چاندنی باینجان

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-12-14-19:51:00 - کۆدی بابەت: 10654
چاندنی باینجان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی باینجان (بە ئینگلیزی: Planting eggplant، بە عەرەبی: زراعة الباذنجان)، جۆرێک سەوزەیە کە لە وەرزی هاویندا گوڵ دەگرێت و لە کۆتاییەکەیدا دەگۆڕێت بۆ بەرێکی ڕەنگ ڕەش بۆ سپی، بەڵام دەکرێت ڕووبەڕووی نەخۆشی جیاوازی کەڕوو و میکرۆبی ببێتەوە کە بەگوێرەی جۆرەکان چارەسەری تایبەتیان هەیە، یەکێکی تر لە کێشەکان ئەوەیە کە گوڵ بگرێت، بەڵام بوەرێت و نەبێتە بەرهەم، یاخود بەربگرێت بەڵام زۆر بچووک بێت و گەشە نەکات، هەردوو دۆخەکە دەکرێت بەهۆی نزمی پلەی گەرمییەوە بێت، چونکە باینجان بەشێوەیەکی سروشتی پێویستی بە پلە گەرمییەکی زۆر بەرز هەیە.

هەنگاوەکانی چاندن

  • چەند هەفتەیەک پێش کۆتایی هاتنی سەرمای سەخت دەکرێت تۆوەکان لە گۆزەدا بچێنرێت.
  • دواتر تەنها بە هەندێک بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تۆوەکان چەکەرە دەکەن.
  • بە دڵنیابوونەوە لە نەمانی مەترسی سەرما دەکرێت شەتڵەکان لە گۆزەکانەوە بگوازرێنەوە بۆ خاک.
  • پاشان ئاوی زۆری پێبدرێت و بە شێداری بهێڵرێتەوە.
  • باشترە بۆ شەتڵەکان پاڵپشتێک دابنرێت کە هاوکاری ڕووەکەکان بکات کاتێک بەردەگرن و قورس دەبن.
  • دەکرێت شەتڵەکان بە بەرگێکی پارێزەر دابپۆشرێت کاتێک کەشێکی سارد هەبێت لە ناوچەکەدا، بەڵام لە کاتی گوڵگرتندا لێبکرێتەوە بۆ ئەوەی گواستنەوەی دەنکە هەڵاڵەکان ئاسان ببێت.

شێوازی گرنگیپێدان

ڕووەکی باینجان پێویستی بە خاکێکە کە پلەی ترشێتییەکەی کەمێک ترش بۆ هاوکێشبێت، دەبێت خاکێکی بەپیت بێت و بڕێکی باش پەیینی تێدابێت کە لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی دابینکردنی گەرمی بۆ خاکەکەشی، خاکی چاندنی دەبێت بە تەواوەتی وشک ببێتەوە و ئاو تێیدا کەڵەکە نەبێت.  

لە کاتی بەرگرتندا ئاودانێکی ڕێکخراو گرنگە بۆ ئەوەی باینجانەکە شێوەیەکی دیاریکراو وەربگرێت، کە بە هەبوونی چینێک سەماد دەکرێت ڕێژەی شێی یەکسانی بۆ دابینبکرێت، هەروەها باشترە کاتێک پێدەگات لێبکرێتەوە بۆ ئەوەی تامێکی باشی هەبێت و ڕێگە نەدرێت زیاد لە پێویست گەشەبکات، ئەو کەسانەی کە ئارەزوو دەکەن باینجانەکانیان گەورە دەربچێت، ئەوا پێویستە لە هەر بنجی ڕووەکێکدا تەنها چەند گوڵێک بهێڵنەوە بۆ ئەوەی تەواوی سەرنجەکە بۆ ئەو چەند بەرهەمە بێت.

بۆ دڵنیابوونەوە لە پێگەشتنی ئەوا دەبێت باینجانەکە چەند خاڵێکی تێدابێت، بۆ نموونە هەموو باینجانەکە تەنها یەک ڕەنگبێت، لەکاتی دەستلێدان و پەستان خستنە سەری توانای بەرگەگرتنی هەبێت، بەڵام ئەگەر لێکردنەوەشی دوابکەوێت ئەوا باینجانەکە تامێکی تاڵی دەبێت، بۆیە باشترە هەموو ٢-٣ ڕۆژ جارێک چاودێری بەرهەمەکان بکرێت.


سەرچاوەکان



354 بینین