محەمەد ئەمین زەکی بەگ

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-08-28-18:39:00 - کۆدی بابەت: 10045
محەمەد ئەمین زەکی بەگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

محەمەد ئەمین زەکی بەگ (بە عەرەبی: محمد أمين زكي، بە ئینگلیزی: Muhammed Amin Zaki Bey)، مێژوونووس و سیاستەمەدارێکی کورد بوو. بە تورکی و عەرەبی و کوردی سەبارەت بە مێژووی جەنگ و سوپا و مێژووی ڕامیاری کوردستان خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمە. ئارەزووی هۆنراوە، وێژە، خۆشنووسین و نیگارکێشان کردووە و زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی، ئینگلیزی، ئەڵمانی و فەڕەنسی زانیووە و لەبەر زیرەکی و لێوەشاوەیی بە «زەکی» ناوبانگی دەرکردووە. محەممەد ئەمین زەکی بەگ لە سەردەمی پاشایەتی عێراقدا پەرلەمانتار بووە و وەکوو نوێنەری سلێمانی هەڵبژێردراوە. لە دوو ڕاپۆرتیدا بۆ پادشای ئەو کاتەی عێراق و کاربەدەستە ئینگلیزەکان، بە ڕوونی باسی لە کێشەی پارێزگا کوردنشینەکانی عێراق کردووە و لە ڕێگای ڕەخنەکانییەوە کاربەدەستانی ئاگادار کردووەتەوە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی لە ساڵی ١٩٢٦ بە کورد درابوو.

محەمەد ئەمین زەکی
لەدایکبوون ١٨٨٠
سلێمانی، باشووری کوردستان
کۆچی دوایی ١٩٤٨، سلێمانی
هۆکاری مەرگ لەکارکەوتنی گورچیلەکانی
پیشە مێژوونووس، نووسەر، سیاسەتمەدار
خوێندن کۆلێژی سەربازی عوسمانییەکان
زمانی نووسینەکانی عەرەبی، کوردی
هاوڵاتی کورد، دەوڵەتی عوسمانی

ژیان

محەمەد ئەمین زەکی بەگ کوڕی حاجی عەبدولڕەحمان کوڕی مەحموود باپیرە، لە ساڵی ١٨٨٠ـدا لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە و باوک و دایکی نەخوێندەوار بوون و خەریکی ئاژەڵداری و کاری کاروان بوون. لە ساڵی ١٨٩٢ چووەتە فێرگەی موڵکیی سەرەتایی سلێمانی، دوای ماوەیەک لە فێرگەی مەلا عەزیز خوێندوویەتی. لە ساڵی ١٨٩٣ چووەتە فێرگەی ڕوشدیەی سەربازی سلێمانی و دوای دوو ساڵ خوێندن چوونەتە ڕوشدیەی سەربازی بەغدا، لە ساڵی ١٨٩٨ چووەتە کۆلێژی سەربازی، هەروەها بەشی ئەرکانی ئیستەنبووڵ کە لە ساڵی ١٩٠٢ بە پلەی سالار (لیوای دووەمی پیادە)، دەرچووە و لە لەشکری عوسمانی شەشەمی بەغدا دامەزراوە.

ساڵی ١٩٠٣ تاکوو تەممووزی ١٩٢٤ لە لەشکری عوسمانیدا چەند جۆر پلەی بڕیووە، لەگەڵ گەڕانەوەشی بۆ عێراق لە ١٩٢٥/٢/٢ تاکوو ١٩٢٥/٧/١٥ پشکنەر و فەرماندەی فێرگەی سەربازی عێراقی بووە و وانەی وتووەتەوە. لە ساڵانی ١٩٢٠ـدا لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا لە ئیدارەی عێراقدا کاری کردووە و لە ساڵی ١٩٢٨ وەکوو وەزیری بەرگری دەستنیشانکراوە. لە کانوونی دووەمی ١٩٤٤ تاکوو حوزەیرانی ١٩٤٦ سەرۆکی ژووری نوێنەران بووە. لە ١٩٤٢/٢/١٠ لە بەر نەخۆشی بەیەکجاری دەستی لە کاروباری حکوومی هەڵگرت.

بەرهەمەکانی

خاوەنی زیاتر لە ١٢ بەرهەمە، نموونەی چەند بەرهەمێکی:

  • محاسەبەی نیابات-١٩٢٨ کە تێیدا پەڕاوی کردەوەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا بۆ خوێنەر کۆکردۆتەوە.
  • خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان-بەشی یەکەم لە ساڵی ١٩٣١، بەشی دووەمی لە ساڵی ١٩٣٧ هەروەها وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی عەرەبیش.
  • دوو تەقەللای بێسوود لە ساڵی ١٩٣٥ کە پاداشتێکی ٦٩ لاپەڕەیە.
  • تاریخ السلیمانیة‌ و ولایتها-١٩٣٩.
  • مشاهیر الأکراد-بەشی یەکەم ساڵی ١٩٤٥ و بەشی دووەم ساڵی ١٩٤٧.
  • تاریخ الدولة‌ و الامارات الکردیة‌-١٩٤٥.

کۆچی دوایی

لە شەوی ١٩٤٨/٧/٩ بەهۆی لەکارکەوتنی گورچیلەکانی لە شاری سلێمانی، کۆچی دوایی دەکات.


سەرچاوەکان



1405 بینین