عەلی حەیدەریان

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-08-08-22:20:00 - کۆدی بابەت: 9758
عەلی حەیدەریان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عەلی حەیدەریان (بە ئینگلیزی: Ali Haidarian)، کەسایەتییەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بە تۆمەتی ئەندام بوون و هاوکاری لەگەڵ پەکەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا و لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠ لەگەڵ فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، فەرهاد وەکیلی و مەهدی ئیسلامیان لە گرتووخانەی ئێڤین لە سێدارە دران.

زیندانی کردنی

عەلی حەیدەریان لە شاری تاران قۆڵبەست کرا و بۆ گرتووخانەی ئێڤین گوازرایەوە، ماوەیەکی زۆر لەوێ لەژێر ئەشکەنجەدا بوو و دواتر نێردرا بۆ کرماشان و لەوێش زیاتر لە دوو مانگ ئەشکەنجە درا و دووبارە نێردرایەوە بۆ تاران و لەوێ دوای نۆ مانگ توانی پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بکات و پێیان بڵێت زیندووە. عەلی دواتر نێردرا بۆ سنە و کەرەج و جگە لە ئەشکەنجەی زیاتری ڕۆحی و جەستەیی، بنەماڵەکەشیان ئازار دەدا تاوەکوو فشاری بۆ بهێنن، ماوەیەکی زۆریش عەلی مۆڵەتی بینینی کەسوکاری نەبوو.

لەسێدارەدانی

عەلی حەیدەریان لە ڕێکەوتی ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨ لەلایەن لقی سی دادگای شۆڕشی تاران لە حەوت خولەکدا بە تۆمەتی ئەندامییەتی پەکەکە حوکمی دە ساڵ زیندانی و لە سێدارەدانی بەسەردا سەپا و لە بەرواری ٩ی ئایاری ٢٠١٠ لەگەڵ چوار زیندانی تر کە سیانیان کورد بوون، بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان و بە نهێنی لە گرتووخانەی ئێڤین لە سێدارەدران و بە نهێنی بە خاک سپێردران و تا ئێستاش شوێنی ناشتنی تەرمەکانیان نادیارە.


سەرچاوەکان



237 بینین