چاندنی خەیار

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-12-13-22:36:00 - کۆدی بابەت: 10646
چاندنی خەیار

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی ئاروو یاخود چاندنی خەیار (بە ئینگلیزی: Planting cucumber، بە عەرەبی: زراعة الخیار)، یەکێکە لە باوترین سەوزەکان لە زۆرینەی باخچە تایبەت و گەورەکاندا دەچێنرێت، دوو جۆری سەرەکی هەیە یەکێکیان ئەوانەن کە وەک تەرز و بەشێوەیەکی زەمینەیی گەشە دەکەن کە گەڵای زۆر و گەورەیان هەیە، جۆری دووەمیشیان ئەوانەن کە وەک دەوەنن و لە گۆزە و ئینجانەدا دەچێنرێن، لە جۆرە سەرەکییەکانیشدا جۆری لقی جیاوازتر هەن کە هەر یەکەیان هەندێک جیاوازییان هەیە.  

دەکرێت ئاروو ڕووبەڕووی چەندین جۆر نەخۆشی جیاواز ببێتەوە کە بەهۆی کەڕوو، ڤایرۆس، مێروو یاخود هۆکاری جیاوازترەوە ڕوودەدەن، هەموویان بەدابینکردنی جێگە و هەلومەرجی گونجاو یاخود بەڕشتنی دەرمانی دژ بە نەخۆشییەکان چارەسەردەکرێن، یاخود دەکرێت ئارووەکە گوڵ بگرێت بەڵام نەبێتە بەرهەم، کە ئەمە چەندین هۆکاری هەیە و باوترینیان ئەوەیە کە گوڵی نێرینە و مێینەکە لەهەمان کاتدا ناکرێنەوە، یاخود هۆکاری گوێزەرەوەی دەنکە هەڵاڵەکانیان نەبێت.

هەنگاوەکانی چاندن بە تۆو

  • پێش چاندن باشترە کە خاکەکەی بەپیتبکرێت بە بەکارهێنانی پەیین.
  • لە دوای دڵنیابوونەوە لە نەمانی سەرمای زۆر دەکرێت بچێنرێت.
  • لە قوڵاییەکی کەمی چەند سانتیمەتریدا تۆوەکان دەچێنرێن و مەوادی نێوان ڕیزێکیش بۆ دانەیەکی تر باشترە بەنزیکەیی لە نێوان ١-١.٥ مەتر ببێت.
  • دواتر بە بەردەوامی ئاودەدرێت، چونکە خەیار پێویستی بە ئاوە بۆ گەشەکردن و وەرگرتنی تامێکی گونجاو، کە بەلایەنی کەمەوە هەفتانە دەبێت ٢.٥ سانتیمەتر ئاوبدرێت.
  • بە دابینکردنی هەلومەرج و گەرمی گونجاو لەماوەی شەش هەفتەدا بەرهەمەکەی پێدەگات.

شێوازی گرنگیپێدان

پێویستی بە خاکێکە کە پلەی ترشێتییەکەی لە نێوان ترش بۆ هاوکێشبێت، هەروەها لە جێگەیەکدا کە زۆترین ڕووناکی خۆری هەبێت، چونکە ئارەزووی گەرمی دەکات، لە وەرزی هاویندا گوڵێکی زەرد دەگرێت کە دواتر دەبێتە بەرەکەی، گرنگیپێدانی ئاسانە چونکە بەگشتی تەنها پێویستی بە ئاو و ڕووناکی خۆر هەیە، بەڵام لە جێگەیەکدا کە کەشەکەی ساردبێت ئەوا خەیارەکان تووشی زیان دەبنەوە، بۆیە لە ناوچە ساردەکاندا دەبێت دابپۆشرێت بۆ ئەوەی گەرمی بۆ دابینبکرێت.

بە هەبوونی ئاو و گەرمی پێویست زۆر بەخێرایی گەشە دەکەن، بۆیە باشترە بە بەردەوامی چاودێری بکرێت و پێش ئەوەی زۆر گەورە ببێت لێبکرێتەوە، چونکە ئەگەر زیاد لە پێویست گەورەببن تامێکی تاڵی دەبێت، بەگشتی کاتێک درێژییەکەی لە نێوان ١٦-٢٠ سانتیمەتربێت دەکرێت لێبکرێتەوە، نابێت ڕێگەبدرێت کە ئارووەکە زەردببێت و تۆوەکەی گەورە و ڕەق بێت، بەڵکو کاتێک تەواوی خەیارەکە ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ سەوز و پتەو و جێگیر دەبێت.

بۆ لێکردنەوەش باشترە چەقۆ و ئامێری تیژ بەکاربهێنرێت، چونکە لێکردنەوەی بە دەست لەوانەی ببێتە هۆی ڕاکێشانی و زیان بگەیەنێت بە تەواوی بنجەکە، پێویستە هەموو ٣-٤ ڕۆژ جارێک ئەوانەی پێدەگەن لێبکرێنەوە، کە ئەگەر لێنەکرێنەوە و زیاتر گەورەببن ئەوا بەرگرتنی بەهێواشی کەمدەبێتەوە هەتاکوو کۆتایی دێت.

ئاروو پێویستی بە ئاودان و بەشێداری هێشتنەوە هەیە بەڵام نابێت بنجەکەی زۆر تەڕ ببێت، واتە خاکەکەی بە ئاسانی ئاو پێیدا تێپەڕببێت و وشک ببێتەوە، گونجاوترین کات بۆ ئاودان بەیانیان زووە بەڵام نابێت ئاو بە گەڵاکانیدا بکرێت، چونکە دەبێتە هۆی ئاسانکاری بۆ تووشبوونیان بە نەخۆشی، باشترە بە بەکارهێنانی سیستمی دڵۆپە و قەترە ئاوبدرێت، یاخود دەکرێت سەماد بۆ بنجەکەی زیادبکرێت بۆ ئەوەی بە شێداری بیهێڵرێتەوە.  


سەرچاوەکان



420 بینین