کۆنستانتین چێرنێنکۆ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-01-23:44:00 - کۆدی بابەت: 9658
کۆنستانتین چێرنێنکۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆنستانتین ئوستینۆڤیچ چێرنێنکۆ (بە ئینگلیزی: Konstantin Chernenko، بە عەرەبی: قسطنطين تشيرنينكو) سیاسەتمەدارێکی سۆڤیەت و حەوتەمین سکرتێری گشتیی حیزبی شیوعیی یەکێتیی سۆڤیەت بوو. بۆ ماوەیەکی کورت لە ١٣ی شوباتی ١٩٨٤ تا کۆچی دوایی لە ١٠ی ئازاری ١٩٨٥ سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت بووە. 

چێرنێنکۆ لە بنەماڵەیەکی هەژار لە سیبیریا لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٢٩ پەیوەندی بە کۆمسۆمۆڵ (خولی لاوانی حیزبی شیوعی)ـەوە کردووە و لە ساڵی ١٩٣١ بووەتە ئەندامی تەواوی ئەو حیزبە، دوای ئەوەی زنجیرەیەک پۆستی پڕوپاگەندەی بەدەستەوە بووە، لە ساڵی ١٩٤٨ بووە بە بەرپرسی بەشی پڕوپاگەندە لە مۆڵداڤیا، لە ژێر دەستی لیۆنید برێژنێڤ خزمەتی کردووە. دوای ئەوەی برێژنێڤ لە ساڵی ١٩٦٤ وەک سکرتێری یەکەمی وڵات دەستبەکار بوو، چێرنێنکۆ پلەی بەرزبووەوە بۆ سەرۆکایەتی بەشی گشتی کۆمیتەی ناوەندی، کە بەرپرسیار بوو لە دانانی بەرنامەی کار بۆ مەکتەبی سیاسی و داڕشتنی فەرمانەکانی کۆمیتەی ناوەندی. لە ساڵی ١٩٧١ چێرنێنکۆ بوو بە ئەندامی تەواوی کۆمیتەی ناوەندی، لە ساڵی ١٩٧٨دا کرا بە ئەندامی تەواوی مەکتەبی سیاسی.

دوای مردنی برێژنێڤ و جێنشینەکەی یووری ئەندرۆپۆڤ، چێرنێنکۆ لە شوباتی ١٩٨٤ وەک سکرتێری گشتی هەڵبژێردرا و لە نیسانی ١٩٨٤ کرا بە سەرۆکی سەرۆکایەتی سۆڤیەت. بەهۆی تێکچوونی خێرای تەندروستییەوە، زۆرجار نەیدەتوانی ئەرکە فەرمییەکانی خۆی جێبەجێ بکات. لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٨٥ دوای ئەوەی تەنها ١٣ مانگ لە سەرکردایەتی وڵاتەکەی کۆچی دوایی کرد، میخائیل گۆرباچۆڤ لە شوێنی ئەو پێگەی سکرتێری گشتی گرتەوە.

ژیان

چێرنێنکۆ لە بنەماڵەیەکی هەژار لە گوندی بۆلشایا تێس لە ناوچەی کراسنۆیارسک کرای لەدایکبووە. باوکی بە ناوی ئوستین دیمیدۆڤیچ لە کانەکانی زێڕ و مس کاری دەکرد و دایکی کاروباری کێڵگەکانی بەڕێوە دەبرد. چێرنێنکۆ لە ساڵی ١٩٢٩ پەیوەندی بە کۆمەڵەی لاوانی شیوعی و لە ساڵی ١٩٣١ پەیوەندی بە حیزبی شیوعیەوە کردووە. لە ساڵی ١٩٣٠ تا ١٩٣٣ لە پاسەوانی سنووری سۆڤیەت لە سنووری چین و سۆڤیەت کاری کردووە و دواتر پسپۆڕی لە پڕوپاگەندە وەرگرتووە لەو بوارەدا لە حیزبی شیوعی چالاک بووە. لە ساڵی ١٩٤٥ بڕوانامەی دیپلۆمی لە قوتابخانەیەکی ڕاهێنان لە مۆسکۆ وەرگرتووە، لە ساڵی ١٩٥٣ وانەی نامەنووسی بۆ مامۆستایانی قوتابخانەکان تەواو دەکات.

خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی پیشەیی چێرنێنکۆدا لە ساڵی ١٩٤٨دا هاتە ئاراوە کاتێک بۆ سەرۆکایەتی حیزبی کۆمۆنیستی بەشی پڕوپاگەندەی کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەت لە مۆڵداڤیا دەستنیشانکرا. لەوێدا چاوی بە لیۆنید برێژنێڤ کەوت و متمانەی خۆی بەدەستهێنا، کە یەکەم سکرتێری حیزب بوو لە مۆڵدۆڤا لە ساڵی ١٩٥٠ تا ١٩٥٢ و دواتریش بوو بە سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت. چێرنێنکۆ لە ساڵی ١٩٥٦ دوای برێژنێڤ ڕۆیشتە کۆمیتەی ناوەندی مۆسکۆ بۆ ئەوەی لەوێ کاری پڕوپاگەندە لە ئەستۆ بگرێت. لە ساڵی ١٩٦٠ دوای ئەوەی برێژنێڤ وەک سەرۆکی سۆڤیەت دەستنیشانکرا، چێرنێنکۆ بوو بە بەڕێوەبەری نووسینگەکەی.

سێبەری برێژنێڤ

لە ساڵی ١٩٦٥ چێرنێنکۆ بوو بە بەڕێوەبەری کارمەندان لە بەشی گشتیی حیزب و وەک نووسەر بەردەوام بوو لە کارەکەی، لەوێ بەردەوام بە کەسانی پلەباڵای حیزب ئاشنا دەبوو. ئەرکی چاودێریکردنی ئامێرەکانی گوێگرتن و چاودێریکردن لە فەرمانگەکان و واژۆکردنی سەدان بەڵگەنامەی ڕۆژانەی پێ سپێردرابوو. بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ ئەم کارەی کردووە. تەنانەت کاتێک بوو بە سکرتێری گشتی حیزبەکە بەردەوام بوو لە واژۆکردنی زۆر بەڵگەنامە بەهۆی پێکهاتە بیرۆکراتییەکانی سۆڤیەتەوە. لە کۆتاییدا کاتێک چێرنێنکۆ نەخۆش کەوت و لە ڕووی جەستەییەوە توانای واژۆکردنی بەڵگەنامەکان نەما، لەبری ئەوە واژۆی ساختە بەکارهێنران، ئەمەش وایکرد واژۆکە بێ بەها ببێت. 

دوای مردنی برێژنێڤ لە ساڵی ١٩٨٢، چێرنێنکۆ بەهۆی کاندیدکردنی یووری ئەندرۆپۆڤ، سەرۆکی پێشووی KGB بۆ پۆستی سکرتێری گشتی، ململانێی دەسەڵاتی لەدەستدا. 

سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت

ئەندرۆپۆڤ لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٨٤ کۆچی دوایی کرد. چێرنێنکۆ چوار ڕۆژ دوای مردنی لە دانیشتنی پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لە ١٣ی شوباتی ١٩٨٤دا وەک سەرۆکی نوێ هەڵبژێردرا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی نیگەرانییەکی زۆر لە تەندروستیی ئەو هەبوو و ئەندرۆپۆڤ پێش مردنی ڕایگەیاندبوو وا باشترە گۆرباچۆڤ ببێتە سەرۆک.

له‌ بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا له‌گه‌ڵ کۆماری گه‌لی چین دانوستانێکی بۆ ڕێککه‌وتنی بازرگانی کرد. سەرەڕای بانگەواز بۆ بەردەوامبوونی بەرگریی نێودەوڵەتی، چێرنێنکۆ جدی نەبوو لە ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی جەنگی سارد لەگەڵ ئەمریکا، بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٨٤ یەکێتیی سۆڤیەت ڕێگری لە سەردانی ئێریچ هۆنێکەری سەرکردەی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات کرد بۆ ئەڵمانیای ڕۆژاوا. بەڵام لە کۆتاییەکانی پاییزی ساڵی ١٩٨٤ ئەمریکا لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٥ ڕێککەوتن.

بەهۆی ئەوەی ئەمریکا بایکۆتی ئۆڵۆمپیادی هاوینەی ساڵی ١٩٨٠ی کردبوو کە لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو، یەکێتیی سۆڤیەت لە ژێر بەرێوەبردنی سەرۆک چێرنێنکۆدا بڕیاریدا بایکۆتی ئۆڵۆمپیادی هاوینەی ساڵی ١٩٨٤ لە لۆس ئەنجلس بکات. ١٤ وڵاتی بلۆکی ڕۆژهەڵات لەوانە یەکێتیی سۆڤیەت و کووبا و ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات بایکۆتی ئەم یارییە ئۆڵۆمپیانەیان کرد.

کۆچی دوایی

لە بەهاری ساڵی ١٩٨٤ چێرنێنکۆ زیاتر لە مانگێک لە نەخۆشخانە خەوێندرا، بەڵام بە ناردنی یاداشت و نامە درێژەی بە کاری سیاسی خۆی دا. دواتریش تووشی هەوکردنی سییەکان بوو. چێرنێنکۆ تا کۆتایی پاییزی ساڵی ١٩٨٤ نەگەڕایەوە کرێملین، هەرچەندە لە ئۆفیسەکەی خۆی بەردەوام بوو لە پێدانی فەرمان بە نووسەران، بەڵام نەیدەتوانی بە پێ بڕوات. 

لە سێ هەفتەی کۆتایی مانگی شوباتی ساڵی ١٩٨٥دا تەندروستی بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچوو، هەوکردنی درێژخایەنی جگەر و سستبوونی جگەر و نەخۆشی سیرۆزیس هەموویان کاریگەریی قووڵیان لەسەر تەندروستیی ئەو هەبوو. لە ١٠ی ئازاردا کاتژمێر ٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆ کەوتە کۆما و کاتژمێر ٧:٢٠ بەهۆی سستبوونی دڵەوە گیانی لەدەستدا. بە پرسەی دەوڵەتی ڕێزی لێگیرا و لە گۆڕستانی کرێملین بەخاک سپێردرا.


سەرچاوەکان



414 بینین