فیدڵ کاسترۆ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-09-25-23:45:00 - کۆدی بابەت: 10377
فیدڵ کاسترۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فیدڵ کاسترۆ (بە ئینگلیزی: Fidel Castro، بە عەرەبی: فيدل كاسترو) کەسایەتییەکی سیاسی و سەربازی کوبایە، لە ماوەی ١٩٥٩ بۆ ٢٠٠٨ سەرۆکی کوبا بوو دوای ئەوەی لە شۆڕشێکی سەربازیدا حکوومەتی فولگێنسیۆ باتیستای ڕووخاند. ساڵی ٢٠٠٨ ڕایگەیاند کە خۆی بۆ خولێکی نوێ کاندید ناکات و ڕائول کاسترۆی برای لە شوێنی ئەو هەڵبژێردرا. لە ساڵی ١٩٦٥ کاسترۆ سکرتێری حیزبی شیوعیی کوبا بوو و سەرکردایەتی گۆڕینی ئەو وڵاتەی کرد بۆ سیستمێکی کۆمۆنیستی و سیستەمی حوکمڕانی تاک حیزبی. لە ساڵی ١٩٧٦ بوو بە سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەت و ئەنجوومەنی وەزیران. ئەوکات باڵاترین فەرماندەی سەربازی بوو.

لە ژیانیدا ٦٣٨ جار هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە لەلایەن لایەنە جیاوازەکانەوە بەتایبەت دەزگای هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا.

سکرتێری یەکەمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعیی کوبا
٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٥ – ١٩ی نیسانی ٢٠١١
پێش ئەو بلاس رۆکا کاڵدێریۆ
دوای ئەو ڕائول کاسترۆ
١٥هەمین سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەتی کوبا
٢ی کانوونی دووەمی ١٩٧٦ – ٢٤ی شوباتی ٢٠٠٨
جێگری سەرۆک ڕائول کاسترۆ
پێش ئەو ئۆسڤاڵدۆ دۆرتیکۆس تۆستد
دوای ئەو ڕائول کاسترۆ
١٥هەمین سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوبا
٢ی کانوونی دووەمی ١٩٧٦ – ٢٤ی شوباتی ٢٠٠٨
جێگری سەرۆک ڕائول کاسترۆ
دوای ئەو ڕائول کاسترۆ
پازدەهەمین سەرۆکوەزیرانی کوبا
١٦ی شوباتی ١٩٥٩ – ٢ی کانوونی دووەمی ١٩٧٦
زانیاری کەسی
لەدایک بوون
فیدڵ ئەلیخاندرۆ کاسترۆ ڕوز


١٣ی ئابی ١٩٢٦ (بیران، کۆماری کوبا)

مردن

٢٥ تشرینی دووەمی ٢٠١٦ (تەمەنی ٩٠ ساڵی)

هاڤانا، کوبا

شوێنی ناشتن گۆڕستانی سانتا ئیفیجینیا، سانتیاگۆ دی کوبا
حزبی سیاسی حیزبی شیوعی کوبا (١٩٦٥ - ٢٠١٦)
هاوسەرەکان
  • میرتا دیاز-بالارت (١٩٤٨ - ١٩٥٥)
  • دالیا سۆتۆ دێل ڤالی (١٩٨٠)
منداڵ ٩
واژۆ
خزمەتی سەربازی
پلە فەرماندەی گشتی
بەش بزووتنەوەی ٢٦ی تەممووز
شەڕەکان/جەنگەکان
  • شۆڕشی کوبا
  • یاخیبوونی ئێسکامبرای
  • داگیرکردنی دوورگەی بەرازەکان
  • قەیرانی مووشەکی کوبا
  • ڕووداوی ماچوروکوتۆ
  • شەڕی ناوخۆی ئەنگۆلا
  • لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر گرێنادا

دوای نەشتەرگەری ڕیخۆڵە لە ٣١ی تەممووزی ٢٠٠٦، ئەركەكانی ڕادەستی برا بچوكەكەی و جێگری یەكەمی خۆی كرد بەناوی ڕائول كاسترۆ. لە ١٩ی شوباتی ٢٠٠٨ و پێنج ڕۆژ پێش کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی، ڕایگەیاند کە ئاواتی خولێکی نوێی نییە وەک سەرۆکی ئەرکان و سەرۆکی وڵات. لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ژیان

کاسترۆ لە ١٩٢٦/٨/١٣ لە دایک و باوکێکی ئیسپانیی جووتیار لەدایک بووە. لە قوتابخانەیەکی ئامادەکاری خوێندوویەتی، لە ساڵی ١٩٤٥ پەیوەندی بە زانکۆی هاڤانا کردووە و لەوێ یاسای خوێندووە و لە ساڵی ١٩٥٠ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەست هێناوە. لە نووسینگەیەکی بچووکی یاساییدا وەک پارێزەر کاری دەکرد و حەزی بە گەیشتن بە پەرلەمانی کوبا هەبوو، بەڵام کودەتایەک بە سەرۆکایەتی فولگێنسیۆ باتیستا هەڵبژاردنی پەرلەمانی پلان بۆ داڕێژراوی هەڵوەشاندەوە.

شۆڕش

وەک ناڕەزایەتییەک، کاسترۆ هێزێکی شەڕکەری پێکهێنا و هێرشی کردە سەر بنکەیەکی سەربازی، لە ئەنجامدا ٨٠ کەس لە شوێنکەوتووانی کوژران و کاسترۆ دەستگیرکرا.

دادگا سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەر کاسترۆدا سەپاند و لە مانگی ئایاری ١٩٥٥ ئازاد کرا، دوای ئەوە دوورخرایەوە بۆ مەکسیک، لەوێ ڕائولی برای و هاوەڵەکانی بۆ شۆڕش خۆیان کۆکردەوە، لەوێ لەگەڵ چێ گیڤارا یەکتری دەناسن و ئەویش دەبێتە بەشێک لە شۆڕش. بە بەلەمێکی کەشتیوانی کاسترۆ و هاوڕێکانی لە مەکسیکەوە بەرەو کوبا بەڕێکەوتن و پارتەکەی ناوی لێنرا بزووتنەوەی ٢٦ی تەممووز. کاسترۆ دوای ماوەیەک کۆمەڵێک ناوچەی داگیر کرد، بەڵام ئەوکات بیرۆکەی سیاسی خۆی دەرنەبڕی. کاسترۆ لە ٢ی کانوونی دووەمی ١٩٥٦ لەگەڵ نزیکەی هەشتا پیاودا جووڵەی کرد و لەو ٨٠ پیاوە ٤٠ کەسیان توانیان بکشێنەوە ناو شاخەکان، دوای ئەوەی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەلایەن سوپای باتیستاوە هێرشیان کرایە سەر. لە شاخەوە شەڕی گەریلای لەسەر حکوومەتی کوبا دەست پێکرد و بە پشتیوانێکی جەماوەری، و دواتریش کە پیاوانی هێزە چەکدارەکانی کوبا پەیوەست بوون بە ڕیزەکانیەوە کاسترۆ توانی فشار بخاتە سەر حکوومەتی هاڤانا و سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی کۆمارەکەی ناچارکرد لە یەکەمی کانوونی دووەمی ١٩٥٩دا لە پایتەخت هەڵبێن، ئەمەش دوای ئەوەی کاسترۆ بە خوێندنەوەی بەیاننامەیەک توانی جەماوەر بجوڵێنێت. پاشان هێزەکانی چوونە ناو هاڤانا بە سەرۆکایەتی ئێرنێستۆ گیڤارا کە ژمارەی ئەو شەڕڤانانەی لە ژێر فەرماندەیی گیڤارا چوونە ژوورەوە ٣٠٠ بوون.

دوای سەرکەوتنی شۆڕش، بە فێڵێکی سەرمایەدارانە دەستی کرد بە کارکردن بۆ ئەوەی کوبا لە دەستتێوەردانی ئەمریکی بپارێزێت وەک ئەوەی لە گواتیمالا ڕوویدا. بەڵام دوای ئەوەی شۆڕش دەستی بەسەر هەموو کوبادا گرت، دەستی کرد بە نیشتمانیکردنی هەموو پیشەسازی و بانکە ناوخۆییەکان و زەوییەکانی بەسەر جووتیاراندا دابەشکرد. بەمەش ئەمریکا دەیویست ئەم دەوڵەتە نوێیە سۆسیالیستییە بڕوخێنێت، بەم هۆیەشەوە لە هەوڵێکدا لە نیسانی ١٩٦١ ڕووداوی "داگیرکردنی دوورگەی بەرازەکان" ڕوویدا کە کودەتایەک بوو لەلایەن CIA و بە شکست کۆتایی هات.

سیاسەتی دەرەوە

ئەمریکا پەلەی کرد لە دانپێدانانی حکوومەتی نوێی لاتین و کاسترۆ ئەو کاتە سەرۆکی دەوڵەت بوو و کەسێکی بۆرژوازی ڕاسپارد بۆ سەرپەرشتی حکوومەت، بۆ ئەوەی لە گورزەکانی سیاسەتی دژە کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی ئەمریکا خۆی بەدوور بگرێت. هەر زوو پەیوەندییەکانی کوبا و ئەمریکا دەستی بە تێکچوون کرد کاتێک کوبا کۆمپانیاکانی بە نیشتمانی کرد، بە تایبەتی کۆمپانیای میوەی یەکگرتوو. لە نیسانی ساڵی ١٩٥٩ کاسترۆ سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد و لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕیچارد نیکسۆن کۆبووەوە و سەرۆکی ئەمریکاش داوای لێبووردنی کرد کە بەهۆی یاریی بە گۆڵفەوە نەیتوانیوە لەگەڵ کاسترۆ کۆببێتەوە. 

لە شوباتی ١٩٦٠ کوبا نەوتی لە یەکێتیی سۆڤیەت کڕی و ئەمریکاش کە خاوەنی پاڵاوگەی نەوت بوو لە کوبا، ڕەتیکردەوە مامەڵە لەگەڵ نەوتی سۆڤیەت بکات. هەر بۆیە کاسترۆ پاڵاوگەکانی کوبا کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە کۆنترۆڵکرابوون بە نیشتمانی کردن، ئەمەش وایکرد پەیوەندییەکانی کوبا و ئەمریکا لە خراپترین دۆخدا بێت. دوای ئەوە ئەمریکا کوباى گەمارۆدا و سزای ئابووری خستە سەر کە تا ٢٠١٥ بەردەوام بوو، بەڵام پەیوەندییەکانی کوبا و سۆڤیەت باشتر بوو، ئاڵوگۆڕی ئابووریش تا ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیستەم بەردەوام بوو. 

قەیرانی مووشەکەکان

یەکێتیی سۆڤیەت بە پشت بەستن بە یاداشتەکانی سەرکۆماری سۆڤیەت خرۆشۆڤ، دەستی کرد بە جێگیرکردنی مووشەکی بالیستی بۆ ڕێگریکردن لە هەوڵێکی ئەمریکا بۆ داگیرکردنی دوورگەکە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٢. فڕۆکە سیخوڕییەکانی ئەمریکا سەکۆی مووشەکی سۆڤیەتیان لە کوبا دۆزییەوە و مەترسییەکی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر ئەمریکا بینی بەهۆی کەمی مەودای نێوان کوبا و ئەمریکا کە ١٤٤ کیلۆمەترە. هێزی دەریایی ئەمریکا هێڵێکی دەریایی دانا کە پشکنینی ئەو کەشتیانەی دەکرد بەرەو کوبا دەڕۆن. لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٦٢ سەرۆکی کوبا نامەیەکی نووسراوی ئاڕاستەی سەرۆکی سۆڤیەت کرد و داوای لێکرد هێرشی ئەتۆمی بۆ سەر ئەمریکا ئەنجام بدات، بەڵام یەکێتیی سۆڤیەت وەڵامی ئەو داوایەی نەدایەوە. یەکێتیی سۆڤیەت ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر لابردنی مووشەکەکانی کوبا بەو مەرجەی ئەمریکا بەڵێن بدات کە کوبا داگیر نەکات و واز لە جێگیرکردنی مووشەکی بالیستیکی ئەمریکی لە تورکیا بهێنێت. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ئاسایش و نەمانی مەترسی، دوای ئەمەش پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و کوبا بە دوژمنایەتی تایبەتمەند بوو، ئەمریکاش بەردەوام بوو لە هەوڵەکانی بۆ تیرۆرکردنی کاسترۆ.

کشانەوە لە دەسەڵات و کۆچی دوایی

فیدڵ کاسترۆ دوای ١٩ مانگ نەخۆشکەوتنی لە ١٩ی شوباتی ٢٠٠٨ دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتی کوبا و فەرماندەیی سوپا کێشایەوە. فیدڵ کاسترۆ لە تەمەنی ٩٠ ساڵی و کاتژمێر ١٠:٢٩ خولەکی شەوی هەینی ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ لە شاری هاڤانا لە کوبا کۆچی دوایی کرد، کە دەکاتە ڕۆژی شەممە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ی زایینی، بەپێی کاتی جیهانی. ڕاستەوخۆ دوای مردنی ڕائولی برای لە تەلەڤزیۆنی نیشتمانیدا ڕایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر ٢٢:٢٩ فەرماندەی گشتی شۆڕشی کوبا کۆچی دوایی کرد".


سەرچاوەکان



776 بینین