زەین

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-05-22:08:00 - کۆدی بابەت: 10561
زەین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گرووپی کۆمپانیای زەین یان زێن (بە عەرەبی: مجموعة زين، بە ئینگلیزی: Zain Group) گرووپێکی کۆمپانیای تایبەتە بە پەیوەندیی تەلەفۆنی مۆبایل، لە ساڵی ١٩٨٣ وەکوو یەکەمین بەکارخەری مۆبایل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دامەزراوە. لە ئێستادا کۆمپانیای زەین بە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی پەیوەندی دادەنرێت، لە کۆتا خەمڵاندنەکانی ساڵی ٢٠١٧ ژمارەی بەشداربووان و بەکارهێنەرانی نزیکەی ٤٥ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە. هاوکات لە داتاکانی ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی بەکارهێنەرانی گەیشتووەتە نزیکەی ٥٢ ملیۆن کەس.

مێژووی دامەزراندنی زەین

زەین لە ساڵی ١٩٨٣ لە وڵاتی کوەیت بە بڕی ٢٥ ملیۆن دیناری کوەیتی دامەزرا، لە سەرەتادا بە ناوی MTS دانرا و بووە یەکەمین بەکارخەری پەیوەندی مۆبایل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا. تا ساڵی ٢٠٠٢ زەین وەکوو کۆمپانیایەکی کوەیتی بۆ ٦٠٠ هەزار بەکارهێنەر خزمەتگوزارییەکانی بەردەست دەخست. لە ساڵی ٢٠٠٤ زەین لە پێشەنگی ئەو کۆمپانیایانەی پەیوەندی بوو کاتێک تەکنەلۆجیای 3G ڕاگەیاند. دوای بەستنی گرێبەستێکی ستراتیجی لەگەڵ کۆمپانیای ڤۆدافۆنی جیهانی کە کۆمپانیایەکی بەریتانی تایبەت بە پەیوەندییە، زەین لە هەریەک لە وڵاتانی لوبنان، عێراق، ئوردن و بەحرەین لقی کرایەوە و بەردەست بوو و زیاتر گەشەی سەند.

لە هەشتی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠٧ ناوی کۆمپانیاکە گۆڕدرا بۆ کۆمپانیای زەین، هاوکات لە هەمان ساڵدا کۆمپانیاکە خەڵاتی بازرگانی ئەفریقی سی بی سی بۆ باشترین کۆمپانیای پەیوەندی تەلەفۆنی لە ئەفریقا پێبەخشرا. لە شەشی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ زەین نازناوی باشترین کارپێکەری پەیوەندی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێبەخشرا.

لە ساڵی ٢٠١٧ زەین بە دووەم بەهێزترین براندی بازرگانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوزەد کرا، هەر لە هەمان ساڵ کۆمپانیاکە ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد لە خێرایی تۆڕەکەی، کە خێراییەکەی 70 گێگابایتی لە چرکەیەکدا تێپەڕاند، ئەم ڕێژەیە بەرزترین خێرایی بوو کە تاکوو ئەو کاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار کرابوو. زەین لە ساڵی ٢٠١٨ چەندین سەرکەوتنی تری بەدەست هێنا، بووە یەکەم تۆڕی پەیوەندی یەکخراو کە تەکنەلۆجیای 5G لە کوەیت ڕاگەیاند، هاوکات پلاتفۆرمێکی یاریی ئەلیکترۆنی هەر لە کوەیت دەستپێکرد. 

لۆگۆ و ناوی زەین

لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمپانیاکە بە ناوی MTS ناونرا، لە وڵاتە ئەفریقییەکان ناوی تری بۆ بەکاردەهێنرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٧ ناوی کۆمپانیاکە لە هەموو لقەکانی کرا بە ناوی زەین، که لە زمانی عەرەبیدا وشەی "زین" واتای باش یان باشی دەبەخشێت. بەهای لۆگۆکەی بە بڕی ٢.٤ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، هاوکات لەگەڵ ٥٠ لۆگۆی تری جیهاندا بە باشترین لۆگۆی بازرگانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبژێردراوە.

لقەکانی کۆمپانیای زەین

کۆمپانیا زەین لە هەشت وڵات لقی هەیە و بەکاردەهێنرێت کە بریتین لە: عێراق، سعوودیە، لوبنان، کوەیت، سوودان، ئوردن، بەحرەین، باشووری سوودان. لە هەموو ئەو وڵاتانە بە ناوی زەینەوە خزمەتگوزارییەکانی بەردەستە و ناوەندی سەرەکی کۆمپانیاکە لە پایتەختی وڵاتی کوەیتە.

چەند زانیارییەک لەسەر کۆمپانیای زەین

  • داهاتی بەدەستهێنراوی کۆمپانیای زەین بەگشتی ٤.٤ ملیار دۆلاری ئەمریکییە، هاوکات قازانجی بەدەستهاتووی ٦٤٩ ملیۆن دۆلارە.
  • تۆڕی LTE 4G لە هەریەک لە وڵاتانی لوبنان، سعوودیە، سوودان، عێراق و کوەیت بوونی هەیە.
  • تێکڕای قەبارەی داتای ڕۆژانەی کۆمپانیای زەین ٨٤٢٧ تێرابایتە.
  • کۆمپانیای زەین چالاکی هەمەجۆری هەیە، نموونەی کاری خێرخوازی و چالاکییەکانی پاراستنی ژینگە وەکوو: هەڵمتی چاندنی دار، دابینکردنی ئاو بۆ چەند ناوچەیەکی سوودان، چەندان کاری خێرخوازی و هاوکاری هەمەجۆری تر.


سەرچاوەکان



500 بینین