چارەسەرکردنی گەرمبوونی پێیەکان لە شەواندا

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-28-21:35:00 - کۆدی بابەت: 10799
چارەسەرکردنی گەرمبوونی پێیەکان لە شەواندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چارەسەرکردنی گەرمبوونی پێیەکان لە شەواندا (بە ئینگلیزی: Treatment for hot feet at night، بە عەرەبی: علاج القدم الساخنة في الليل). هەستکردن بە گەرمبوونی پێیەکان بەهۆی چەند هۆکارێکەوە ڕوودەدات، بۆ نموونە بەهۆی نەخۆشی شەکرەی دەماری. لە هەندێک حاڵەتدا زۆر بە ئازارە و دەبێتە هۆی ناڕەحەتبوونی کەسەکە، هەروەها دەشێت ببێتە هۆی تێکچوونی سوڕی خەویش.

هۆکارەکانی گەرمبوونی پێیەکان

ئەم حاڵەتە بەهۆی چەندین هۆکارەوە ڕوودەدات. زیان گەیاندن بە دەمار و نەخۆشی شەکرەی دەماری دوو هۆکاری باون، کە دەبنە هۆی گەرمبوونی پێیەکان. لەم حاڵەتانەدا قاچەکان و پێیەکان تووش دەبن، لە ئەنجامدا هەست بە ئازار و سووتانەوە و سڕبوون و گەرمی دەکرێت. حاڵەتی زیانگەیاندن بە دەمار بەهۆی چەند هۆکارێکەوە ڕوودەدات، وەکوو:

  • کەمیی ڤیتامینەکان 
  • تووشبوون بە ڤایرۆس و بەکتریا
  • نەخۆشی شەکرە، ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت و چارەسەر نەکرێت.
  • بەرکەوتن بە ماددەیەکی ژەهراوی
  • وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی

بێجگە لە زیانگەیاندنی دەماری، چەند هۆکارێکی تر دەبنە هۆی گەرمبوونی پێیەکان، وەکوو:

  • گۆڕانی هۆرمۆنەکان: هەر حاڵەتێک ببێتە هۆی گۆڕانی هۆڕمۆن لە لەشدا، دەکرێت لە ئەنجامدا کەسەکە دووچاری گەرمبوونی پێیەکان ببێتەوە، بۆ نموونە گۆڕانی هۆڕمۆن بەهۆی کەمیی چالاکی سایرۆید، دووگیانی و تەمەنی نائومێدی.
  • نەخۆشییەکانی گورچیلە: تووشبوون بە نەخۆشی گورچیلە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کار لە پاڵاوتنی ماددە ژەهراوییەکان لە خوێنەوە دەکات. لە ئەنجامدا ئەم ماددە ژەهراوییە دەکرێت لە پێیەکاندا کۆببێتەوە و ببێتە هۆی گەرمبوونی پێیەکان.

چارەسەرکردنی گەرمبوونی پێیەکان 

١. هۆکاری گەرمبوونەکە دیاریبکە

بەدیاریکردن و چارەسەرکردنی هۆکارەکەی، ئەم نیشانەیەش نامێنێت. بۆ نموونە ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەبێت، واتە هۆکاری گەرمبوونی پێیەکانت پەیوەندی بە نەخۆشی شەکرەوە هەبێت، ئەوا بە گۆڕینی شێوازی ژیان و پلانی خواردنەکەت، بەپێی کات گەرمبوونی پێیەکانیش نامێنێت. ئەگەر زیاد بەکارهێنان و ئالوودەبوون بە کحوول هۆکارەکە بێت، ئەوا دەشێت کەسەکە دەرمان وەربگرێت. ئەگەر هەستت بە گەرمبوونی پێیەکان کرد، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت، تاکوو هۆکارەکەی دیاری بکرێت و کەسەکە چارەسەرێکی گونجاو وەربگرێت. 

٢. بەکارهێنانی دەرمان 

هەندێک دەرمانی ئازارشکێنی وەکوو ئەسیتامینۆفین (acetaminophen)، ئەسپرین (aspirin)، ئیبۆپرۆفین (ibuprofen) وەکوو چارەسەرێک بۆ ئەم حاڵەتە بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەگەر بەڕێژەیەکی مامناوەند بێت. هەروەها دەرمانی تریش بۆ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە و کەمبوونەوەی نیشانەکە بەکاردەهێنرێت، وەکوو دەرمانی دژە بەکتریا، دژە خەمۆکی و هەندێک دەرمانی تر.

٣.گۆڕینی شێوازی ژیان 

هەندێک حاڵەتی تووشبوون بە گەرمبوونی پێیەکان پەیوەندی بەو ئەرک و چالاکییانەوە هەیە، کە ڕۆژانە ئەنجامی دەدەیت. گۆڕینی چەند خوویەکی بچووکی ڕۆژانە یارمەتی نەهێشتنی ئەم حاڵەتە دەدات و بەرە بەرە چارەسەر دەبێت. بۆ نموونە هەوڵبدە گرنگی بدەیت بە:

  • پیادەڕەویی.
  • وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان.
  • خواردنی خۆراکی تەندروست و بەشێوەیەکی هاوسەنگ.
  • دوورکەوتنەوە لە زیاد بەکارهێنانی ماددە کحوولییەکان یاخود دەشێت سەردانی پزیشکی تایبەت بەم بوارە بکەیت و ڕێنمایی وەربگریت. 

٤. بەکارهێنانی ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان 

بەپێی هۆکاری تووشبوون بەم حاڵەتە، دەکرێت ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییەکان وەکوو چارەسەرێک بەکاربهێنرێت. ئەگەر هۆکاری گەرمبوونی پێیەکان بۆ زیان گەیاندنی دەمار بگەڕێتەوە، ئەوا دەشێت ئەمانە بەکاربهێنرێن:

  • ترشی ئەلفا لیپۆیک (Alpha-lipoic acid)، ئەمە دژەئۆکسێنێکە یارمەتی ئەرکی دەمارەکان دەدات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو کاتێک بۆ ئەو کەسانە گونجاو نییە کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە، لەبەر ئەوەی دەکرێت زیانی لاوەکی دروستبکات.
  • ترشی ئەمینی، هەندێک تەواوکەری خۆراکی ترشی ئەمینی تایبەت وەکوو (L-carnitine)، یارمەتی کەم بوونەوە و نەهێشتنی ئەو نیشانانە دەدات کە لە ئەنجامی زیان گەیاندنی دەماری ڕوودەدەن لەو کەسانەی تووشبوونی نەخۆشی شێرپەنجەن یان چارەسەری کیمیایی وەردەگرن. 
  • ڕووەکی دەرمانی، زەردەچەوە تایبەتمەندی دژە هەوکردن و دژەئۆکسێنی هەیە، یارمەتیدەرێکی باشە لە کەمبوونەوەی ئازاری دەمار. 
  • ڤیتامینەکان، ئەگەر کەمیی ڤیتامینەکان هۆکاری گەرمبوونی پێیەکان بێت، ئەوا دەشێت وەرگرتنی ڤیتامین B یان ماددەی ئاسن وەکوو چارەسەرێک لەم حاڵەتەدا بەکاربهێنرێت. هەمیشە پێش بەکارهێنانی هەر جۆرێک لە ڤیتامین و تەواوکەری خۆراکی، پەیوەندی بە پزیشکەکەتەوە بکە و ڕێنمایی وەربگرە. لەبەر ئەوەی دەکرێت زیانی لاوەکی دروست بکەن یان لەگەڵ ئەو دەرمانانەی ڕۆژانە بەکاریدەهێنیت، کارلێک بکەن. 

٥. وەرگرتنی چارەسەری تایبەت بە چالاکبوونەوەی دەمارەکان

وەرگرتنی ئەم جۆرە چارەسەرە یارمەتی نەهێشتنی هەندێک نیشانەی وەک هەستکردن بە سووتانەوە و ئازار و گەرمبوونی پێیەکان دەدات، کە لە ئەنجامی زیان گەیاندنی دەمارییەوە ڕوودەدات. 

٦. بەکارهێنانی کرێم و مەرهەم 

بەپێی هۆکاری گەرمبوونی پێیەکان، بەکارهێنانی هەندێک جۆری کرێم یارمەتی ئەم حاڵەتە دەدات. هەروەها بەکارهێنانی کرێمی کاپسایسین (Capsaicin) بە یەکێکی تر لە هەڵبژاردەکان دادەنرێت. پێکهاتەیەک لەم جۆرە کرێمەدا دۆزراوەتەوە، کە هەمان ئەو پێکهاتەیە کە لە بیبەری تووندا هەیە. 

٧. ئەنجامدانی تەکنیکەکانی ساردبوونەوەی پێیەکان 

ئەگەر هۆکاری تووشبوون بەم حاڵەتە هیچ جۆرە چارەسەرێکی نەبوو، دەکرێت هەندێک تەکنیکی ساردکردنەوە بەکاربهێنرێت، وەکوو:

  • لە کاتی نووستن پێیەکانت دامەپۆشە.
  • فێنککەرەوەیەکی بچووک لە کۆتایی شوێنی نووستنەکەت دابنێ.
  • بڕێک ئاوی زۆر سارد لەناو بوتڵێک دابنێ و لە پێیەکانتی نزیک بکەوە.
  • جووتێک گۆرەوی بکە نێو بەفرگرەوە و دواتر پێش نووستن لە پێیان بکە.

٨. بەرەوپێشبردنی سوڕی خوێن 

هەندێکجار گەرمبوونی پێیەکان پەیوەندی بە کەمبوونەوە و لاوازی سوڕی خوێن هەیە. بۆ بەرەو پێشبردنی سوڕی خوێن لە پێیەکاندا، ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکە:

  • هەوڵبدە پێڵاوێکی ئاسوودە لەپێ بکەیت و ناڕەحەت نەبیت.
  • پێش نووستن، پێیەکانت بشۆ.
  • هەوڵبدە لە کاتی نووستن پێیەکانت بەرز بن، بەجۆرێک لە هەمان ئاستی دڵدا بن. 
  • مەساج بۆ پێیەکانت بکە.


سەرچاوەکان



786 بینین