کاریگەری زیانبەخشی زۆر خەوتن

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-21-22:00:00 - کۆدی بابەت: 12945
کاریگەری زیانبەخشی زۆر خەوتن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاریگەری زیانبەخشی زۆر خەوتن (بە عەرەبی: أضرار كثرة النوم، بە ئینگلیزی: Disadvantages of too much sleep) هەر وەک چۆن کەمخەوی زیانی هەیە ئاواش دەکرێت زۆر خەوتن زیان بە تەندروستی و دەرووندروستی بگەیەنێت. زۆر خەوی لە نێوان هەرزەکاران و ئافرەتانی ماڵدا زۆرتر باوە هەروەها ئەو کەسانەی ئیش و کاری دەرەوەیان نییە بەزۆری کاتەکانی ماڵەوەیان بە خەوتن بەسەر دەبەن. بێگومان کۆمەڵێک هۆکار هەیە بۆ کەمخەوی و لەگەڵ ئەوەشدا کەمخەوی دەتوانێت ببێتە هۆی دووچاربوون بە کۆمەڵێک کێشەی جدییەوە کە پێویستە فەرامۆش نەکرێت و هەنگاوی گرنگ و پێویستی بەرامبەر بگیرێتە بەر.

زۆر خەوتن چییە؟

خەوتن بۆ ماوەیەکی کەم یان کەمتر لە ٧-٨ کاتژمێر لە تەواوی شەودا کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی گشتیی تاک دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا پسپۆڕان و توێژەران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زۆر خەوتن خراپترە لە کەم خەوتن، هەروەها لە شیکارییەکاندا بۆ ژمارەیەکی زۆر توێژینەوە کە زیاتر لە سێ ملیۆن کەسیان گرتۆتەوە؛ توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە خەوتن زیاتر لە مەودای ٧ بۆ ٨ کاتژمێر لە شەوێکدا مەترسی مردن و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاتر دەکات.

خەوتنی باش بریتییە لە بڕی گونجاوی خەوتن، ئەمەش دەتوانێت جیاوازییەکی گەورە لە هەستی مرۆڤدا دروست بکات دوای ئەوەی لە خەو هەڵدەستێت، چونکە کەم خەوتن یان زۆر خەوتن دەبێتە هۆی زیادبوونی هەستکردن بە ماندوێتی لەلای تاکە و دەبێتە هۆی ئەوەی وزەیەکی کەمی هەبێت. توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، هەر لادانێک لە شێوازە ئاساییەکانی خەوتن دەبێتە هۆی زیادبوونی هەستی ماندوێتی مرۆڤ لە ڕۆژدا و دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی لە هاوئاهەنگی لەشدا. باشترین چارەسەر ئەوەیە کە کەسەکە بزانێت پێویستی بە چەند کاتژمێر خەوتن هەیە و چەند کاتژمێر خەوتن بەسە بۆی، هەروەها پابەندبێت پێیانەوە ئەگەر لە ڕۆژانی کاردا بێت، یان لە پشووی کورت یان لە پشووی درێژدا.

کاریگەری زیانبەخشی زۆر خەوتن

زۆر خەوتن زیانی زۆری هەیە، هەروەک چۆن کەمخەوی پەیوەندی هەیە بە توشبوون بە چەندین نەخۆشی درێژخایەن، هەر بەوجۆرەش بە زۆر خەوتن دەکرێت کەسێک بەرکەوتەی چەندین کێشەی تەندروستی ببێتەوە، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی مەترسی مردن بەهۆی ئەو کێشانەوە و لەنێویاندا دیارترین ئەو زیانانە بریتین لەمانە:

خەمۆکی: دەتوانین بڵێین خەوتن پەیوەندییەکی نزیکی بە خەمۆکییەوە هەیە، بەو پێیەی خەمۆکی دەبێتە هۆی خەوتن بۆ ماوەیەکی زیاتر لە ئاسایی، بەمەش خەوتن بۆ ماوەیەکی درێژتر دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە لە حاڵەتی خەمۆکیدا بمێنێتەوە.

نەخۆشییەکانی دڵ: زۆر خەوتن کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دڵ دەبێت. دەرکەوتووە کە ئەگەری تووشبوونی مرۆڤ بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی دڵ زیاد دەکات بە پێی ئامارەکانی ناوەندی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان، دەکرێت بڵێین نەخۆشییەکانی دڵ هۆکاری ژمارە یەکن بۆ مردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها ڕێژەی سەدی لەم مەترسییە لە ژناندا بە گشتی زیاترە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ژنان ماوەیەکی زیاتر لە پیاوان دەخەون.

قەڵەوی یان کێشی زیادە: توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو کەسانەی زۆر دەخەون مەیلیان هەیە بۆ ئەوەی کێشیان زیاد بکات و قورستر بن. چونکە ئەو کەسانەی کە چەندین کاتژمێر و لە سنووری ئاسایی زیاتر دەخەون جوڵەیان کەمتر دەبێت، بەم شێوەیەش کالۆری کەمتر دەسووتێنن و وزە بەکارناهێنن لەبری ئەوە بەشێوەی چەوری کالۆرییەکان کۆدەکەنەوە و ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ کێش زیاد بوون و پاشانیش قەڵەوبوون.

نەخۆشی شەکرە: زۆر خەوتن دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم زیاد دەکات، هەروەها بەبێ گوێدانە ئەوانەی سەرەوە؛ ئەم مەترسییە ڕەنگە زیاتر پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی زیادتر لە پێویست دەخەون، شێوازی ژیانی دانیشتن پەیڕەو دەکەن، جگە لەوەی کێشیان لە سەرووی سنووری ئاساییەوەیە، هەرچەندە هیچ پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان نەخۆشی شەکرە و زیادەڕۆیی لە خەوتندا نییە بەڵام زۆر خەوی کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چالاکی و زیادبوونی کێش و تێکچوونی دەروون هەر ئەمانە دەبنە هۆکارێکی سەرەکی بۆ تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەکرە.

لاوازی توانای تەرکیزکردن: زۆر خەوتن دەبێتە هۆی خێرابوونی پرۆسەی پیربوونی مێشک، هەروەها وادەکات کەسەکە قورستر بتواێت هەڵبسێت بە ئەنجامدانی چالاکی سادەی ڕۆژانە، ئەمەش بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکان کە لە گۆڤاری ئەمریکی، گۆڤاری کۆمەڵگەی بەساڵاچووان تۆمارکراون، هەروەها ئەمە دەتوانرێت ببەسترێتەوە بە ژمارەی ئەو جارانەی کە مرۆڤ لە شەودا لە خەو هەڵدەستێت؛ چونکە ئەمە بەو مانایەیە کە کەسەکە لە ماوەی شەودا بەشی پێویست ناخەوێت کە پێویست بێت بۆ نوێکردنەوەی چالاکیی مێشک و بارگاویکردنەوەی.

هەستکردن بە ئازار: ئەو کەسانەی زۆر دەخەون مەیلیان زیاترە بۆ توشبوون بە سەرئێشە بە واتایەکی تر ئەگەر زۆر بخەون دەکرێت زیاتر تووشی سەرئێشە ببن، هەروەها پێدەچێت ئەمە ڕووبدات بەهۆی ئەوەی زۆر خەوتن دەبێتە هۆی هاندانی هەندێک لە گوێزەرەوە دەمارییەکان لە مێشکدا، جگە لەوەی بەسەربردنی کاتێکی زۆر لە جێگادا دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ هەست بە ئازار بکات؛ بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر بەدەست ئازاری پشتەوە ناڵاندوویانە، هەستکردن بە ئازارەکە ڕەنگە بەهۆی کەمی جوڵە، پاڵکەوتن لە یەک دۆخدا بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ، یان خەوتن لەسەر جێگەی نوستن کوالێتی خراپ ڕووبدات. هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەو کەسانەی بەدەست ئازارەوە دەناڵێنن ناتوانن سوود لە ماوەی خەوتنەکەیان وەربگرن بەمەش هەرچەند بخەون هێشتا هەست دەکەن کەمخەون و خەواڵوون، ئەمەش وایان لێدەکات حەز بکەن زیاتر بخەون.

هۆکارەکانی زۆر خەوتن

هۆکار و کێشە زۆرن کە ڕەنگە ببنە هۆی خەوتنی زۆر و زیادەڕۆیی و لە نێو ئەو هۆکارانەشدا دیارترینیان ئەمانەن:

  • بوونی نەخۆشی غودەی دەرەقی.
  • نەخۆشییەکانی دڵ.
  • کۆتایی هاتنی هەناسەدان (هەناسەبڕکێ) لە کاتی خەودا.
  • خەمۆکی.
  • نەخۆشی خەواڵوویی.
  • هەندێک جۆری دەرمان.

تێکچوونی خەو

تێکچوونی خەو چەندین جۆری جیاوازی هەیە و بەزۆری ئەم جۆرانە بە پشتبەستن بە هۆکارەکانی ڕوودانیان یان چۆنێتی کاریگەرییان لەسەر تاکەکەس پۆلێن دەکرێن. هەروەها بە پشتبەستن بە شێوازی ڕەفتاری، کێشەکانی ناو خەو، بەئاگاهاتنەوەی سروشتی کەسەکە، یان لەسەر بنەمای کێشەی هەناسەدان، یان ئەوەی چەندە هەست بە خەواڵوویی دەکات لە کاتی ڕۆژدا. لە جۆرە باوەکانی تێکچوونی خەو ئەمانەن :

کەمخەوی (Insomnia): وەک ئەو کەسانەی بەدەست کەمخەویەوە دەناڵێنن، بەزەحمەت دەست بە خەوتن دەکەن، یان بەزەحمەت بەردەوام دەبن لە خەوتن.

وەستانی هەناسەدان لە کاتی خەودا: ئەم نەخۆشییە کاتێک ڕوودەدات کە مرۆڤ لە کاتی خەوتندا هەست بە شێوازی هەناسەدانی نائاسایی بکات، هەروەها چەندین جۆری هەناسە بڕکێ لە کاتی خەودا هەیە.

کۆنیشانەی (Restless legs): جۆرێکە لە تێکچوونی جوڵە لە کاتی خەوتندا، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە ناڕەحەتی و پێویستییەکی بەپەلە بۆ جوڵاندنی قاچەکان لەکاتێکدا کەسەکە هەوڵی خەوتن دەدات

خەواڵوویی: خەواڵوویی بریتییە لە حاڵەتێکی خەواڵوویی زۆر لە ڕۆژدا، هەروەها خەوتنی ڕاستەقینەی لەناکاو لە ماوەکانی ڕۆژدا.


سەرچاوەکان



4136 بینین