لیکی دەستکرد بۆ وشکبوونی دەم 

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-08-21-21:39:00 - کۆدی بابەت: 9944
لیکی دەستکرد بۆ وشکبوونی دەم 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

لیکی دەستکرد بۆ وشکبوونی دەم (بە ئینگلیزی: Artificial saliva for dry mouth، بە عەرەبی: لعاب صناعي لجفاف الفم)، لیک ڕۆڵی سەرەکی لە جوین، قووتدان، هەرسکردن و قسەکردندا هەیە. هەروەها دەست بەسەر بەکتریاکانی ناو دەمدا دەگرێت و ڕێگری لە تووشبوونە میکرۆبیەکان و کلۆربوونی ددان دەکات. هەر هۆکارێک ببێتە هۆی کەمبوونەوەی لیک، لەئەنجامدا کەسەکە تووشی وشکبوونی دەم دەبێت، لەم حاڵەتەدا دەکرێت لیکی دەستکرد بۆ نەهێشتنی وشکبوونی دەم و دوورکەوتنەوە لە زیانە لاوەکییەکانی بەکاربهێنرێت. لیکی دەستکرد بەرهەمێک یان جێگرەوەیەکە کە بۆ چارەسەرکردنی وشکبوونی دەم بەکاردەهێنرێت.

لیکی دەستکرد لە چی پێکهاتووە؟

لیکی دەستکرد بەم شێوانە بەردەستە:

  • پرژێنەی دەم 
  • دەمشۆر
  • جێڵ
  • سواب
  • حەپی تواوە

لیکی سروشتی کە لەلایەن لیکەڕژێنەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت، بەشێکی زۆری لە ئاو پێکهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەلیکترۆلایت، ئەنزیم و لینجە ماددەی تێدایە، بەڵام لیکی دەستکرد هەمان پێکهاتەی ئەو لیکەی نییە کە بەشێوەیەکی سروشتی لەلایەن لیکە ڕژێنەکانەوە دروست دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوە و نەهێشتنی وشکبوونی دەم. پێکهاتەی ناو لیکی دەستکرد بەپێی جۆرەکەی دەگۆڕێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە ئاو و ئەم پێکهاتانەی خوارەوە پێک دێت: 

  1. کاربۆکسیمێسایل سلیلۆز (Carboxymethylcellulose): CMC خەستی لیک زیاد دەکات و هەروەها یارمەتی شێدارکردنی ناو دەم دەدات. لە ساڵی ٢٠٠٨ لێکۆڵینەوەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەری ئەو لیکە دەستکردانەی کە CMC تێدایە ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا دەرکەوت، ئەم پێکهاتەیە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی وشکبوونی دەم و لە هەمان کاتدا کاریگەرییەکانیشی کەم دەکاتەوە. 
  2. گلیسرین (Glycerin): ئەم پێکهاتەیە شلەیەکی بێ ڕەنگ و بێ بۆنە. لە لیکی دەستکردا، ئەم پێکهاتەیە ناوچەکانی زمان، ددان و پووک دادەپۆشێت، بەم شێوەیە ئەگەری کەمبوونەوەی لیک کەم دەکاتەوە و ناو دەم لە زیان دەپارێزێت.
  3. کانزا: کانزاکانی وەک فۆسفات، کالسیۆم و فلۆراید ئەرکیان لە بەهێزکردن و پاراستنی ددان و پووکدا هەیە.   
  4. زیلیتۆل (Xylitol): ئەم پێکهاتەیە بەرهەمهێنانی لیک زیاد دەکات و ددانەکان لە بەکتریا و کلۆربوون دەپارێزێت.

چۆن لیکی دەستکرد بەکاردەهێنرێت؟

لیکی دەستکرد جێگرەوەیەکی کاتییە، ناو دەم شێدار دەکات و ڕێگری لە برینی ناو دەم دەکات کە دەکرێت لە ئەنجامی تووشبوون بە وشکبوونی دەم بۆ ماوەیەکی درێژ ڕووبدات. ئەم بەرهەمە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی وەک هەستکردن بە وشکبوون و پێکەوەنووسانی دەم و بۆنی ناخۆشی دەم بەکاردەهێنرێت. دەکرێت پزیشک بە بەکارهێنانی لەگەڵ دەرمانی تر بۆت پێشنیار بکات، بەتایبەتی ئەو دەرمانانەی لەدوای بەکارهێنانیان کەسەکە هەست بە وشکبوون و پێکەوەنووسانی دەم دەکات. هەندێک لەو حاڵەتانەی دەبنە هۆی وشکبوونی دەم بریتیین لە نەخۆشی شەکرە و نەخۆشی ئەلزەهایمەر.

ئایا لیکی دەستکرد هەمان کاریگەری لیکی سروشتی هەیە؟

ئەم بەرهەمە بۆ ماوەیەکی کاتیی دەبێتە هۆی کەمبوونەوە و نەهێشتنی وشکبوونی دەم. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٣ ئاشکراکراوە، هیچ بەرهەمێک بەردەست نییە بتوانێت بەتەواوەتی شوێنی لیکی سروشتی بگرێتەوە و هەمان پێکهاتەی هەبێت. چارەسەری وشکبوونی دەم پێویستە بەپێی پێویستی کەسەکە دیاری بکرێت، لەوانەیە پێویست بکات کەسەکە چەند جۆرێک لە بەرهەمی جیاواز تاقی بکاتەوە بۆ ئەوەی بزانرێت چی شتێک بۆ ئەو دەگونجێت و دەبێتە چارەسەر.

کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی لیکی دەستکرد

وەکوو هەر بەرهەمێکی تر دەکرێت لەکاتی بەکارهێنانیدا کەسەکە دووچاری هەندێک گرفت ببێتەوە وەک:

  • گۆڕینی قسەکردن 
  • گۆڕینی هەستی تامکردن
  • کێشەی هەرسکردن
  • کێشەی قووتدانی خواردن

هۆکارەکان 

کاتێک لیکە ڕژێنەکان ناتوانن بڕی پێویست لە لیک بەرهەمبهێنن، لە ئەنجامدا کەسەکە دووچاری وشکبوونی دەم دەبێتەوە، هۆکارەکان بریتیین لە:

دەرمان 

زۆر لە دەرمانەکان دەکرێت ئەم کێشەیە بۆ کەسەکە دروست بکەن، بەتایبەتی ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەرکردنی بەرزە پەستانی خوێن، خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و هەستیاری بەکاردەهێنرێن. هەروەها ئەو دەرمانانەی بۆ نەهێشتنی ئازار و خاوبوونەوەی ماسولکە بەکاردەهێنرێن، دەبنە هۆی وشکبوونی دەم.

چارەسەرە شێرپەنجەییەکان 

چارەسەری کیمیایی بەرهەمهێنانی لیک کەم دەکاتەوە، هەروەها چارەسەر بە تیشک بە تایبەتی لە ناوچەکانی سەر و مل، زیان بە لیکە ڕژێنەکان دەگەیەنێت و لیک کەم دەکاتەوە. ماوەی تووشبوون بە دەم وشکبوون بەپێی شوێن و ڕێژەی تیشکەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. 

حاڵەتە پزیشکییەکان 

چەند حاڵەتێکی وەک نەخۆشی شەکرە، ئەلزەهایمەر و جەڵتە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی لیک. 

تەمەن 

تەمەن بە یەکێکی تر لە هۆکارەکانی تووشبوون بە وشکبوونی دەم دادەنرێت.

زیانگەیاندن بە دەمار

زیانگەیاندن بە دەمارەکانی سەر و مل بەهۆی نەشتەرکاری یان هەر هۆکارێکی تر، کار دەکاتە سەر لیکە ڕژێنەکان و لە ئەنجامدا کاریگەری لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی لیک دروست دەکات و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی.


سەرچاوەکان



308 بینین