دراوی وڵاتی سووریا چییە؟

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-09-01-23:15:00 - کۆدی بابەت: 10114
دراوی وڵاتی سووریا چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سووریا  (بە عەرەبی: سوريا، بە ئینگلیزی: Syria) وڵاتێکی عەرەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە ڕۆژاوای کیشوەری ئاسیا، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کۆمارێکی یەکگرتووە لە ١٤ پارێزگا پێکهاتووە، پایتەختەکەی دیمەشقە.

لە ڕۆژاواوە دەریای ناوەڕاستە، لە باکوورەوە لەگەڵ تورکیا هاوسنوورە، لە ڕۆژهەڵات و باشووری لەگەڵ عێراق هاوسنوورە، لە باشوورەوە لەگەڵ ئوردن هاوسنوورە، لە باشووری ڕۆژاواوە لەگەڵ ئیسرائیل و لوبنان هاوسنوورە.

سووریا خاوەنی ئابوورییەکی هەمەچەشن و جێگیرە، بە نەتەوەیەکی داهات مامناوەند دادەنرێت.

دراوی وڵاتی سووریا چییە؟

سووریا بەکارهێنەری دراوێکی تایبەتە بە ناوی لیرەی سووری یان پاوەندی سووری (بە ئینگلیزی: syrian pound، بە عەرەبی: الليرة السورية) هێماکەی (£S)، دراوی فەرمی وڵاتی سووریایە، لەلایەن بانکی ناوەندی سووریاوە دەردەچێت.

لە ماوەی نزیکەی ٤٠٠ ساڵدا کە سووریا بەشێک بوو لە دەوڵەتی عوسمانی دراوەکەیان لیرەی تورکی بوو، پاش هەڵوەشاندنەوەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی سووریا خرایە ژێر داگیرکارییەکانی فەڕەنسا و پاوەندی میسڕی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی فەڕەنسا و بەریتانیا بەکاردەهێنرا، لە ساڵی ١٩٤٧ـدا بەهای لیرەی سووری بە دۆلاری ئەمریکییەوە پەیوەستکرا بە ٢,١٩١٤٨ لیرەی سووری بۆ هەر دۆلارێک، ئەم ژمارەیە تا ساڵی ١٩٦١ پارێزراو بوو. بەڵام ئێستا بە هیچ دراوێکەوە پەیوەست نەکراوە.

لیرەکە بەسەر ١٠٠ قرشدا دابەشدەبێت، پۆلێنەکانی بریتین لە ٥٠ لیرە، ١٠٠ لیرە، ٢٠٠ لیرە، ٥٠٠ لیرە، ١٠٠٠ لیرە، ٢٠٠٠ لیرە و ٥٠٠٠ لیرە، هەروەها خاوەنی دراوی کانزاییە بە پۆلێنەکانی ٥ لیرە، ١٠ لیرە، ٢٥ لیرە و ٥٠ لیرە.

بەهای دۆلارێکی ئەمریکی بە فەرمی نزیکەی ٢,٨١٤ لیرەی سوورییە، لە مەودای بازاڕی ئازاددا نزیکەی ٣,٥٧٥ـە.


سەرچاوەکان



337 بینین