گوڵی لیلاک

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-09-04-16:27:00 - کۆدی بابەت: 10146
گوڵی لیلاک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوڵی لیلاک یان گوڵی لیلاق (بە عەرەبی: زهرة اللیلک، بە ئینگلیزی: Lilac، ناوی زانستی: Syringa vulgaris بە جۆرێک لە دەوەنەکان پۆلێندەکرێت و زیاتر لە دەرەوەی ناوماڵدا وەک پەرژین دەچێنرێت، کە تەمەنێکی درێژی زیاتر لە ١٠٠ ساڵ دەکات و بۆنی خۆش و دیمەنی جوان دەبەخشێت، هەروەها دەبێتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی پەپوولە و ئەو بوونەوەرانەی تر کە دەنکە هەڵاڵەکان دەگوازنەوە، چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە کە ڕەنگی گوڵ و کاتی خونچەکردن و جێگەی گەشەکردنیان جیاوازە، واتە خەڵکی کاتێک ئەم ڕووەکە دەچێنن دەتوانن بەگوێرەی ناوچەکانیان جۆری گونجاو هەڵبژێرن.

شێوە و پێکهاتەی

لیلاک وەک دارێکی بچووکە و چەندین لقی جیاواز دروستدەکات و دوای گەشەکردنیشی درێژییەکەی دەگاتە ٢.٤-٣.٦ مەتر، ئەم دەوەنە گوڵ دەگرێت و وەرزی خونچەکردنیشی بەهار و هاوینە، گوڵەکەی چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە وەک شین، پەمەیی، مۆر، سوور، سپی یان زەرد، بەڵام ڕەنگی خونچەی هەموو ڕەنگە جیاوازەکان مۆرێکی کاڵە، ماوەی مانەوەی گوڵەکەش بە کراوەیی دوو هەفتە دەخایەنێت، هەرچەندە دەکرێت ڕووبەڕووی نەخۆشی و مێرووی جیاوازیش ببێتەوە، بەڵام چارەسەردەکرێت و نوێدەبێتەوە.

سوودەکانی

  • بڵاوکردنەوەی بۆنێکی شیرین و لەبیرنەکراو.
  • بەکارهێنانی گوڵەکەی بۆ بڕین و پێشکەشکردن.
  • لە ڕابردوودا بۆ دروستکردنی دەرمان بۆ لەناوبردنی کرمە مشەخۆرەکان و کەمکردنەوەی تا بەکارهێنراوە.
  • دروستکردنی زەیتی لیلاک و بەکارهێنانی بۆ چەندین مەبەستی جیاواز.
  • دروستکردنی چایی لە گەڵاکانییەوە.
  • بەکارهێنانی وەک بەرهەمی جوانکاری بۆ پێست.
  • دروستکردنی خواردن و خواردنەوە.

شێوازی چاندن

کاتی چاندنی ئەم ڕووەکە هاوشێوەی زۆرینەی ڕووەکەکانی تر بەهار و پاییزە، کە باشتر وایە لە پاییزدا بچێنرێت، هەروەها باشترە لقێک بخرێتە خاکەوە کە ڕەگی باشی داکوتابێت، ئەگەر لیلاکی ناو گۆزەیەکیش بێت ئەوا پێویستە لە قووڵایی چاڵێکدابێت کە چەند سانتیمەترێک لە گۆزەکەی گەورەتربێت، پاشان ڕەگەکان بە دەست لە یەکتری دووربخرێنەوە و ڕێگری بکرێت لەوەی کە بەسەر یەکتریدا بچەمێنەوە، دواتر لەکاتی وشکبوونی خاکەکەیدا ئاوبدرێت بەتایبەتی لە هاویندا، لە دوای تێپەڕبوونی ١-٥ ساڵ دەگاتە زۆرترین گەشەکردن و قەبارەی گەورەدەبێت.  

شێوازی گرنگیپێدانی

ڕۆژانە پێویستی بە خۆری زۆر هەیە یاخود بەشێک لە کاتەکانی لە سێبەردابێت، کە ئەگەر ڕۆژانە شەش کاتژمێر خۆری بەربکەوێت ئەوا باشترین و زۆرترین گوڵ دەگرێت، بەڵام لە سێبەردا ژمارەی گوڵگرتنی کەمدەکاتەوە، خاکەکەی باشترە هاوکێش بەرەو کەمێک تفت بێت و ئاو بەباشی پێیدا تێپەڕبێت، واتە ئاو کەڵەکە نەکات و بنجی ڕووەکەکە وشکبێتەوە چونکە هەبوونی تەڕی زۆر وای لێدەکات کە گوڵ نەگرێت.

هەروەها لیلاک پێویستی بە خاکێکی بەپیتە و ئەگەر لاوازبێت پێویستە ماددەی خۆراکی و سەمادی بۆ زیادبکرێت، باشترە کە هەموو بەهارێک چینێک لە سەماد بۆ بنی ڕووەکەکە زیادبکرێت کە ڕێژەی شێ و ماددەی پێویستی پێدەدات، بەڵام ئەگەر زیاد لە پێویستیش خاکەکەی بەپیتبکرێت ئەوا ڕێگریدەکات لە گوڵگرتن، بۆ گەشەکردنی باشتر دەبێت گژوگیای بنجی ڕووەکەکە لاببرێت، یاخود بەردی بۆ دابنرێت کە ڕێگریدەکات لە بەرزبوونی گیای جێگەکە.  

هەموو ساڵێک لە دوای کۆتایی هاتنی گوڵگرتن پێویستە هەڵبپاچرێت، بە لابردنی هەموو چڵە بچووک و لاواز و نەخۆشەکان لەگەڵ ئەوانەی کە زیاد درێژبوون کورتبکرێنەوە، بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێی گەشەکردندا بەهێزتر و جوانتربێت، بەڵام پێویستە ئاگاداری ئەوە بکرێت کە ئەگەر بەشێکی زۆری هەڵبپاچرێت ئەوا توانای گوڵگرتنی نامێنێت بۆ ماوەی ١-٣ ساڵ.


سەرچاوەکان



331 بینین