گەرمترین ڕووباری جیهان

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-09-24-23:12:00 - کۆدی بابەت: 10362
گەرمترین ڕووباری جیهان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گەرمترین ڕووباری جیهان (بە ئینگلیزی: Hottest River in the World، بە عەرەبی: اسخن نهر في العالم)، شانای تیمپیشکا کە بە لا بۆمبا ناسراوە گەرمترین ڕووباری جیهانە و لقێکی ڕووباری ئەمازۆنە لە وڵاتی پیرۆ، کە پێی دەوترێت "تاکە ڕووباری کوڵاو لە جیهاندا". درێژییەکەی ٦٫٤ کیلۆمەتر، پانییەکەی ٢٥ مەتر و قووڵییەکەی ٦٫١ مەترە. ئەم ڕووبارە بەوە ناسراوە کە پلەی گەرمی ئاوەکەی زۆر بەرزە و پلەی گەرمییەکەی بەپێی شوێنەکەی لە ٤٥ بۆ نزیکەی ١٠٠ پلەی سەدی دەگۆڕێت. هەر زیندەورێک ڕێی لێ بکەوێت و بکەوێتە ناوییەوە دەیکوژێت و دەیکوڵێنێت. ناوی ڕووبارەکە بە واتای 'کوڵاو بە گەرمی خۆر' دێت، بەڵام لەڕاستیدا سەرچاوەی گەرمبوونی ڕووبارەکە گەرمی ناوەکی زەوییە. ئەم ڕووبارە کوڵاوە بەلای هەندێک لە کۆمەڵگا ناوخۆییەکانییەوە شوێنێکی پیرۆزە.

شوێن و ئەفسانەزانی

ڕووبارەکە دەکەوێتە ناو پیرۆزگای مایانتویاکو کە بەشێکە لە دارستانی هوانوکۆ. ناوچەکە کۆمەڵگەیەکی ئەشانینکای لێ نیشتەجێیە. شەمەنە ناوخۆییەکان پێیان وایە ئاوە کوڵاوەکە لە یاکومامایە، کە ئەژدیهایەکی زەبەلاحە و باوەڕیان واییە لە دارستانه باراناوییەکانی ئەمازۆنی پیرۆدا بژی و بە "دایکی ئاوەکان" ناسراوە.

ڕوونکردنەوەی زانستی

ئاندرێس روزۆ، کە زانایەکی بواری زەویناسی و گەرمایی زەوی، لێکۆڵینەوەی لە سەرچاوەی گەرمیی ڕووبارەکە کردووە. ئەم زانا سەرەتا وەک منداڵێک و لەڕێگەی چیرۆک لە باپیرەیەوە ڕووباری کوڵاوی بیستووە و زانیویەتی کە ڕووبارەکە بە بەردەوامی پارێزگاری لە پلە گەرمییە بەرزەکەی دەکات سەرەڕای ئەوەی لە نزیک هیچ گڕکانێکی چالاک یان دەرچەی گەرمایی زەویی ناسراوەوە نییە، کە بە شێوەیەکی ئاسایی ئاوی ژێر زەوی گەرم دەکەن. دواتر هەوڵ دەدات لێکۆڵینەوە لە ڕاست و دروستی ڕووبارێکی لەو شێوەیە بکات. ئەم ڕووباره سەرەڕای سروشتە ناوازەکەی، ناشناڵ جوگرافی بە تایبەتمەندییەکی تەواو سروشتی وەسفی کردووە. بیردۆزی سەرەکی بۆ سەرچاوەی ئەم گەرمییە ڕێژەی گۆڕانی پلەی گەرمی گەرمایی زەوییە کە هەتا ئاوەکە زیاتر بچێتە خوارەوەی زەوی پلەی گەرمییەکەی بەرزتر دەبێتەوە. نزیکبوونەوە لە به‌شی ناوه‌ندی زه‌وی، وا لە پلەی گەرمی ئاوی ژێر زەوی دەکات کە بەرزتربێت لە پلەی گەرمی ئاوی سەر زەوی. بیردۆزەکە ئەوەیە کە ئاوی باران دەبارێتە سەر ڕووی دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆن و درزە زۆر قووڵەکان دەدۆزێتەوە کە تێیدا دەڕواتە خوارەوە بۆ ناو توێکڵی زەوی. بەم شێوەیە ئاوەکە بەپێی ئەو قووڵاییەی کە پێی گەیشتووە بە گەرمایی زەوی گەرم دەکرێت. پاشان پێدەچێت لە ڕێگەی کانییە گەرمەکانەوە هەڵقوڵێن و ئاوی ڕووبارەکە گەرم بکات.

مەترسی

شانای تیمپیشکا هۆکاری لەناوبردنی دارستانەکانە و مەترسی لەسەر درەختەکانی دەوروبەری هەیە. بەپێی ناشناڵ جوگرافی، لەڕاستیدا ئەوە دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکەیە کە زۆربەی دارستانەکانی دەوروبەری ناوچەکە دەبڕنەوە. زیاتر لە ٩٩٪ـی لەناوبردنی داری دارستانەکانی دەوروبەری ڕووبارە کوڵاوەکە بەهۆی فرۆشتنی دارە گەورەتر و گرانترەکانەوەیە کە لەلایەن خەڵکە ڕەسەنەکەوە دەبڕێنەوە، ئەو ڕێژەیەشی کە دەمێنێتەوە بەهۆی گەرمی ئاوی ڕووبارەکەوە دەسووتێن و لەناو‌دەچن. کۆمپانیایەکی ناوخۆیی نەوت و گاز بە ناوی مەپڵ ئینێرجی (Maple Energy) لە ڕاستیدا خەریکی پاراستنی بەشێک لە جەنگەڵەکانی دەوروبەری ناوچەکەن. ئەم ڕووبارە لە وەرزە وشکەکاندا ئەوەندە گەرمە کە دەتوانێت مرۆڤەکانیش لەناوببات، ئاژەڵە بچووکە شیردەرەکان، خشۆکەکان یان گیانەوەرە وشکاوەکییەکان هەرکە دەکەونە ناوییەوە بە زیندوویی دەیان کوڵێنێت. بۆیە هەر کەسێک بدات بەلای ڕووبارەکەدا دەبێت لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا زۆر وریا بێت چونکە کەوتنە ناوییەوە زۆر ترسناکە.


سەرچاوەکان



394 بینین