سوودەکانی نارنج بۆی

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-02-20:18:00 - کۆدی بابەت: 10521
سوودەکانی نارنج بۆی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوودەکانی نارنج بۆی (بە ئینگلیزی: Benefits of Lemon Balm، بە عەرەبی: فوائد بلسم الليمون). نارنج بۆی کە ناوە زانستییەکەی (Melissa officinalis)یە گیایەکە کە لە هەمان خێزانی نەعنایە. گیایەكی ڕەسەنی ئەورووپا، باکووری ئەفریقا و ڕۆژئاوای ئاسیایە، بەڵام لە سەرانسەری جیهاندا گەشە دەکات. نارنج بۆی هەر لە كۆنەوە بەکارهاتووە بۆ باشترکردنی باری دەروونی و توانای مێشك، بەڵام سوودە شاراوەكانی لێرەدا ناوەستن. بەردەوام بە لە خوێندنەوە بۆ زانینی زیاتر دەربارەی چارەسەریە بەهێزەكانی ئەم ڕووەکە.

سوودەکانی نارنج بۆی

دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە نەهێشتنی فشاری دەروونی

دەوترێت نارنج بۆی نیشانەکانی فشاری دەروونی كەم دەكاتەوە و یارمەتیت دەدات بۆ ئارامبوونەوە و باری دەروونیت باشتر دەكات. توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٠٤ـی سەرچاوەیەكی متمانەپێکراو دەریخستووە کە خواردنی نارنج بۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی باری دەروونیی و فشاری دەروونی کەم دەکاتەوە. ئەو بەشداربووانەی کە نارنج بۆییان خواردووە خۆیان ڕایانگەیاندووە کە هەستیان بە ئارامییەكی زیاتر كردووە. ئەم توێژینەوەیە نمونەیەکی بچووکی هەبوو کە ١٨ کەس بوو، بۆیە بۆ وردبوونەوە لەسەر ئەم دۆزینەوانە پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت.

چۆنیەتی بەکارهێنان: ٣٠٠ ملیگرام نارنج بۆی بەشێوەی کەپسول ڕۆژانە دوو جار بیخۆ. دەتوانیت لە حاڵەتە توندەکانی فشاردا یەک ژەمی ٦٠٠ میلیگرام بخۆیت.

دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ

ڕەنگە نارنج بۆی بەکاربهێنرێت بۆ یارمەتیدانی کەمکردنەوەی نیشانەکانی دڵەڕاوکێ، وەک هەڵچوون و توڕەبوون. توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٤ بڵاوکرایەوە، تاوتوێی ئەو خۆراکانەیان کردووە کە نارنج بۆییان تێدایە و كاریگەرییان لەسەر باری دەروونی و توانای مێشك. تەواوکەرەکە تێکەڵ بەخواردنەوەیەک و ماست کرا لەگەڵ شیرینکەرەوەیەكی سروشتی یان دەستکرد. بەشداربووانی هەردوو گروپەکە کاریگەری ئەرێنییان لەسەر لایەنە جیاوازەکانی باری دەروونی ڕاگەیاندووە، لەنێویاندا کەمبوونەوەی ئاستی دڵەڕاوکێ. هەرچەندە ئەمە باوەڕپێكراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی بەڕاستی کاریگەرییەکانی دیاری بکرێت.

چۆنیەتی بەکارھێنانی: ٣٠٠ بۆ ٦٠٠ میلیگرام نارنج بۆی، لە ڕۆژێکدا سێ جار بیخۆ. دەتوانیت لە حاڵەتە توندەکانی دڵەڕاوکێدا ژەمی زیاتر بخۆیت.

ڕەنگە توانای مێشك بەرز بکاتەوە

هەروەها هەمان توێژینەوەی ساڵی ٢٠١٤ سەیری کاریگەرییەکانی نارنج بۆی کردووە لە باشترکردنی توانای مێشكدا. داوا لە بەشداربووان کرا کە تاقیكردنەوەی توانای مێشكی ئەنجام بدەن کە بریتین لە یادگە، بیرکاری و تەرکیز. ئەنجامی ئەم ئەرکە کۆمپیوتەرییانە ئەوە پیشان دەدات کە ئەو بەشداربووانەی کە نارنج بۆییان خواردووە ئەنجامیان باشتر بووە لە چاو ئەوانەی کە نەیانخواردووە. هەروەها تێکەڵکردنی نارنج بۆی لەگەڵ خۆراک کاریگەری لەسەر ڕێژەی مژینی دەبێت، کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر سوودەكەی هەبێت. بۆیە توێژینەوەی زیاتری پێویستە كە لەسەری بكرێت.

چۆنیەتی بەکارھێنانی: ٣٠٠ بۆ ٦٠٠ میلیگرام نارنج بۆی، لە ڕۆژێکدا سێ جار بیخۆ.

دەتوانێت یارمەتی کەمخەوی و تێکچوونەکانی تری خەو بدات

تێکەڵکردنی نارنج بۆی لەگەڵ ڕووەكی ڤالێریەن (سنبل الطیب) ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە نەهێشتنی نائارامی و تێکچوونی خەو وەک کەمخەوی. توێژەران لە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٠٦دا بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو منداڵانەی کە ئەو ژەمە دەرمانە تێکەڵاوەیان خواردووە، نیشانەکانیان بە ڕێژەی لە سەدا ٧٠ بۆ ٨٠ باشتر بووە. هەردوو توێژەران و دایکان و باوکان نارنج بۆییان بە چارەسەرێکی باش یان زۆر باش زانیوە. هێشتا لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم دۆزینەوانە.

چۆنیەتی بەکارھێنانی: پێش خەوتن کوپێک چای  ڤالێریەن و نارنج بۆی بخۆرەوە. دەتوانیت گەڵاكەی یان لە کیسەدا بە ئامادەكراوی بەكاریبهێنیت.

ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی تامیسك

تەنانەت دەتوانیت لە یەکەم نیشانەی تامیسك نارنج بۆی بەشێوەی سەرەوە بەکاربهێنیت. بەشداربووانی توێژینەوەیەکی ساڵی ١٩٩٩ نارنج بۆی یان کرێمی پلاسیبۆیان لەسەر شوێنی تامیسكەكە بەکارهێناوە ڕۆژانە چوار جار بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ. توێژەران بۆیان دەرکەوتووە ئەو بەشداربووانەی کرێمی نارنج بۆییان بەکارهێناوە نیشانەکانیان کەمتر بووە و خێراتر چاک بوونەتەوە بە بەراورد بەو کەسانەی کە بەکاریان نەهێناوە. هەروەها توێژەران پێشنیاریان کردووە کە بەکارهێنانی کرێمی نارنج بۆی ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە درێژکردنەوەی ماوەی نێوان بڵاوبوونەوەی تامیسك. توێژینەوەی زیاتر پێویستە بۆ فراوانکردنی ئەم دۆزینەوانە.

چۆنیەتی بەکارھێنانی: رۆژانە چەند جارێک کرێمێکی نارنج بۆی لە شوێنی تامیسكەكە بدە. دڵنیابە پێش ئەوەی بیدەیت لە تامیسكەكە، کرێمەکە لە دەستتدا تاقی بکەرەوە. ئەگەر لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا تووشی هیچ خورانێک یان هەوکردنێک نەبوویت ئینجا بەكاری بهێنە، پێویستە بەکارهێنانەكەی سەلامەت بێت.

ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە نەهێشتنی هەرسی خراپ 

ئەگەر زوو زوو ئازاری سک و ناڕەحەتیت هەبوو، ڕەنگە نارنج بۆی کاریگەری ئەرێنی لەسەر هەرسکردنت هەبێت. توێژینەوەیەکی بچووک لە سەرچاوەیەكی متمانەپێکراو لە ساڵی ٢٠١٠ باس لە کاریگەرییەکانی شیرینییەکی سارد دەكات کە نارنج بۆی تێدایە لەسەر ناڕێکی هەزمکردن. بەشداربووان دوای نانخواردن شیرینیەكیان خوارد، لەگەڵ گیاکە هەروەها بەبێ گیاکەش. هەرچەندە هەردوو جۆری شیرینیەکە نیشانەکانی نەخۆشییەکە و توندییەكەیانی کەمکردەوە، بەڵام ئەو شیرینییەی کە نارنج بۆیی تێدابوو ئەم کاریگەرییەی زیاتر بوو.

چۆنیەتی بەکارهێنان: یەک کەوچک پاودەری نارنج بۆی بخەرە ناو قاپێک ئایسکرێم یان سمۆدی و چێژ وەربگرە.

دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی هێڵنج دان

بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەكانی لەسەر کۆئەندامی هەرسکردنت، ڕەنگە نارنج بۆی یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی هێڵنجدان. پێداچوونەوەیەک لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا کە ئەنجامی چەندین توێژینەوە لەسەر نارنج بۆیی هەڵسەنگاندبوو، دەریخستووە کە ئەم گیایە بەسوودە بۆ چارەسەرکردنی كێشەكانی گەدە و ڕیخۆڵە. زۆرێک لە توێژینەوەکان لێكۆڵینەوەیان لە نارنج بۆی کردووە كاتێك لەگەڵ گیاکانی تردا بەکاردەهێنرێت. پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت بۆ دیاریکردنی کاریگەری نارنج بۆی کاتێک كە بە تەنیا بەکاردەهێنرێت.

چۆنیەتی بەکارهێنان: لە یەکەم نیشانەی هێڵنج دان کوپێک چای نارنج بۆی بخۆرەوە. دەتوانیت گەڵاكەی یان لە کیسەدا بە ئامادەكراوی بەكاریبهێنیت.

لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە

هەروەها توێژینەوەیەک هەیە کە پێشنیاری ئەوە دەکات کە دەتوانرێت نارنج بۆی بەکاربهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە و نیشانەكانی پێش سوڕی مانگانە (PMS). توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٥ـدا سەرچاوەی متمانەپێکراو لێکۆڵینەوەی لە کاریگەریی نارنج بۆی کردووە لە کەمکردنەوەی توندی ئازار لە ١٠٠ کچی ئامادەیی. کچەکان بۆ ماوەی سێ سوڕی مانگانە لەسەریەک نارنج بۆی یان پلاسیبۆیان خواردووە. چڕی نیشانەکان پێش تاقیکردنەوەکە و یەک، دوو و سێ مانگ دوای تاقیکردنەوەکە شیکرایەوە. ئەو گرووپەی کە نارنج بۆییان خواردووە، نیشانەکانییان کەمبوونەوەیەكی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیووە. بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم دۆزینەوانەش پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت.

چۆنیەتی بەکارهێنان: ڕۆژانە ١٢٠٠ میلیگرام نارنج بۆی بخۆ بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام. ئەمەش ڕێگە بە گیاکە دەدات بچێتە ناو سیستمی لەشتەوە و زۆر پێش ئەوەی کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی (PMS) بێت. بۆیە بە بەکارهێنانی نیشانەکانت کەم دەكاتەوە بە تێپەڕبوونی کات.

لەوانەیە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ئازاری سەرئێشە

هەروەها ڕەنگە نارنج بۆی لە چارەسەرکردنی سەرئێشەدا بەسوود بێت، بە تایبەت ئەگەر لە ئەنجامی فشارەوە ڕووبدات. تایبەتمەندییە ئارامکەرەوەکانی دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ ئارامبوونەوە و كەمبوونەوەی گرژی و ئارامکردنەوەی ماسولکەکانت. هەروەها خواردنی ئەو گیایە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کردنەوە و ئارامکردنەوەی خوێنبەرە توندەکان، کە دەكرێت بەشداربێت لە سەرئێشە.

چۆنیەتی بەکارهێنان: ئەگەر سەرئێشەكەت دووبارە بوویەوە، ڕەنگە بەسوود بێت ٣٠٠ بۆ ٦٠٠ میلیگرام نارنج بۆی بخۆیت تا سێ جار لە ڕۆژێکدا. ئەمەش ڕێگە دەدات گیاکە بە باشی بچێتە ناو سیستمی لەشتەوە و پێش ئەوەی سەرئێشەكە دروست بێت. دەتوانیت ژەمی زیاتر بخۆیت ئەگەر هەستت کرد سەرئێشەكە زیاتر بوو.

ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ كەمكردنەوەی ئازاری ددان

تایبەتمەندییە ئازارشکێنەكانی نارنج بۆی ڕەنگە بیکاتە هەڵبژاردەیەکی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ددان. جگە لەوەی سوود لەتایبەتمەندییە ئارامکەرەوەکانی وەردەگیرێت، پێدەچێت ئەم چارەسەرە ماڵییە هەوکردن لە جەستەدا كەمبكاتەوە. بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم دۆزینەوانەش پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت.

چۆنیەتی بەکارهێنان: لۆكەیەك بەكاربهێنە بۆ لێدانی زەیتی نارنج بۆی لە شوێنی ئازارەكە بەپێی پێویست. دڵنیابە لە هەڵبژاردنی ڕۆنێک کە پێشتر لە ڕۆنێكی هەڵگردا شل کرابێتەوە، وەک جۆجۆبا. ئەگەر زەیتی پاکی نارنج بۆی دەکڕیت پێویستە شلی بکەیتەوە. نابێت زەیتی سروشتی ڕاستەوخۆ بدرێت لە پێست تاوەکوو لە زەیتی هەڵگردا شل نەکرێتەوە.

کاریگەرییە لاوەکی و مەترسییەکانی

ڕەنگە نارنج بۆی ئەم کاریگەرییە لاوەکیانەی خوارەوە دروست بکات:

  • ژانەسەر
  • میزکردنی بە ئازار
  • بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش
  • هێڵنج
  • ڕشانەوە
  • ئازاری گەدە
  • سەرگێژە
  • دروست بوونی دەنگ لە كانی هەناسەداندا
  • خورانی پێست
  • کاردانەوەی هەستیاری

لەوانەیە بتوانیت کاریگەرییە لاوەکییەکانی وەک تێکچوونی گەدە کەم بکەیتەوە بە خواردنی نارنج بۆی لەگەڵ خۆراکدا. هەروەها دەتوانیت مەترسی کاریگەرییە لاوەکییەكانی کەم بکەیتەوە بە خواردنی کەمتر لە ٢ گرام نارنج بۆی لە ڕۆژێکدا. نارنج بۆی تەنها بۆ ماوەیەکی کەم دەبێت بەکاربهێنرێت. دەبێت لە دوای هەر سێ هەفتە جارێک لە بەکارهێنان هەفتەیەک پشوو بدەیت. نابێت نارنج بۆی بخۆیت بۆ ماوەی زیاتر لە چوار مانگ لە یەک کاتدا بەبێ پشوو.

پێویستە پێش بەکارهێنان لەگەڵ پزیشکەکەت قسە بکەیت ئەگەر ئەم دەرمانانە بەکاردەهێنیت:

  • دەرمانی گلوکۆما
  • دەرمانی غودەی دەرەقی
  • هێوركەرەوەكان
  • دەرمانی ئارامبەخش
  • ئەو دەرمانانەی کە کاریگەرییان لەسەر سیرۆتۆنین هەیە

هەروەها پێویستە پێش بەکارهێنان لەگەڵ پزیشکەکەت قسە بکەیت ئەگەر:

  • دووگیانیت
  • شیر دەدەیت
  • دەتەوێت نارنج بۆی بدەیت بە کۆرپە یان منداڵێکی خوار تەمەنی ١٢ ساڵ
  • نەشتەرگەرییەكت هەیە


سەرچاوەکان



245 بینین