جەودەت سونای

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-12-17-10:12:00 - کۆدی بابەت: 10693
جەودەت سونای

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەڤدەت سونای یان جەودەت سۆنای (بە ئینگلیزی: Cevdet Sunay، بە عەرەبی: جودت صوناي) سیاسەتمەدار و ئەفسەری سوپای تورکیا بووە، کە لە ساڵی ١٩٦٦ تا ١٩٧٣ وەک پێنجەمین سەرۆکی تورکیا کاری کردووە.

پێنجەمین سەرۆک کۆماری تورکیا
لە ماوەی: ٢٨ی ئازاری ١٩٦٦ – ٢٨ی ئازاری ١٩٧٣
لە دوای جەمال گورسیل
لە پێش فەهری کۆروتورک
سەرۆکی ئەرکانی گشتیی تورکیا
لە ماوەی: ٤ی ئابی ١٩٦٠ – ١٦ی ئازاری ١٩٦٦
فەرماندەی سوپای تورکیا
لە ماوەی: ٣ی حوزەیرانی ١٩٦٠ – ٢ی ئابی ١٩٦٠
ژیانی تایبەت
لەدایکبوون ١٠ی شوباتی ١٨٩٩
چایکارا، پارێزگای ترابزۆن، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی
کۆچی دوایی ٢٢ی ئایاری ١٩٨٢ (تەمەن ٨٣ ساڵ)
ئیستەنبووڵ، تورکیا
واژوو
پلە جەنەراڵ

ژیان

سونای لە ساڵی ١٨٩٩ لە شاری ترابزۆن لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەدایکبووە. دوای ئەوەی لە قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی لە ئەرزڕۆم و ئەدرنە خوێندوویەتی، لە ئامادەیی سەربازی کولێلی لە ئیستەنبووڵ دەرچووە. لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا لە ساڵی ١٩١٧ لە بەرەی فەلەستین شەڕی کردووە و لە ساڵی ١٩١٨ بووەتە دیلی جەنگی ئینگلیزەکان لە میسر، دوای ئازادکردنی سەرەتا لە بەرەی باشوور شەڕی کردووە، پاشان لە بەرەی ڕۆژاوا لە ماوەی شەڕی سەربەخۆیی تورکیادا.

سونای لە ساڵی ١٩٢٧ خوێندنی سەربازی تەواو کردووە، و لە ساڵی ١٩٣٠ کۆلێژی ستافی وەک ئەفسەری ستاف تەواو کردووە. لە ڕێگەی پلەکانەوە بەرزبووەوە و لە ساڵی ١٩٤٩ بوو بە جەنەراڵ، لە ساڵی ١٩٥٩ بوو بە جەنەراڵی چوار ئەستێرە. لە ساڵی ١٩٦٠ وەک سەرۆکی سوپا و دواتر وەک سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش دەستنیشانکرا. لە ١٤ی ئازاری ١٩٦٦ لەلایەن جەمال گورسێلەوە لە ژێر ئیمتیازاتی سەرۆکایەتیدا بۆ ئەنجوومەنی پیران دەستنیشانکرا.

کاتێک سەرۆکایەتی گورسێل بەهۆی نەخۆشی تەندروستی بەپێی دەستوور کۆتایی هات، جەڤدەت سونای لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیاوە لە ٢٨ی ئازاری ١٩٦٦ بە پێنجەمین سەرۆک هەڵبژێردرا. تا ٢٨ی ئازاری ١٩٧٣ ماوەی حەوت ساڵی دەستووری بەسەر بردووە و ئەوکات بووەتە سیناتۆری هەمیشەیی.

لە ساڵی ١٩٢٩ لەگەڵ عاتیفە سونای هاوسەرگیری کردووە سێ منداڵیان بووە.

سەرۆکایەتی

جەودەت سونای سەرۆکی ئەرکانی گشتیی تورکیا لە ٢٨ی ئازاری ١٩٦٦ لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیاوە وەک پێنجەمین سەرۆکی کۆماری تورکیا هەڵبژێردرا. خزمەتی سەرۆکایەتییەکەی تا ٢٨ی ئازاری ١٩٧٣ بەردەوام بوو کە ناچار بوو بە کاتە پڕ لە ناڕەحەتیەکاندا تێپەڕێت. جەڤدەت سونای بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی تەندروستی لە ١٩٧٤ دەستی لە پۆستی سەرۆک کۆمار کێشایەوە.

مەرگ

جەودەت سونای لە ٢٢ی ئایاری ١٩٨٢ لە شاری ئیستەنبووڵ بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد. تەرمی ناوبراو لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٨٨ گواسترایەوە بۆ شوێنی ناشتنی هەمیشەیی لە گۆڕستانی دەوڵەتی تورک لە ئەنقەرە.


سەرچاوەکان



134 بینین