چۆنیەتی شۆردنی بەتانی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-08-25-21:00:00 - کۆدی بابەت: 10011
چۆنیەتی شۆردنی بەتانی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی شۆردنی بەتانی (بە ئینگلیزی: How to wash a blanket، بە عەرەبی: كيف تغسل بطانية) زۆر گرنگە. بەتانی پێویستییەکە کە لە هەموو وەرزەکاندا بەکاردێت، بەتایبەت لە وەرزی زستان و پاییزدا بەهۆی ساردی کەشوهەواوە. بۆیە واباشە دوای زۆر بەکارهێنانی بەتانییەکان بیانشۆیت. بەتانی دەتوانرێت بە دەست و دەتوانرێت بە ئامێری جلشۆریش بشۆردێت. بۆیە چەند هەنگاوێک هەیە تاکوو بە ئاسانتر بیانشۆیت، هەروەها بە خێرایی پیسییەکەیان لێ ببێتەوە.

ئەو خاڵانەی دەبێت لەبەرچاو بگیرێت

کێشی بەتانیەکە

یەکەمین خاڵ بۆ شۆردنی بەتانی کە گرنگی پێ دەدەیت کێشی بەتانیەکەیە. شۆردنی بەتانی دوو کەسی، یاخود بەتانی زۆر قورس کە بە تەڕکردنیش قورستر دەبن، ئەگەر بتەوێت بە ئامێری جلشۆر بیشۆیت دەبێت ڕەچاوی ئەوە بکەیت کە ئامێرەکەت دەتوانێت چەند کێش هەڵبگرێت، لەبەرئەوەی ئەگەر زیاتر لە کێشی خۆی هەڵبگرێت کێشە دروست دەکات و لەوانەیە ئامێری جلشۆرەکە زیانی پێ بگات، زووتر بسووتێت.

نەخشەی بەتانییەکە بخوێنەرەوە

پێش ئەوەی بتەوێت بەتانییەکە بشۆیت، واباشە نەخشەکەی بخوێنیتەوە. زانیاری تەواوی سەبارەت بە بەتانیەکە لەسەرە. بۆ ئەوەی لە خۆوە هەندێک ماددەی زیانبەخش بەکارنەهێنیت. یاخود بزانیت کەی و چۆن وشک دەبێتەوە و پێکهاتەی قوماشەکەی چییە.

ڕێنوێنی بۆ شۆردنی بەتانی بە ئامێری جلشۆر

ئەگەر ئامێرەکەت دەتوانێت ئەو کێشە هەڵبگرێت، کە بەتانییەکەت هەیەتی ئەوە دەتوانیت بە ئامێرەکە بیشۆیت، بەڵام بە ڕەچاوکردنی چەند خاڵێک:

بەتانییەکە لە شوێنێکدا بتەکێنە

بەتانییش وەک هەر پارچە و ئامێرێکی تری ماڵەوە خۆڵی لێ دەنیشێت. پێویستە پێش ئەوەی بەتانییەکە بکەیتە ناو جلشۆرەکەوە خۆڵەکەی لێ بکەیتەوە. بۆ ئەوەی تووشی هەستیاری نەبیت واباشە لە شوێنێکی کراوەدا بەتانییەکە بتەکێنیت. 

ئاگاداری ڕەنگدانەوەی بەتانییەکە بە

ئەگەر یەکەمجارتە ئەو بەتانییە دەشۆیت، بۆ ئەوەی دڵنیابیت ئایا بەتانیەکەت ڕەنگ دەداتەوە پێویستە تاقیکردنەوەیەک بکەیت. سووچێکی زۆر بچووکی بەتانییەکە تەڕ بکە و پارچەیەک قوماشی سپی بهێنە و بەباشی بیپێچە لە ئەو سووچە تەڕە. ئەگەر ڕەنگی قوماشە سپییەکە گۆڕا ئەوە واتە ڕەنگ دەداتەوە، بۆیە دەبێت وریابیت.

بەتانییەکە بکە ناو جلشۆرەکە

هەرچەندە زۆرینەی بەتانییەکان نەخشەیەکیان لەگەڵدایە، بۆ ئەوەی بزانرێت پێویستە چۆن بشۆردرێت. بەڵام ئەگەر لەگەڵیشیدا نەبوو پێویستە خۆت ڕەچاوی هەندێک خاڵ بکەیت. نابێت ئاوەکە زۆر گەرم بێت، واباشە پلەی گەرمی ئاوەکە لە ٣٠ پلەی سلیلیزی تێپەڕ نەکات. بە ڕادەی پێویست ماددەی پاککەرەوە بەکاربهێنە، دوورکەوەرەوە لە بەکارهێنانی ماددەی توند. 

لە وشککردنەوەی بەتانییەکەدا وردبە

واباشە کە بەتانی لەناو جلشۆردا وشک نەکرێتەوە. بەڵکوو پاش شۆردنی دەربهێنرێت لە جلشۆرەکە و لە هەوای ئاساییدا وشک ببێتەوە.

شۆردنی بەتانی بە دەست

ئەگەر بەپێی نەخشەکە دەڵێت کە دەبێت بەتانییەکە بە دەست بشۆردرێت، یاخود ئامێری جلشۆری گەورەت نییە. دەتوانیت بەتانییەکە بە دەست بشۆیت، ئەویش بە ڕەچاوکردنی چەند خاڵێک:

بەتانییەکە بتەکێنە

سەرەتا پێویستە لە شوێنێکی کراوەدا تۆز و خۆڵی بەتانییەکە لێ بکەیتەوە. چونکە تەڕکردنی بەتانی بە خۆڵەوە دەبێتە هۆی ئەوەی ببێتە قوڕ و درەنگتر پاک دەبێتەوە. 

تەشتێکی گەورە بەکاربهێنە

واباشە تەشتێک بهێنیت کە زۆر گەورەتر بێت لە بەتانییەکە، بۆ ئەوەی بتوانیت بە ئاسانی بەتانییەکە بجووڵێنیت. تەشتەکە پڕ بکە لە ئاو و پێویستە ئاوەکە زۆر گەرم نەبێت و پلەیەکی گەرمی ئاسایی هەبێت. تاید و شامپۆی تێ بکە و لێی گەڕێ تاکوو ٣٠ خولەکێک کە بەباشی بخوسێت و ماددە پاککەرەوەکان وەربگرێت.

دەست بکە بە شۆردن

دوای ئەوە پێویستە بەباشی و بە لەسەرخۆیی بە دەست و بە قاچەکانت بەتانییەکە بشۆیت. زوو زوو بەتانییەکە هەڵبگێڕیتەوە بۆ ئەوەی هەموو بەشەکانی بشۆردرێن و پاک بکرێنەوە. پاشان بۆ هەڵکێشانی بەتانییەکە دەبێت ئاوی زۆر سارد بەکاربهێنێت، بۆ ئەوەی تەواوی ماددە پاککەرەوەکانی لێ ببێتەوە. هەروەها لە کاتی هەڵکێشانی بەتانییەکەدا دەبێت تەواوی ئاوی تەشتەکە خاڵی بکەیت و ئاوی نوێی تێ بکەیتەوە. تاکوو هەموو ماددە پاککەرەوەکانی لێ دەبێتەوە، بۆیە پێویستە بەردەوامبیت لەسەر شۆردنی بە ئاو.


سەرچاوەکان



1046 بینین