ناکۆکییەکانی نێوان چین و تایوان

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-05-23:21:00 - کۆدی بابەت: 9716
ناکۆکییەکانی نێوان چین و تایوان

ناوه‌ڕۆك

ناکۆکییەکانی نێوان چین و تایوان

(بە ئینگلیزی: taiwan and china conflict، بە عەرەبی: الصراع الصيني التايواني) وڵاتی چین، بەفەرمی کۆماری چینی میللی، یەکێکە لە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان و ڕووبەری ڕووەکەی 9,596,961 کیلۆمەتر دووجایە. هەروەها وڵاتی تایوان، بەفەرمی کۆماری چین، دوورگەیەکە لە خۆرهەڵاتی ئاسیا و بە شێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوەدەبرێت، ڕووبەری ڕووەکەشی 36,197 کیلۆمەتر دووجایە.

لە ساڵانی ڕابردوودا و بەهۆی ناکۆکی لەسەر پێگەی تایوان گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان چین و تایوان زیادی کردووە. چین وەکوو بەشێک لە خاکی خۆی سەیری تایوان دەکات و هەڕەشەی یەکخستنەوەی ئەو دوورگەیەیە لەگەڵ بەشی سەرەکی وڵاتەکەیدا دەکات، ئەگەر پێویستیش بکات هێز بەکاردەهێنێت. هەروەها بەهۆی پەیوەندییە تایبەتەکانی نێوان واشنتۆن و تایپێی پایتەختی تایوان هەر پێکدادانێکی سەربازی نێوان چین و تایوان دەتوانێت ئەمریکا پەلکێش بکاتە ناو کایەکەوە.

چۆن ئەم گرژییە دەستی پێکرد؟

چین و تایوان لە ساڵی 1949ـەوە لەیەکتر جیابوونەتەوە، کاتێک شەڕی ناوخۆیی چین بە سەرکەوتنی کۆمۆنیست کۆتایی هات، ناسیۆنالیستە دۆڕاوەکان پاشەکشەیان کرد بۆ تایوان، لەو کاتەوە تایوان بە شێوەیەکی سەربەخۆ حوکومڕانی دەکات. دوورگەکە بە گەرووی تایوان لە خاکی سەرەکی وڵات جیاکراوەتەوە، هەروەها خاوەنی حکوومەتێکی هەڵبژێردراوی دیموکراسییە و نزیکەی 23 ملیۆن کەسی لێ نیشتەجێیە. زیاتر لە حەوت دەیەیە پەکینی پایتەختی چین لە سەیرکردنی تایوان وەک هەرێمێکی چین بەردەوامە و سوێند دەخوات لەگەڵ خاکی سەرەکی وڵاتەکەیدا یەکی بخاتەوە.

پێگەی نێودەوڵەتی تایوان چییە؟

هەڵوێستی پەکین ئەوەیە کە تەنیا یەک چین بوونی هەیە و تایوان بەشێکە لە چین. هەروەها چین فشار دەخاتە سەر وڵاتانی جیهان بۆ ئەوەی پشتیوانی لە پەکین بکەن و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ تایواندا بپچڕێنن. لە ئێستادا تەنها 14 وڵات لەگەڵ تایواندا درێژە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییە فەرمییەکانیان دەدەن. هەروەها تایپێ ئەندام نییە لە ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام ئەندامە لە ڕێکخراوەکانی بانکی گەشەپێدانی ئاسیا و ڕێکخراوی بازرگانی جیهان. لەلایەکی تریشەوە چین فشار دەخاتە سەر کۆمپانیاکانی جیهان بۆ ئەوەی وەکوو بەشێک لە چین ئاماژە بە تایوان بکەن.

ئەو حکوومەت و کۆمپانیایانە کە بنەما و سیاسەتی پەکین لەسەر ئەو پرسە قبوڵ ناکەن، مەترسی کاردانەوەی لەناکاو و بەهێزی حکوومەتی چینیان لەسەرە. بۆ نموونە، لە ساڵی 2021ـدا چین پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ لیتوانیای ئەندامی یەکێتی ئەورووپا پچڕاند بەهۆی کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتی تایوان لە ڤیلنیوسی پایتەخت.

پەیوەندی نێوان ئەمریکا و تایوان

بۆ ماوەی نزیکەی سێ دەیەیە، دوای دەست بەکاربوونی حکوومەتی کۆمۆنیست لە چین، ئەمریکا تایپێی وەکوو حکوومەتی هەموو چین ناساند. بەڵام لە ساڵی 1979، واشنتۆن پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆی و پەیمانی بەرگریی هاوبەشی لەگەڵ تایوان هەڵوەشاندەوە و پەیوەندی دیپلۆماسی فەرمی لەگەڵ چیندا بەست. سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییە، واشنتۆن پەیوەندییە نافەرمییەکانی لەگەڵ تایپێدا پاراستووە. هەرچەندە پەکین چەندین جار هۆشداری داوەتە ئەمریکا کە کەلوپەل و کەرەستەکانی سەربازی بە تایوان نەفرۆشێت، بەڵام ئەمریکا بەردەوامە لە فرۆشتنی کەلوپەلی سەربازی بە تایوان بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆی بکات. هەروەها کەشتییە جەنگییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا بە بەردەوامی بە گەرووی تایواندا دێن و دەڕۆن بۆ گەڕاندنەوەی هێزی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

ئەمریکا ئەوە ڕادەگەیەنێت کە ئامانجیان دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیرییە لە گەرووی تایوان. بۆ ئەم مەبەستەش دەیەوێت بارودۆخی ئێستا بپارێزێت. لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا، ئەمریکا پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ تایوان قوڵتر کردەوە و بە بەهای زیاتر لە 18 ملیار دۆلار چەکی بە دوورگەکە فرۆشت، جۆ بایدن رایگەیاند کە ئەگەر چین هێرش بکاتە سەر تایوان ئەمریکا بەرگری لە تایوان دەکات.

ئایا چین لەپێناو گەڕاندەوەی تایوان بۆ سەر چین دەچێتە شەڕەوە؟

پەكین نکۆڵی لە بەکارهێنانی هێز بۆ یەكگرتنەوەی تایوان لەگەڵ چین ناکات. (شی جین پینگ)ی سەرۆکی چین لە وتارێکی کانوونی دووەمی ساڵی 2019ـدا داوای یەکگرتنەوەی تایوان و چینی کرد و ڕایگەیاند کە ناتوانرێت ئەم بارودۆخەی ئێستا بۆ هەمیشە بەردەوام بێت. وتیشی، هیچ بەڵێنێک نادەین دەستبەرداری بەکارهێنانی هێز بین و هەموو رێگایەکی پێویست دەگرینەبەر و ناوەستین. هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە کە یەکگرتنەوەی چین و تایوان بۆ بەدیهێنانی خەونی چین و گەڕاندنەوەی پێگەی بەهێزی چین تا ساڵی 2049 زۆر گرنگە.

هەروەها چین تادێت فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بۆمب هاوێژ و فڕۆکەی چاودێری خۆی بۆ نزیک تایوان دەنێرێت، بە هەمان شێوە وەکوو نمایشێکی هێز کەشتی جەنگی لەڕێگەی گەرووی تایوانەوە دەنێرێت. ئامادەیی چین بۆ بەکارهێنانی هێز، فراوانبوونی خێرای توانا سەربازییەکانی و تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان تایوان و چین، ترسی دروستبوونی شەڕ و پێکدادانی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا دروست کردووە.


سەرچاوەکان



215 بینین