کاریگەرییەکانی هاوارکردن بەسەر منداڵدا

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-08-17-23:31:00 - کۆدی بابەت: 9886
کاریگەرییەکانی هاوارکردن بەسەر منداڵدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاریگەرییەکانی هاوارکردن بەسەر منداڵدا (بە عەرەبی: أضرار الصراخ على الأطفال، بە ئینگلیزی: The effects of yelling at children)، ئەنجامدانی کارەکانی ڕۆژانە وەکوو ئامادەکردنی ئەو خواردنەی کە منداڵەکە دەیەوێت، گۆڕینی منداڵ و ئامادەبوون لە کاتی خۆیدا دەکرێت وا لە دایباب بکات هەست بە شکستهێنان بکەن لە ژیانیاندا، یانیش لەوە گرنگتر، وڕک گرتن و خراپ ڕەفتار کردنی منداڵ دەکرێت یادەوەرییە ناخۆشەکانی ڕابردوو وەبیری دایباب بهێنێتەوە و وایان لێبکات کاردانەوەی توندیان هەبێت. هەروەها کاتێک دەکەونە ئەم بارودۆخەوە، ئەو دایبابانەی هەست بەم دۆخە ناخۆشە دەکەن لەوانەیە جڵەوی خۆیان لە دەست بدەن. ئەوە ڕوونە کە فشار و ناڕەحەتی دایبابایەتی وا لە دایک و باوک دەکات بگەنە خاڵێک جڵەوی خۆیان لە دەست بدەن و هاوار بکەن و بقیژێنن بەسەر منداڵەکانیاندا، بەڵام هاوارکردن دەکرێت کاریگەری خراپی لەسەر منداڵ هەبێت.قسە بە تایبەتی ئەگەر بە هاوار و قیژەوە بوترێت، دەکرێت مرۆڤ بریندار بکات.

هاوارکردن چییە؟

هاوارکردن (بە ئینگلیزی: Yelling)، بریتییە لە کردارێک تیایدا کەسەکە بە دەنگێکی تەواو بەرز یان بە قیژەوە وشەکان دەردەبڕێت. زۆرجار کاتێک کەسەکە تووڕەیە، ئازاری هەیە یاخود دڵخۆشە سەبارەت بە شتێک، پەنا دەباتە بەر هاوارکردن. هاوارکردن وەڵامدانەوەی فشاری جەستەییمان دەوروژێنێت. بۆیە کاتێک دووبارە و دووبارە دەکرێتەوە دەکرێت دەرئەنجامی جددی و درێژخایەنی هەبێت. توێژینەوەیەک ئەوەی دەرخستووە کە ئازاردانی زارەکی دەتوانێت بەڕاستی پێکهاتەی مێشک بگۆڕێت. 

هاوارکردنی بەردەوام و ئەو فشارەی دروستی دەکات دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و نەخۆشییەکانی تر کە پەیوەندییان بە میزاجەوە هەیە، هەروەها دەکرێت تێکچوونە دەروونییەکان کاریگەرییان لەسەر جەستەی منداڵەکە هەبێت و تووشی کێشەی درێژخایەنی تەندروستی بکەن. 

منداڵان لە مانگەکانی سەرەتای تەمەنیانەوە هاوارکردن و قیژاندن کاریان تێدەکات. لە مانگی سێیەمی تەمەنیدا، منداڵی ساوا دەست بە گروگاڵ دەکات بۆ دایک و باوکی. هەروەها ئەم دۆخە ناسکە دەکرێت بە هەست و سۆزی زۆر و توند کاری تێبکرێت. بابەتەکە وا بهێنە بەرچاوی خۆت بۆ نموونە لە کاتی هەڵپەڕکێدا، ئەگەر ئەو کەسەی لەگەڵیدا هەڵدەپەڕیت چەند جارێک قاچی بخاتە بەر قاچت یان پاڵت پێوە بنێت، ئەوا بە لایەنی کەمەوە لە جاری دەیەمیندا دەستی بەر دەدەیت و لەگەڵیدا هەڵناپەڕیت.

لەو کاتەی منداڵ تەمەنی دەگاتە نۆ بۆ ١٢ مانگ و دەست بە گاگۆڵکێ دەکات، توانایەکی باشیان هەیە بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندییە نازارەکییەکان. تواناکانی بەشی چەپی مێشکیان وەکوو زمان، شیکردنەوە، ڕەفتاری قایلبوونی دواخراو چەند ساڵێکی ماوە پێی بگەن. بەڵام تواناکانی لای ڕاستی مێشکیان وەکوو خوێندنەوەی ئاماژەکان، تۆنی دەنگ و دەربڕینەکانی دەموچاو دەگەنە لوتکە. تەنانەت ئەگەر لە وشەکانیش تێنەگەن کە لە زاری دایک و باوکیانەوە دێنە دەرەوە، بەبێ هیچ یارمەتییەک دەتوانن هەستەکانی دایبابیان بخوێننەوە (غەمباربن، دڵخۆشبن یان بترسن).

کاتێک یەکێک لە دایبابەکە هاوار دەکات، منداڵەکە ئەو تووڕە بوون، بێزاری و هەستە نەرێنییە یەکسەر وەردەگرێت. منداڵی بچووک ئیگۆسەنتریکن، بەو واتایەی تەنها بیر لە خۆیان دەکەنەوە و گوێ بە چواردەور نایەن. کاتێک دایک یان باوک هاوار بەسەر منداڵەکەیدا دەکات، منداڵەکە بیر لەوە ناکاتەوە لەوانەیە ماندووبن یان شتێک بێزاری کردبێتن، ناتوانن جیهان لە ڕوانگەی کەسەکانی چواردەوریانەوە ببینن و هەموو شتەکانی چواردەوریان دەبەستنەوە بە ڕەفتار و کردەوەکانی خۆیانەوە. هاوارکردنی دایباب بەسەر منداڵەکەیاندا کاریگەری لەسەر تێڕوانینە سەرەتاییەکانی منداڵ بۆ خود دەبێت. تەنانەت ئەگەر منداڵەکە هۆکاری هاوارکردنەکەش نەبێت، منداڵەکە هاوارکردنەکە وا لێکدەداتەوە کە بەهۆی ئەوەوەیە کارێکی نادروستی کردووە یان خۆشیان ناوێت، یان وا بیر دەکەنەوە کە ناتوانن هیچ کارێک بە دروستی ئەنجام بدەن. 

دایک و باوک بۆچی هاوار دەکەن؟

وەڵامەکە بە کورتی ئەوەیە دایک و باوک هەست بە تووڕەیی و بێزاری دەکەن، ئەمەش وا دەکات دەنگ بەرزبکەنەوە. بەڵام هاوارکردن بەدەگمەن کێشەکان چارەسەر دەکات. لەوانەیە منداڵەکە بێدەنگ بکات و بۆ ماوەیەکی کورت گوێڕایەڵ بێت، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی ئاقڵ بێت و ڕەفتاری باش بێت. بەکورتی فێریان دەکات بترسن لە جیاتی ئەوەی لە دەرئەنجامی ڕەفتارەکانیان تێبگەن.

منداڵان پشت بە دایبابیان دەبەستن بۆ فێربوون. ئەگەر تووڕەیی و ڕەفتاری توندوتیژانە وەکوو هاوارکردن لە خێزانێکدا "ئاسایی" بێت و منداڵەکە وەکوو شتێکی ئاسایی بیبینێت، دواتر لە ڕەفتارەکانیاندا ڕەنگ دەداتەوە.

کاریگەرییەکانی هاوارکردن بەسەر منداڵدا

وەکوو دایک یان باوک، شتێکی ئاساییە گەر کاتێک منداڵەکەت ڕەفتاری نادروستە، بێزار یان تووڕە ببیت. بەڵام شێوازی دەربڕینی بێزاری و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا کاریگەری گەورەی لەسەر گەشەی کەسایەتی و تەندروستی منداڵەکەت هەیە.

لە ڕاستیدا ڕێکاری پەروەردەکردنی توندی دایباب وەکوو هاوارکردن، کاریگەری گەورەتری لەسەر منداڵ هەیە بەبەراورد بەوەی پێشتر زانراوە. گرنگترین کاریگەرییەکان بریتین لە:

  1. هاوارکردن وا دەکات کێشەی ڕەفتارکردنی منداڵ خراپتر بێت: لەوانەیە وا بیر بکەیتەوە هاوارکردن بەسەر منداڵەکەتدا کێشەکە لەو ساتەدا چارەسەر دەکات و لە داهاتووشدا ڕێگە لە منداڵەکە دەگرێت بە لاسارانە ڕەفتار بکات. بەڵام توێژینەوەیەک ئەوە دەردەخات کە هاوارکردن لەوانەیە کێشەی زیاتر دروست بکات. هاوارکردن دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەفتارکردنی منداڵەکەت خراپتر و لاسارانەتر بێت، ئەوەش واتای ئەوەیە دەبێت تۆ وەکوو دایک و باوک زیاتر هاوار بکەیت بۆ چاککردنەوەی ڕەفتارەکانی، بەمشێوەیەش سووڕەکە بەردەوام دەبێت. لە توێژینەوەیەکدا سەبارەت بە پەیوەندی دایباب و منداڵ ئەوەی دەرخستووە ئەو منداڵانەی کە ١٣ ساڵن و لەلایەن دایبابییانەوە هاواریان بەسەرداکراوە بە تێپەڕبوونی ساڵان شێوازی ڕەفتارکردنیان خراپتر و لاسارانەتر بووە. جا ئیتر هاوارکردنەکە لەلایەن دایکەوە بێت یان باوک، هەردووکی هەمان کاریگەری هەیە.
  2. هاوارکردن کار دەکاتە سەر شێوازی گەشەی مێشکیان: هاوارکردن و شێوازی توندی تری بەخێوکردن کاریگەری مەزنی بەسەر شێوازی گەشەی مێشکی منداڵەوە هەیە. لەبەر ئەوەی مێشکی مرۆڤ زانیاری و ڕووداوە نەرێنییەکان زووتر و باشتر چارەسەر دەکات بەبەراورد بە ڕووداو و زانیارییە ئەرێنییەکان. لە توێژینەوەیەکدا، توێژەران هەستاون بە بەراوردکردنی مێشکی ئەو کەسانەی لەلایەن دایبابیانەوە لە ڕووی زارەکییەوە ئازار دراون و ئەو کەسانەشی کە مێژووی ئازاردانی زارەکییان نییە، لە ڕێگەی پشکنینی MRI. تێبینی ئەوەیان کردووە جیاوازی فیزیکی هەیە لە نێوان ئەو بەشانەی مێشک کە بەرپرسن لە چارەسەرکردنی زمان و دەنگ.
  3. هاوارکردن دەبێتە هۆی خەمۆکی: جیا لەوەی منداڵەکە ئازار دەچێژێت، دەترسێت و غەمبار دەبێت کاتێک دایک یان باوک هاواری بەسەردا دەکات، ئازاردانی زارەکی دەکرێت کێشەی دەروونی قووڵتر دروست بکات و تا تەمەنی پێگەیشتووییش لەگەڵیدا بێت. لە توێژینەوەیەکدا، توێژەران هەستان بە چاودێریکردنی زیادبوونی کێشە ڕەفتارییەکانی ئەو منداڵانەی ١٣ ساڵن و هاواریان بەسەردا کراوە، توێژەران تێبینی ئەوەیان کرد نیشانەکانی خەمۆکی کەمێک زیادیان کردووە لەگەڵ گەشەیاندا. چەندین توێژینەوەی تر هەن کە پەیوەندی نێوان ئازاردانی سۆزەکی و خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەردەخەن. ئەم جۆرە نیشانانە دەکرێت سەر بکێشێت بەرەو خراپتربوونی هەڵسوکەوت و زیاتربوونی ئەو کارانەی دەبنە هۆی خود لەناوبردن، وەکوو بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و زیادبوونی چالاکیی سێکسیی مەترسیدار.
  4. هاوارکردن کاردەکاتە سەر تەندروستیی جەستەیی: ئەزموونەکانی ژیانمان لە کاتی گەورەبووندا لە زۆر ڕووەوە بنیادنەرمانن، بەشێوەیەک لەوانەیە هەست بە هەندێکیان نەکەین. گوشاری منداڵی بەهۆی ئازاردانی زارەکی لەلایەن دایک و باوکەوە مەترسی زیادبوونی منداڵ بە تووشبوونی کێشەی تەندروستی زیاتر دەکات لە کاتی گەورەبوونیدا. توێژینەوەیەک ئەوەی دەرخستووە کە ئەزموونکردنی گوشار لە کاتی منداڵیدا کاریگەری درێژخایەنی بەسەر تەندروستیی جەستیییەوە دەبێت.
  5. هاوارکردن لەوانەیە ببێتە هۆی تووشبوون بە حاڵەتە درێژخایەنەکان: توێژینەوەیەک پەیوەندی نێوان ئەزموونی نەرێنیی منداڵیی وەکوو ئازاردانی زارەکیی و جۆرەکانی تری ئازاردان و دەرکەوتنی دواتری حاڵەتە ئازاربەخشە درێژخایەنەکانی دۆزیوەتەوە وەکوو هەوکردنی جومگەیی ڕۆماتیزمی، سەرئێشەی تووند، پشت و مل ئێشە و چەندانی تر.
  6. ئەو دایک و باوکانەی هاواربەسەر منداڵەکانیاندا دەکەن، منداڵەکانیان فێر دەکەن هاوار بکەن: دایک و باوک نابێت هەرگیز ئەو دەسەڵاتەی هەیانە بە کەمی بزانن سەبارەت بەوەی چی ڕەفتارێکی منداڵەکەیان قبووڵ کراوە. ئەو دایبابانەی کە بە بەردەوامی هاوار دەکەن و دەقیژێنن ئەو هەڵسوکەوتە لای منداڵەکانیان ئاسایی دەکەنەوە، هەروەها لە کۆتاییدا منداڵەکەش ئەو هەڵسوکەوتە وەردەگرێت و دووبارەی دەکاتەوە. هەر بۆیە بۆ ئەوەی وا لە منداڵێک بکەیت بەباشی ڕەفتار بکات، پێگەیشتووان دەبێت یەکەمجار خۆیان هەڵسوکەوتیان باش بکەن.

جێگرەوەکان بۆ بەرزکردنەوەی دەنگ

  • پشوویەک بدە بە خۆت: پێش ئەوەی زۆر تووڕە ببیت و جڵەوی خۆت لە دەست بدەیت، جڵەوی خۆت بکە. کەمێک دووربکەوەرەوە لەو شوێنەی کە ئاڵۆزی و کێشەکەی تێدایە، خۆت کۆبکەرەوە و هەناسەی قووڵ هەڵبمژە، کە یارمەتیدەرە بۆ ئارامکردنەوە.
  • دەربارەی هەستەکانت قسە بکە: تووڕەیی هەستێکی ئاساییە ئەگەر بزانیت مامەڵەی لەگەڵ بکەیت. بە ناسین و ئاشنابوون بە هەموو جۆرە هەستەکان وەکوو دڵخۆشی، هەژاندن، خەمباری، تووڕەیی، ئیرەیی و بێزاریی، بەمە منداڵەکانت فێر دەکەیت ئەوانیش هەموو بەشێکن لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ. قسەکردن سەبارەت بە هەستەکانت هانی منداڵەکانت دەدات هەمان کار بکەن.
  • بەهێمنی مامەڵە لەگەڵ هەڵسوکەوتە خراپەکاندا بکە، بەڵام توند بە: ناوبەناو منداڵان لاسارانە ڕەفتار دەکەن، ئەوە بەشێکە لە گەورەبوونیان. بە شێوەیەک قسەیان لەگەڵدا بکە کە کەسایەتییان بریندار نەکەیت بەڵام قسەکانت وا ڕوون بێت کە تێبگەن ئەو ڕەفتارانە بەرگەیان ناگیرێت. بەرامبەریان دابنیشە و با چاوتان لە یەک ئاستدا بێت نەک لە دوورەوە و بێ سەیرکردن قسەیان لەگەڵدا بکەیت. 
  • گرنگی بە دەرئەنجام بدە، بەڵام واز لە هەڕەشە و ترساندن بهێنە: هەڕەشە و سزادان وا دەکات منداڵەکە هەست بە سووکایەتی و شەرمەزاری بکات و دەبێتەی هۆی پەیدابوونی هەستی نادڵنیایی لە منداڵەکەدا. لەلایەکی ترەوە دەبێت مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامی هەڵسوکەوتەکانیاندا بکەن بە ئاگادارکردنەوەیەکی تەواو، وەکوو لێسەندنەوەی یاری و بووکەڵە دوای ئەوەی بۆیان ڕووندەکەیتەوە کە ئەوانە بۆ یاری کردنن نەک بۆ لێدان، ئەمە وا دەکات هەڵبژاردەکانی منداڵەکە باشتر بێت.

چی کاتێک ئاساییە هاوار بەسەر منداڵدا بکەیت؟

لە کاتێکدا زۆربەی کاتەکان هاوارکردن کارێکی نادروستە، بەڵام دکتۆر مارکم ئاماژەی بەوە داوە "لە هەندێک کاتدا پێویستە دەنگ بەرز بکرێتەوە، بۆ نموونە کاتێک منداڵەکان شەڕیانە، خوشک و برا لە یەکتر دەدەن، یاخود لە کاتی مەترسی تردا"، لەم کاتانەدا بە هاوارکردن شۆکیان دەکەیت، بەڵام ڕێک لەو کاتەی سەرنجی منداڵەکە بە لای خۆتدا ڕادەکێشیت دەبێت دەنگت نزم بکەیتەوە. بە کورتی، هاوار بکە تا ئاگاداریان دەکەیتەوە، و بە قسە بۆیان ڕوونبکەرەوە.

هەرچەندێک هەوڵبدەیت ڕێگری لە ستراتیجی هاوارکردن بکەیت، کاتێک دێتە پێشەوە کە هاوار دەکەیت. ئەمەش ئاساییە، هەستە و داوای لێبووردن بکە، بەمەش منداڵەکەت فێری وانەیەکی گرنگ دەبێت: هەموومان هەڵە دەکەین و دەبێت داوای لێبووردن بکەین.

ئەگەر منداڵەکەت هاواری کرد بیریان بخەرەوە کە سنوور هەیە نابێت بیبەزێنن و هاوارکردن ڕەفتارێکی قبووڵکراو نییە. دەبێت ئەوە بزانن تۆ ئامادەی بۆ گوێگرتن لێیان و بە قسەیان دەکەیت بەو مەرجەی ئەوان بە ڕێزەوە ڕەفتار بکەن.

ژینگەیەکی هێمن لە ماڵەکەتدا دروست بکە کە تێیدا بتوانن بە ڕێزەوە گفتوگۆ بکەن و ئاگاداری هەست و سۆزی یەکتر بن بە بێ لۆمە کردن، شەرمەزار کردن و حکوومدان. 

ئەگەر هەڵەیەکیشت کرد، کۆڵ مەدە. ڕێگایەکی ئاسان نییە بەڵام شایەنی ئەو هەموو زەحمەتییەیە.


سەرچاوەکان

294 بینین