووڵ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-23-00:02:00 - کۆدی بابەت: 9501
لیڤەرپووڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لیڤەرپووڵ (بە ئینگلیزی: Liverpool)، شارێکە دەکەوێتە خۆرئاوای ئینگلتەرا لەسەر کەناری دەریای ئێرلەندا، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵی 2019ـدا 498,042 کەس بوو، لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە دەیەم گەورەترین ناوچەی ئینگلیزییە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی دانیشتووانی تەواوی ئەو ناوچانەی سەر بە شارەکەن 2.24 ملیۆن کەسە و بەمەش دەبێتە پێنجەم گەورەترین ناوچەی شانشینی یەکگرتوو.

هەروەها شارەکە ناوبانگێکی زۆر دێرینی لە بەرهەمهێنانی ئەکتەر، هونەرمەند، وەرزشکار، گاڵتەباز، ڕۆژنامەنووس، ڕۆماننووس و شاعیر هەیە. لیڤەرپوول لە دوای لەندەنی پایتەختەوە دووەم زۆرترین ژمارەی پێشەنگای نیگارکێشی، مۆزەخانەی نیشتمانی و بینا و پارکی پارێزراوی لە بەریتانیادا هەیە. هەندێک ناوچەی ناوەندی شاری لیڤەرپووڵ لە ساڵی 2004 هەتا 2021 بە شوێنەواری کەلەپووری جیهان ناسێنرا، و کۆمەڵێک پارک و شوێنی کراوەی شارەکه بە گرنگترین شوێنی وڵاتەکەی وەسفکران. هەروەها لەڕووی مێژووییەوە پێگەی شارەکە وەکوو شارێکی بەندەری سەرنجی دانیشتووانی هەمەجۆری کولتوورە جیاوازەکانی ڕاکێشاوە، بە شێوەیەکی سەرەکی ئێرلەندا، نۆروەی و وێڵز. لە ساڵی 2007دا یادی 800 ساڵەی شارەکە کرایەوە و ناونرا پایتەختی کولتووری ساڵی 2008ـی ئەورووپا.

یانەی تۆپی پێی لیڤەرپوول

یانەیەکی تۆپی پێی پیشەگەرە و بنکەکەی لە شاری لیڤەرپووڵی ئینگلتەرایە. یانەکە لە خولی نایابی ئینگلیزیدا ڕکابەری دەکات، کە پلەی یەکەمی تۆپی پێی ئینگلتەرایە. یانه‌كه‌ له‌ ساڵی 1892 دامه‌زراوه‌ و ساڵی دواتر په‌یوه‌ندی به‌ خولی تۆپی پێیه‌وه‌ كرد و له‌ دوای پێكهێنانیه‌وه‌ یارییه‌كانی له‌ یاریگای خۆی له‌ ئه‌نفێڵد ئه‌نجامداوه‌.

مێژووی لیڤەرپووڵ

مێژووی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1207، لە سەرەتادا شارەکە تەنها لە حەوت گەڕەک پێکهاتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا لە ناوەڕاستی سەدەی 16ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 500 کەس بوو. پاشان لە سەدەی 17ـدا شارەکە هەم لەڕووی بازرگانی و هەم لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە گەشەیەکی کەمی بەخۆیەوە بینی، هەتا سەدەی 18 لیڤەرپووڵ وەکوو شارێکی بچووک و ناگرنگ مایەوە، لە سەدەی 18 بەدواوە شارەکە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بازرگانیکردن بە کۆیلەوە و بازرگانان له زەریای ئەتڵەسییەوە بازرگانیان بە کۆیلەوە دەکرد و بە زەریاکەدا تێدەپەڕین، لەم ڕێگەیەشەوە دانیشتووان و بازرگانان بڕە پارەیەکی باشیان کۆکردەوە. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا بازرگانی و ژمارەی دانیشتووانی شارەکە گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بەتایبەتیش لە ساڵانی 1840 کاندا، کە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ئێرلەندی کۆچیانکرد بۆ ناوچەکە. هەر لە هەمان سەدەدا سامانی شارەکە گەشتە ئاستی سامانی شاری لەندەن. لە ساڵی 1851ـدا شارەکە بە (نیویۆرکی ئەورووپا) وەسفکرا، لە کۆتایی سەدەی 19 و سەرەتای سەدەی 20ـدا لیڤەرپووڵ سەرنجی کۆچبەرانی ئەورووپای ڕاکێشا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە چەندین شوێنی تایبەت بە پەیڕەوکەرانی ئایینە جۆراوجۆرەکان لە شارەکە دروست بکرێت.

لەڕووی وشەزانییەوە

ناوی شاری لیڤەرپوڵ لە وشەی ئینگلیزی کۆنی (lifer) و (pōl)ـەوە سەرچاوەی گرتووە کە وشەی یەکەمیان بە بە واتای ئاوێکی قووڵ یان قوڕاو دێت، و وشەی دووەمیان بە واتای حەوز یان چەم دێت.

سەرچاوەیەکی تر ئەوە دەردەخات کە ناوی شارەکە لە وشەی (elverpool)ـەوە هاتووە، کە ئاماژە بە ژمارەیەکی زۆر مارماسی دەکات لە ڕووباری مێرسیدا.

هەروەها لە سەدەی نۆزدەهەمیشدا، هەندێک لە بڵاوکراوە وێڵزییەکان ناوی (Lle’r Pwll)ـیان بەکارهێنا، کە بە واتای (شوێنی حەوزەکان) دێت.

ناوێکی تری شارەکە، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان و تەنانەت لە ئێستاشدا بە وشەی (Llynlleifiad) ناسراوە، بڕگەی (Llyn) بە واتای حەوز دێت، بەڵام بڕگەی (lleifiad) واتایەکی ئاشکرای نییە.

دانیشتووان

لە سەرژمێری شانشینی یەکگرتوودا کە لە ساڵی 2011ـدا ئەنجامدرا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 466,415 کەس بوو، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە سەرژمێرییەکەی ساڵی 2001 بە ڕێژەی 6.1% دانیشتووانی شارەکە زیادی کردووە. دانیشتووانی لیڤەرپووڵ بە بەراورد بە تەواوی ئینگلتەرا لەڕووی تەمەنەوە گەنجترن، لە سەدا 42.5 دانیشتووانەکەی لەخوار تەمەنی 30 ساڵییەوەن، بەبەراورد بە تێکڕای تەمەنی هاوڵاتییە ئینگلیزەکان کە لە سەدا 37.7ـن.

نەژاد

بەپێی زایارییەکانی سەرژمێرییەکەی ساڵی 2011، لە سەدا 84.8ـی دانیشتووانی شارەکە سپی پێستی بەریتانی، لە سەدا 1.4 سپی پێستی ئێرلەندی، لە سەدا 2.6 سپی پێستی نەتەوەکانی تر بوون، هەروەها لە سەدا 4.1ـی دانیشتووان ئاسیایی، لە سەدا 2.6 ڕەش پێست، لە سەدا 2.5 ڕەگەزی تێکەڵ و لە سەدا 1.8ـیان سەر بە نەتەوەکانی تر بوون.

ئایین

هۆکاری هەمەجۆری ئایینی کە لە ئێستادا لە شارەکەدا هەستی پێدەکرێت دەگەڕێتەوە بۆ کۆچی هەزاران کۆچەر و دەریاوان بۆ ناوچەکە. ژمارەی هاوڵاتییە کاسۆلیکییەکان لە لیڤەرپووڵدا زۆر زیاترن لە هەر بەشێکی تری ئینگلتەرا، ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی کۆچی هاوڵاتییە ئێرلەندییەکان بۆ شارەکە و وەچەکانیانەوەیە.

هەروەها لە سەرژمێری ساڵی 2001ـدا هاتووە کە ڕێژەی ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی نێو شارەکە بەم شێوەیەن، 79.5% مەسیحی، 1.4% موسڵمان، 0.6% جوولەکە، 0.3% بودیزم، 0.3% هیندۆس، 0.1% سیخ. کەمێک زیاتر لە 0.1%ی دانیشتووان سەر بە ئایینەکانی تر بوون لە کاتێکدا 9.7% بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سەر بە هیچ ئایین نین و 8.1%ـی دانیشتووانیش ئایینی خۆیان ئاشکرا نەکرد.

کەشوهەوا

شاری لیڤەرپووڵ کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زستانی زۆر ساردە و هاوینی مامناوەندە و بەدرێژایی ساڵ بارانێکی زۆری لێ دەبارێت.

زستانی ئەم شارە زۆر سارد نییە، بەڵام زۆربەی کات ئاسمانی شار هەوراوییە و ڕێژەی شێ بەرزە، تێکڕای بڕی شێ لە هەوادا 80%، هەروەها بەدەگمەن بەفری لێ دەبارێت. تێکڕای پلەی گەرمی لە ساردترین مانگی ساڵدا کە کانوونی دووەمە 5.3 پلەی سەدییە. بە شێوەیەکی گشتی لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا پلەی گەرمی دادەبەزێت بۆ نزیکەی 5- پلەی سەدی، بەڵام دەکرێت هەندێک جار داببەزێت بۆ نزمتر لەو پلەیە. لە کانوونی یەکەمی ساڵی 1981ـدا پلەی گەرمی دابەزی بۆ 13- پلەی سەدی.

هاوینی ئەم شارە لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئاب دەخایەنێت، کەشی شارەکە لەم وەرزەدا مامناوەند و تەڕ و هەوراوییە، لەگەڵ ئەوەشدا بارانێکی زۆری لێ دەبارێت. بەڵام ڕێ لە شەپۆلی گەرما و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ناگیرێت، کە زۆرجار کورتخایەنن، لە تەممووزی 2006ـدا پلەی گەرمی شارەکه گەشتە 35 پلەی سەدی.

باشترین وەرز بۆ سەردانکردنی لیڤەرپووڵ وەرزی هاوینە، یان بە شێوەیەکی گشتی ناوەڕاستی مانگی ئایار بۆ ناوەڕاستی ئەیلولە، کە بەزۆری پلەکانی گەرما بۆ چالاکییە دەرەکییەکان خۆشن، هەرچەندە باشتر واییە بۆ کەشی ساردی ئێواران یان ڕۆژە ساردەکان چەترێک و بلوزێک لەگەڵ خۆماندا ببەین.

هەروەها ڕێژەی دابارینی ساڵانەی شارەکە 835 مللیمەترە، ئەمەش ئاستێکی ناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بە گوێرەی وشکترین و باراناوییترین مانگەکانی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگی شوبات و نیسان و ئایارە 55 مللیمەتر دەبارێت و لە باراناوییترین  مانگی ساڵیشدا کە مانگی تشرینی یەکەمە 95 مللیمەتر دەبارێت.

لەڕووی گەشتیارییەوە

لیڤەرپووڵ لە ساڵی 2019ـدا پێنجەم شاری بەریتانیا بوو کە زۆرترین سەردانیکەری هەبووە، هەروەها شارەکە خاوەنی چەندین باڵەخانەی مێژوویی جوان، باخچە، پارک، مۆزەخانە و شوێنی حەوانەوەیە، هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە بریتین لە:

  1. هۆڵی سەینت جۆرج
  2. کڵێسەی لیڤەرپووڵ
  3. پێشەنگای نیگارکێشی و مۆزەخانەی تەیت لیڤەرپووڵ
  4. بەندەری لیڤەرپووڵ
  5. مۆزەخانەی زە بیتلێس ستۆری
  6. پارکی بێرکنهێد
  7. مۆزەخانەی دەریایی مێرسیساید
  8. بەندەری ڕۆیاڵ ئەلبێرت
  9. مۆزەخانە و گەلەری ڤیکتۆریا
  10. مۆزەخانەی لیڤەرپووڵ


سەرچاوەکان



261 بینین