گوڵەخوێن

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-12-19:33:00 - کۆدی بابەت: 9809
گوڵەخوێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گوڵە خوێن (بە عەرەبی: نبات السجاد، بە ئینگلیزی: Flame nettle، ناوی زانستی: Coleus scutellarioides)، جۆرێکی گوڵە و ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی هەیە، نشینگە بنەڕەتییەکەی کیشوەرەکانی ئاسیا و ئوستوڕالیا و ناوچە کەمەرەییەکانی ئەفریقا دەگرێتەوە، کە دواتر بۆ وڵاتی جیاوازتریش گوازراوەتەوە، ئەم ڕووەکە بەدرێژایی ساڵ گەشەناکات بەڵکو تەنها شەش مانگ بوژاوەیە، بەڵام لە هەندێک جێگەدا کە کەشوهەواکەی گونجاوە بەدرێژایی ساڵ دەمێنێتەوە و گوڵ دەگرێت، بەگشتی لە باخچەکاندا دەچێنرێت کە دیمەنێکی جوان دەبەخشێت، لە ڕابردوودا و لەسەردەمی ڤیکتۆرییەوە هەتاکوو ئێستا ئەم گوڵە ساڵانە دەبێتە گوڵێکی باو و دەچێنرێت هەندێک ساڵیش گرنگی نامێنێت و خەڵکی کەمتر ئارەزووی دەکەن.

گوڵەخوێن دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی مێرووەکان بەتایبەتی کوللە، کە ئەم مێرووەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندنی زۆر بە گوڵەکە، هەروەها باشترە زەیتی تایبەت بەسەر گوڵەکەدا بڕژێنرێت هەتاکوو پارێزراوبێت، باشترین ڕێگەش بۆ لابردنی کوللەکە ئەوەیە کە بە دەست و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دووربخرێتەوە، یاخود گوڵەخوێن تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر دەبێت، بۆ نموونە ڕەنگی گەڵاکانی گوڵەکە دەگۆڕێت، یاخود خاڵ و نیشانەیان لەسەر دەردەکەوێت و لەکۆتاییدا لەناودەچن.

شێوە و پێکهاتەی

گوڵەخوێن گوڵێکی قەبارە مامناوەندە و قەدەکەی کەمێک ئەستوورە لەگەڵ چەندین لق و چڵ، درێژییەکەی لە نێوان ٣٠-٩٠ سانتیمەتر دەبێت و هەندێکیشیان دەکرێت بگەنە دوو مەتر، پانییەکەشی دەگاتە ٢٤-٣٠ سانتیمەتر، گەڵاکانی شێوەیەکی جوانیان هەیە و چەندین ڕەنگی جیاوازیشیان هەیە، وەک ڕەش، زەرد، سەوز، پرتەقاڵی، پەمەیی، ئاڵتوونی، سپی، مارۆنی لەگەڵ سوور و چەندین ڕەنگی تری جیاواز.

شێوەی گەڵاکەی جیاوازە بەگوێرەی جۆرەکانی و زۆرینەیان لە هێلکەییەوە نزیکن، هەندێکیان باریکن و جۆری تریشی لێوارەکانی شەپۆلدارن، هەروەها لە لێوارەکانی گەڵاکانەوە کوڵک و گەندەمووی هەیە، کاتی گوڵگرتنی گوڵەخوێن لە کۆتایی بەهارەوە دەستپێدەکات و هەتاکوو وەرزی پاییز دەخایەنێت، گوڵەکەی شێوەیەکی ناسکی هەیە و لەسەر بنجێکی درێژکۆلەیە، ڕەنگەکەشی دەکرێت شین یاخود وەنەوشەیی بێت.   

سوودەکانی

ئەم گوڵە بەگشتی لە ڕازاندنەوەی باخچە گشتییەکاندا بەکاردێت، خەڵکێکی زۆریش ئارەزووی دەکەن و لەماڵەکاندا گرنگی پێدەدەن، کە دەکرێت لە خاکدا بچێنرێت و دەشکرێت بخرێتە گۆزە و ئینجانەوە، دواتر لە هەردوو بارەکەدا دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێش بە جێگەکە دەبەخشێت، هەروەها یەکێکە لە ئەو گوڵانەی کە بۆ پەنجەرەی ماڵەکان دادەنرێت، گرنگیپێدانێکی زۆری ناوێت بەڵام جوانییەکی زۆر دەبەخشێت.

هەروەها دەوترێت کە ئەم گوڵە هێمنەکەرەوەیە و دەبێتە هۆی دروستکردنی کاریگەری لەسەر مێشک، هەرچەندە لەڕووی زانستییەوە بەوردی نەسەلمێنراوە، بەڵام خەڵكی لەناوچەیەکی باشووری مەکسیک بەکاریان هێناوە، ئەو کاریگەرییانەی کە لەسەر مێشک هەیەتی نائاساییە، کە دەبێتە هۆی دروستکردنی گۆڕانکاری وەک وڕاوەکردن و بێئاگاییەکی کەم.

شێوازی چاندن و گرنگیپێدانی

شێوازی زیادکردنی ئەم گوڵە بە چاندنی لقەکانی دەبێت، کە باشترە سەرەتا لە ئاودا دابنرێت هەتاکوو ڕەگ دەکات پاشان بخرێتە خاکەوە، هەروەها بە تۆویش زیاد دەکرێت کە پێویستی بە ٢-٣ هەفتە هەیە هەتاکوو چەکەرە بکات، بەڵام تۆوەکە پێیویستی بە خۆر و ئاوی زۆرە و نابێت داپۆشراوبێت، دواتر پاش سێ مانگ دەکرێت جێگەکەی بگوازرێتەوە و لە قووڵایی ٢٠-٤٠ سانتیمەتردا بچێنرێت، کاتی گواستنەوەکەشی باشترە لە ناوەڕاستی بەهاردابێت کە مەترسی ئاووهەوای سەخت نییە، بەڵام ئەگەر لە دەرەوەی ماڵ بچێنرێت ئەوا پێویستە پاش کۆتایی هاتنی سەرمای زستان بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت چەکەرە بکات.

جێگەکەی ڕووناکی خۆری بە ڕاستەوخۆ بەربکەوێت بەڵام بە کەمی ئاساییە، کە لەڕاستیدا جێگەی نموونەیی بۆ گوڵەخوێن، ناوچەیەکی سێبەرە کە ڕووناکی خۆری ناڕاستەوخۆی بەربکەوێت، مەودای نێوان گوڵەخوێنێکیش بۆ دانەیەکی تر باشترە کە ١٥-٤٠ سانتیمەتربێت، ئەگەر لە ژوورەوە بچێنرێت دەبێت ڕووناکی و پلەی گەرمی گونجاوی بۆ دابینبکرێت.

لە هەر جێگەیەکدا بچێنرێت ئەوا ئەم گوڵە پێویستی بە ڕووناکی خۆر و بڕێکی زۆر لە ئاودان هەیە، کە پێویستە خاکەکەی بەگشتی شێداربێت، بەڵام لە زستاندا دەبێت زۆر بە کەمی ئاوبدرێت هەتاکوو زیانی پێنەگات، هەروەها کاتێک دەستدەکات بە گەشەکردنێکی گونجاو، باشترە لقە نوێیەکانی ببڕدرێت هەتاکوو گەشەی قەدەکەی بەهێزتر و تەندروستتر بێت، لەکاتی گوڵگرتنیشدا دەوترێت کە گوڵەکانی لێبکرێتەوە باشترە، هەتاکوو لقە لاوازەکان کە پەستانیان کەوتوەتە سەر گەشەبکەن و ببوژێنەوە.


سەرچاوەکان

69 بینین