ڕیدینگ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-28-23:18:00 - کۆدی بابەت: 10054
ڕیدینگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕیدینگ (بە ئینگلیزی: Reading، بە عەرەبی: ردينغ)، شارۆچکەیەکە لە بێرکشایەر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا. ئەم شارۆچکە دەکەوێتە دۆڵی تایمز لە شوێنی بەیەکگەیشتنی ڕووبارەکانی تایمز و کینێت. ڕیدینگ ٦٤ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی سویندۆن، ٤٥ کیلۆمەتر لە باشووری ئۆکسفۆرد، ٦٤ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای لەندەن، ٢٤ کیلۆمەتر لە باکووری باسینگستۆک، ٢١ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای مەیدنهێد و ٢٤ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی نیوبێرییەوە دوورە. بەهۆی فیستیڤاڵی میوزیک و چالاکییە وەرزشییەکانی شارۆچکەکەوە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر سەردانکەری جیهانی بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ڕیدینگ لە ساڵی ۲۰۱٦ـدا ۱٦۲٫۷۰۰ کەس بوو، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی شارستانییەکەی لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا ۲۳۲٫٦٦۲ کەس بوو. چڕی دانیشتووانەکەی ٤٫۰٤۰ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. هەروەها لە ڕیدینگدا زیاتر لە ١٥٠ زمان هەیە کە تەواوی دانیشتووانەکەی قسەی پێ دەکەن.

ڕەگەز و پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارۆچکەکە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا

سپی پێستی بەریتانی: ٦٥٪

ئاسیایی: ٩٪

ڕەش پێستن: ٦.٧٪

چینی: ٤.٥٪

ڕەگەز تێکەڵ: ٣.٩٪

گەشەی دانیشتووانی ڕیدینگ

ژمارەی دانیشتووانی ڕیدینگ لە سەرەتای ساڵانی ١٨٠٠ـکانەوە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. سەرەڕای ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە لە نێوان ساڵانی حەفتاکان بۆ نەوەدەکاندا کەمبوویەوە، بەڵام لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠١١ گەشەیەکی بەرچاو تۆمارکرا. لەبەرئەوەی ڕیدینگ ناوەندێکی چالاکییە بازرگانییەکانە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵانی داهاتوودا لە گەشەیەکی بەردەوامدا بێت.

مێژوو

بەڵگە مێژووییەکان ئەوە دەردەخەن کە مرۆڤەکان لە سەدەی هەشتەمدا لە ڕیدینگ نیشتەجێ بوون، بەڵام پێدەچێت مێژووەکەی بۆ پێش سەدەی هەشت بگەڕێتەوە. لەوانەیە ناوی شارۆچکەکە بەناوی هۆزی ڕیدینگاسەوە ناونرابێت. هەروەها لە ساڵانی ١٥٠٠ـەکاندا، ڕیدینگ ناوەندێکی بازرگانی و گەورەترین شارۆچکەی بێرکشایەر بوو و یەکێک بوو لە شارۆچکە دەوڵەمەندەکانی ئینگلتەرا. پاشان و لە ساڵانی ١٦٠٠ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی بەرزبوویەوە و ٥ هەزار کەسی تێپەڕاند. ئەم شارۆچکە لە ڕێگەی بازرگانی قوماشەوە دەوڵەمەند بوو.

لە سەدەی ١٨ـدا ڕیدینگ بە دروستکردنی بیرە و پیشەسازی ئاسن بەناوبانگ بوو، دواتر و لە سەدەی نۆزدەهەمدا پیشەسازی بەرهەمهێنان لە ناوچەکەدا فراوان بوو و هێڵی ئاسن گەشتە شارۆچکەکە، ئەمەش هاتوچۆکردنی ئاسانتر کرد و شارۆچەکە قەرەباڵغتر بوو. بەدرێژایی سەدەی بیستەم شارۆچکەکە لە گەشەسەندنی خۆی بەردەوام بوو و لە ئێستادا یەکێکە لە گرنگترین ناوەندە بازرگانییەکانی بەریتانیا، هەروەها شوێنی ناوەندە بازرگانییە گەورەکان و ئۆفیس و بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکانە لەوانە پێپسیکۆ، مایکرۆسۆفت، ئووراکل و ئای ئێن جی دایرێکت.

یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم شارۆچکەیە ئەوەیە کە یەکێکە لە گەورەترین ناوچەکانی شانشینی یەکگرتوو کە پێگەی شاری پێ نەبەخشراوە. بەڵام هەوڵدراوە بکرێت بە شار و دوایین هەوڵیش لە ساڵی ٢٠١٢ـدا بوو.

کەشوهەوا

مانگەکانی وەرزی هاوین لە ڕیدینگدا کورت و خۆشن، ئاسمانی شارۆچکەکە نیمچە هەوراوییە، هەروەها مانگەکانی وەرزی زستان درێژ، زۆر ساردن، بای هەیە و ئاسمانی شارۆچکەکە زۆرجار هەوراویە. پلەی گەرمی بە شێوەیەکی گشتی لە ۱٫۷ بۆ ۲۲٫۲ پلەی سەدی دەگۆڕێت و بەدەگمەن لە خوار ۳٫۹- یان سەرووی ۲۷٫۷ پلەی سەدییەوەن.

تێکڕای پلەی گەرمی لە ڕیدینگ

وەرزی گەرما ٢٫٨ مانگ دەخایەنێت، لە ١٤ـی حوزەیران تا ٩ـی ئەیلوول و تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە سەرووی ۱۸٫۹ پلەی سەدییەوەیە. گەرمترین مانگی ساڵ لە شارۆچکەكەدا مانگی تەممووزە کە تێکڕای بەرزترین پلەی گەرما ۲۱٫٦ پلەی سەدی و نزمترین پلەی گەریمی ۱۲٫۲ پلەی سەدییە. هەروەها وەرزی سارد ٤٫۰ مانگ دەخایەنێت، لە ١٦ـی تشرینی یەکەم تا ١٦ـی ئازار و تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە خوار ۹٫۹ پلەی سەدییەوەیە. ساردترین مانگی ساڵ لە شارۆچکەكەدا مانگی شوباتە، کە تێکڕای نزمترین پلەی گەرما ۱٫٦ پلەی سەدی و بەرزترین پلەی گەرما ۷٫۷ پلەی سەدییە.

باشترین کات

بە پشتبەستن بە نمرەی گەشتیاری، باشترین کاتی ساڵ بۆ سەردانکردنی ڕیدینگ کۆتایی مانگی حوزەیران تا سەرەتای مانگی ئەیلوولە. چونکە کەشی شارەکە لەم کاتەدا بۆ چالاکییەکانی دەرەوە خۆشە.


سەرچاوەکان



221 بینین