ئازاری مەمک

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-08-05-21:12:00 - کۆدی بابەت: 9714
ئازاری مەمک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

ئازاری مەمک (بە ئینگلیزی: breast pain) و (بە عەرەبی: ألم الثدي) یەکێکە لە ئازارە باوەکان لەناو خانماندا. ٧٥٪ـی خانمان هەست بەم ئازارە دەکەن، دەکرێت ئەم ئازارە هەندێک کات لە پیاوان یاخود کەسانی دوو ڕەگەزیشدا دروست ببێت. دەگونجێت ئازارەکە لە یەک مەمک یاخود هەردوو مەمکەکەدا هەبێت. هەندێک کات ئازارەکە تەنها بە دەست لێدان هەستی پێ دەکرێت و هەندێک جاریش بەبێ دەست لێدان هەستی پێ دەکرێت. بڕی ئازارەکە لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی تر دەگۆڕێت بەڵام ١٥٪ـی ئەوانە ئازاری مەمکیان هەیە پێویستیان بە چارەسەرە.
ئازاری مەمک بە کەمی نیشانەیەکە بۆ شێرپەنجەی مەمک و مەترسی دروستبوونی شێرپەنجەش زیاد ناکات، بەڵام هەر گرنگە خانمان کاتێک ئازاری مەمکیان هەبوو سەردانی پزیشک بکەن.

جۆرەکان و نیشانەکانی 

بەگشتی ئازاری مەمک دابەش دەبێت بۆ دوو جۆر ئەوانیش:

ئازاری سوڕیی

ئەم جۆرە ئازارە بەهۆی سوڕی مانگانە و گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکاندا ڕوودەدات، و نیشانەکانی بەمشێوەیەیە:

  • ئازارێکی توند.
  • توندبوونی مەمک و ئاوسانی.
  • هەردوو مەمکەکە دەگرێتەوە و ئازارەکە زیاتر لە سەرەوە و ژێری مەمکدایە.
  • دوو هەفتە بۆ هەفتەیەک پێش سوڕی مانگانە دەست پێ دەکات و پاش سوڕەکە کەمتر دەبێتەوە و نامێنێت.
  • بەزۆری لە کەسانی تەمەن ٢٠ بۆ ٤٠ ساڵ دەردەکەوێت.

ئازاری ناسوڕیی

هیچ پەیوەندییەکی بە سوڕی مانگانەوە نییە و چەند نیشانەیەکی هەیە:

  • لەگەڵ ئازارەکەدا کزانەوە و گرژبوون دروست دەبێت. 
  • ئازارەکە بەردەوام دەبێت.
  • بەگشتی تەنها یەکێک لە مەمکەکان دەگرێتەوە.
  • بە زۆری لەو خانمانەدا دەردەکەوێت کە گەشتوونەتە تەمەنی نائومێدی.

هۆکارەکان

گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان

گۆڕانکاری هۆڕمۆن هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئازاری مەمک، بەگشتی خانمان پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە ئازارییان دەبێت لە هەردوو مەمکیاندا. 

قەبارەی مەمک

ئەو کەسانەی مەمکیان گەورەیە، زیاتر تووشی ئازاری مەمک دەبنەوە، کە ئازارەکە ئازاری پشت و ئازاری شانەکانیشی لەگەڵدایە.

نەشتەرکاری مەمک

ئەگەر هەر نەشتەرکارییەک بۆ مەمک بکرێت ئەوا مەمکەکە تووشی ئازار دەبێتەوه.

شێرپەنجەی مەمک

هەرچەندە حاڵەتێکی کەمە بەڵام دەکرێت ئازاری مەمک بەهۆی بوونی گرێیەکی شێرپەنجەیی بێت لە مەمکدا.

تێکچوونی هاوسەنگی ترشە چەورییەکان

لە کاتی تێکچوونی هاوسەنگی ترشە چەورییەکان لە خانەکانی مەمکدا ئازار دروست دەکات. ئەمەش کاردەکاتە سەر شانەکانی مەمک و سوڕی هۆڕمۆنەکان.

کیسی مەمک

لەوانەیە هۆکاری ئازارەکە هەبوونی کیس بێت لە مەمکدا، بەگشتی ئەم کیسانە پڕ لە شلەن و مەترسیدار نین و پاکن. هەندێک جار ئەم شلانە خۆیان نامێنن و لەناودەچن و هەندێک جاریش پێویست دەکات پزیشک شلەکە دەربهێنێت، کە ئەویش ڕێگایەکی چارەسەرە.

بەکارهێنانی دەرمان

زۆرێک لە دەرمانە هۆڕمۆنییەکان بۆ نموونە وەک دەرمانەکانی نەزۆکی یان ڕێگریکردن لە دووگیانی، وادەکەن مەمک ئازاری بۆ دروست ببێت.

زۆر خواردنەوەی کافایین

زۆر خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی کە دەوڵەمەندە بە کافایین هۆکارێکە بۆ ئازاری مەمک.

دەستنیشانکردن

پشکنینی ڕاستەوخۆی مەمک

پزیشک پێش هەر کارێک مەمک دەبینێت و بە چاو دەتوانێت چەند نیشانەیەکی بۆ دەربکەوێت، پاشان بە دەست لێدان بۆ مەمک، ژێرباڵ و هەروەها پشکنینی دڵ و سییەکان. 

مەمۆگرافی

مەمۆگرافی ڕێگایەکە بۆ پشکنینی مەمک، لە ئەگەری هەبوونی گرێ یاخود ئەستووربوونی نائاسایی مەمک پێویستە نەخۆشەکە بردرێت بۆ تیشک بۆ دڵنیابوونەوە.

سۆنەر

ئەم پشکنینە بەهۆی شەپۆلەکانی دەنگەوە ئەنجام دەدرێت. وێنەی ناوەوەی مەمک پیشان دەدات، هەندێک کات ئەگەر بێت و پشکنینی مەمۆگرافیش ئاسایی و بێکێشە بوو، پزیشک هەر بڕیار بدات بە سۆنەرکردن بۆ دڵنیایی زیاتر.

پشکنینی نموونەی شانەی جەستە

کاتێک گرێیەک بوونی هەیە یاخود شانەکانی مەمک زۆر ئەستوور بوون، پزیشک بڕیار دەدات بە پشکنینی نموونەی شانەکانی مەمک، لەم پشکنینەدا نموونەیەک لە شانەی مەمکەوە وەردەگیرێت و دەنێردرێت بۆ پشکنین.

کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟

ئەگەر جیا لە هەبوونی ئازار چەند نیشانەیەکی وەک ئەمانەت هەست پێ کرد ئەوا سەردانی پزیشک بکە:

  • ئاوسانی زۆری مەمک
  • هەبوونی گرێ لە مەمک
  • سووربوونەوە و گەرمی مەمک
  • شین بوونەوەی مەمک

چارەسەر

چارەسەری سروشتی

هەندێک لە حاڵەتەکانی ئازاری مەمک پێویستییان بە چارەسەری پزیشکی نییە و بە چەند ڕێگایەک دەتوانرێت ئازارەکە کەم بکرێتەوە، نەخۆشەکە پێویستە ئاگاداری خۆی بێت و کاری قوورس ئەنجام نەدات تاکوو ئارارەکەی کەم دەبێتەوە، هەروەها دوورکەوتنەوە لە لەبەرکردنی ستیانی تەسک و ڕەق، کەمکردنەوەی خواردنە چەور و سوێر و ترشەکان، دوورکەوتنەوە لە زیادەڕەویکردن لە خواردنەوە کافایینەکان. 

دەرمانی ئازارشکێن و دژەبەکتریا

ئەگەر هاتوو ئازارەکە بە ڕێگای سروشتی کەمی نەکرد پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت، پزیشک هۆکارەکە دەدۆزێتەوە و دەرمانی دژەبەکتریا و ئازارشکێن بۆ نەخۆشەکە دادەنێت.

ڕێکخستنی حەپەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی

ئەگەر هاتوو هۆکاری ئازارەکە بەکارهێنانی حەپی دژەدووگیانی بوو، پزیشک بڕیار دەدات بە وەستاندنی حەپەکان و ڕێگایەکی تری ڕێگریکردن لە دووگیانی بۆ نەخۆشەکە دادەنێت.

ڕێگریکردن

  • تاکوو دەکرێت دووربە لە وەرگرتنی چارەسەر بە دەرمانی هۆڕمۆنی.
  • دوورکەوتنەوە لە ڕێگا هۆڕمۆنییەکان بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی.
  • بەکارهێنانی ستیانی وەرزشی لە کاتی وەرزشکردندا.
  • ئەنجامدانی هەر کارێک کە دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی کەم بکاتەوە.
  • کەمکردنەوەی ئەو خواردنەوانەی دەوڵەمەندن بە کافایین.
  • دوورکەوتنەوە لە کاری قوورس و خۆ ماندووکردن.
  • کەمکردنەوەی خواردنی چەور.
  • دوورکەوتنەوە لە هەڵگرتنی شتی قوورس.
  • کەمکردنەوەی خواردنی خوێ.
  • دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان.
  • لەبەرنەکردنی ستیانی تووند و تەسک.
  • زۆر خواردنی میوە و سەوزە.


سەرچاوەکان

323 بینین