محەمەد حەلبووسی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-09-09-23:38:00 - کۆدی بابەت: 10192
محەمەد حەلبووسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

محەمەد ڕێکان حەلبووسی (بە عەرەبی: محمد الحلبوسي، بە ئینگلیزی: Mohamed al-Halbousi)، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و لە ساڵی ٢٠١٨ ئەو پۆستەی وەرگرتووە و بە گەنجترین سەرۆکی عێراق دادەنرێت کە ئەو پۆستەی لە تەمەنی ٣٤ ساڵی وەرگرتووە. لە ٩ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ جاری دووەم حەلبووسی لە کۆی ٢٢٨ دەنگ توانی ٢٠٠ دەنگ بەدەستبهێنێت و وەکوو سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ خولی چوارەم هەڵبژێردرایەوە.

حەلبووسی سیاسەتوانێکی سوننەی پارێزگای ئەنباری عێراقە، لە نێو سوننەکان خۆشەویستە و بەوە ناسراوە کە کەسێکە پەیوەندی هاوڕێیەتی و دۆستانە زوو دروستدەکات و توانای جڵەوکردن و هەستی خۆسەپاندنی لەنێو لایەن و پشتیوانانی هەیە، بە پێچەوانەشەوە بەرانبەر نەیاران و ڕکابەرەکانی لاوازە. هەروەها بەهۆی ئەوەی خۆی دانیشتووی ئەنبارە ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە دووبارە نۆژەنکردنەوەی ئەنبار دوای جەنگی داعش و دانیشتووانی ئەنبار بەوهۆیەوە هەر بە نازناوی"محمد نا" واتا "محەمەدی ئێمە" ناوزەدی دەکەن.

ژیاننامە

ناوی تەواوی محەمەد ڕێکان حەدید حەلبووسییە و سەر بە هۆزی دلێمە کە هۆزێکی ناوداری عێراقە. لە چواری کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨١ لە شارۆچکەی کەڕمە لە خێزانێکی سوننەی ئەنبار لەدایکبووە. لە ساڵی ٢٠٠٢ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی موستەنسڕییە لە بەغداد بەدەستهێناوە، لە هەمان زانکۆ لە ساڵی ٢٠٠٦ بڕوانامەی ماستەری لە هەمان پسپۆڕی بەدەستهێناوە. هەروەها بڕوانامەی دیبلۆمی لە زمانی ئینگلیزیدا هەیە. دوای تەواوکردنی زانکۆ وەکوو ئەندازیار لە بواری ئەندازیاری کاری کردووە، "کۆمپانیای ئەلحەدیدی سنوورداری" بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەی ئەندازیاری دامەزراندووە، چەندان پڕۆژەی لە ئەنبار و ناوچەکانی وەک فەلووجە ئەنجامداوە نموونەی دیزاین و جێبەجێکردنی سیستمی ئاو و ئاوەڕۆی فەلووجە.

زانیاری گشتی

ناو

محەمەد ڕێکان حەلبووسی

ساڵ و شوێنی لەدایکبوون

ساڵی ١٩٨١، ئەنبار، شارۆچکەی کەڕمە

نازناو

حەلبووسی، محمدنا

ئایین

ئیسلامی سوننە

پیشە

ئەندازیار

پلە و پۆست

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

حیزب

دامەزرێنەر و سەرۆکی حیزبی تەقەدووم

ئەزموونی سیاسی

ئەزموونی سیاسی حەلبووسی لە ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەنجوومەنی شارەوانی ئەنبارەوە دەستیپێکرد. ئەندامی حیزب و جووڵانەوەی نیشتمانی چاکسازی بوو کە لەلایەن جەمال کەربوولییەوە سەرکردایەتی دەکرا. پاشان چووە نێو جووڵانەوەی "موتەحیدوون" لە ڕێگەیەوە توانی ببێتە ئەندام پەرلەمانی عێراق. لە ساڵی ٢٠١٤ یەکەم هەڵبژاردن لە عێراق کرا، کە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١ سێیەم هەڵبژاردن بوو لە عێراق دوای لەناوچوونی ڕژێمی سەدام، حەلبووسی توانی سەرکەوتوو بێت و ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

  • لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تاکوو ٢٠١٧ وەکوو ئەندام پەرلەمان لە لێژنەی مافی مرۆڤ و لێژنەی دارایی ئەندام بووە.
  • لە ساڵی ٢٠١٧ لە پەرلەمان کشایەوە و بووە پارێزگاری ئەنبار.
  • لە ساڵی ٢٠١٨ حەلبووسی لە تەمەنی ٣٤ ساڵی وەکوو گەنجترین سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر میلاکی سوننەکان هەڵبژێردرا.
  • لە ساڵی ٢٠١٩ بە فەرمی حیزبی تەقەدووم (بە عەرەبی: حزب تقدم)ـی دامەزراند و بووە سەرۆکی حیزبەکە، وەکوو حیزبێکی لیبڕاڵی مەدەنی عێراقی ناسێنرا.
  • لە هەڵبژاردنەکانی عێراقی ساڵی ٢٠٢١ حەلبووسی و حیزبەکەی ٣٧ کورسییان بەدەستهێنا و دوای حیزبەکەی موقتەدا سەدڕ بوونە لایەنی دووەمی نێو پەرلەمان.
  • لە ٩ـی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ بۆ جاری دووەم حەلبووسی لە کۆی ٢٢٨ دەنگ توانی ٢٠٠ دەنگ بەدەستبهێنێت و وەکوو سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ خولی چوارەم هەڵبژێردرایەوە.


سەرچاوەکان



259 بینین