ئیگۆ

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-08-09-22:53:00 - کۆدی بابەت: 9772
ئیگۆ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئیگۆ (بە عەرەبی: الإیجو، بە ئینگلیزی: Ego) وشەیەکی لاتینییە بە واتای (من، I) دێت. بە وەرگێڕانی وشەیی ئیگۆ واتا (من)، بۆ نموونە ئەگەر لە لاتینیدا بتەوێت بنووسیت (I love you)، دەنووسیت (ego amo te). بەکارهێنانی وشەی ئیگۆ بە زۆری لە ڕێگەی کارەکانی سیگمۆند فرۆیدەوە خۆی خزاندە ناو زانستی دەروونناسییەوە. لە بیردۆزەکەی فرۆیددا، ئیگۆ ئەو بەشەی کەسایەتیییە کە لە نێوان ویستە ئاژەڵییەکانی ئید (ئەو) و ستانداردە کۆمەڵایەتی و ئاکارییەکانی سوپەرئیگۆ (منی باڵا)ـدا حوکم دەکات. ئەوەی جێگەی سەرنجە وشەی ئیگۆ لە هیچ شوێنێک لەناو نووسینەکانی فرۆیددا نەنووسراوە، خۆی هەرگیز ئەو وشەیەی بەکارنەهێناوە. بەڵکوو لە زمانی ئەڵمانییدا بە "das Ich" نووسیویەتی کە بە واتای من دێت و لە کاتی وەرگێڕاندا کراوە بە ئیگۆ. فرۆید ئەو بەشەی ئاگایی، ئەو بەشەی کە توانای بڕیاردانی هەیە بە من ناوی دەبرد، بۆ نموونە کە دەڵێیت "من حەزم بە چارەی دایکم نییە" یان "بڕیارمدا پیشەکەم بگۆڕم" یان "دوێنێ شەو لە خەونمدا ماڵەکەم گڕی گرتبوو"، ئەوە "من"ی تۆیە، ئەوە "ئیگۆ"کەتە.

تێڕوانینێکی نزیکتر بۆ ئیگۆ

بە لای فرۆیدەوە، ئید بنچینەییترین بەشی کەسایەتیییە کە وا لە خەڵک دەکات ویستە سەرەکییەکانیان بەدیبهێنن. لە لایەکی ترەوە سوپەرئیگۆ بەشە ئاکارییەکەی کەسایەتیییە کە لە دوای منداڵیی و لە ئەنجامی پەروەردە و کاریگەرییە کۆمەڵایەتیییەکان دروست دەبێت. ئیگۆ ڕێگری لە مرۆڤ دەکات بۆ ئەنجامدانی ویستە بنچینەییەکان کە لەلایەن ئیدەوە دروست دەکرێن، هەروەها هەوڵی ڕاگرتنی هاوسەنگی دەدات لە نێوان ئاکار و ستانداردە نمونەییەکانمان کە لەلایەن سوپەرئیگۆوە دروست دەکرێن. لە کاتێکدا ئیگۆ لە هەردوو بەشی پێشئاگایی و ئاگاییدا کاردەکات، پێکبەستییە بەهێزەکەی بە ئیدەوە واتای ئەوەیە لە نائاگایییشدا کارایە.

ئیگۆ لەسەر بنەماکانی واقیع کاردەکات، کە کارەکەی بۆ ڕازی کردنی ویستەکانی ئیدە بە شێوەیەک کە واقیعی و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە گونجاو بێت. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک لە ترافیک لایتدا پێشت بکەوێت و ڕێت لێ بگرێت، ئیگۆ ڕێگەت لێ دەگرێت لە بە دواکەوتنی ئۆتۆمبێلەکە و ئازاردان و هێرشکردنە سەری و لێدانی. ئیگۆ ئەو تێڕوانینەمان دەداتێ کە ئەم وەڵامدانەوەیە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە قبووڵ نەکراوە، لە هەمان کاتدا ئەوەشمان پێ دەڵێت کە ئامرازی گونجاوی تر هەیە بۆ ڕزگاربوون لە بێزارییەکانمان.

تێڕوانینەکانی فرۆید سەبارەت بە ئیگۆ

فرۆید لە کتێبی (١٩٩٣ New introductory lectures on psychoanalysis) پەیوەندی نێوان ئید و ئیگۆی بە ئەسپ و سوارەکەی بەراورد کردووە. ئەسپەکە ئیدە، هێزێکی بەدەسەڵاتە کە سەرچاوەی وزەی جووڵانە. سوارەکەش ئیگۆیە، ئەو هێزەیە کە ڕابەرایەتی دەسەڵاتی ئید دەکات بەرەو ئامانجەکەی. فرۆید ئاماژەی بەوە کردووە ئەم پەیوەندییە هەمیشە بەو شێوەیە ناڕوات کە پلانی بۆ دانراوە. لەو حاڵەتانەی کە نموونەییی نین لەوانەیە سوارەکە ڕێگە بە ئەسپەکە بدات بەو ئاڕاستەیەدا بڕوات کە ئاژەڵەکان لێوەی دەڕۆن.

ئانا فرۆیدی کچی فرۆید لە کتێبەکەیدا بە ناوی (١٩٣٦ The ego and the mechanism of defense)، ئاماژە بەوە دەدات کە میکانیزمی بەرگرییەکانی ئیگۆ لە دژی ئید لە پشتی پەردەوە ئەنجام دەدرێن. ئەم پێوانانە لە دژی ئید بە میکانیزمی بەرگری ناسراون، کە بە شێوەیەکی نادیار و بێدەنگ لەلایەن ئیگۆوە ئەنجامدەدرێت. 

لەکاتێکدا ناتوانین کردارەکانی میکانیزمی بەرگری ڕاستەوخۆ تێبینی بکەین، ئانا پێشنیاری ئەوەی کرد کە  بە پێداچوونەوە و گەڕانەوە بە ئەزموون و ڕووداوەکانی ڕابردوودا دەتوانرێت تێبینی بکرێن. چەپاندن یەکێکە لە نموونەکان. کاتێک شتێک لە ئاگایییدا دەچەپێنرێت، ئیگۆ ئاگادارنییە کە ئەو زانیارییە ون بووە. دواتر دەردەکەوێت کە بەشێک لەو زانیارییە یان یادەوەرییە نەماوە و کارەکانی ئیگۆ ئاشکرا دەبن.

گەشەسەندنی ئیگۆ

بەپێی قسەی فرۆید، ئیگۆ ئەو بەشەیە کە فرمانەکانی کەسایەتی ڕادەپەرێنێت بە خزمەتکردن وەکوو پێکبەستێکی نێوان جیهانی دەرەوە و ناوەوە و ئید و سوپەرئیگۆ. ئیگۆ بەردەوامی و هاوئاهەنگی بە ڕەفتار دەدات ئەویش بە دابینکردنی خاڵێکی ئاماژەی تاکەکەسی کە پەیوەندی بە ڕووداوەکانی ڕابردووەوە هەیە لەگەڵ کردارەکانی ئێستا و داهاتوو. ئیگۆ لەگەڵ کەسایەتی و جەستە فراوان نابێت، هەرچەندە چەمکەکانی جەستە کرۆکی ئەزموونە سەرەتاییەکانی خود پێکدەهێنن. هەر کە ئیگۆ پەرەی سەند، بەدرێژایی ژیان دەتوانێت بگۆڕێت، بەتایبەت لەژێر بارودۆخی مەترسی و هەڕەشە، نەخۆشی و گۆڕانکارییە دیارەکانی ژیان.

مرۆڤی ساوا کاردانەوەی هەیە بۆ کارتێکەرەکان بەڵام ناتوانێت جڵەویان بکات، مەزەندەیان بکات یاخود سەرچاوەی کارتێکەرەکە بگۆڕێت، ئیتر کارتێکەرەکە دەرەکی بێت یاخود ناوەکی. لەم قۆناغەدا هەستی پێزانین و درک پێکردن سەرەتایی و پەرتە، چالاکیی جووڵەیی بەرچاو و ڕێکنەخراوە. فێربوونی سادەترین جۆرەکانی وەڵامدانەوەی کارتێکەرەکان سنووردارە.

ئیگۆی منداڵەکە بەهۆی پەیوەندی بەجیهانی دەرەوە و ڕەنگدانەوەی هەوڵە بێ چارە و ناسەربەخۆکانی منداڵەکە بۆ گۆڕین و کەمکردنەوەی کارتێکەرە ئازاربەخشەکان گەشە دەکات. میکانیزمەکان بۆ جڵەوکردنی فشار لە کاتی گەڕان بە دوای بەدەستهێنانی تێربووندا پەرەدەسێنن، هەروەها ئەم میکانزیمانە بەرەو شێوەیەکی ئاڵۆزتری شارەزابوون پەرەدەسێنن.

لە سەرەتاوە هەستی پێزانین و درک پێکردن و چالاکیی جووڵەیی پەیوەندییەکی نزیکیان هەیە، کارتێکەرەکان ڕاستەوخۆ کاردەکەنە سەر کرداری چالاکیی جووڵەیی. دواکەوتنی کردار لەکاتی بەرگەگرتنی فشاری ئاکامدا، بنچینەی بەرەوپێشچوونی فرمانی ئیگۆیە. ئەم دواکەوتنە مۆدێلی ڕۆڵی ئیگۆیە لە فرمانەکانی داهاتووی کەسایەتیدا. فێربوونی جیاکردنەوەی کارتێکەر و وەڵامدانەوەکان ڕێگە بەهاتنە ناوەوەی چالاکی ئاڵۆزی هزری دەدات وەکوو بیرکردنەوە، خەیاڵکردن و پلاندانان. کاتێک کاردانەوەکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ نابێت، ئیگۆ ئەو توانایە گەشە پێدەدات کە بتوانێت لەڕێگەی ئەزموونی کەسانی ترەوە واقیع هەڵبسەنگێنێت، دەرئەنجامەکانی ڕەوتی کردارێک یان چەند کردارێک بهێنیتەوە بەرچاوی خۆی، هەروەها بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئاڕاستەکانی داهاتوو بدات بۆ بەدەستهێنانی کۆتاییی شیاو. کەڵەکەبوون و توانای وەبیرهاتنەوەی یادەوەرییەکانی ڕووداوەکانی ڕابردوو بۆ چارەسەرکردنە ناوەکییەکانی وەکوو حکوومدان و بیرکردنەوە گرنگە.

دەستکەوتن و فێربوونی زمان لە دووەم و سێهەم ساڵەوە دەست پێدەکات، ئامرازێکی بەهێزە بۆ گەشەسەندنی پرۆسێسکردنی بیرکردنەوە لۆجیکییەکان، لە پاڵ ڕێگەدان بە پەیوەندی بەستن و جڵەوکردنی ژینگە.

لە کاتێکدا کەسەکە بەردەوامە لە گەشە، ئیگۆکەی جیادەبێتەوە و سوپەرئیگۆ گەشە دەکات. سوپەرئیگۆ نوێنەرایەتی ڕێگرییەکانی غەریزە و جڵەوی پاڵنەرەکان دەکات لە ڕێگەی یەکخستنی ستانداردە کۆمەڵایەتی و دایبابییەکان. هەر بۆیە ستانداردە ئاکارییەکان (مۆراڵ) کە لەلایەن سوپەرئیگۆوە هەستی پێدەکرێت دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی. ململانێ کە پێکهاتەیەکی گرنگی گەشە و پێگەیشتنی کەسایەتییە، دێتە ناو باسەکەوە. ئیگۆش دەبێتە نێوەندگیری سوپەرئیگۆ و ئید بە بنیادنانی ئەو شتەی پێی دەوترێت میکانیزمی بەرگری.

هێزی ئیگۆ

ئیگۆی بەهێز ئەم تایبەتمەندییانەی هەیە:

  1. بابەتییانە لە تێگەیشتن لە جیهانی دەرەوە و خودناسین.
  2. توانای ڕێکخستنی چالاکییەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر کە یارمەتیدەرە لە پاراستنی پلان و خشتەکان.
  3. هەروەها توانای بەدواداگەڕان بۆ چارەسەر لەکاتی هەڵبژاردنی بڕیاری یەکلاکەرەوەدا لەنێو هەڵبژاردە جێگرەوەکاندا.
  4. ئەو کەسانەی خاوەنی ئیگۆی بەهێزن دەتوانن ڕاستەوخۆ بەرگەی فشارە کۆمەڵایەتی و ژینگەیییەکان بگرن لەکاتی بەدوادا گەڕان و هەڵبژاردنی ڕەوتێکی گونجاو.
  5. کەسی خاوەن ئیگۆی بەهێز بەوە دەناسرێتەوە کە ڕێگە نادات پاڵنەرەکان زاڵ ببن بەسەریدا بەڵکو خۆی بەرەو ئاڕاستەیەکی بەسوود ئاڕاستەیان دەکات.

لە لایەکی ترەوە ئیگۆی لاواز بەوە ناسراوە کەسایەتی هەڵەشەن و هەستی خۆبەکەمزانییان هەیە، هەروەها توانای هەستکردن بە ناسنامەی لاوازە، لە ڕووی سۆزەکیشەوە هەستەکانی ناجێگیر و لاوازن. تێگەیشتنیان بۆ واقیع و خود شێواوە. لەم حاڵەتانەدا کەسەکە توانای کاری بەرهەمداری نییە، چونکە وزەیەکی زۆر لە پاراستنی بیرۆکە ناواقعییەکانی خوددا بەفیڕۆ دەدات، یاخود لەوانەیە کەسەکە تووشی کۆنیشانەی دەمارگیری ببێت. لاوازی ئیگۆ دەکرێت ببێت بە هۆکاری سەرەکی زیادبوونی هەستکردن بە خود، کە پەیوەندی هەیە بە گرێی گەورەیی و خۆبەزلزانی. 


سەرچاوەکان



1418 بینین