بنەماکانی سزادانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-29-19:21:00 - کۆدی بابەت: 10804
بنەماکانی سزادانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بنەماکانی سزادانی منداڵ (بە ئینگلیزی: Principles of child punishment، بە عەرەبی: مبادئ معاقبة الطفل) هەموو منداڵان هەندێک جار هەڵە دەکەن، یاساکان دەشکێنن و بە هاروهاجییە زۆرەكانیان دەبنە هۆی بێزاركردنی كەسانی تر. ڕۆڵی دایک و باوک لەم بارودۆخانەدا بریتییە لە بیرهێنانەوەی سنوورەکان و بەکارهێنانی ڕێكاری کاریگەر بۆ ڕێگریکردن لە ڕەفتاری نەخوازراو و بەهێزکردنی ڕەفتارە باشەكانی منداڵان. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا قورسە بۆ دایک و باوکان چارەسەرێکی پەروەردەیی کاریگەر بدۆزنەوە. لە ڕاستییدا سزا ڕێگایەکە بۆ ئەوەی بیری منداڵەکانی بخەیتەوە کە ئەو ڕەفتارانەی کردوویانە هەڵە بووە و نابێت دووبارە بکرێتەوە، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی کاردانەوەی لەو شێوەیە دەبنەوە.

زۆرجار وشەی سزا پەیوەستە بە وەبیرهێنانەوەی یادەوەری ناخۆش بۆ منداڵانی جیلی كۆن. لە ڕابردوودا سزا بەشێوەیەکی تەواو توندوتیژانە و نازانستیانە بەکارهێنراوە بۆ نەهێشتنی ڕەفتارە خراپەكانی منداڵان. بەڵام ئەمڕۆ جێبەجێکردنی سزا بە شێوازە کۆنەکەی پەسەند نەکراوە و زیاتر بۆ چاكسازییە لە ڕەفتاری منداڵ. تکایە ئاگاداربن سزادانی منداڵ هەمیشە وەک دوا ڕێگا بەکاردێت، بەڵام کاتێک بەنیازی بەکاریبهێنیت دەبێت ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بکەیت بۆ ئەوەی زیان بە منداڵەکە نەگەیەنیت.

بنەماکانی سزادانی منداڵ

١- هەرگیز سزای جەستەیی بەکارمەهێنە

سزای جەستەیی منداڵان یان ڕێگاکانی وەک سزادان بە کەوچکی گەرم یان ناردنی منداڵ بۆ ژینگەیەکی تاریک ساڵانێکە بەسەرچووە و بەکارهێنانی ئەو ڕێگایانە کێشەی قەرەبوو نەکراوە بۆ منداڵان دروستدەکات. زیانەکانی ئەم شێوازە زۆر زیاترە لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی. سزادانی منداڵ بەم جۆرە شێوازانە دەبێتە هۆی کاریگەری لاوەکی وەک دڵەڕاوکێ، ترسی توند، شەڕانگێزی، کابوس و کێشەکانی وەک میز بەخۆداكردن. ئەوەی پێویستە لەبەرچاو بگیرێت ئەوەیە کە چەندە تووڕە بیت یان ڕەفتاری منداڵەکەت چەندە خراپ بێت، ئەوە هۆکارێک نییە بۆ لێدانی یان بەکارهێنانی شێوازێکی ئازاربەخش بۆ سزادانی. باشتر وایە بزانین سزادانی منداڵ لەڕووی جەستەییەوە ڕەنگە ببێتە هۆی كەلەڕەقی زیاتر و ڕەفتارە نەرێنییەکانی زیاتر بکات.

٢- ڕەچاوکردنی ڕێژەی نێوان ڕەفتاری نەشیاوی منداڵەكە و توندی سزاکە

ئاگاداربە، بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەفتاری منداڵەکەت و سزادان، پێویستە سیستمێکی لۆژیکی و پێشبینیکراو بەکار بهێنیت. بۆ نموونە خاڵێکی گرنگ لە سزادانی منداڵدا ئەوەیە کە هاوسەنگی لە نێوان ڕەفتاری نەشیاوی منداڵ و توندی و ڕادەی سزاکەدا هەبێت. ئەگەر ڕەچاوی ئەم خاڵە نەکەیت و بۆ نموونە سزایەکی گەورەی بدەیت بۆ كردنی كارێكی بچووک، سێ کاریگەری لاوەکی هەیە: 

  • بۆ ڕەفتارێكی خراپتر، سزایەکی گەورەترت پێنییە سزای پێبدەیت. 
  • لە چاوی منداڵەکەتدا تۆ وەک کەسێکی نادادپەروەر دەناسرێیت کە كاردانەوەی ناعەقڵانی بۆ هەموو ڕەفتارێک لەبەرچاو دەگریت.
  • سزادانی منداڵ کاریگەری خۆی لەدەست دەدات، چونکە منداڵ پێی وایە هەموو جارێک بەرگەی توندترین سزای گرتووە و ئێستا ڕاهاتووە لەسەریان.

ئەگەر بمانەوێت نموونەیەک بهێنینەوە لە ڕەچاو نەکردنی ئەم ڕێژەیە لە سزادانی منداڵاندا، دەتوانین ئاماژە بەم نموونەیە بکەین: منداڵەکەت لە مەشقەکانی تۆپی پێ دەگەڕێتەوە، بەڵام لەبری ئەوەی جلە پیسەکانی بخاتە ناو سەبەتەیەکی تایبەتەوە، فڕێی دەداتە سەر قەنەفەکە. ئەو سزایەی کە تۆ دەیدەیت: ڕێگریكردنی منداڵەکەتە لە چوون بۆ مەشقکردن بۆ ماوەی هەفتەیەک. وا دیارە ماوەی یان جۆری ئەم سزایە ناڕێژەیی بێت لەگەڵ ڕەفتاری منداڵەكە. بەڵکوو دەتوانیت داوا لە منداڵەکە بکەیت خۆی جلەکانی ئەو ڕۆژەی بشوات بۆ مەشقی ڕۆژی دواتر، یان ڕۆژێک بە هەمان ئەو جل و بەرگە پیسەوە بڕوات بۆ مەشقكردن.

٣- بەردەوامی لە سزادانی منداڵان

لە بیرت نەچێت کە بڕیاری باش بەدەگمەن لەم ساتەدا دەدرێت، بۆیە پێویستە لە داهاتوودا ئامادەبیت بۆ هەڵسوکەوتی نەخوازراوی جۆراوجۆری منداڵەکەت و پێشبینی ئەوە بکەیت کە چ ڕەفتارێک دەبێتە هۆی سزادانی منداڵان. لەگەڵ هاوسەرەکەت قسە بکە کە چ ڕەفتارێک لە منداڵەکەتدا پێویستە ڕاست بکرێتەوە. تەنانەت باشترە لەسەر ئەوەی کە چۆن ئەم ڕەفتارە ڕاست دەکەیتەوە ڕێکبکەون.

سنوور و ئەولەویەتەکانت بە ڕوونی دیاری بکە و ئەم سنوورانە بۆ منداڵەکەت ڕوون بکەرەوە. منداڵان پێویستە یاساکانی تۆ بزانن. پێویستە تۆ و هاوسەرەکەت لەسەر جۆر و کاتی سزاکان ڕێکبکەون و لە جێبەجێکردنیاندا یەکدەنگ بن. بۆ نموونە ئەگەر خواردنی شوکولاتە پێش نانخواردنی ئێوارە قەدەغەیە، ئەوە قەدەغەیە هەم لە ئامادەبوونت و هەم لە ئامادەبوونی هاوسەرەکەت، چ لە ماڵەوە و چ لە ئاهەنگەکاندا. پێویستە منداڵەکەت بتوانێت لە مێشکیدا پێشبینی بکات کە دەرئەنجامەکانی هەر كارێك چی دەبێت.

لەبیرت بێت کاتێک سزایەک بە پێی یاسا جێبەجێ دەکەیت پابەندبە پێیەوە. سروشتییە هەست بە تاوان بکەیت لەکاتی سزادانی منداڵدا، وەک قەدەغەکردنی یاریکردن بە پلەیستەیشن یان یاریکردن لەگەڵ منداڵانی تر، بەڵام خۆڕاگربە بۆ ئەوەی  هەڵسوکەوتی خراپی منداڵەکەت کەم بکەیتەوە.

لەوانەیە باوەڕت پێی نەبێت، بەڵام منداڵان ئەمەیان لەبیر دەبێت و ئەوان دەزانن کە دەبێت لە ئەنجامی كردنی چ كارێكیاندا چاوەڕێی سزا بكەن. ئەگەر هەموو جارێک بە بیانوویەکی بچووکەوە چاوپۆشی لە هەڵسوکەوتی خراپی منداڵەکە بکەیت، ئەوا منداڵەکەت فێر دەبێت چۆن هەموو جارێک لە سزا ڕزگاری بێت بە بەکارهێنانی خاڵە لاوازەکانت.

٤- پێش سزادانی منداڵ تووڕەیی خۆت كۆنتڕۆڵ بكە

ئاساییە کاتێک منداڵەکەت کێشە دروست دەکات توڕە ببیت، بەڵام ئەوەت لەبیربێت کە توڕەییەکەت سزاکە بێ کاریگەر دەکات. لە ڕاستیدا کاتێک بە تووڕەییەوە هۆشداری بە منداڵەکەت دەدەیت و فێری دەكەیت، منداڵەکە لە ترسەوەیە كە گوێڕایەڵ دەبێت.

گوێڕایەڵی لە ترسەوە تەنها لە کورتخایەندا ڕەفتاری منداڵ دەگۆڕێت نەک لە درێژخایەندا! ئەگەر سزای منداڵان بەشێوەیەک بێت کە پەیامێکی فێرکارییان پێ بگەیەنێت. بۆیە باشتر وایە پێش سزادانی منداڵەکانت هێور ببیتەوە، چونکە ئەگەر بەتووڕەیی سزا بدەیت ئەوە زیاتر زیان بە منداڵەکەت دەگەیەنیت وەك لەوەی کە ڕێگەیەکی کاریگەر بۆ پەروەردەکردنیان بەکاربهێنیت. 

٥- دڵنیابەرەوە لەوەی منداڵەكە لە هۆکاری سزادان و هەڵسوکەوتی دروست تێبگات

لە کاتی سزادانی منداڵدا پێویستە بە ڕوونی بە منداڵەکە بڵێیت کە چ هەڵەیەکی کردووە کە بووەتە هۆی سزاکە، بە تۆنێکی جددی و بێ توڕەیی. بۆ نموونە: "بەهۆی ئەوەی لەسەر دەفتەرەکەی براکەت نووسیوە، ئەمڕۆ ناتوانیت سەیری کارتۆنە دڵخوازەکەت بکەیت"، هەروەها ئەگەر بە وردی سەرنج بدەیت، تێبینی ئەوە دەکەیت کە سزا بە منداڵەکە دەڵێت چی نەکات، بەڵام ئەوە نازانێت ئەو لەبری ئەوە چی بکات. سزادانی منداڵان جێگرەوەی فێرکردنی کارامەیی نییە، بەڵکو ڕەفتاری نەخوازراو کەمدەکاتەوە یان لەناو دەبات. بۆیە جگە لە سزادان، پێویستە فێری ڕەفتاری دروست و شیاو یان تەنانەت قەرەبووکردنەوەی هەڵەکانی بکەیت. لەبیرت نەچێت کە هاندانی دروستی منداڵ دەتوانێت جیاوازیەکی نایاب دروست بکات، بۆیە هاوکات لەگەڵ سزادانی منداڵان، هاندان بەکاربهێنە بۆ پێکهێنانی ڕەفتاری دروست. 

٦- پەیامی سزاكە بە شێوەیەکی سادە و ڕوون بە منداڵەكەت بڵێ

لەکاتی سزادانی منداڵ پێویست بە نمایشکردنی شانۆ و دراما ناکات. باشتر وایە پەیامەكە بەشێوەیەکی سادە و ڕوون بە منداڵەکە بڵێیت. ئەم شێوازە باشتر و کاریگەرترە لە سزای ٣ کاتژمێری بە فرمێسک و ئا‌هـ و ناڵە و هەڕەشە. کاتێک بە منداڵەکەت دەڵێیت: "ئیتر خۆشمناوێیت چونکە پێم وتیت دەست لە قاپەکان مەدە، بەڵام دەستت لێدا و شکاندت!" لە ڕاستیدا تۆ ئەو پەیامە بە منداڵەکەت دەدەیت کە سۆز و خۆشەویستیت مەرجدارە و تەنها لە حاڵەتێکدا وەریدەگرێت کە گوێڕایەڵی تۆ بێت. سزادانی منداڵ بە مەرج نەک هەر بێ کاریگەرە، بەڵکوو زیان بە كەسایەتی منداڵەکە دەگەیەنێت و بناغەیەک بۆ پەیوەندییەکانی داهاتووی دروست دەکات کە تەنها لە بەرامبەر گوێڕایەڵیدا سۆز و خۆشەویستی وەردەگرێت.

٧- هەرگیز لەبەردەم خەڵكدا سزای منداڵ مەدەن 

بیهێنە بەرچاوت کە منداڵەکەت لە ئاهەنگێکی گەورەدا دەستی منداڵێکی تری گاز لێگرتووە و شینی كردووەتەوە، دایک و باوکی منداڵەكەش بە توڕەییەوە لەبەردەمتدا وەستاون. کاردانەوەت چۆنە؟ زۆرجار کاتێک منداڵەکە لەبەردەم خەڵکدا کێشە دروست دەکات، دایک و باوک شەرمەزار دەبن و لەبەردەم خەڵکدا سزای منداڵەکە دەدەن. ڕاستییەکە ئەوەیە کە سزادانی منداڵان لەبەردەم خەڵکدا بەتەواوی هەڵەیە و زیان بە متمانەبەخۆبوونی منداڵەکە دەگەیەنێت.

دەروونناسەکان پێیان وایە سزادانی منداڵ کاتێک کاریگەرە کە بەتەنها لەنێوان دایک و باوک و منداڵدا ڕووبدات نەک لەبەردەم ئەندامانی تری خێزان یان هەر كەسێكی تردا. لە ئەنجامدا کاتێک خۆت لە دۆخێکی وادا دەبینیتەوە، منداڵەکە ببە بۆ شوێنێکی چۆڵ و ڕێساکانی بیربخەرەوە و بە تۆنێک بێ توڕەیی ڕوونی بکەرەوە کە سزاکەی چی دەبێت.


سەرچاوەکان



613 بینین