سێوی ئادەم

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-12-08-12:07:00 - کۆدی بابەت: 10585
سێوی ئادەم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سێوی ئادەم (بە ئینگلیزی: The Adam‌’s apple or laryngeal prominence) هەروەها ناسراوە بە دەرپەڕیووی کڕکڕاگەیی قوڕگ. بریتییە لە کڕکڕاگەیەک کە دەکەوێتە بەشی پێشەوەی قوڕگ. سێوی ئادەم لە کڕکڕاگەی سایرۆید دروست بووە. کڕکڕاگە هەمان ئەو شانەیەیە کە لووت، گوێیەکان و بۆری هەناسەی پێکهێناوە. قوڕگ یان قوڕقوڕاگە و بۆری هەوا لە چەند جۆرێک کڕکڕاگە پێکهاتوون، پێکەوە کاردەکەن تاکوو بۆری هەناسەدان بە پاکی بمێنێتەوە و مرۆڤ بتوانێت قسە بکات. هەرزەکاران لە تەمەنی پێگەیشتندا بە چەند گۆڕانکارییەکی جەستەییدا تێپەڕ دەبن، یەکێک لەم گۆڕانکارییانەش گەورەبوون لە قەبارەی گەروودا و گۆڕانی دەنگە. لە هەندێک کەسدا ئەم حاڵەتە زیاتر باو دەبێت و زیاتر دەردەکەوێت. قەبارەی ئەم دەرپەڕیووی کڕکڕاگەیەی قوڕگ پەیوەندی بە دەرکەوتنی توخمە سیفەتە دووەمییەکانەوە هەیە. لە دوای تەمەنی پێگەیشتن قەبارەی سێوی ئادەم لە کچان و کوڕاندا جیاواز دەبێت. ئەم کڕکڕاگەیە لە ڕەگەزی نێردا بە بەراورد بە ڕەگەزی مێ قەبارەی گەورەترە و زیاتر دەرکەوتووە. قەبارەی قوڕگی کوڕان لە دوای تەمەنی پێگەیشتن بە بەراورد بە کچان قەبارەی گەورەترە. بەهۆی ئەمەش تاکوو قەبارەی سێوی ئادەم لە قوڕگدا گەورەتر بێت، ئاماژە بە دەنگێکی قووڵتر دەدات. بەگشتی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن کە لە تەمەنی پێگەیشتندا دروست دەبێت قەبارەی سێوی ئادەم لە قوڕگدا دیاری دەکات. ڕێژەی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن لە پیاواندا زیاترە بەهۆی ئەمەش حاڵەتی سێوی ئادەم زیاتر لە پیاواندا دەردەکەوێت، بەڵام ئەگەر ڕێژەی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن لە ئافرەتانیشدا زیاد بکات قەبارەی ئەم کڕکڕاگەیە گەورەتر دەبێت و بەهەمان شێوە لە ئافرەتانیشدا دەردەکەوێت. گەورەبوونی ئەم کڕکڕاگەیە زۆرجار لەگەڵ نیشانەکانی وەک زیادبوونی زیپکە، دەرکەوتنی مووی لەش و دەنگێکی قووڵتر دەبێت و بەپێی ئەو گۆشەیەیەی کڕکڕاگەکە دەکەوێتە ناوی قەبارەکەی دەگۆڕێت. ئافرەتان گۆشەیەکی فراوانتریان بۆ ئەم کڕکڕاگەیە هەیە، بەهۆی ئەمەش لە ئافرەتاندا کەمتر دەردەکەوێت.

نەشتەرکاری

 هۆکاری پزیشکی زۆر نییە تاکوو بڕیار بدرێت ئەم حاڵەتە پێویستی بە نەشتەرکاری هەبێت، زۆرجار تەنها بۆ مەبەستی جوانکاری نەشتەرکاری ئەنجام دەدرێت. هەرچەندە نەشتەرکارییەکی سەخت و سەرەکیش نییە، بەڵام ڕەنگە بۆ چاکبوونەوە پێویست بە هەندێک کات بکات. لە دوای نەشتەرکاری پێویست دەکات بۆ چەند ڕۆژێک پشوو بە دەنگت بدەیت. لەلایەکی ترەوە ڕەنگە هەندێک کەس بیانەوێت سێوی ئادەم یان ئەم کڕکڕاگەیەی گەروویان گەورەتر بکەن، ئەمەش بە گەورەکردنی سێوی ئادەم ناسراوە و لەلایەن نەشتەرکاری تایبەت بەم حاڵەتە ئەنجام دەدرێت. نەشتەرکاری ئەنجام دەدرێت بەهۆی ئەوەی چارەسەری هۆڕمۆنی هەموو کات لە زیادبوونی قەبارەی ئەم کڕکڕاگەیە سەرکەوتوو نابێت. لە کاتی نەشتەرکاریدا پزیشک کڕکڕاگە لە کڕکڕاگەی قەفەزەی سنگەوە بۆ کڕکڕاگەی مل دەگوازێتەوە، ئەمە دەبێتە هۆی زیادبوونی قەبارەی کڕکڕاگەکە لە گەروودا و باوەڕ وایە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پیاوان سەرنجڕاکێشتر دەربکەون. یەکێکی تر لە نەشتەرکارییەکانی سێوی ئادەم چاندنی کڕکڕاگەیە، بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕی بۆری هەناسە لە منداڵانی ساوادا بەکاردێت. هەروەها دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی قەبارەکەی، کڕکڕاگەی زیادە لەدەوری سایرۆید لاببرێت. بۆ ئەو کەسانە ئەنجام دەدرێت کە دەیانەوێت ئەم شێوە دەرکەوتنەیان نەمێنێت.

ئایا دەکرێت دەرکەوتنی سێوی ئادەم نیشانە بێت بۆ حاڵەتی تر؟

لە حاڵەتی ئاساییدا قەبارەی ئەم کڕکڕاگەیە و دەرکەوتنی نیشانە نییە بۆ بارودۆخێکی تەندروستی، بەڵام هەندێک حاڵەت دەبنە هۆی هەڵئاوسانی گەروو دواتریش کاریگەری دەبێت لەسەر کڕکڕاگەی قوڕگ و دەرکەوتنی بەشێوەیەکی نائاسایی و دروستبوونی دیاردەی سێوی ئادەم.

حاڵەتەکان بریتن لە:

  • هەوکردنی گەروو
  • هەوکردنی بەشی پشتەوەی قوڕگ (PharyngitI).
  • شێرپەنجەی قوڕقوڕاگەیی


سەرچاوەکان



368 بینین